سەدر بۆ كازمی: ئەگەر وەزیری تەندروستی كەمتەرخەمە لای بدە
  2021-04-25       518       

موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر رایگەیاند، ئەگەر وەزیری تەندروستی عێراق كەمتەرخەر بوە لە روداوی ئاگركەوتنەوەكەی نەخۆشخانەی "ئیبن خەتیب"دا ئەوا پێویستە سەرۆك وەزیران لەسەر كارەكەی لای بدات.

ئاوێنە: موقتەدا سەدر، ئەمڕۆ یەكشەممە، لە تویتێكدا رایگەیاند، سەرەخۆشی لە كەسوكاری ئەوانە دەكات كە لە نەخۆشخانەی ئیبن خەتیب بونە قوربانی كەمتەرخەمی و گەندەڵی.

موقتەدا سەدر ترسی خۆی نیشانداوە لەوەی كە ئەو روداوە سەرەتای زنجیرەیەك روداوی دیكە بێت لەپێناو ئامانجی هەندێك تێكدەر بۆ كردنە ئامانجی ئاسایشی عێراق بەتایبەت لەگەڵ نزیكبونەوەی هەڵبژاردنەكان و كەمبونەوەی دەرفەتی بردنەوەی ئەو "تێكدەرانە" لە هەڵبژاردنەكاندا بەهۆی كردەوە نانیشتیمانییەكانیانەوە.

هۆشداریشی بە هەموان داوە كە خەڵك و كەسانی بێتاوان نەكەنە قوربانی شەڕەكە و وتویەتی، كێبڕكێ لەسەر هەڵبژاردن لەپێناو گەل و ئاسایش و بژێوی و كەرامەتی خەڵكدایە نەك ئازاردان و زیان پێگەیاندینان.

جەختیشی كردۆتەوە كە ئەگەر وەزیری تەندروستی كەمتەرخەمە ئەوا پێویستە سەرۆك وەزیران لەسەر كارەكەی لای بدات چونكە لەلایەن ئەوە دانراوە.

هەروەها وتوشیەتی، نە خۆم و نە شوێنكەوتوانم لەو شەڕە پیسەوە ناگلێنم.

لەدوای روداوی ئاگركەوتنەوەكەی ئەو نەخۆشخانەیە كە تێیدا 82 كەس گیانیان لەدەستداو 110 كەسیش بریندار بون، داوای دەستلەكاركێشانەوەی وەزیری تەندروستی عێراق دەكرێت كە لەسەر كوتلەی سەدر ئەژمار دەكرێت.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×