ئایا هەرێمی کوردستان بووە بە کاروان سەرای ماددە هۆشبەرەکان؟
  2021-05-08       672       

ئا: کامەران عوسمان، ڕەنج عوسمان - وێب سایتی "ڕێد لاین"ی فەڕەنسی

 

لەوە دەرچووە، سڵ لەناو هێنانى بکرێتەوە، پشکۆیەکە کەوتۆتە نێو کۆمەڵگە و ڕۆژ لەدواى رۆژ سووتووى زیاتر لە دواى خۆى جێدەهێلێت.
مادە هۆشبەرەکان، مەرگى سپیی خانەى خۆى لەناو خاکى هەرێم تۆکمە دەکات ، ئێستا ئێرە بۆتە کەوانەى زێرینى ئاڵوگۆڕ و کاروان سەراى گەیشتنى جۆرە مەترسیدارەکانى مادە هۆشبەرەکان بە ئەوروپا.
ئامارەکان ئاماژە بە دۆخێکى خەتەرناک دەدەن و بەڕێوەبەرایەتی گشتی نەهێشتنی ماددە هۆشبەرەکانی هەرێم و شارەزایانیش هۆشداریی دەدەن لە داڕوخانى  ئەمنى و لێکترازانى کۆمەڵایەتى، سەربارى ئەوەش دەزگاکانى بەرەنگاربوونەوەى مادەى هۆشبەر بە یەکگرتوویی کارناکەن و ئاڵوگۆڕى زانیاریی لەنێونیاندا وەک پێویست نییە.

 


ڕاستییەکی کارەساتبار

بەپێی بەدواداچوونى سایتى ڕێدلاین، کە  لە ڕێگەى  کۆکردنەوەى ئەو ئامار و داتایانەى لە بەڕێوەبەرایەتیەکانى تایبەت بە ڕووبەروو بوونەوەى مادەى هۆشبەر لە هەرێم دەستى کەوتوە، لەماوەى چوار ساڵى ڕابردوودا لە هە رێمى کوردستان  (٥٦٠٠) پێنج هەزار و شەست سەد کەس بەهۆکارى بازرگانیکردن و بەکارهێنانى مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون، لەنێو دەستگیرکراوەکاندا ژن و خوار تەمەن هەژدە ساڵىیشى تێدایە، نزیکەى (٣.٥٥٠) سێ تەن و پێنج سەد وپەنجا کیلۆ لە مادەى هۆشبەر لە جۆرەکانى، حەشیش و هێرۆین و کریستاڵ و تلیاک و شیشە و چەندین جۆرى دیکە دەستیان بەسەرداگیراوە، هەروەک بە سەدان هەزار شیت حەب کە بۆ دروستکردنى ئەو مادانە بەشێوەى نایاسایی بەکاردەهێنرێن، کەوتونەتە دەست هێزەکانى ئاسایش.
لەم ژمارانەش، بە تەنها لە ساڵى ٢٠٢٠دا  (١٤١٣) کەس دەستگیرکراون، لە کاتێکدا  ساڵى ٢٠١٧ (٧٤٦) کەس بە تاوانى بەکارهێنان و بازرگانى کردن بە مادەى هۆشبەر دەستگیرکراون، ئەمەش دەریدەخات تەنها لە ماوەى سێ ساڵدا ژمارەکە بۆ دوو هێندە بەرزبۆتەوە، وەک بەرپرسانى ئەمنیش باسى لێوەدەکەن، ئامارەکان لەمە زیاترن و هێشتا زۆرن ئەوانەى نەکەوتونەتە ناو تۆڕى هێزەکانى ئاسایش.
کەیوان تۆفیق ڕەحیم بەڕێوەبەرى گشتى نەهێشتنى مادە هۆشبەرەکان لە هەرێم ئەوەى بۆ رێدلاین پشتڕاست کردەوە کە مادە هۆشبەرەکان لە هەرێم زیادیان کردوە و گەنجان فێرى بەکارهێنانى بوونە و جێگەى نیگەرانى ئەوانە، وتیشى کار بۆ ئەوە دەکەن بەکارهێنان و بازرگانیکردن بە مادەى هۆشبەر نەبێت بە دیاردە، بۆ ئەو مەبەستەش چاوپۆشى لە هیچ کەسێک ناکەن.
شارەزایەکى مادەى هۆشبەریش پێیوایە، هەرێمى کوردستان کەوتۆتە ناو بازنەى ئالودەبوون بە مادە هۆشبەرەکان و لەزۆر شوێن هەستى پێدەکرێت کە گروپ و باند هەیە،  تەنانەت لە شارە گەورەکان بە ئاشکراییش نەبێت،  شوێن هەیە وەک سەوزە و میوە مەوادى هۆشبەرى لێدەفرۆشرێت و گروپى خۆیان دەتوانن بچن بیکڕن.
بەکر بایز قایمقایمی قەزای پشدەر، کە شارەزایەکی بواری مادەی هۆشبەرە، هۆشداریی دەدات و دەلێت، ئەگەر بەوشێوەیە بڕوات کە لە نەوەدەکانەوە بەم ئاستە  دەستى پێکردوە ، لە ئایندەیەکى نزیکدا هەرێم دەبێتە ناوەندێکى گەورەى ئالودەبوون.


