ئەفسانە لە دیدی فەیلەسوفی فەرەنسی کلۆد لیڤی شتراوس
  2021-02-22       112       


ئەردەڵان عەبدوڵڵا

هەتاوەکو ئێستاش هەر  کە باسی فەلسەفەی بوونیاتگەریی بکەین، یەکسەر مەلی هزرمان بۆ چەند ناوێک دەڕوات، یەکێکیش لەو ناوانە فەیلەسوفی فەرەنسی " Claude Lévi-Straussکلۆد لێڤی شتراوس" ئەم پیاوە  لە جیهاندا کۆمەڵێک نازناوی هەیە لەوانە:" شێخی بوونیاتگەراکان، یان سەرمەشقی بوونیاتگەراکان" هۆکاری ئەمەش بۆ کاروبەرهەمەکانی دەگەڕێتەوە، کە لەم بوارەدا نووسیویەتی، بەتایبەتی لە رووی ئەنترۆپۆلۆژیاوە.   کلۆد لیفی شتراوس"  یەکێکە لە فەیلەسوفە ناودارەکانی فەرەنسا و جیهان. لە ساڵی 1908 لەدایک بووە و لە ساڵی 2009 کۆچی دواییکردووە. شتراوس چ لە بواری کۆمەڵنناسی و فەلسەفیدا، رۆڵێکی بەرچاوی هەبووە، بەتایبەتی لە کۆتاییەکانی سەدەی بیستەم، یەکێک بوو لەو ناوانەی کە لەناو بازنەی فکر و فەلسەفی جیهاندا پێگەی تایبەتی خۆی هەبوو. خاوەنی کۆمەڵێک کتێبی گرنگە لەوانە: تەوتەویزم لەمڕۆدا، ئەنترۆپۆلۆژیای بوونیاتگەری، رەگەزومێژوو" جگە لە کۆمەڵێک کتێبی گرنگی تر لە بارەی ئەفسانەوە.  
یەکێکیش لە کتێبە گرنگەکانی " ئەفسانە و مانا"یە کە لە ساڵی 1978 دا  بە زمانی ئینگلیزی نووسیویەتی. ئەم کتێبەش لە لایەن برای وەرگێڕمان " سەلاح حەسەن پاڵەوان " کراوە بە کوردی و دەزگای جەمال عیرفان چاپی کردووە.  دیارە وەرگێڕانی کتێبەکانی شتراوس کارێکی ئاسان نییە، بەڵام بە حوکمی ئەوەی کاک سەلاح ماوەیەکی زۆرە لە بواری فەلسەفە و ئەفسانەدا کار دەکات، بۆیە باش توانیویەتی دەقەکە بە خوێنەری کوردی بگەیەنێت. جگە لەوەش کتێبەکەی لە زمانی ئینگلیزییەوە کردووە بە کوردی، واتە لە زمانی یەکەمەوە وەریگێڕاوە بۆ سەر زمانی کوردی.
لێرەدا هەوڵ دەدەم تیشکێک بخەمە سەر  ئەم کتێبە گرنگە و کەمێک بە خوێنەری کوردی بناسێنم.


