ئاشورییەکان لەساڵی 6772دا دەژین
  2021-03-31       2290       

ئا: ئاوێنە


١ی نیسان جەژنی "ئەکیتۆ"یە، جەژنی سەری ساڵی بابلی ئاشورییە، کە بەكۆنترین جەژنی مرۆڤایەتی دادەنرێت‌‌و ماوەی 12 رۆژ دەخایەنێت، ئەمساڵ ئاشورییەكان‌و سریانی‌و كلدانیەكان بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵی  6772ەوە ئاهەنگ دەگێڕن.



جەژنی ئەکیتۆ یەكێكە لەو جەژنە دێرینانەی كە بەلای زۆرێك لەمێژونوسان‌و لێكۆلەرانی ئەفسانەكانەوە بەكۆنترین جەژنی مرۆڤایەتی دادەنرێت‌، بگرە بەشێک لەو مێژونوسانە ئەم جەژنە کە بەهۆی گۆڕانی سروشت‌و هاتنی وەرزی بەهارەوە ئاهەنگ دەگێڕدرێت، بەسەرچاوەی جەژنی نەورۆز لای كوردو فارس‌و جەژنی ئێزیدییەكان‌و جولکەکان لەمانگی نیساندا دادەنێن.


جەژنی ئەکیتۆ، جەژنێکی دێرینی میزۆپۆتامیایە کە لەسەردەمی ئیمپراتۆریەتی بابلەوە پەیڕەو کراوەو پاش روخانی ئەو ئیمپراتۆریەتەش لەلایەن ئاشورییەكانەوە بەتایبەتی لەسەردەمی شا سەنحاریبەوە لەشارەکانی نەینەواو ئاشوردا بەپیرۆزو زیندوێتی راگیراوەو لەساڵی 1992ەوە لەلایەن مەسیحییەکانەوە ئەم جەژنە لەهەرێمی کوردستان پیرۆز دەکرێت.


ئەم جەژنە کە بەسەری ساڵی نەتەوەیی لای ئاشورییەكانی عێراق‌و سوریا دادەنرێت‌، ساڵانە فیستیڤاڵ‌و چالاکیی جۆراوجۆر لەشاری دهۆک‌ بەڕێوەدەچێت.

 

ئاشورییەکان لەم رۆژەدا بەجلوبەرگی نەتەوەیی‌و سەماو هەڵپەڕکێوە رێپێوان دەکەن کە بەرێپێوانی بنەوشەیی ناودەبرێت،هەرچەندە ساڵی رابردو بەهۆی بڵاوبونەوەی کۆرۆناوە ئەم جەژنە کە بەسەماو هەڵپەڕکێ‌و خۆڕازاندنەوەی ئاشورییەکانەوە بەجلوبەرگی نەتەوەییەوە پیرۆز دەکرێت، ئەنجام نەدرا.


 ئاشورییەكان كە زۆربەیان لەكوردستان‌و عێراق‌و سوریا‌و توركیا‌و ئێران‌و ئەمەریكاو سوید‌و ئەڵمانیا نیشتەجێن،  زمانەكەیان سریانییە‌و خۆیان بەدێرینترین گەل دەزانن كە پێشوازییان لەئایینی مەسیحی کردوە لەسەدەی یەکەمی سەرهەڵدانیداو رۆڵیان هەبووە لەبڵاوكردنەوەی ئەم ئایینەدا لەناوچەكانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست‌و وڵاتانی ئاسیای ناوەڕاست‌و هند‌و چیندا، ئاشورییەکان دابەش بوون بەسەر چەند كەنیسەیەكی جیاوازی ئەرسزۆکس‌و كاسۆلیك‌و رۆژهەڵاتییدا.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×