سەرچاوەى هێنانى مادەهۆشبەرەکان ئێرانە

ئەفغانستان، پاکستان، ئێران و عێراق بە کەوانەى زێرینى مادە هۆشبەرەکان دادەنرێن، لە سێ دەیەی ڕابردووشدا ئەفغانستان وەک گەورەترین ناوەندى چاندن و بەرهەمهێنانى مادەى هۆشبەر ناوى دەهێنرێت لە جیهاندا، بوونی سنورێکی ٨٥٠ کم لەنێوان ئێران و عێراق وای کردووە  ببێتە دەرچەیەکی باش بۆ تێپەرینی ئەو مادانە بە هەرێمی کوردستاندا، بەرپرسانی حکومیش بێ ئاگا نین لەو دەرچەیە.
جەلال ئەمین بەگ بەڕێوەبەرى پێشووى بەرەنگاربوونەوەى مادەى هۆشبەر لە سلێمانى بە ڕێدلاینى وت، مادەهۆشبەرەکان بەزۆری لە ڕێگەى دەروازە سنوریەکانى وەک باشماخ و پەروێزخان و کێلێ لە سنورى سلێمانى، حاجی ئۆمەران لە سنورى پارێزگاى هەولێر بە شێوەى قاچاخ هاوردەى هەرێم دەکرێن.
هەروەها ناوبراو وونیشیکردەوە کە قاچاخچیەکانى مادەى هۆشبەر چەندین شێوازى جۆراوجۆر دەگرنەبەر بۆ هێنانى ئەو مادانە بۆ ناو هەرێمى کوردستان، لەوانە  لەناو بەتانى و سەرین و بۆرى سەیارە و بارى شووتى و مەکینەى خەیاتى و سەلاجە و بارى بارهەڵگرەکان و چەندین کەلوپەلى دیکە دەیشارنەوە و بەشێوەى قاچاخ لە ئێرانەوە ئاودیوى هەرێمى دەکەن.
شۆفێرێکى بارهەڵگر باس لەو مەترسیانە دەکات کە دێتە رێگەیان و وتی: هەندێکجار باندە ئێرانیەکان لەژێر زەبرى هەڕەشە، شمەک و کاڵاکانیان دەخەنە ناو بارەکانیانەوە، بەبێ ئەوەى بزانن چی تێدایە، ئەمەش مەترسى لەسەر ژیانیان دروست کردوە.

 

بازرگانەکان، هەرێم وەک ترانزێت بەکاردەهێنن.
زۆربەى ئەو مادە هۆشبەرانەى دەهێنرێنە هەرێمى کوردستان بۆ مەبەستى گواستنەوەیە بۆ وڵاتانى دیکە و هەرێم وەک ترانزێت بەکاردەهێنرێت بەتایبەت بۆ ئەوروپا.
جەلال ئەمین بەگ وتی: لە چالاکییەکی ساڵی ڕابردوودا دەستیان بەسەر ٣٠ کیلۆ مادەى هۆشبەردا گرتوە،   کە سێ بازرگانى ئێرانى دەیانویست لە ڕێگەى پۆستەوە بیگوازنەوە بۆ شارى بۆن لە ئەڵمانیا.
کەیوان تۆفیق بەڕێوەبەرى گشتى نەهێشتنى مادەهۆشبەرەکان پشت ڕاستى ئەوە دەکاتەوە و دەڵێت، مادە هۆشبەرەکان لە وڵاتانى دیکە بەرهەمدەهێنرێن و دروست دەکرێن لەڕێگەى کارگەى تایبەتمەندەوە، لێرەشەوە دەگوازرێتەوە بۆ وڵاتانى دیکەى وەک تورکیا و سوریا و ئەوروپا، بەڵام ڕێژەى گواستەوەکەى بە کەم وەسفکرد.