ناوەڕۆکی کتێبەکە
شتراوس یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی کە گرنگی باشی بە ئەفسانەکان و رۆڵیان لە ناوکۆمەڵگە داوە، هەربۆیە ماوەیەکی زۆر خەریکی لێکۆڵینەوەو پشکنین بوو لە ئەفسانەکانی جیهان، ئەم کتێبەش بەرهەمی ئەو چەند ساڵەی لێکۆڵینەوەیەتی. لەم کتێبەدا  خوێندنەوەی خۆی بۆ  ئەفسانەکان، ماناکان و پەیوەندییان، هەروەها پەیوەندی ئەفسانە بە " زمان و هونەر بەگشتی و موزیک بەتایبەتی و مێژوو" باسکردووە. لەهەمانکاتیشدا رۆڵی ئەفسانەکان بەسەر کەسایەتی تاک دەرخستووە .
وەکو وەرگێڕیش دەڵێت:
نووسەر لەم کتێبەدا هەوڵ دەدات لە کەناردا بمێنێتەوە، لەوێوە بگەڕێت بە دوای رێچکەیەک و لەوێوە بڕێک زانیاری بخاتە زەینی خوێنەرەوە، ئەو دەزانێت خوێنەر بەم کەمە زانیارییە تینوێتی ناشکێت و ناتوانێت هەموو درز و کەلێنەکانی بیری  ئەفسانەیی  دابڕاو لە ناخی  مرۆڤ پڕ بکاتەوە، بەڵام هەوڵ دەدات. ل 12
هەروەها نووسەر دوو بابەتی زۆر گرنگی تریشی باسکردووە، ئەوانیش قسەکردن لە بارەی ئەو گەلانەی کە زمانی نووسینیان نییە، کە زۆرجار بە ناڕەوا بە گەلانی سەرەتایی" زۆرجاریش دواکەوتوو، وەحشی" وەسفکراون، بەڵام شتراوس دژی ئەم بۆچوونە دەوەستێتەوە. هەروەها شتراوس بەوە ناسراوە، کە خاوەنی پڕەنسیپێکی تایبەتە لە بواری پێناسەکردنی " کەلتوور" دا، لەمەشدا  تێڕوانیینەکانی زۆر هومانیست و نا غەرەبزادەییە، چونکە غەربزادەکان هەمیشە رۆژئاوا بە سەنتەر دادەنێن و نکووڵی لە کەلتووری نەتەوەکانی غەیرە ئەوروپی دەکەن، شتراوس دژی ئەمەشە، هەربۆیە ئەم فەیلەسوفە بۆچوونەکانی لای من مایەی رێزو خۆشەویستین.


ئەفسانە

نووسەر لەم کتێبەیدا بە چڕی باسی ئەفسانە و رۆڵی بەسەر مرۆڤ و کۆمەڵگەوە دەکات. لە پێشەکی کتێبەکەیدا دەڵێت:  ئەفسانەکان لای مرۆڤ بیرۆکەکان بەجێ دەهێڵن، بەبێ ئەوەی مرۆڤ خۆی هەست بەمە بکات ل21
دەشڵێت: ئەفسانە دەبێت لە هەموو لایەکەوە بناسرێتەوە، مانای بونیادی ئەفسانە لە زنجیرەی یەکبەدوایەکی رووداوەکاندا خۆی حەشار نەداوە، بەڵکو لە کۆی گشتی هەموو رووداوەکان جێگەی تێگەیشتنە،،،ئەفسانە کەم تا زۆر دەبێت وەک تۆنای ئۆکسترایەک بخوێنرێتەوە، نەک خوێندنەوەی پارچە پارچە، بەڵکو  دەبێت هەمووی پێکەوە بناسرێت ،،ل87
دواتریش هەر ئەمەش وا دەکات نووسەر قسەی زیاتر لە بارەی پەیوەندی و نزیکایەتی ئەفسانە و موزیک بکات.

پەیوەندی موزیک و ئەفسانە
بابەتێکی گرنگی تر کە نووسەر قسەی لە بارەوە دەکات، پەیوەندیی و نزیکایەتی نێوان ئەفسانە و موزیکە. بەتایبەتی لە رووی تێگەیشتن و خوێندنەوەوە، نووسەر پێی وایە ئەم دووانە زۆر لە یەکترییەوە نزیکن.  شتراوس دەڵێت: لە نێوان ئەفسانە و موزیکدا نەک  یەک پەیوەندی هەیە، بەڵکو دوو پەیوەندی  جیاواز هەیە: یەکێکیان پەیوەندی نزیکایەتیی، هاوسێیەتی" Contiguity, " ئەوی تریان هاوشێوەیەتییە " Similarty " هەروەها ئەوەشم بۆ ئاشكرا بوو کە ئەم دوو پەیوەندییە لە بناغەدا یەکن، بەڵام لەسەرەتای کارمدا  لەم شتە بێ ئاگا بووم. ل 86
خاڵێکی سەرنجراکێشی تریش بەلای منەوە، پەیوەندی بە خوێندنەوەی دەقی ئەفسانەیی و موزیکەوە هەیە.
شتراوس دەڵێت: ئەفسانە لە چەپەوە بۆ راست ناخوێنرێتەوە، بەڵکو دەبێت وەکو  نۆتای ئوکسترایەک لە سەرەوە بۆ خوارەوە بخوێنرێتەوە، تەنها بەمشێوەیە دەتوانین  بەتەواوەتی لە مانای ئەفسانەکە بگەین. ل 88

