سەرۆکی پەرلەمانی عێراق هۆشداری دەداتە باڵیۆزانی ئێران و تورکیا
  2021-02-28       551       
سەرۆکی پەرلەمانی عیراق هۆشداری دەداتە نوێنەری هەندێک لە وڵاتان لە عێراق و داواکارە دەست وەرنەدەنە کاروباری ناوخۆی عێراق و خۆیان لەو کارانە بەدوور بگرن کە ئەرکی ئەوان نییە.

ئاوێنە: دوای دەمەقاڵێی نێوان باڵیۆزانی ئێران و تورکیا لەسەر ئامادەبوونی بیانی لە عێراق، محەمەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق داوای لە نوێنەرانی کارە دیبلۆماسییەکان کرد، دەست لە کاروباری عێراق وەرنەدەن.

لە تویتێکی درەنگانی ئێوارەی ڕۆژی شەممەدا حەلبوسی نووسیویەتی: “نوێنەرانی ئەرکە دیپلۆماسییەکان لە عێراق ئەرکیان ئەوەیە نوێنەرایەتی وڵاتەکانیان بکەن و هەماهەنگی نێوان هەردوو وڵات بەهێز بکەن، هەندێک لە نوێنەرانی ئەو ئەرکانە دەبێت باش ئاگاداری ئەرکەکانیان بن و دەست لەو شتانە وەرنەدەن کە ئەرکی ئەوان نییەو ڕێز لە سەروەری عێراق بگرن بۆ ئەوەی وەک یەک مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت”.

ئەم هۆشدارییە دوای ئەوە هات کە ئێرەج مەسجدی، باڵیۆزی ئێران لە عێراق ڕایگەیاند، وڵاتەکەی هەبوونی هیچ سوپایەکی بیانی لە عێراق یان دەستێوەردانی سەربازی لە وڵاتەکە قبوڵ ناکات، داوای لە هێزەکانی تورکیاش کرد، پاشەکشە بکەن و هیچ هەڕەشەیەک بۆ سەر خاکی عێراق دروست نەکەن.

مەسجدی لە لێدوانەکەیدا بە پێویستی دەزانێت هێزە عێراقییەکان خۆیان ئاسایش بۆ وڵاتەکە دابین بکەن، لە سەبارەت بە شەنگالیش کە وەک نموونە هێناوەتەوە و دەڵێت، ئەوە بابەتێکە تورکیا هیچ پەیوەندییەکی پێوەی نییەو مافی ئەوەی نییە لەو چوارچێوەیەدا هەڕەشە بکات یان بڕیار بدات، ئەمە پەیوەندی بە ناوخۆی عێراقەوە هەیە.

لە بەرامبەردا فاتح یەڵدز باڵیۆزی تورکیا لە عێراق وەڵامی ئەو لێدوانەی مەسجی دایەوە و ڕایگەیاند، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، دوایین کەسە لە بابەتی رێزگرتن لە سنوورەکانی عێراق وانە بە تورکیا بدات.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×