 

بازرگانان و بەکارهێنەرانی ماددەی هۆشبەر
ستافی ڕۆژنامەوانی ڕێد لاین توانی سەردانی زیندانی ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان بکات کە چەند بازرگانێکی ماددەی هۆشبەر تێیدا دەستبەسەرکراون. لەو سەردانەدا سایتی ڕید لاین چاوپێکەونی لەگەڵ بازرگانێکی ماددەی هۆشبەردا کرد. بازرگانەکە چیرۆکى گواستنەوەى مادەکە و دەستگیرکرنەکەى بۆ ڕێدلاین باس کرد و گوتی، چەند مانگێک لەمەوبەر بازرگانێکى مادەى هۆشبەر لە ئێرانەوە پەیوەندى پێوەکردوە بۆ ئەوەى کۆمپانیایەکى گواستنەوەى بۆ پەیدا بکات، تا ئەو مادەیەى ناردبوویە هەرێمى کوردستان ڕەوانەى سوریا یاخود ئوردنى بکات، بەڵام نەیتوانیوە، دواتر کە کۆمپانیاى گواستنەوەکە دەستەبەر بوو، ئەو چووە بۆ دهۆک و مادەکەى لە هاوڵاتیەکى دهۆکى وەرگرتوە و بردویەتى بۆ قەزاى شێخان، تا لە ڕێگەى موسڵەوە ڕەوانەى دەرەوەى بکات، بەڵام هەر لەوێ بە ٢٦کگم مادەى هۆشبەرەوە دەستگیر دەکرێت.
ئەو بازرگانە کوردە کە پیشەى پێشمەرگەیە و کارى هێنانى خەڵوزى دەکرد لە ئێرانەوە، بە وتەى خۆى پێشتر ئاشنایەتى لەگەڵ هاوڵاتیە ئێرانییەکەدا هەبوە.
"لە هەرێم، بازرگانى وردەفرۆش هەیە کە مادەى هۆشبەر دەفرۆشێت بە گروپەکانى خۆى بە مەبەستى بەکارهێنان، تاوەکو ئێستا هیچ بەرپرسێکى حیزبى و حکومى و ئەمنى تێوەنەگلاوە لەم کارە" ئەمە قسەى کەیوان تۆفیق بوو لە میانەى دیدارەکەى لەگەڵ رێدلاین، بەڵام نایشارێتەوە کە لەناو ئەوانەدا فەرمانبەر، پێشمەرگە یان خەڵکانى سەر بە دەزگا ئەمنیەکان هەبوە وەک تاک بەشدارى کردوە و دەستگیرکراوە.
هاوڵاتیەک کە بە تۆمەتى بەکارهێنانى مادەى هۆشبەر دەستگیرکرابوو وتى، ئەو شۆفێرى تەکسى بوە لە یەکێک لە شارەکانى هەرێم، ڕۆژێک سەرنشنێک لەسەر شەقامێکى گشتى لەگەڵى سەردەکەوێت، لەبرى پارە برێک مادەى هۆشبەرى  پێدەدات و ئەویش دەیکێشێت، بەڵام هەندێک لە مادەکە هەڵدەگرێت، پاش ماوەیەک لەگەڵ دوو هاورێی دیکەى کە بەمەبەستى کات بەسەربردن لە ماڵ دێنە دەرەوە، دەکەونە ناو مەفرەزەى پۆلیس و دەستگیر دەکرێن.

 

هەرێم، ماریگوانا دەچێنێت!
بەپێی زانیارییەکانی ڕێدلاین لەساڵانی ڕابردوو چەند کێڵگەیەک هەبوون کە مادەی هۆشبەر لە جۆری ماریگوانایان لێ چێندراوە،  بەڕێوەبەرى گشتى نەهێشتنىى مادەى هۆشبەر لە هەرێم و بەڕێوەبەرى پێشووى بەرەنگاربونەوەى مادەى هۆشبەریش لە سلێمانى، پشتڕاستی ئەو زانیارییەیان کردەوە و بە ڕێدلاینیان وت: لە ساڵى ٢٠١٨ دەستیان گرتوە بەسەر دوو کێڵگەى چاندنى ماریگوانا لە سنورى پارێزگاى دهۆک و هەولێر و چەند کارگەیەکی بچوک لە سلێمانی کە بۆ مەبەستى دروستکردنى مادەى هۆشبەر دروستکرابوون.
بەرپرسەکەى سلێمانى زیاتر بۆ ڕێدلاین دوا و  وتی: هەندێکجار لێرەوە مادەى هؤشبەر لە شێوەى حەب وەک تراماڵ و ترامادۆڵ براوە بۆ ئێران و لەسەر سنور تێکەڵ بە گۆگرد و مادەى دیکە کراوە، لە رێگەى کارگەى بچووکەوە بەتایبەت شیشەیان لێدروست دەکرێت کە جۆرێکى ترسناکى مادەى هۆشبەرە، جارێکى دیکە هێنراوەتەوە بۆ هەرێم.

