رێكخراوێك: روفاتی ئەنفالكراوان لە پزیشكی دادوەری بەغدا بێ ناز كەوتون
  2021-04-14       431       

ئەحمەد مەجید، بەرپرسی ڕێکخراوی چاودێری کۆردۆساید رایگەیاند، هیچ وادەیەک بۆ گێڕانەوەی ڕوفاتی نێو گۆڕە بە کۆمەڵەکانی پارێزگای سەماوە بۆ هەرێمی کوردستان دیارینەکراوە، ڕوفاتەکان لە پزیشکی دادوەری بەغدا بێ ناز کەوتون، جەخت لەسەر ئەوەشدەکاتەوە سەرجەم ڕوفاتەکان، ڕوفاتی ئەنفالکراوەکانن.

ئاوێنە: ئەحمەد مەجید، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە چاوپێكەوتنێكدا لەگەڵ دەنگی ئەمریكا، گفتوگۆیەکی تایبەتی نێوان کەسوکاری ئەنفالکراوان و پارێزگاری سەماوەی بۆ دەنگی ئەمەریکا ئاشکراکردو وتی"پارێزگاری سەماوە ئامادەی خۆی نیشاندا بۆ هەڵدانەوەی گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوەکان لە پارێزگاکەی و دەستگیرکردنی ئەو تاوانبارانەش کە دەستیان لە تاوانەکەدا هەبوە، گەر حکومەتی هەرێم هاوکاریان بکات."

جەختیشیکردەوە"هیچ دەستیپێشخەریەک لەلایەن حکومەتی هەرێمەوە بۆ هەڵدانەوەی گۆڕەکان نەبو، ئینجا هەرێم تاوانبارەکانی سنوری خۆی دەستگیرنەکرد، چ جای هاوکاریکردنی پارێزگاری سەماوە."

بەرپرسی ڕێکخراوی چاودێری کوردۆساید/چاک، پێیوایە هیچ ئیرادەیەک نیە بۆ هەڵدانەوە و هێنانەوەی گۆڕی بەکۆمەڵی ئەنفالکراوەکان، چونکە هەڵدانەوەی ئەو گۆڕانە دەبێتە هۆی جوڵاندنەوەی دۆسیەکە، ئەمەش پێچەوانەی خواستی سیاسیەکانە.

لەدوای پارێزگای سەماوە، گومان دەکرێت زۆرترین گۆڕی بە کۆمەڵی ئەنفالکراوەکان لە سنوری زنجیرە چیای حەمرین بێت، بەڵام تا ئێستا کنە و پشکنین لەو ناوچەیە بۆ دۆزینەوەی گۆڕەکان نەکراوە، لەوبارەیەوە ئەحمەد مەجید وتی"سنوری حەمرین نزیکەی 70 گۆڕی بەکۆمەڵی تێدایە، تا ئێستا یەک گۆڕی بەکۆمەڵ لە حەمرین هەڵدراوەتەوەو ڕوفاتەکانی نێوی هێنراوەتەوە بۆ گوندی 'دێ بنە'، ئەگینا بۆ دۆزینەوەی گۆڕەکانی تر، پێویستمان بەهاوکاری خەڵکی ناوچەکەیە، چونکە زەوییەکان کێڵراون."

لەکۆتایی گفتوگۆکەیدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئەحمەد مەجید بەرپرسی ڕێکخراوی کۆردۆساید/چاک، ئاماژەی بەوەکرد هیچ بیانویەک نییە بۆ هەڵنەدانەوەی گۆڕە بە کۆمەڵەکان، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان جدی نین لەمەسەلەکەدا، گوێ بە خواستی کەسوکاری ئەنفالکراوەکان نادەن، کە هەڵدانەوەی گۆڕەکانیان لا مەبەستە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×