وتەبێژی حكومەت: موچە لەكاتی خۆیدا دابەشدەكرێت
  2021-04-10       537       

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، موچە لەکاتی خۆیدا دابەشدەکرێت و لێبڕینی موچەش لە چەند رۆژی داهاتودا دیاری دەكرێت. دەشڵێت: سبەی یەكشەممە لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوەو بڕیاری نوێ دەردەكات.

ئاوێنە: جوتیار عادل، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممە، بە روداوی راگەیاند"تێپەڕاندنی بوجەی عێراق هەنگاوێکە لە چەند هەنگاوی دیکە، زیاتر سەرکەوتنێکی مەعنەوییە دوای تێپەڕاندنی ئەو بودجەیە، مەبەستم ئەوەیە هەنگاوی قورستر ماوە بۆ مەسەلەی جێبەجێکردنی ئەو رێککەوتنە. بە تایبەت ئێستا وەزارەتی دارایی عێراق پێویستە رێنمایی دەربکات، ئێمە داوامانکردوە بەشداربین لە داڕشتنی ئەو رێنماییانە، چونکە جاری وا هەیە رێنمایی بەپێچەوانەی یاسا دەردەکرێت بۆ مەرامێکی دیکە، کە لە بەرژەوەندیی ئەو یاسایە و رێککەوتنەکە نەبێت."

لەبارەی بڕی لێبڕینی موچە وتەبێژی حکومەت رایگەیاند: "مەسەلەی تەمویلکردن یان لێبڕینی موچە بۆ موچەی داهاتو بەدیار ناکەوێت تاوەکو ئەم لیژنانە دانەنیشن و بە تەواوتی نەزانن وردەکارییەکان چۆنن، ئەو بڕە پارەیەی کە شایستەی حکومەتی هەرێم و خەڵکی هەرێمە چۆن دەدرێت، هەموی بەسەر یەکەوە دەدرێت، ئایا چەند دەدرێت؟ هەمو لە یاساکەدا هاتوە، بەڵام پشکی هەرێمی کوردستان دابەشکراوە بەسەر چەند بابەتێک. وەکو باسمکرد ئەو لیژنەیەی کە هەڵدەستێت بە دەرکردنی ئەو رێنماییانە دەبێت زۆر بە وشیارانە مامەڵە بکەن. ئەو پرسەش پرسێکی کاتییە، پێموایە لە چەند رۆژی داهاتو ئەو رێژەیە دەستنیشان بکرێت."

هەروەها وتەبێژی حکومەت سەبارەت بە دۆخی كۆرۆنا وتی"ئێمە بەپێی ئەو راپۆرتەی کە وەزارەتی تەندروستی پێشکەشی دەکات هەڵسەنگاندنی رەوشەکە دەکات، لیژنە باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە، بەپێی ئەو داتایانەی لە دو بۆ سێ رۆژی رابردو بڵاوکراونەتەوە، رێژەی توشبون زیادیکردوە، بەڵام رێژەی مردن کەمبوەتەوە، تاوەکو بەیانی هەندێک داتای دیکە دێتە بەردەستمان بۆ ئەوەی بتوانین بەپێی هەڵسەنگاندنی وەزارەتی تەندروستی بڕیاری گونجاو بدەین."

لەبارەی رێکارەکانی قەدەغەی هاتوچۆ لە هەرێمی کوردستان جوتیار عادل رایگەیاند"رێکارەکان بۆ مانگی رەمەزان جیاوازتر دەبێت، بژێوی خەڵک و کەسابەتی خەڵک لەبەرچاو دەگیرێت، بەڵام دیسانەوە بابەتی پاراستنی تەندروستی خەڵک لە پێشینەی کارەکانمانە، دەبێت جۆرێک لە هاوسەنگی لەنێوان ئەو دو بابەتە دروست بکەین."

لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا وتەبێژی حکومەت رایگەیاند، "سبەی لیژنە باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا کۆدەبێتەوە لەو کۆبونەوەیە بڕیاری پێویست دەدرێت، بە تێڕاونینی من رێکاری نوێ جێبەجێ دەکرێت، لیژنە باڵای بەرەنگاربونەوەی کۆرۆنا سەرپشکە لە دەرکردنی رێنوێنیی نوێ و چ جۆرە قەدەخەی هاتوچۆ. لە کۆتاییدا ئەوەی لە بەرژەوەندیی خەڵک و تەندروستی گشتی بێت بڕیاری گونجاوی لەبارەوە دەدرێت."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×