 

هەولێر و دهۆک بە جیا لەگەڵ سلێمانی-دا مامەڵە لەگەڵ پرسی مادەی هۆشبەردا دەکەن
هەرچەندە بەپێى یاساى دەزگاى ئاسایش دەبێت یەک بەرێوبەرایەتى گشتى بۆ رووبەڕوو بوونەوەى مادەى هۆشبەر هەبێت، بەڵام تا ئێستا ئەم دەزگایە یەکى نەگرتۆتەوە، هەولێر و دهۆک لە چوارچێوەى یەک بەڕێوبەرایەتى و سلێمانیش بەجیا کار دەکات.
سەرەڕاى ئەمەش بەرێوەبەرى گشتى نەهێشتنى مادەى هۆشبەر دەڵێت، هەماهەنگى و ئاڵوگۆڕیی زانیاریی لەنێوان ئەواندا هەیە، بەڵام بەڕێوەبەرەکەى سلێمانى پێچەوانەى ئەمە باس دەکات و وتى، هەندێک جار بە شەش مانگ و بە ساڵ ئاگایان لە یەکترى نییە، ئەمەشى بە شێوازێکى دواکەوتوانە وەسفکرد، چونکە بە بڕواى ئەو، بەرەنگاربونەوەى مادەى هۆشبەر پێویستى بە هەماهەنگى و ئاڵوگۆڕى زانیاریی هەیە نەک بە تەنها لە ناوخۆدا، بەڵکو لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ و ئینتەرپوولیش، کە بە وتەى ئەو، تا ئێستا ئەمە ڕووینەداوە.
بەکر بایز، قایمقایمی قەزای پشدەریش پێیوایە کە، یەکێک لە گرفتەکان باندە  خاوەن دەسەڵاتە  حیزبى و ئەمنى و سەربازیی و سیاسی و عەشایرییەکانن،کە پالپشتى لە کەسانى مامەڵەپێکەرى مادە هۆشبەرەکان دەکەن، باسى لەوەش کرد،  چەندین جار کەسانى تێوەگلاو مادەیان لێگیراوە و سزا نەدراون، دەشڵێت، ئەمەش سەردەکێشێت بۆ ئەوەى کە باندە قاچاخچیەکان دەسەڵاتى زیاتریان هەبێت لەو هێزانەى ڕووبەڕووى مادەى هۆشبەر دەبنەوە، ڕێگەش خۆش دەکات بۆ یاساشکێنى، بەمشێوەیەش وڵاتەکە بەرەو داڕوخان دەروات.

 

