دوای راگرتنی مینحەی
زیاتر لە پێنج هەزار زیندانیی سیاسی لە چوارچێوەی یاسای چاكسازیدا، جێگری سەرۆكی لیژنەی
زیندانیانی سیاسی و شەهیدان لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت، ئەم مانگە مینحە بۆ ئەو
زیندانییە سیاسییانە خەرج دەكرێت كە موچەیان نییە.
ئاوێنە: ژیان تاهیر، جێگری سەرۆكی لیژنەی زیندانیانی
سیاسی و شەهیدان لە پەرلەمانی كوردستان، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی
كوردستانی راگەیاند"لە چوارچێوەی یاسای چاكسازی و دوای تەواوبونی وادەی یاسایی،
حكومەت مینحەی زیاتر لە پێنج هەزار زیندانیی سیاسی راگرت، چونكە بە گوێرەی یاسا
دوای 10 ساڵ مینحەكە كۆتایی دێت، بەڵام ئەوانەی هیچ موچەیەكیان نییە، نایانگرێتەوە."
جێگری سەرۆكی لیژنەی
زیندانیانی سیاسی و شەهیدان وتیشی "پێداچونەوەی تەواو بە مەلەفی ئەو پێنج هەزار
زیندانییەی مینحەیان راگیرابو، كراوە و دوای پشتڕاستبونی، بڕیار دراوە ئەم مانگە مینحەی
900 زیندانیی سیاسی خەرج بكرێت، چونكە هیچ موچەیەكی دیكەیان نییە جگە لەو مینحەیە،
پێداچونەوەكەش لە كۆی پڕۆسەكە بوە."
ناوبراو ئاماژەی
بۆ ئەوەش كرد: "2600 زیندانیی سیاسیی دیكە مەلەفەكانیان پێداچونەوەی بۆ كراوە
و كێشەی تێدا نییە، تەنیا موچەیان هەیە و پێشتریش مینحەیان پێ دراوە، ئەوانەش سەرپشك
كران یان لە مینحەكە سودمەند دەبن، یان موچە، كە لە نێوان ئەو دوانەدا، یەكێك هەڵدەبژێرن."