بەشیر حەداد: تا مانگێكی دیكە پشكی هەرێم رەوانە دەكرێت
  2021-03-31       594       

بەشیر حەداد، جێگری دوەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق دوای پەسەندكردنی ماددەی 11ی بودجە كە تایبەتە بە پشكی هەرێم رایگەیاند، پشكی هەرێمی كوردستان لە بودجە لەنێوان 9 بۆ 10 ترلیۆن دینارەو تا مانگێكی دیكە لە بەغداوە  رەوانەی هەرێم بكرێت.

ئاوێنە: بەشیر حەداد، ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، لە لێدوانێكدا بۆ رۆژنامەنوسان، بەبۆنەی پەسەندكردنی ماددەی 11ی بودجەوە لەپەرلەمانی عێراق كە تایبەتە بە پشكی هەرێم وتی"پیرۆزبایی لە خەڵكی كوردستان دەكەم و دەستخۆشی لە هەمو پەرلەمانتارانی عێراق بەگشتی و بەتایبەتی لە پەرلەمانتارە كوردەكان دەكەم كە ماوەیەكی دورودرێژە كارێكی زۆر زەحمەتیان ئەنجامدا چونكە چەندین جار گۆڕانكاری لە پڕۆژە یاسای بودجە كراو دواكەوت، بەڵام ئەمڕۆ توانیمان دانیشتی پەرلەمان بكرێت و نیساب تەواو بێت، ماددەی 11ش كە تایبەتە بە پشكی هەرێم دەتوانم بڵێم بە كۆی دەنگ تێپەڕێنرا."

بەشیر حەداد وتیشی"ئەوەی گرنگە ماوە دەنگدان لەسەر كۆی پڕۆژە یاساكە كە  ئەویش ئەگەر زۆرە ئەمشەو بەتەواوەتی تێپەڕێنرێت."

ئاماژەی بەوەشدا كە بەپێی بودجەی عێراق پشكی هەرێمی كوردستان لەنێوان 9 بۆ 10 ترلیۆن دینارە، لەوانەیە مانگێكی دیكە تا رێنماییەكان لە وەزارەتی دارایی دەردەچن، دەست بە جێبەجێكردنی یاساكە بكرێت، ئەو كات پشكی هەرێم رەوانە دەكرێت.


زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×