كازمی: رۆژانی داهاتو زیاتر لە نیوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەكشێنەوە
  2021-01-05       549       

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق رایگەیاند، پڕۆسەی كشانەوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق بەردەوام دەبێت و لە رۆژانی داهاتو زیاتر لە نیوەی ئەو هێزانە دەكشێنەوەو جەختیش دەكاتەوە كە رێگەنادەن عێراق ببێتە گۆڕەپانی ململانێ ئیقلیمی و نێودەوڵەتییەكان.

ئاوێنە: مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ سێشەممە، بە بۆنەی یادی سەد ساڵەی دامەزراندنی سوپای عێراقەوە وتەیەكی پێشكەش كرد.  

كازمی رایگەیاند، هەر لە رۆژی یەكەمی كابینەكەیەوە، كاریان لەسەر رێڕەوێكی رون كردوە بۆ گەڕاندنەوەی هاوسەنگی لە دۆسیەی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانی عێراقدا.

كازمی جەختی كردەوە كە كشانەوەی بەشێك لە هێزەكانی ئەمریكا لەماوەی چەند مانگی رابردودا بەرهەمی گفتوگۆی ستراتیژی نێوان عێراق و ئەمریكا بوەو پڕۆسەی كشانەوەی هێزەكانی ئەو وڵاتە لە عێراق بەردەوام دەبێت و لە چەند رۆژی داهاتودا زیاتر لە نیوەی هێزەكانی ئەمریكا لە عێراق دەكشێنەوەو تەنها چەند سەد كەسێكیان دەمێنێنەوە ئەوەش بۆ هاوكاریكردن لە بوارەكانی مەشق و راهێنان و پشتیوانی لوجستیدا.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەم پەرەسەندنە لەسەر بنەمای ئامادەیی هێزە چەكدارەكانی عێراق بوە بۆ بەرگریكردن لە خاك و پاراستنی شكۆی گەلەكەی.

هەروەها بەڵێنی خۆیشی دوپاتكردەوە كە رێگەنادەن هیچ لایەنێك بڕیاری نیشتمانی عێراق ببات و وتیشی: بڕیاری عێراق بەدەست خەڵكانی سەركێشەوە نابێت.

وتیشی"مل بۆ موزایەدەی سیاسی و موزایەدەی هەڵبژاردن نادەین. بڕیارەكانمان لە بەرپرسیارێتی نیشتیمانیمانەوە سەرچاوە دەگرن."

هەروەك جەختیشی كردەوە كە لەمڕۆ بەدواوە عێراق نابێتە گۆڕەپانێك بۆ مللانێ ناوچەیی و نێودەوڵەتییەكان و وتیشی"رێگەنادەین خاكەكەی بۆ تەسفیەی حساباتی نێوان دەوڵەتان بەكاربهێرنێت."

هەروەها لە بەشێكی دیكەی قسەكانیدا وتی"ساڵی 2021 ساڵی دەستكەوتەكانی عێراق دەبێت لە سەرجەم ئاستەكانداو قۆناغی بەهەدەردانی سامان و تواناكانی عیراق كۆتایی هات."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×