گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا لە عێراق 15 هەزار كەسی تێپەڕاند
  2021-04-19       504       

وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا حەوت هەزارو 775 حاڵەتی نوێی توشبون بە كۆرۆنا تۆماركراون و هاوكات 45 توشبوی ڤایرۆسەكەش گیانیان لەدەستداوەو بەوەش كۆی گشتی گیانلەدەستدان بە كۆرۆنا لە عێراق 15 هەزار كەسی تێپەڕاندوە.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ دوشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 41 هەزارو 850 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان حەوت هەزارو 775 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە كەمتر بون لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە حەوت هەزارو 507 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 45 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە زۆرترینیان لە پارێزگای دهۆك بون و نۆ حاڵەتی گیانلەدەستدان بون.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە 984 هەزار و 950 كەس و لەوانە 15 هەزارو 26 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو 864 هەزارو 39 كەسیان چاكبونەتەوەو 105 هەزارو 885 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 493 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×