پەیوەندی ئەفسانە و موزیک و زمان
بابەتێکی گرنگی تر پەیوەندی ئەفسانەیە بە زمانەوە، ئەمەش پانتایی باش لە کتێبەکە داگیر دەکات و نووسەر بەوپەڕی زانستییەوە هەوڵی شرۆڤەکردنی ئەم بابەتەی داوە. بەتایبەتی پەیوەندی نێوان زمان و ئەفسانە و موزیک زۆر بە جوانی باسی دەکات. شتراوس پێی وایە: موزیک و ئەفسانە هەردووکیان لە زمانەوە سەرچاوەیان  گرتووە، بەڵام لە چەند رێڕەوێکی جیاواز و پارچە پارچەوە  گۆڕانیان بەسەردا هاتووە، لە حاڵەتێکدا موزیک جەخت لەسەر لایەنی دەنگ دەکات کە رەگی لە زماندایە، کەچی میتۆلۆژیا جەخت لەسەر لایەنی هەست دەکاتەوە، کە ئەویش لە نێو زماندا رەگی داکوتاوەو لێی جیا نابێتەوە. لە موزیکدا رەگەزی زاڵ  دەنگە و لە ئەفسانەدا رەگەزی زاڵ مانایە،،ل101-102
دواتریش دەڵێت: کاتێک زانیم کە موزیک و ئەفسانە هەروەک دوو خوشکن و لە زمانەوە سەرچاوەیان گرتووەو هەریەکەشیان بەلایەکدا رۆیشتووە، ل103

زانست و ئەفسانە
شتراوس بە پێچەوانەی بەشێکی زۆری فەیلەسوفان و کۆمەڵنناسانەوە پێی وایە کە زانست و ئەفسانە دژی یەکتر نین، شتراوس دەڵێت: لە راستیدا زانست و ئەفسانەکان لە یەکتری جیا نین، تەنها ئەم بارەی ئێستای نێو زانستە کە ئەو توانایەمان پێ دەبەخشێت تا ئەوەی لە ئەفسانەدا هەیە لێی تێبگەین،ل 50
دواتریش هۆکاری ئەم بۆچوونە  دەخاتەڕوو و دەڵێت: لە راستیدا ئەم دابڕانە لە سەدەی حەڤدەهەم و هەژدەهەم رووی دا، ئەوکاتە لەگەڵ بیکۆن، دیکارت، نیوتن و کەسانی تر رووی دا، بۆ زانست پێویست بوو بە شێوەیەکی پتەو پایەکانی خۆی دابکوتێت بۆ ئەوەی سەخت بێت لە رووبەروبونەوە بەرانبەر بە بیرکردنەوەی کۆنی  وەکو بیرکردنەوەی ئەفسانەیی و جادووگەری ،،ل 33

بیرکردنەوەی زانستی
بابەتێکی گرنگی تر کە شتراوس قسەی زۆری لە بارەوە دەکات مەسەلەی زانست و بیرکردنەوەی زانستە، لەهەمانکاتیشدا پەیوەندی بە ئەفسانەوە. نووسەر پێی وایە ئەفسانە جۆرێکە لە رێکوپێکی، زانستیش بەهەمانشێوە. شتراوس دەڵێت: هەموو دەستکەوتە عەقڵییەکانی رەگەزی مرۆڤ بەو جۆرەی لە سەرانسەری جیهاندا پارێزراوە، هەمیشە سەر بەیەک شتی هاوبەش بوون و ئەو شتەش پیشاندەری  جۆرێک لە رێکوپێکی بووە.ل34
دواتریش لەبارەی کامڵی زانستەوە دەڵێت:
من ناتوانم مەزندەی ئەوە بکەم رۆژێک دێت، زانست دەبێتە زانستێکی کامڵ و دەگاتە هەموو شتێک، هەمیشە گرفتی نوێ دەردەکەون، زانست هەرگیز ناتوانێت هەموو وەڵامەکان بداتەوە، ئەوەی دەتوانین هەوڵی ئەنجامی بددەین، ئەوەیە زۆر بە هێواشی ژمارە و جۆرایەتی وەڵامەکان زیاد بکەین،ل 36
باشترین بەڵگەش بۆ ئەم قسەیەی شتراوس، ڤایرۆسی کۆرۆنایە، بینیمان مرۆڤایەتی ماوەی ساڵێکە خەریکە بەم ڤایرۆسەوەو هێشتاش  زانست نەیتوانیوە بەشێوەیەکی تەواوەتی بەسەر ئەم ڤایرۆسەدا زاڵ بێت، جێگەی ئاماژەیە شتراوس ئەم قسەیەی پێش 43 ساڵ کردووە، هێشتا ئەم ڤایرۆسە پەیدا نەبووە، بەڵام ئەو وەکو فەیلەسوفێک زانیویەتی کە ئەو قسانەی دەکرێت بە ناوی زاڵبوونی مرۆڤ بەسەر سروشتدا، یان زاڵبوونی زانست بەسەر کێشەکان، قسەیەکی راست و دروست نییە.

