شیروان میرزا: بەگەیشتنی پارە لە بەغداوە هیچ بیانویەك بۆ لێبڕینی موچە نامێنێت
  2021-04-05       917       

شیروان میرزا، ئەندامی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند"هەر كاتێك بەغدا پارە رەوانەی هەرێم بكات هیچ بیانویەك بۆ لێبڕینی موچە نامێنێت و درێژەدان بەلێبڕینی موچە شتێكی بێمانایە." دەشڵێت: لەئێستادا حكومەتی هەرێم بەداهاتی نەوت و ناوخۆ دەتوانێت بەبێ لێبڕین موچە دابەشبكات.

ئاوێنە: شیروان میرزا، كە پەرلەمانتاری فراكسیۆنی یەكێتییە لە پەرلەمانی عێراق لەبارەی رەوانەكردنی پارە لەلایەن بەغداوە بۆ هەرێم، ئەمڕۆ دوشەممە، بە ماڵپەڕی رەسمی حزبەكەی وت "هەر كاتێك لەلایەن بەغداوە پارە رەوانەی هەرێم كرا هیچ بیانویەك بۆ لێبڕینی موچە نامێنێت و ناشبێت بەهیچ شێوەیەك لێبڕینی موچە بمێنێت، چونكە درێژەدان بەلێبڕینی موچە شتێكی بێمانایە، هەروەها لەیاساكەشدا بڕگەیەكمان جێگیركردوە كە ئەو پارەیەی بەغدا بۆ هەرێمی دەنێرێت دەبێت موچەی پێدابەشبكرێت نەك بۆ بابەتی دیكە خەرجبكرێت."

ئەو پەرلەمانتارەی لیژنەی دارایی لەبارەی ئەوەشی كە ئەو پارەیەی بڕیارە بەغدا بۆ هەرێمی رەوانە بكات بەشی موچەی تەواوی فەرمانبەران ناكات، وتی"ئەوەی دەوترێت زۆر بێمانایە، چونكە لەئێستادا بەبێ ئەوەی بەغدا پارە بۆ هەرێم بنرێت، حكومەتی هەرێم دەتوانێت بە داهاتی نەوت و خاڵە سنورییەكان و باجی سەر كۆمپانیاكان و داهاتی تری ناوخۆ بەبێ لێبڕین موچە دابەشبكات."

وتیشی"لەئێستادا حكومەتی هەرێم لەفرۆشتنی نەوت كە بە دۆلارە 20%ی داهاتی  زیادیكردوە، چونكە لە 100 دۆلاردا 25 هەزار دینار قازانج دەكات."

ئەوەشی خستەڕو"یاسای بودجە لە 1ی 1ی 2021ەوە جێبەجێ دەكرێت و هەرێمی كوردستانیش بۆ ئەو سێ مانگە دوای دەركردنی ئەو پارەیەی بەهۆی پابەندییەكانی سەر هەرێم كە لەو ماوەیەدا نەكراوە، بڕێك پارە دەمێنێتەوەو رەوانەی هەرێم دەكرێت و ئەگەر ئەوە رەوانە بكرێت دەبێت حكومەتی هەرێم لێبڕینی سێ مانگی ئەمساڵی موچەخۆرانیش بداتەوە."


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×