کاکەیی و مسوڵمانەکان پێکەوە جەژنی ڕەمەزان پیرۆز دەکەن
  2021-05-14       802       

ئا: میهرەبان سەلام کاکەیی



هەڵەبجە هەمیشە بە شوێنی پێکەوە ژیان ناسراوە، لەکۆندا جولەکە و مسوڵمان پێکەوە ژیاون و لە ئیستاشدا کاکەیی و مسوڵمانەکان پێکەوە بۆنە و مەراسیمەکانیان یاد دەکەنەوە.



هەڵەبجە- کوردستان بەو پێیەی لانکەی ئاوابوونی ژیانە و بەشێکی ناوچەی میزۆپۆتامیا پێکدەهێنێت، بەردەوام ئاینە جیاوازەکان لە ناوچەکەدا هەبوون، ئەگەرچی سیستم و دەسەڵات هەمیشە هەوڵیان داوە لە ڕێگەی ئاینەوە کۆمەڵگە دژایەتی یەکدی بکەن و ببنە مایەی شەڕ و ئاژاوە، بەڵام کۆمەڵگە بە پێکەوە ژیان وەڵامی سیاسەتەکانی داوەتەوە، لە پارێزگایەکی وەک هەڵەبجە کە چەندین سەدەیە شوێنی نیشتەجێبوونی کاکەیی و موسڵمانەکانە و پێکەوە ژیان دەکەن، کاکەییەکان بەشێکی گەورەی دانیشتوانی گوندەکانیان پێکدەهێنا، بەڵام پاش ڕاگواستنی گوندەکان لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، کاکەییەکان لە کۆمەڵگەی عەنەب نیشتەجێ کران.



"دڵخۆشم بە دراوسێیەتی کاکەییەکان"
دڵخواز حەمە عەزیز مامۆستایەکی دێرینی هەڵەبجەیە و موسڵمانە، لە لێدوانێکیدا بۆ ژنها باسی لەوەکرد کە ساڵانێکی درێژە لە شاری هەڵەبجەدا دەژی و چەندین خوێنکاری هەبووە کاکەیی بوون بەڵام هیچ کاتێک ڕووبەڕووی بێ ڕێزی و دەمەقاڵێ نەبووەتەوە، ئەم مامۆستایە باس لەوەش دەکات خانووەکەیان لەناو گەڕەکی کاکەییەکانە و بە دراوسێیەتی کردنیشیان خۆشحاڵە.


لە مەراسیم و بۆنە کۆمەڵایەتییەکاندا وەک یەکتر هەڵسوکەوت دەکەن
کوێستان عوسمان کچێکی فەرمانبەری حکومیی و موسڵمانە بۆ ژنها باس لەوەدەکات هەرچەندە ئاینەکەمان جیاوازە بەڵام مرۆڤایەتی لە سەروو هەموو شتێکەوەیە: هەڵەبجە جێگەیەکی بچوکە هەموومان یەکتر دەناسین و لە سەرجەم بۆنە کۆمەڵایەتیەکانیشدا پێکەوە بەژدارین، مێژووش شاهیدی ئەو ڕاستیانەیە کە باسمان کردەوە کە تاوەکو ئیستا هیچ ڕووداوێکی نەخوازراو ڕووی نەداوە.


کاکەییەکان: ئێمە کەسوکاری یەکترین لە هەڵەبجەدا
مسری حەمە ڕەحیم باسام ژنێکی کاکەییە و دانیشتووی شاری هەڵەبجەیە دەڵێت: ڕێزی مانگی ڕەمەزان سەر سەر و سەرچاومانە، هەرگیز مناڵیشمان لەبەرچاو موسوڵماناندا شتێک ناخوات کە ببێتە پرسیار و وابزانن بەڕۆژوو نین، لە دێر زەمانیشەوە کاکەییەکان لە لادێکەی خۆیان هەر وەک ئیستا ڕێزیان گرتووە و هەرچەندە بەڕۆژووش نەبوون و موسوڵمانیشیان لەناودا نەبووە.
دایە مسری دەڵێت: ڕۆژی جەژن هەرچەند لە کۆندا چکلێت نەبووە خواردنەکانمان دەگۆڕییەوە، هەموو جەژنێک من خواردنم ئاماەدەیە و لە کاتژمێر پینجی بەیانییەوە دەرگای ماڵەکەم دەکەمەوە بۆ پێشوازی کردنی میوان و خۆشم دەچم بۆ سەردان کردن.


مێژوو ئەوەی سەلماندوە کە هەڵەبجە شوێنی پێکەوە ژیانی ئاین و کلتورە جیاوازەکان بووە و لەکۆنیشدا لەگەڵ کاکەیی و موسڵماندا، جووەکان ژیاون، بەڵام لەدوای ساڵی ١٩٤٨ەوە گەڕاونەتەوە ئیسرائیل و تەنها گەڕەکەکەیان ماوەتەوە.


لە ئیستاشدا کاکەییەکان لە هەڵەبجە لەگەڵ موسڵمانەکان دەژین و زۆرینەیان نیشتەجێی پارێزگای هەڵەبجەن، هەروەها لە شارەکانی دیکەی وەک سلێمانی و هەولێر و کەرکوک و گەرمیان بەگشتی بڵاوبوونەتەوە.

 

ئاژانسی هەواڵی ژن

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×