ئا: ئارام کەریم، فەرەنسا
پاش ئەوەی پەیوەندییەكانی نێوان توركیاو فەرەنسا ئاساییی بونەتەوە، چەند رۆژێكە هەڵكوتانە سەر ناوەندەكانی كورد لەپاریسو مارسیلیا لەلایەن پۆلیسی فەرەنساوە دەستی پێكردوەو زیاتر لە ١١ چالاكوانی كورد دەستگیر كراون، رۆژنامەكانی فەرەنسا دەڵێن "ماكرۆن بەڵێنی بەئەردۆغان داوە كە كورد لەوڵاتەكەیدا بكاتە ئامانج".
پاش ئەوەی لەسەرەتای مارسی رابردودا ماکرۆنو ئەردۆغان لەڕێگەی فیدیۆ کۆنفرانسێکەوە کۆبونەوەیەکی هاوبەشیان ئەنجامدا، ئەو گرژیو ئاڵۆزییەی پێشتری نێوان تورکیاو فەرەنسا کە بەهۆی ناکۆکی ئەم دو وڵاتەوە لەسەر ئیسلامو دۆخی لیبیاو سوریاوە هاتبوە ئاراوە، بەرەو رەوینەوە چو، دواتریش ئەردۆغان رایگەیاند خوازیاری بە"سفر کردنەوەی ناکۆکییەکانی وڵاتەکەی لەگەڵ وڵاتانی دەوروبەرو یەکێتی ئەوروپاو فەرەنسایە"و لەبەرامبەریشدا ماکرۆن ئاماژەی بە"رۆڵی کاراو گەورەی تورکیا کرد لەپاراستنی ئاسایشی ئەوروپادا، بەوپێیەی باوەشی بۆ زیاتر لە ٣ ملیۆن پەنابەر کردوەتەوە کە دەیانەوێ روەو کیشوەرە پیرەکە کۆچ بکەن".
ئاسایی بوونەوەی ئەم پەیوەندییانە زیاد لەهەر شتێک یەکەم کاریگەرییو رەنگدانەوەی لەسەر کورد دەرکەوت، کە ماوەی چەند رۆژێکە پۆلیسی فەرەنسا هەڵدەکوتێته سه ر کۆمەڵو ناوەندەکانی کوردان.
بەرپرسی ناوەندی دیموکراتیو کۆمەڵی کوردان، ساڵح ئازاد بە"ئاوێنە"ی راگەیاند لەجوارچێوەی ئەو هەڵمەتەی پۆلیسی فەرەنسادا دەیکاتە سەر ناوەندە کوردییەکان، سەرلەبەیانی رۆژی سێشەمه ٢٣ی مارس، پۆلیس هەڵیکوتایە سەر ناوەندی کوردستانیانو چه ند ئەندامێکی دەستگیر کرد، ئەوی وتی "لەناوەندی مارسیلیا ٧ ئەندامو لەناوەندی دراگۆنیان ٢ ئه ندامو لەناوەندی پاریسیش ٣ ئەندامیان دەستگیر کرد".
وتیشی "هاوکات پۆلیس لەچەند شوێنێکی جیاوازی فەرەنسا هەڵیانکوتایە سەر ئەو فرۆشتگایانەی کە خاوەنەکانیان کوردن".
ئەمە لەکتێکدایە کە رۆژنامهی "مارسیلیا" پاش ئەم پەلاماردانانە بەمانشێتێکی گەورە نوسیویەتی: "ئیمانوێل ماکرۆن بەڵێن نوێ دەکاتەوه بۆ سوڵتان که هەڵدەکوتێتە سەر کوردستانیان".
رۆژی شەممە ٢٧ی مارس وەک ناڕەزایی دەربڕین بەرامبەر بەو روداوانە، کوردەکانی نیشتەجێی شاری مارسیلیا رێپێوانێكی ناڕەزاییان لەشەقامی كانابیری رێکخست بەئاماده بوونی ژمارەیەکی زۆری لەکوردستانیانو سیاسەتمەدارانی بەرەی چەپو سەندیکای کرێکارانو رێکخراوهکانی كۆمەڵگەی مەدەنی فەرەنسا، بەمەبەستی بهئاگاهینانەوەی دەسەڵاتداران کە پشتگیری ئەردۆغانو جیهادییەکان نەكەن.
چەپەکانی فەرەنسا ناڕەزایی خۆیان بەرامبەر بەوە دەردەبڕن کە داواکاری گشتی تورکیا بڕیاری ٤ ساڵ زیندانی کردنی بۆ ٤ رۆژنامەنوسی هەفتەنامەی کارێکاتێریی "شارل یٔیبدۆ" دەرکردوە لەسەر ئەوەی کاریکاتێرێکی وەک تورکەکان دەڵێن "ئابڕوبەرانە"یان لەئٔۆکتۆبەری ٢٠٢٠دا لەسەر ئەردۆغان بڵاوکردوەتەوە.
هاوسەرۆکی پارتی چەپی فەرەنسا، "ژۆن لوک میلۆنشۆن" کە دۆستو لایەنگری سەرسەختی کوردستانیانەو ڕۆڵی دیاری لەسیاسەتی فەرەنسادا هەیە، پاش هەڵمەتی دەستگیر کردنەکان بەزوویی هاتە سەر خەتو هاوکات لەگەڵ ئیدانە کردنی ئەو روداوە، توانی فشار بکات تا چەند کەسێک لەدەستگیرکراوەکان ئازاد بکرێن، دوێنێش لەکاتی خۆپیشاندانەکەدا بەڵێنی دا "تا سەر پشتگیری داواکانی گەلی کورد بکات، ئەو وتی "هەڵوێسیتی دەسەڵاتداران هەردەم جیاواز بوە لەهەڵوێستی گەلی فەرەنساو خەڵکی شۆڕشگێڕی ئەم وڵاتە بەرامبەر بەدۆزی کورد" .







