بەشیر حەداد: ھیواخوازین هاوپەيمانی كوردستانى له پەرلەمانی عێراق دروست بێتەوە
  2021-04-08       599       

بەشیر حەداد، جێگری دوەمی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە كۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان نێچیرڤان بارزانی، سەرۆكی هەرێمی كوردستان و چەند لایەنێكی سیاسی، رایگەیاند، هیواخوازن ئەو كۆبونەوەیە ببێتە هەوێنێ دروستكردنەوەی هاوپەیمانی كوردستان لە پەرلەمانی عێراق. بەڵام پەرلەمانتارێكی هاوپەیمانی هیوا دەڵێت"پلانی ئەو کۆبونەوەیە هەر لایەنێک داینابێ پێشتر لە چێشتخانەکەی پارتی کوڵێنراوەو ئەویش سودمەندی یەکەمە، گەڕانەوەیە بۆ ئەزمونی شکستخواردوی دوای 2005."

ئاوێنە: بەشیر حەداد، لە بەیاننامەیەكدا خۆشحاڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە کۆبونەوەی ئەمڕۆی نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێم و ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان و ھیوای خواست ئەو کۆبونەوەیە ببێتە ھەوێنی یەكڕیزی و یەکدەنگی نێو ماڵی کوردو دروست کردنەوەی ھاوپەیمانی کوردستانی له پەرلەمانی عێراق.

بەشیر حەداد وتیشی"ئێمە بەردەوام جەختمان لەسەر یەکڕیزی نێو ماڵی کورد و پتەوکردنی پەیوەندی نێوان ھێز و لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کردوەتەوە، چونکە یەکڕیزیی نێوان ھێزو لایەنە سیاسییەکانی کوردستان کاریگەری راستەوخۆی لەسەر ھێز و پێگەی کورد و نوێنەرانی کوردستان دەبێت لە بەغدا، و ئەزمونی رابردوشمان سەلماندویەتی کە تەنیا بە یەکڕیزی و یەک دەنگی دەتوانین خواست و داواکاری و مافی گەلەکەمان بەدەست بھێنین."

كۆبونەوەكەی ئەمڕۆی سەرۆكایەتی هەرێم بەرپرسانی باڵای پارتی، یەكێتی، گۆڕان و كۆمەڵ و یەكگرتوی لەخۆگرتبو.

بەرلەوە هۆشیار عەبدوڵا، پەرلەمانتاری هاوپەیمانی هیوا لە پەرلەمانی عێراق سەبارەت بە كۆبونەوەكە لە تویتێكدا وتبوی"کۆبونەوەی پێنج قۆڵی، گەر ئەجێنداکەی بریتی بێ لە کۆکردنەوەی بەشداربوەکانی لەبەرەیەکدا بۆ هەڵبژاردنی عێراق، ئەوا زۆر شت یەکلادەکاتەوە، پلانی ئەو کۆبونەوەیە هەر لایەنێک داینابێ پێشتر لە چێشتخانەکەی پارتی کوڵێنراوەو ئەویش سودمەندی یەکەمە، گەڕانەوەیە بۆ ئەزمونی شکستخواردوی دوای 2005."

بەپێی راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی هەرێم لە كۆبونەوەی ئەمڕۆی نێوان سەرۆكی هەرێم و لایەنە سیاسییەكاندا "جه‌خت كرايه‌وه‌‌ كه‌ دۆخى ئێستاى هه‌رێمى كوردستان و ده‌سته‌به‌ركردنى مافه‌ ده‌ستورييه‌كان، پاراستنى ده‌سكه‌وته‌كان و هه‌نگاونان بۆ ئاينده‌يه‌كى باشتر، واقعبينى و هه‌ستكردن به‌ به‌رپرساريه‌تيى هه‌موان، پێكه‌وه‌كاركردن، هاوبه‌شى، ته‌بايى و يه‌كڕيزى ده‌خوازێت و به‌ گرنگييه‌وه‌ جه‌ختى له‌ پرۆسه‌ى چاكسازى و كاركردن بۆ باشتركردنى گوزه‌ر‌انى هاوڵاتيان و پێويستيى پاراستنى ئازادييه‌كان و ئازاديى ڕاده‌ربڕين و دانانى چوارچێوهو ميكانيزمێك بۆ به‌رده‌واميى ئه‌م كۆبونه‌وانه‌ كرده‌وه‌."

نێچيرڤان بارزانى دوپاتى كردۆته‌وه‌ كه‌ "تاكه‌ ڕێگه‌ى تێپه‌ڕاندنى كێشه‌ و قه‌يرانه‌كان و پاراستنى ماف و ده‌سكه‌وته‌كان و پێگه‌ى ده‌ستورى و فيدراڵيى هه‌رێمى كوردستان، ته‌بايى و پێكه‌وه‌يى و يه‌كڕيزييه‌، سه‌رۆكايه‌تيى هه‌رێمى كوردستانيش له‌م پێناوه‌دا به‌رده‌وام ده‌بێت و به‌ چه‌ترى كۆكه‌ره‌وه‌ى هه‌موان ده‌مێنێته‌وه‌."


زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×