بەپێی میدیایەكی نزیك لە پارتی، سەرچاوەیەک لە دەزگای هەڵبژاردنی ئەو حیزبە رایگەیاندوە: پارتی بەتەنیا و بە زیاتر لە 45 كاندیدرەوە بەشداریی هەڵبژاردنی پێشوەختەی عێراق دەکات.
ئاوێنە: كەناڵی روداو لە زاری سەرچاوەكەی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی دیموكراتی كوردستانەوە وتویەتی"بڕیارە ئەمڕۆ پارتی ناوی سەرجەم كاندیدەكانی رادەستی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بکات."
سەبارەت بە ناوی كاندیدەكان، سەرچاوەکە وتی، تاوەکو ئێستا دو پەرلەمانتاری ئەم خولەی پەرلەمان بۆ هەڵبژاردنی داهاتو كاندیدكراونەتەوە، ئەوانیش ڤیان سەبری و نەهرۆ رەواندزین؛ هەروەها خەسرەو گۆران، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی و ڤیان دەخیل، پەرلەمانتاری پێشو لەنێو كاندیدەكاندان.
بڕیارە پارتی لە 25 یان 26 بازنە بەشداریی هەڵبژاردن بکات. جگە لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی کەرکوک و نەینەوا، پارتی لە بازنەی خانەقین لە پارێزگای دیالە و بازنەی خورماتو لە پارێزگای سەڵاحەدین و هەروەها لە سنوری پارێزگای بەغداش كاندیدی دەبێت.
رۆژی 10ی تشرینی یەکەم هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەدەچێت و پارتە کوردستانییەکانیش دەیانەوێت ژمارەیەکی زۆر کورسی بەدەستبهێنن و هەربۆیە بایەخێکی زۆر بە هەڵبژاردنەکە دەدەن.