گۆڕان ناوەڕۆكی پڕۆژەی خۆی بۆ لامەركەزییەت بڵاوكردەوە
  2021-01-18       1016       

دوای ئەوەی ئەمڕۆ دوشەممە، یەكێتی پڕۆژەی خۆی بۆ لامەركەزیەت بڵاوكردەوە، كەمێك لەمەوبەر، میدیای رەسمی بزوتنەوەی گۆڕانیش ناوەڕۆكی پڕۆژەیەكی بزوتنەوەكەی بۆ لامەركەزییەت بڵاوكردەوەو رێكخەری ژوری یاساییش دەڵێت: لە کۆتاییەکانى ساڵى رابردو پڕۆژەكەمان بۆ حكومەت ناردوەو چاوەڕێى وەڵامى حکومەتین و خۆمان بە خاوەنى پڕۆژەکە دەزانین.

ئاوێنە: چۆمان محەمەد، رێکخەرى ژورى یاساى بزوتنەوەى گۆڕان، كەمێك لەمەوبەر، بە میدیای رەسمی حزبەكەی راگەیاند: ساڵى رابردو ئەنجومەنى وەزیران شاندێکیان نارد بو بۆلاى  بزوتنەوەى گۆڕان، بۆ زانینى تێڕوانینى ئێمە لەبارەى لامەرکەزى، وتیان دەمانەوێ لە قۆناغى یەکەمدا پەیڕەوێک دەربکەین تاهەموارکردنەوەى یاساى ژمارە (3)ى ئەنجومەنى پارێزگاکان.

ئاشکراشیکرد، بزوتنەوەى گۆڕان لە کۆتاییەکانى ساڵى رابردو پڕۆژە و تێڕوانینى خۆى لەبارەى پرسى لامەرکەزییەتەوە بۆ حکومەت ناردوە.

بەپێی پڕۆژەكە، بزوتنەوەى گۆڕان چەند بنەمایەکى بنەڕەتى دیاریکردوە بۆ بنیاتنانى پڕۆژەى لامەرکەزى لە هەرێم کە ئەمەی خوارەوە ناوەڕۆكەكەیەتی وەك ئەوەی میدیای گۆڕان بڵاویكردۆتەوە:

یەکەم_ چەسپاندنى پایەکانى لامەرکەزییەت بە یاسا کاریگەرترە وەک بە بڕیار و پەیڕەوى ئەنجومەنى وەزیران.

دوەم_ پەیکەرى ئیدارى حکومڕانى ئەنجومەنى وەزیران و وەزارەتەکان بەپێى یاساکانى پەرلەمانى کوردستان بە روحییەتێکى مەرکەزى نوسراون، بۆیە پێویستە هەموارى یاساى پارێزگاکان ژمارە (3ى ساڵى 20009) گشتگیر و چڕوپڕ بێت و زۆربەى بوارەکان بگرێتەوە بە جۆرێک چارەسەرى ئەو دەسەڵاتە مەرکەزیانە بکات کە بۆ وەزارەتەکان دیاریکراون.

سێ_ بڕوابونى تەواو بە دابەشکردنى دەسەڵاتەکان بۆ سەرجەم یەکە ئیدارییەکانى پارێزگاکان و بەڕێوەبەرەگشتییەکا، بە قەزا و ناحیەکانیشەوە، چونکە ناکرێت دەسەڵات تەنها دابەشبکرێت بۆ سەرۆکى یەکەى ئیدارى پارێزگاکان.

چوار_ چەمکى چاودێرى بۆ پرسى لامەرکەزیەت بابەتێکى یەکجار گرنگ دەبێت، چونکە ئەگەر دەسەڵات دابەشبکرێت و چاودێرى کارابونى نەبێت، دەروازەیەمى گەورە بۆ دەرکەوتنى گەندەڵى و کارى نایاسایى دەکاتەوە، بۆیە بەهێزکردنى رۆڵى ئەنجومەنى پارێزگاکان و چاودێرى حکومەت هەرێم پێویستى باشترە بۆ بەڕێوەچونى پرسى لامەرکەزیەت.

پێنجەم_ لامەرکەزییەتى راستەقینە لە دیدى گۆڕاندا، مۆدێلێکى نوێى حکومڕانییە بۆ کار ئاسانى هاوڵاتیان و کەمکردنەوەى بارگرانى سەرشانى حکومەت، بەتایبەت نیە بە جێگە و پارێزگایەکى دیاریکراو و خوێندنەوەى سیاسى، بەڵکو پڕۆژەیەکى نیشتمانى پیرۆزە بۆ حکومڕانى هەمو پارێزگاکان بەبێ جیاوازى.

