پەروا عەبدولقادر
ئەم کتێبە یەکێکە
لەو کتێبە بیرەوەریانەى کە بە خویندنەوەى نەک تەنها شارەزای مێژووى شۆڕشی نوێ و
سەرکردەکانی دەبێت و ڕەنجی بە باى فەرهادەکانیش بەڕوونى دەبینی، بەڵکو بەرهەمێکە
کە چێژێکى بێ پایان بەخوێنەر دەبەخشێت، لەو ڕووەى کە نووسەر زمانێکی سادە و
ڕەوان و ئەدەبی بەکاردەهێنێت لە گێرانەوەى بیرەوەریەکانى.
من نامەوێت لەسەر
لایەنە مێژوویی و سیاسیەکانى ئەم کتێبە بدوێم چونکە نوسەر بە زمانێکى هێند سادەو
ڕەوان گوزارشتى کردووە کە خوێنەر زۆر بە ئاسانی پەى بە تاڵی و تاریکى ئەو
ڕۆژگارانە دەبات و پرسیارى زۆر جەوهەریشی لە لا گەڵاڵە دەبێت کە بۆچى شۆرش
کراو ئێستا بەرهەمەکەى کێ لێى سوودمەندە ؟؟ بەهەر حاڵ من دەمەوێت لە لایەنە ئەدەبی
و هونەریەکەیەوە قسە لەسەر ئەم کتێبە بکەم.
نوسەر سەدان چیرۆکی
سەرنج ڕاکێش لەم کتێبەدا دەگێرێتەوە کە هەر یەکەیان ناونیشانێکی سەربەخۆی هەیە
کەوا لە خوێنەر دەکات سەرنجى ڕابکێشێت و بە تامەزرۆییەوە بە دوای کۆتایی چیرۆکەکە
بچێت . ئەمەجگە لەوەى کە نوسەر زۆر بە لێهاتوویی و توانایەکى ئەدەبیەوە بەسەرهات و
چیرۆکەکان دەگێرێتەوە هەر لە بەکارهێنانى وشەى سادەو تێکەڵکردنی خەیاڵی بەرزە فڕ
بۆ وەسف کردنى کەسەکان و شوێنەکان ، گوزارشت کردنی لە هەڵوێست و ئاڵێنگارییەکان بە
شێوەیەکە کە وەک فیلمێک نمایش بکرێت وەهایە . بە
بەکارهێنانی شوێنکات و یاری پێکردنی و تێکەڵکردنی بە خەیاڵ و گوزارشتى ئەدەبی بە
مەبەستى ڕاکێشانی سەرنجى خوێنەر ، نوسەر ئەدەبیانە کارى لەسەر کردووە ، بڕوانە ئەم
نموونەیە:
" لەو
کات و شوێنەدا و بە بینینی ئەو دوو بەردى دەستاڕە ، وەک تەنیا پاشماوەو تەنیا
بیرەوەریی دێیەکى پێشتر ئاوەدان و ئێستا چۆڵ و وێرانکراوى کوردستان ، زۆر شڵەژام و
نائارام بووم . ئیتر من ئاگام لە هاوڕێ (پ.م ) کانم نەما ، هەڵۆی باڵتیژی خەیاڵم
لە هێلانەى مێشکى هەژاومەوە هاتە دەرو کەوتە باڵ لێدان . بە چاوە تیژەکانی
ڕۆژانی ئاوەدانیی ئەو دێیەو خەڵکەکەى بینی کە ئێستا لە زیندانی ئۆردوگا زۆرە
ملێکانی (شانەدەری ) و (ناڵپارێز ) توند کرابون و ژیانێکی کولە مەرگیان بەسەر
دەبرد . هەڵۆی بەرزە فڕ واوەتر درێژەى بە گەشتەکە دا بۆ ئاسمانى سلێمانی و .......
