ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوای بەردەوامیی دەستگیركردنی هاوڕەگەزخوازەكان دەكەن
  2021-04-04       734       

ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی داوا لە سەرۆكایەتی ئەنجومەنەكە دەكەن پشتیوانی هێزەكانی ئاسایش بكرێت بۆ بەردەمبون لە هەڵمەتی دەستگیركردنی "هاوڕەگەزخوازان."

ئاوێنە: رەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، لە راگەیەندراوێكدا وتی: ئەمڕۆ یەكشەممە بە واژوی 17 ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی یاداشتیکمان ئاڕاستەی سەرۆکایەتی ئەنجومەن کرد بەمەبەستی پشتیوانیکردن لە ڕێگریکردن لەدیاردەی لەشفرۆشی و هاوڕەگەزخوازی کە دژە بە ئایبن و بەهاو کلتوری نەتەوەکەمان و دژە لەگەڵ دەستورو ناسنامەو پیرۆزییەکانمان.

رەمەزان نامیق وتوشیەتی"داوامان کردوە پشتیوانی هیزەکانی ئاسایش بکرێ بۆ بەردەوام بون لەم جۆرە هەڵمەتانەو لایەنە پەیوەندیدارەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵی مەدەنی هەماهەنگ بن بۆ بڵاوکردنەوەی هۆشیاری لەمەترسی ئەم جۆرە کارە نەخوازراوانە کە سەردەکێشێت بۆ بەلاڕێدابردنی لاوانمان و تێکچونی شیرازەی خێزان."

ئەو ئەندامەی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ئەوەشی خستۆتەڕو"هاوڵاتیانیش پێویستە هاوکاربن لە ڕوبەڕوبونەوەیدا کە پەیوەندی راستەوخۆی بە سەقامگیری کۆمەڵایەتی و ئاسایشی  خێزان و دەستگرتن بە  بەهاجوانە بەرز و پیرۆزەکانمانەوە هەیە."

شەوی پێنجشەممەی رابردو ژمارەیەك "هاوڕەگەزخواز" لە هەڵمەتێكی هێزە ئەمنییەكاندا لە سلێمانی دەستگیركران. پشتیوان بەهادین، سەرپەرشتیاری هەڵمەتەكە لەلێدوانێكدا رایگەیاند"دوای کۆبونەوەی لیژنەی باڵای ئەمنیی سلێمانی و وەرگرتنی رەزامەندیی دادوەری لێکۆڵینەوەی سلێمانی، بڕیاردرا هەڵمەتێک بکرێت بۆ دەستگیرکردنی هاوڕەگەزخوازەکان کە هەڵمەتەكە بەهاوکاریی هەمو هێزەکانی سلێمانییە."

بەڵام رۆژی هەینی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی لەوبارەیەوە لە رونكردنەوەیەكدا وتی، هەڵمەتەكەی ئەوان بۆ نەهێشتنی دیاردەی "لەشفرۆشی" لە یەكێك لە گەڕەكەكانی سلێمانی بوە ئەوەش لەسەر داوای زۆرێك لەهاوڵاتیانی ئەو گەڕەكەو ئامانجی هەڵمەتەكەیشیان "هیچ توێژو چینێك نەبوە."

هەڵمەتەكەی هێزە ئەمنییەكانی سلێمانی، كاردانەوەی جۆراوجۆری بەدوای خۆیدا هێناوە. دوێنێ شەممە، كونسوڵخانەی گشتی ئەمریكا لەهەولێر لە تویتێكدا رایگەیاند"ئێمە بە نیگەرانییەوە چاودێری ئەو روداوانەی سلێمانی دەكەین كە پێدەچێت تێیاندا دەستگیركردنی هاوڕەگەزاخوازان كرابێتە ئامانج."


ناڕەزایەتی ئەندامانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی سەبارەت بەدیاردەی لەشفرۆشی و هاوڕەگەزخوازی کەلەچەند جێگایەکی سلێمانی...

Posted by Ramazan Namik on Sunday, April 4, 2021
زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×