بەهۆی ریفراندۆمەوە دۆسییەی 49 ئەفسەری كورد رەوانەی دادگای سەربازیی كرا
  2021-04-10       844       

بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك بڵاویكردەوە، بەهۆی بەشداریكردنیان لە پڕۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان كە ساڵی 2017 دۆسییەی 49 ئەفسەری كورد رەوانەی دادگای سەربازیی موسڵ كرا.

ئەمڕۆ شەممە 10ی نیسانی 2021 بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك لە بەیاننامەیەكدا ئەمڕۆ شەممە بڵاویكردەوە، بەپێی نوسراوێكی وەزارەتی ناوخۆی عێراق كە لە 4ی (نیسان/4)ی ئەمساڵ نێردراوە بۆ دادگای موسڵ دۆسییەی 49 (چل ونۆ) ئەفسەری كورد بە مەبەستی دادگاییكردن رەوانەی ئەو دادگایە كراون. 

هەروەها ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو ئەفسەرانە تۆمەتبارن بەوەی كە بەشداریانكردوە لە پڕۆسەی ریفراندۆمی سەربەخۆیی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی دیكەی دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی كوردستان، كە (ئەیلول/9)ی2017 ئەنجامدراوە.

هاوكات جوڵاندنی دۆسییەی ئەفسەرانی كورد لە كەركوك بۆ 26ی (تشرینی یەكەم/10)ی 2017 دەگەڕێتەوە، بەڵام دۆسییەكە بە بڕیاری سیاسیی و بەشێوەی كاتی راگیرا، تا لە 17ی (ئازار/3)ی ئەمساڵ جارێكی تر بە رەزامەندی وەزیری ناوخۆی عیراق دۆسییەكە جوڵێنرایەوە.

ئەو 49 ئەفسەرە لە عەمید، عەقید، مقەدەم، رائید، نەقیب، ملازم و ملازی یەكەم پێكدێن، لە ئێستاشدا لە هۆبە و یەكە جیاوازەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی كەركوك لەئەرك و دەوامی فەرمیدان.

تائێستاش هیچ راگەیاندراوێك لە لایەن دادگای موسڵەوە لەبارەی پرسی ئەو 49 كەسە و چۆنیەتی یەكەم دانشتنی ئەو دادگایەش بڵاونەكراوەتەوە.
 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×