مانا واتای چییە؟
هەر لە ناونیشانی کتێبەکەوە دیارە کە " مانا" پانتایی باش لەم کتێبە داگیر دەکات، نووسەر هەوڵ دەدات کە پێناسەیەکی تایبەت بە "مانا" بکات، لەهەمانکاتیشدا پەیوەندی لەگەڵ: ئەفسانەدا دەردەخات. نووسەر دەڵێت" وشەی "مانا" واتە توانای هەر جۆرێک لە زانیاری بکرێت بۆ زمانی هەمەچەشن وەربگێڕدرێت، مەبەستم لە زمانی هەمەچەشن فەڕەنسی یان ئەڵمانی نییە، بەڵکو مەبەستم وشەی جیاواز لە ئاستی جیاواز ل33


کەلتوور
وەکو لە پێشیشدا ئاماژەم پێدا، شتراوس یەکێکە لەو فەیلەسوفانەی کە گرنگییەکی زۆری بە کەلتوورەکانی جیهان داوە، بگرە ئەو توانی پێناسەیەکی نوێ بۆ کەلتوور دابنێت کە دەتوانین بڵێین تاڕادەیەکی زۆر هومانیست بوو، هەروەها چیتر تەنها کەلتووری ئەوروپی بە سەنتەر دانانێت، بگرە بەچاوی رێزەوە سەیری کەلتووری جیهان دەکات.  لە هەمووشی گرنگتر ئەوەیە، دان بە بوونی جیاوازی کەلتوورەکانی جیهان دادەنێت و بەکارێکی باشیشی دادەنێت.
شتراوس دەڵێت: تۆ ناتوانیت  یەک جار هەموو توانا عەقڵییەکانی  هەموو مرۆڤایەتی گەشە پێ بددەیت، دەتوانیت سوود لە بەشێکی بچووکی وەربگریت و ئەم بەشەش بە پێی کەلتوور یەکسان نییە،،،
دواتریش دەڵێت: بڕوا ناکەم کەلتوورەکان بە شێوەیەکی سیستماتیک یان بە میتۆدی تایبەت هەوڵی ئەوەیان دابێت خۆیان لە یەکتری جیابکەنەوە، لەراستیدا  ئەوەیە لە ماوەی سەدان هەزار ساڵ  گرووپگەلی  مرۆیی بچووک لە گۆشە و  جێگەکانی جیهان بە دابڕاوی لەسەر ئەم زەوییە دەژیان، بۆیە ئاسایی بووە تایبەتمەندییە تایبەتییەکانی خۆیان گەشە پێ بددەن و لە یەکتری جیاواز بن ، ئەمە شتێک نەبوو بەدەستی ئەنقەست کرابێت، بەڵکو ئەوەی رووی دا دەرئەنجامی ئەو بارودۆخە بوو کە بۆ ماوەیەکی زۆر دوورودرێژ  بەربڵاوبوو بوو.ل45
 پاشانیش باسی خاڵێکی گرنگی تر دەکات کە ئەویش پەیوەندی بە " رەسەنایەتی کەلتوورەکان" هەیە، لەمبارەیەوە دەڵێت: لە پێناوی ئەوەی  کەلتوورێک رەسەنیی خۆی بپارێزێت و لەهەمانکاتیشدا بەرهەمهێنەری شتێکیش بێت، دەبێت کەلتوور و تاکەکانی ئەو کەلتوورە بڕوایان بە رەسەنی خۆیان هەبێت، تەنانەت تا ئەو ڕادەیەش بڕوایان بە باڵادەستی کەلتوورەکەی خۆیان  هەبێت بەسەر کەلتوورەکانی تردا،ل46