هێشتا کار بە یاسا کۆنەکە دەکرێت
ئەگەرچى لە ساڵى ٢٠٢٠ یاسایەکى  تایبەت بە بەکارهێنان و بازرگانیکردنى مادەى هۆشبەر لە پەرلەمانى هەرێمى کوردستانى عێراق  دەرچوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کار بە یاسا کۆنەکە دەکرێت کە لە شەستەکانى سەدەى ڕابردووەوە دەرکراوە.
یاسا کۆنەکە ژمارە ٦٨ى ساڵى ١٩٦٨ەو بازرگان و بەکارهێنەرى وەک تاوانبار ناساندوە، سزاى بازرگانیش لە سێدارەدان یان زیندانى هەتا هەتاییە.
یاسا تازەکەش کە ژمارە ١ى ساڵى ٢٠٢٠ى پەرلەمانى کوردستانى پێدراوە و تا ئێستا نەچۆتە بوارى جێبەجێکردنەوە، بەکارهێنەرى لە بازرگان جیاکردۆتەوە و وەک نەخۆش مامەڵەى لەگەڵ دەکات.
بەپێى یاسا تازەکە، ئەوانەى بازرگانى بە مادەهۆشبەرەکان و کارتێکەرە ئەقڵیەکانەوە دەکەن، سزاکەیان لە سێدارەدان یان زیندانى هەتا هەتاییە، لەگەڵ دەستبەسەرداگرتنى موڵک و ماڵى گوازراوە و نەگوازراوە و پێبژاردنێک  لە ٣٠ملیۆن کەمتر نەبئێت و لە ٩٠ ملیۆن زیاتر نەبێت، هەروەک باسى ئەوەش دەکات کە دەبێت بەکارهێنەر و ئالودەبوانى مادەى هۆشبەر بخرێنە ژێر چاودێرى پزیشکیی و لە نەخۆشخانەى تایبەت کە بۆ ئەو مەبەستە دروست دەکرێن چارەسەر وەربگرن، بەڵام وێڕاى بەڵێنى حکومەتى هەرێم بە دروستکردنى چەند نەخۆشخانەیەکى تایبەتمەند، تاوەکو ئێستا لە هەرێم هیچ نەخۆشخانەیەکى وەها بوونى نییە.
بەکر بایز-یش ئاماژە بەوە دەکات کە یاسا کۆنەکە یاسایەکى بەسەرچووە و کەلێنى گەورەى تێدایە،دەشڵێت، پێویستە بەکارهێنەر چارەسەر بکرێت نەک بخرێتە کونجى زیندانەوە.
هەروەها ناوبراو ڕەخنە لە  دادگاى تێهەڵچوونەوەى هەرێم دەگرێت و پێیوایە  سەرکەوتوو نەبوە لە رووبەروو بونەوەى مادەى هۆشبەر، بە وتەى ئەو،  بەشێکى زۆرى ئەو قاچاخچیانەى گیراون یاخود ئەو مادانەى دەستیان بەسەرداگیراوە بەپێى یاساى دەرمانسازیی ئازادکراون، ئەو دەڵێت، راستە ئەم مادانە یاساى دەرمانسازیی دەیانگرێتەوە بەڵام  بەکارهێنانىى دوو جەمسەرەیان هەبوە و کەمتر وەک چارەسەرى پزیشکى بەکارهاتوون.
باسى لەوەش کرد خەڵک هەیە لە زینداندا تووشى بەکارهێنانى مادەى هۆشبەر بوە، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە ئێمە سەنتەرى چاکسازیمان نییە لە هەرێمدا، کە لە دنیادا بەم شێوەیە نیە.

 


سنورەکان بە تەواوى کۆنترۆڵ ناکرێن!

بەڕێوەبەری بەرەنگاربوونەوەی ماددەی هۆشبەری هەرێم ئاماژەى بەوە کرد، کە چ ئەوان و چ وڵاتى ئێران، نەیانتوانیوە بە تەواوى سنورەکانیان کۆنترۆڵ بکەن، بەهۆى زۆرى ڕێگەى قاچاغ و تێکەڵى لەنێوان گوندەکانى سەر سنوورى هەردوولا.
بەڕێوەبەری ئاسایشی ڕاپەڕینیش دان بەوە دادەنێت کە بەهۆى تازەیى کارەکەوە، هێزەکانیان بە تەواوى  ڕاهێنراونین بۆ ئەو کارە و چەندین ئامێر و کەل و پەلى پێویست و سەردەمى هەیە کە لە دنیادا بۆ رووبەڕوو بونەوەى  ئەم کارانە بەکاردەهێنرێت ئەوان نیانە، وەک خۆى دەڵێت ، لەگەڵ ئەوەشدا توانیویانە ڕووبەرووى قاچاخچیەکان ببنەوە و لەژێر کۆنترۆڵى ئەواندان.
بەکر بایزیش ڕەخنە لە شێوازى بەرەنگاربوونەوەى مامەڵەکردن بە مادەى هۆشبەر دەگرێت و پێیوایە، ئەو هێزەى سەرکردایەتى ڕووبەرووبونەوەى مادەى هۆشبەر دەکات، وەک پێویست  هۆشیاریی نییە لە مامەڵەکردندا و  سەرجەم مەترسیەکانى   مادەى هۆشبەرى نەکردۆتە پلان و ستراتیژ تا داهاتووى  ئەم وڵاتەى لێبپارێزێت.
شارەزاکە، دەسەڵاتداران بە خەڵکانى چاوچنۆک ناودەبات و پێیوایە، ئەوانەى چاویان لە ماڵى ئەو میللەتەیە و سەروەت و سامانەکەى دەبەن، گوێشیان لەوە نییە ئەم وڵاتە بەرەوکوێ دەڕوات، دەشڵێت، لە دنیادا قاچاخچێتى مادەى هۆشبەر بە ئەنفالى سپى ناوى دەبەن یاخود مەرگى هێواش، بەڵام دەسەڵاتدارانى هەرێم گوێ بەو مەترسییە نادەن.


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×