چۆمان محەمەد باسى لەوە کرد، لە ئێستادا هەنگاوەکان بە ئاراستەیەکە لە قۆناغى یەکەمدا پەیڕەوێک لەلایەن ئەنجومەنى وەزیرانەوە دەرچوێندرێت، هەرچەندە گۆڕان رونى کردۆتەوە کە پێویستە یاساکان هەموار بکرێنەوە و لەگەڵ لامەرکەزییەت بگونجێنرێن باشترە بۆ بیناکردنى ئەو بابەتە، بەڵام حکومەت لە رێگەى تێگەشتن لە تێڕوانینى گۆڕان و لایەنەکانى دیکە وەک هەنگاوى یەکەم پەیڕەوێک ئامادە دەکات بۆ ئەم مەبەستە.

وتیشى: بڕیار وابو پێش سەرى ساڵ پەیڕەوەکە دەربکرێت ، بەڵام تائێستا پەیڕەوەکە دەرنەکراوە، ئێمە لە پڕۆژەکەماندا بە ئامانجى کارئاسانیکردن بۆ مامەڵەى هاوڵاتیان و چەسپاندنى بنەماکانى لامەرکەزییەت داوامان کردوە:

_ بەسەرۆکایەتى ( سەرۆکى ئەنجومەنى وەزیران و جێگرەکەى و وەزیرى دارایى و وەزیرى ناوخۆ و سەرۆکى دیوانى ئەنجومەنى وەزیران و سکرتێرى ئەنجومەنى وەزیران)، ئەنجومەنێک پێکبهێنرێت بەمەبەستى جێبەجێکردنى پەیڕەوەکە و دابەشکردنى دەسەڵاتە کارگێرى و داراییەکان و بەهێزکردنى رۆڵى چاودێرى.

_دابەشكردنی دەسەڵاتەكان پەیوەستە بەپارێزگار وسەرپەرشتیارانی یەكە سەربەخۆكان وبەڕێوەبەرە گشتیەكانی  سەر بە پارێزگاكان، پێویستە لەسەر پارێزگابەشێكی دەسەڵاتەكانی كارگێڕی ودارایی دابەشبكات بۆ قەزاو ناحیەكان بەڕەچاوكردنی تایبەتمەندی و شوێنی جوگرافیا.

_ هەنگاونان بۆ جێبەجێكردنی سەرجەم ئەو ماددە یاسایانەی كەلەیاسای ژمارە (3ى2009) جێبەجێنەكراون لەماوەی سێ مانگ لەبەرواری بڵاوکردنەوەی ئەم پەیڕەوە .

_ ئەنجومەنی وەزیران لەماوەی (6) دا مانگ لەبەرواری دەرچواندنی ئەم پەیڕەوەوە پێویستە هەموارێكی گشتگیر بۆ یاسای ژمارە ٣ ساڵی ٢٠٠٩ ئامادەبكات و پێشكەشی پەرلەمانی كوردستانی بكات.

_ هەمواركردنەوە و هەڵوەشاندنەوەی ئەم پەیڕەوە پێویستی بە رەزامەندی سێ‌ لەسەرچواری ئەندامانی ئەنجومەنی وەزیران هەیە.

چۆمان محەمەد باسى لەوەشکرد، لە هەمو بارێکدا دابەشکردنى دەسەڵاتەکان تایبەت نیە بە پارێزگایەک و گۆڕان بڕواى بە دابەشکردنى دەسەڵاتە کارگێریی و داراییەکان هەیە لەسەر ئاستى هەمو کوردستان و مەبەست لێى تەنها شوێنێکى دیاریکراو نیە.

رونیشیکردەوە، لامەرکەزییەت دەبێت زۆرینەى بوارەکان بگرێتەوە بۆ ئەوەى کار ئاسانى بێت بۆ کۆى دامەزراوەکان و لەپاڵ ئەوەشدا لایەنى دارایى رەچاو بکرێت، چونکە هەمو لایەنێکى لامەرکەزى پەیوەستە بە پرسیى داراییەوە.

جەختى کردەوە، بزوتنەوەى گۆڕان لامەرکەزییەت بە دەرچەیەک دەبینێت بۆ ئەوەى بەشێک لەو فشارەى لەسەرحکومەت هەیە لە پرسى کارگێرى و ئیدارى کەمبکاتەوە یان چارەسەرى بکات.

رێکخەرى ژورى یاسایى بزوتنەوەى گۆڕان، بەوە کۆتایى بە قسەکانى هێنا کە وتى" گۆڕان لە حکومەت بێت یان لە ئۆپۆزسیۆن خۆى بە خاوەنى پڕۆژەى لامەرکەزییەت دەزانێت وپرسى جێبەجێ کردنى لامەرکەزى مەرجى گۆڕان بوە بۆ رێککەوتنى چونە ناوحکومەت".

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×