هەرچەندە تەفسیری خراپیش بۆ ئەم قسەیە دەکرا، گوایە شتراوس هانی فاشیزم بددات، بەڵام لەو باوەڕەدا نیم کە شتراوس مەبەستی هاندانی فاشیزم بێت، چونکە  ئەو دژی زاڵبوونی یەک کەلتوور بووە بەسەر جیهاندا، شتراوس دژی ئەم بۆچوونەش دەوەستێتەوەو دەڵێت: من بڕوا ناکەم ئەمە روو بدات،چونکە ئارەزووە ناچوونیەکەکان هەمیشە لە ئارادان و کاری خۆیان دەکەن، لە لایەکەوە بەرەو یەکشێوەیی و لە لایەکی ترەوە بەرەو جیاوازی نوێ دەڕۆن. تا زیاتر شارستانییەکان بەرەو یەکشێوەیی بڕۆن، ئەوە زیاتر خاڵە ناوخۆییە جیاوازەکان ئاشكراتر دەبن، ئەوەی لە ئاستێکدا بەدەست دێت، یەکسەر لە ئاستێکی تردا لەناودەبرێت.ل 46
نەتەوە سەرەتاییەکان
بەشێکی زۆری کۆمەڵناس و فەیلەسوفەکانی ئەوروپا بە چاوێکی کەمەوە سەیری ئەو گەلانەیان دەکرد کە زمانی نووسینیان نییە، ئەمانەیان بە نەتەوەی سەرەتایی زۆرجاریش بە دواکەوتوو یان وەحشی وەسف دەکرد، لێ شتراوس بەشێوەیەکی زانستیانە دژی ئەم بۆچوونانە دەوەستێتەوە.
شتراوس دەڵێت: شێوازی بیرکردنەوەی لە نێوان ئەو خەڵکانەی کە ئێمە هەمیشە بە هەڵە پێیان دەلێێن " سەرەتایی" یان ئەو نەتەوانەی نووسینیان نەزانییوە یان بێ نووسین بوون، چونکە من بڕوام وایە لە راستیدا ئەمە ئەو فاکتەرەیە ئێمە لەوان جیا دەکاتەوە، بەدوو شێوازی جیاواز لێکدراوەتەوە، بە بڕوای من هەردوو شێوازەکە بەهەمان رادەی چوونیەک هەڵەن. ل 37

نووسەر
پاشانیش باس لە رۆڵ و کاریگەری نووسەر دەکات بەسەر خوێنەرەوە، لەمبارەیەوە  دەڵێت:
هەر نووسەرێک، بەهەر شێوەیەکی  تایبەت کە بیردەکاتەوە یان دەنووسێت، ڕوانینێکی نوێ بە ڕووی مرۆڤدا دەکاتەوە. ل20

دوا قسە
بە دڵنیاییەوە ئەم کتێبە هەرچەندە لە رووی قەبارەوە بچووکە، بەڵام لەرووی مانای فەلسەفی و فکرییەوە، زۆر گەورەیە و بە یەکێکیش لە کتێبە گرنگەکانی شتراوس دادەنرێت، لەهەمانکاتیشدا ئەم کتێبە ئاشنایەتیمان دەکات بە بەشێک لە بیرکردنەوەی ئەم فەیلەسوفە.
لێرەدا جێگەی خۆیەتی دەستخۆشی لە کاک سەلاح پاڵەوان بکەین بۆ وەرگێڕانی ئەم دەقە فەلسەفییە گرنگە و هیوای کاری باشتری بۆ دەخوازین.

 

سەرچاوە:
کلۆد لیڤی شتراوس. ئەفسانە و مانا. لە ئینگلیزییەوە: سەلاح حەسەن پاڵەوان. دەزگای رۆشنبیری جەمال عیرفان. چاپی یەکەم.سلێمانی.  2020

 

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×