". ڕەنجی فەهادەکان لا .125
ڕاستگۆیی وەک
لایەنێکى ترى (هونەرى گێڕانەوەى بیرەوەرى ) یەکێکى ترە لە خەسڵەتە دیارو جوانەکانى
ئەم بەرهەمە . نوسەر زۆر ڕاستگۆیانە وەسفی کەسەکان و هەڵوێستەکان دەکات .
بابەتیانەو دادپەروەرانە مامەڵە دەکات ، تەنانەت لە دابین کردنی مەساحەدا بۆ
ڕووداوەکان ڕاستگۆ و دادپەروەرە چجاى لە گێڕانەوەى چیرۆکەکان ، کار دەگاتە ئەوەى
لە چەندین شوێندا دان بە هەڵەى خۆی بنێت و ڕەخنە لە هەڵوێستەکانی خۆى دەگرێت ، کە
ئەمە ئەگەر بۆ کەسانى تر نەنگی بێت و بوێرى ئەوەیان نەبێت دان بە هەڵەکانى خۆیان
بنێن ئەوا بۆ نوسەر ماناى فراوانى دڵ و ئاستی قوڵیی ئاوەزى دەگەێنێت .
ئەتوانم بڵێم نوسەر
توانا ئەدەبی و زانستى و ویژدانیەکانی چڕ دەکاتەوە بۆ وەسف کردن . بڕوانە ئەم
وەسفە:
"جەلال تاڵەبانى
کەسێکى نەترس و بە ورەو کەف و کوڵاوى پڕ وزە و توانا بوو ، زۆر گۆ بوو ، خاوەنی
ئیرادەى پۆڵایین و بڕوا بە خۆبون و گەشبینی بو . لە ڕوى هەست و
سۆزەوە زو هەڵدەچو و بەهارى لە خۆی دەهێنایە چۆکان
......... مام لە پەیوەندیی کۆمەڵایەتیدا (extrovert) بو ،واتە ڕوو لەدەرەوەى خۆی بو
، کراوە و گەرم و گوڕ بوو ..... لە دەروونناسی پزیشکیدا بەم جۆرە
کەسێتیەی جەلال تاڵەبانى دەڵێن (hyperthymic)
....) ، ڕەنجى فەرهادەکان لا 328.
گێڕانەوەى چیرۆک کە
لە زمانی عەرەبی دا پێی دەوترێت ( السرد )، چەند بنەمایەکی هەیە کە خۆی دەبینێتەوە
لە (کات ، شوێن ، کەسایەتی ، ڕووداو ، گفتوگۆ ) هاوکات لەگەڵ چەند تەکنیکێکى
هونەرى گێڕانەوە کە نوسەر زۆر لێزانانە هەموو بنەماکانی گێڕانەوە و تەکنیکە
هونەرییەکانى بەکارهێناوە کە ئەتوانم بڵێم تا کۆتایی کتێبەکەم خوێندەوە وا هەستم
ئەکرد سەیرى فلمێکى زۆر نایاب ئەکەم ، ئەخوازم رۆژێک بێت و ئەم بەرهەمە بە فلم
ببینم چونکە زۆر گونجاوە بۆ کارى سینەمایی . تەماشای ئەم دیمەنە بکەن بە نموونە :
" کات :
هاوینى ساڵی 1983یە ، شوێن : بەردەم مزگەوتی گوندى (حاجی مامەند)ە : (هاکا گەشت) ،
(نەخێر تازە شکاوەو ئەمڕۆ نایەت ) ، (دەڵێن لە رێگا فرۆکە لێیداوە و سوتاوە ) ،
(نا وانیە ، ئیتر حوکمەت ناهێڵێ بێت ) ، (دەبێت بە ناو چەند بنکەى سەربازى و خاڵی
پشکنینا تێپەڕێت ؟ ) ، (بڵێى بە وردى پشکنرابێت ؟) ، (ئەوانەى لە شارەوە دێن کێن و
