وەزیری ناوخۆ: كه‌سانێك له‌ بازگه‌كان کارئاسانییان بۆ كراوه‌ تاكو هێرشی موشه‌كی بكه‌نه‌سه‌ر هه‌ولێر
  2021-02-22       1119       

وەزیری ناوخۆی هەرێم ایده‌گه‌یه‌نێت ''كەسانێك كە لە بازگەكان كارئاسانییان بۆ كراوە تاكو هێرشی موشه‌كی بكه‌نه‌ سه‌ر هه‌ولێر و داواش لە حكومەتی عێراق دەكات دەستگیریان بكات''.

ئاوێنه‌: ڕێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێمی کوردستان ئەمڕۆ دووشەممە 22ی شوبات لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەنوسیدا وتی، چەند کەسێک سودیان لەو مامەڵە باشە وەرگرت کە لە بازگەکان لەگەڵیان کراوە. بەشێک لەوانە دزەیان کردووەتە ناو هەولێر و بووە هۆی ئەوەی موشەک ئاراستەی چەند گەڕەکێک و فڕۆکەخانەی هەولێر بکرێت.

وتیشی، “لیژنەیەکمان بە هاوبەشی لەگەڵ حکومەتی عێراق پێکهێناوە و هیوادارین برایانمان لە حکومەتی عێراق ئەوانەی تاوانبارن دەستگیریان بکەن و بە سزای یاسای خۆیان بگەیەندرێن”.

ڕێبەر ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، “هێرشەكە پێمان دەڵێت كە داعش تەنها ڕێكخراوی تیرۆرستی نییە لە وڵاتدا، بەڵكو گروپی تیرۆرستیی دیكەش هەن، ئەمەش كاری هاوبەشی گەورەترمان لێدەخوازێت لەنێوان حكومەتی هەرێم و حكومەتی ناوەند و هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و هەموو ئەو لایەنانەی دژایەتی تیرۆر دەكەن”.

لێدوانەكەی وەزیری ناوخۆ ئەمڕۆ لەمیانەی مەراسیمی دەستبەكاربوونی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری نوێی هەولێردا بوو.

شەوی دووشەممە 15ی شوبات، 14 موشەك لە شاری هەولێر كەوتنەخوارەوە. ژمارەیەك لە موشەكەكان فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێریان كردە ئامانج و موشەكێكی تریان بەسەر فڕۆكەخانەكەدا تێپەڕی.

موشەكێك لە گەڕەكی وەزیرانی شاری هەولێر و دانەیەكی تریشیان لە نزیك نازستی كەوتەخوارەوە. چەند هاوڵاتییەك و كەسێكی بیانی بەهۆی موشەكبارانەكەوە گیانیان لەدەستدا و برینداربوون، زیانی مادییش بەر شەقامەكان و ماڵ و ئۆتۆمبیلی هاوڵاتییان گەیشت.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×