فازڵ نەبی، بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق رایگەیاند، حكومەتی عێراق ناتوانێت باج بخاتە سەر موچەو ھەفتەی داھاتو دەست بە خەرجكردنی بودجە دەكرێت و پشكی ھەرێمی كوردستانیش رەوانە دەكرێت، چونكە ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی لە پێداچونەوەو دەركردنی رێنمایی بۆ بودجە، تەواو دەبێت.
ئاوێنە: فازڵ نەبی، ئەمڕۆ شەممە بە ماڵپەڕی رەسمی پارتی راگەیاند، وەزیری دارایی عێراق نوسراوێكی بۆ ئەنجومەنی وەزیران ناردوە، كە باج لەسەر موچەی فەرمانبەران دابنرێت، تەنھا ئەوانە نەبێت كە موچەیان كەمە، بەڵام ئەمە پێچەوانەی یاسایە و ھیچ سەنەدێكی یاسایی نییە، بۆیە بڕیارەكە سەرناگرێت، چونكە پەرلەمانیش وەڵامیان داوەتەوەو ئەو داواكارییەیان ڕەت كردوەتەوە، بۆیە ئەگەر حكومەت جێبەجێی بكات، كێشە دروست دەبێت و پەرلەمان بەڵگەی یاسایی لە بەردەستە، چونكە لە یاسای بودجەدا باسی باجدانان لەسەر موچە نەكراوە.
بریكاری پێشوی وەزارەتی دارایی حكومەتی عێراق وتیشی"ئێستا بودجە لە وەزارەتی داراییە و لەبەرئەوەی پەرلەمان دەستكاریی زۆری دەق و ماددەكانی نێو بودجەی كردوە، پێداچونەوەیەكی باشی دەوێت. من پەیوەندیم بە وەزارەتی داراییەوە كردو ئەوان باسیان لەوە كرد، كە ئەم ھەفتەیە وەزارەتی دارایی لە پێداچونەوە بە یاسای بودجەو دەركردنی رێنمایی تەواو دەبێت و ھەفتەی داھاتو دەست بە خەرجكردنی دەكرێت."
فازڵ نەبی باسی لەوەش كرد"لەگەڵ خەرجكردنی بودجە، لە ھەفتەی داھاتودا پشكی ھەرێمی كوردستانیش خەرج دەكرێت، چونكە پشكی ھەرێمی كوردستان ناردنی ئاسانەو تەنھا 250 ھەزار بەرمیل نەوتی ھەرێم و نیوەی داھات، كە پارەكەی بۆ ئەم مانگە چەندە، حیساب دەكرێت و پشكی ھەرێم دیاری دەكرێت و پارەكە رەوانە دەكرێت، بۆیە كاتی زۆری وەكو پێشو ناوێت و لە ماوەیەكی كەمدا خەرج دەكرێت، چونكە مانگانە بەپێی نرخی نەوت و داھاتی ھەرێمی كوردستان چەندە، ئەوەندە رەوانە دەكەن."
وتیشی، گرنگە لیژنەیەكی ھاوبەش لەنێوان ھەرێم و بەغدا ھەبێت بۆ ناردنی پشكی ھەرێم لە بودجەدا، چونكە مانگانە گۆڕانكاری بەسەردا دێت و ئەگەر ئەو لیژنەیە ھەبێت، رێگەنادات ناردنی پشكی ھەرێمی كوردستان دوابكەوێت.