بۆ لاى کێ دێن ؟ )، ( بڵێی بە تاوانى ئەوەى بۆ لاى ئێمە دێن نەگیرابن ؟ ) ، (
دەبێت هەواڵی نوێى گرتن و ئەشکەنجە و کوشتنى کێیان پێ بێت ؟ ) . ئەمە کورتەى ئەو
وتووێژە بو لە بەردەم مزگەوتی حاجی مامەند پێشمەرگەو دانیشتوان لەگەڵ یەکتر
دەیانکرد . باسی گەرمى رۆژ دەربارەى ئەو پیکابە شڕە بو هەر چەند رۆژێ جارێ لە
سلێمانیەوە دەهات بە سەید سادق و ناڵپارێز و ڕەزڵە دا تێدەپەڕی تا دەگەیشتە حاجی
مامەند . پیکابە بۆر لە پێینى دێوە بە هەناسە بڕکێ و شەقەشەق و نرکەو ناڵە ، هاوڕێ
لەگەڵ دوکەڵ و تەپ و تۆزێکى خەست و خۆڵەوە ، بە بەردەم مزگەوتدا خۆی دەکرد بە
دێدا، مناڵانی لەڕو لاسار و ژیکەڵەى دێ ، بۆ خۆ هەڵواسین پێیدا یا بۆ
وەرگرتنى چەند نوقڵ و چوکلێتێکى شار ، بێ گوێدانە تۆز و دوکەڵ ، بە چەپڵەو هەرا و
پێکەنینەوە بە دویایدا ڕایاندەکرد......... " . ڕەنجی فەرهادەکان لا 290 / 291 .
چەندان و چەندان نمونەى تر کە ئەتوانین هەمو بنەما
ئەدەبی و هونەرییەکانى تیا بە ڕوونى ببینین و هاوکات چۆنێتى بەکارهێنانیان لەو
بەرهەمەدا .نوسەر لە بەرگى کۆتایی کتێبەکەدا خەیاڵی بەرزە فڕى خۆیمان بۆ
دەگێرێتەوە لە سەردەمی خەباتى چەکدارى گەلەکەمان . خەیاڵێک تا بڵێی جوان ، پڕ لە
مرۆڤایەتی و دڵسۆزى و کوردایەتی ، بەو ئومێدەى رۆژێک بێت و تەواوى ئەو خەیاڵانە
بێنەدى :
" کە لە
جەنگەڵی تاریک و ترسناکى ئەگەرە بەد و نەگریسەکانى خەباتى چەکدارى گیرم دەخوارد و
رێی دەرچوونم لێ دەگیرا ، ئیتر کۆلارەى مناڵیی خەیاڵم بەرز دەبۆوە بۆ ئاسمان ، بۆ
نێو تەنکە تەمێکى سپی وەک تاراى بوک ، کەلە ناویدا (یار) ى ئاوات چاوبڕکێ و سەرەتاتکێی
لەگەڵ دەکردم ، ئاواتى بڕانەوەى شەڕ و جێگیربونی ئاشتى ، ئاواتى سەرکەوتنى یەکجارى
و گەیشتن بە ئامانجەکانى شۆڕش ....... " .
لە
چەندین شوێنی (ڕەنجی فەرهادەکان) دا ئینسانی کورد بە هیوا و ئاوات و ترس و
نیگەرانیەکانی، خۆی دەبینێتەوە و هەنگا و بەهەنگاو شوێنیان دەکەوێت.
(ڕەنجی
فەرهادەکان) لەم سەردەمی باونەمانی کتێب خوێندنەوە بە هۆی ئینتەرنێتەوە، حەزی کتێب
خوێندنەوە دەگێڕێتەوە بۆ لای خوێنەر، بۆیە بەڕاستی و بێ دودڵی ئەم کتێبە
شایەنی خوێندنەوەیە و شایەنی ئەوەیە بیکەیتە دیاریەکی بەنرخ بۆ خۆشەیستاکانت.