كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق: داوای دواخستنی هەڵبژاردنمان نەكردوە
  2021-01-14       620       

كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عێراق رەتیكردەوە كە داوای دواخستنی هەڵبژاردنی پێشوەختیان بۆ مانگی ئەیلولی داهاتو كردبێت و دەشڵێت: ئامادەن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە لە وادەی خۆیدا.

ئاوێنە: جومانە غەلای، وتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، كەمێك لەمەوبەر، بە ئاژانسی رەسمی هەواڵی عێراقی رایگەیاند، لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتییەكاندا لەگەڵ كۆمسیۆن و نێردەی تایبەتی نەتەوە یەكگرتوەكاندا، باس لە ئامادەكارییەكان كراوە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنی داهاتو.

ئاماژەی بەوەشدا كە لە كۆبونەوەكەدا تاوتوێی ئاڵنگاری و سەركەوتنی پڕۆسەی هەڵبژاردن كراوەو جەختیشی كردەوە كە كۆمسیۆن لەڕوی تەكنیكییەوە ئامادەیە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا لە رۆژی 6ی حوزەیرانی ئەمساڵ.

هەروەك جەختیشی كردۆتەوە كە كۆمسیۆن داوای دواخستنی وادەی هەڵبژاردنەكەی بۆ مانگی ئەیلولی داهاتو نەكردوە.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆكایەتییەكانی عێراق، لە كۆشكی بەغدا، بە بەشداریی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار و مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و محەمەد حەلبوسی، سەرۆكی پەرلەمان و فایەق زیدان، سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای دادوەری كۆبونەوە.

بەپێی راگەیەندراوی كۆبونەوەكە كە تێیدا میوانداری سەرۆك و ئەندامانی ئەنجومەنی كۆمسیارانی كۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەكان و جنین پلاسخارت، نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە یەكگرتوەكان لە عێراق، بەڕێوەچوە، تاوتوێی دۆسیەی هەڵبژاردنی پێشوەختی داهاتو كراوە.

بەپێی راگەیەندراوەكە لە كۆبونەوەكەدا كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان خشتەی كارە تەكنیكییەكان و وادەی زەمەنی تایبەت بە ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت و پابەندبونی بە هەڵبژاردنێكی پاك و دادپەروەر و چڕكردنەوەی هەوڵەكان بۆ تەواوكردنی تۆماری بایۆمەتری تەواوی دەنگدەران و هەماهەنگی بۆ زامنكردنی چاودێرییەكی نێودەوڵەتی چالاك، خستۆتەڕو.

هەروەك كۆمسیۆن جەختی كردۆتەوە كە كاتی تەواو دەدات بە كاندید و هاوپەیمانییە سیاسییەكان و هێزە سیاسییە نوێكان و گەنجان بۆ تەواوكردنی رێكارەكانی تۆماریی یاسایی و پێشكەشكردنی لیستی كاندیدەكان.

هەروەك بەگوێرەی راگەیەندراوەكە، كۆبونەوەكە جەختی كردۆتەوە لەسەر پێشكەشكردنی پشیتوانی تەواوەتی بۆ كۆمسیۆن بەهێنانەدی تەواوی پێداویستییە دەستوری و یاسایییەكانی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پێشوەخت بەتایبەت پێویستی دەركردنی یاسای دادگای فیدراڵی لەلایەن پەرلەمانەوەو هەروەها جێبەجێكردنی ماددەی 64ی دەستوری تایبەت بە خۆهەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان، وەك زەمینەخۆشكردن بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەكە.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×