كازمی: هەر هەڕەشەیەك بۆ سەر توركیا لەخاكی عێراقەوە رەتدەكەینەوە
  2021-01-18       547       

مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، لەمیانی كۆبونەوەی لەگەڵ وەزیری بەرگری توركیادا رایگەیاند، هەر هەڕەشەیەك كە توركیای دراوسێ لە خاكی عێراقەوە بكاتە ئامانج رەتدەكەینەوە. هەردولاش رێككەوتن لەسەر گرنگی چارەسەركردنی "هەڕەشە تیرۆریستییەكان" لە نزیك سنورە هاوبەشەكانی نێوان هەردو وڵات.

ئاوێنە: ئەمڕۆ دوشەممە، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عێراق، پێشوازیكرد لە خڵوسی ئاكار، وەزیری بەرگری توركیاو وەفدی یاوەری.

بەپێی بەیاننامەیەكی نوسینگەی سەرۆك وەزیرانی عێراق، لە دیدارەكەدا، گفتوگۆ لەبارەی ئەو پرسانەی جێی گرنگی هەردولان لەگەڵ پتەوكردنی هاریكاریی نێوان هەردو وڵات و هەروەها رێزگرتن لە سەروەری عێراق كراوە.

لە دیدارەكەدا، سەرۆك وەزیرانی عێراق جەختی لەسەر پێویستی كاراكردنی ئەو رێككەوتنانە كردۆتەوە كە لەماوەی سەردانەكەی دواییدا بۆ ئەنكەرە ئەنجامدراون، وێڕای جەختكردنەوە لە گرنگی پابەندبونی توركیا بە جێبەجێكردنی بەڵێنەكانی لە بواری وەبەرهێناندا لەعێراق كە لە كۆنگرەی پشتیوانی عێراق لە كوەیت ئەو بەڵێنانەی داون.

هەروەها سەرۆك وەزیرانی عێراق دوپاتیكردۆتەوە كە وڵاتەی هەر هەڕەشەیەك یاخود "چالاكییەكی تیرۆریستی" لە خاكی عێراقەوە كە توركیا بكاتە ئامانج، رەتدەكاتەوە.

هەروەك كازمی ئاماژەی بە گرنگی هاریكاریی سەربازی نێوان هەردو وڵات داوەو وەزیری بەرگری توركیاش ئامادەیی سوپای وڵاتەكەی دەربڕیوە بۆ پشتیوانی و راوێژ لە بوارەكانی بەرەنگاربونەوەی تیرۆرو مەشق و مانۆڕی هاوبەشدا.

بەگوێرەی بەیاننامەكە هەردولا رێككەوتون لەسەر گرنگی چارەسەركردنی "هەڕەشە تیرۆریستییەكان" لەنزیك سنوری هاوبەشی هەردو وڵات و جەختیشیان كردۆتەوە كە "سەقامگیری" دەرگای هاریكاریی زیاتر لەنێوان بەغداو ئەنكەرە دەكاتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×