ئیداره‌ی شنگال "دوبه‌ره‌كی" تێده‌كه‌وێت
  2021-05-14       1462       
2019، شه‌قامێكی سه‌ره‌كی له‌ ناوه‌ندی قه‌زای شنگال فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئا: ئاوێنە، كەركوك ناو

 

ئیداره‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا، "دوبه‌ره‌كی" ده‌خاته‌ ناو قایمقامیه‌تی قه‌زای شنگاله‌وه‌، دوای دانانی جێگری قایمقام به‌ مه‌رجی ئه‌وه‌ی هیچ فه‌رمانێك له‌ قایمقامه‌وه‌ وه‌رنه‌گرێت.

جه‌لال خه‌ڵه‌ف، به‌ڕێوه‌به‌ری پێشوی ناحیه‌ی گرعوزێر له‌ نیسانی 2021ـه‌وه‌ به‌ بڕیاری ئیداره‌ی پارێزگای نه‌ینه‌وا بۆته‌ جێگری قایمقامی قه‌زای شنگال، به‌ڵام له‌ قایمقامیه‌ت ده‌وام ناكات و له‌ ماڵه‌وه‌یه‌.

"له‌ مانگی نیساندا سه‌ردانی ئیداره‌ی نه‌ینه‌وام كرد، پارێزگار له‌وێ نه‌بو، جێگری پارێزگار وتی تۆ مادام له‌ شنگالی ده‌بیته‌ جێگری قایمقام تا ئیداره‌یه‌كی نوێ داده‌نرێت، چونكه‌ ئه‌وان دان به‌ ئیداره‌ی وه‌كاله‌تی ئێستای شنگالدا نانێن و ئیداره‌ی شه‌رعی له‌ دهۆكه‌" جه‌لال خه‌ڵه‌ف بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

هه‌روه‌ها جه‌ختیكرده‌وه‌ ئێستا ئه‌و به‌ ره‌سمی بۆته‌ جێگری قایمقام، "وتیان ده‌وام ده‌كه‌ی یان نا تۆ ئازادی، به‌ڵام تۆ نوێنه‌ری ره‌سمیت و هه‌ر شاندێكی حكومه‌تی عیراق یان رێكخراوێك بچنه‌ شنگال تۆ پێشوازییان لێده‌كه‌یت و مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ تۆدا ده‌كه‌ن."

خه‌ڵه‌ف جه‌ختیكرده‌وه‌ "تەنیا فەرمان لە ئیداره‌ و پارێزگاری نەینەوا وەردەگرم."

قەزای شنگال دو قایمقامی هەیە؛ مەحما خەلیل –له‌سه‌ر پشكی پارتی دیموكراتی كوردستان- لە پارێزگای دهۆك دادەنیشیت و خۆی وەكو قایمقامی شنگال دەناسێنێت، فەهد حامد، لەناو شنگاله‌ و به‌وه‌كاله‌ت پۆسته‌كه‌ به‌ڕێوه‌ده‌بات.

فه‌هد حامد به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "پێنج مانگ له‌مه‌وبه‌ر جه‌لال خه‌ڵه‌ف هاته‌ قایمقامیه‌ت و وتی وه‌ك جێگری قایمقام ده‌وام ده‌كات، منیش وتم هیچ كێشه‌یه‌كم نییه‌ و ده‌وام بكه‌ وه‌ك ئێمه‌ تا كێشه‌كان یه‌كلاییده‌بنه‌وه‌، له‌ دو هه‌فته‌دا سێ رۆژ ده‌وامی كرد و ئیتر نه‌هاته‌وه‌."

ئه‌و ده‌ڵێت ناتوانێت له‌به‌رانبه‌ر ده‌وامنه‌كردنی جێگره‌كه‌یدا هیچ رێكارێك بگرێته‌به‌ر چونكه‌ موچه‌ی لای ئه‌وان نییه‌ و "ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ ئێمه‌دا ناكات."

به‌وته‌ی قایمقامی شنگال به‌وه‌كاله‌ت چه‌ند ساڵێك له‌مه‌وبه‌ر خۆی پێشنیازی بۆ جه‌لال خه‌ڵه‌ف كردوه‌ ببێته‌ جێگری به‌ڵام ئه‌وكات چۆته‌ گرعوزێر و بوه‌ به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌.

جه‌لال خه‌ڵه‌ف له‌ نیسانی 2019دا كراوه‌ به‌ به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعوزێری شنگال به‌ وه‌كاله‌ت و له‌ ئه‌یلولی 2020دا ده‌ستیله‌كاركێشاوه‌ته‌وه‌.

خه‌له‌ف وتی "له‌ ئه‌یلولی ساڵی رابردودا و به‌بڕیاری ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا پله‌ی كارگێڕیم له‌ سه‌رۆكی تێبینه‌ره‌وه‌ به‌رزكرایه‌وه‌، واته‌ گه‌یشتمه‌ ئه‌و پله‌یه‌ی بتوانم ببمه‌ جێگری قایمقام"، هۆكاری ده‌وامنه‌كردنیشی بۆ ئه‌وه‌ گه‌ڕانده‌وه‌ ئیداره‌ی نه‌ینه‌وا مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ قایمقامی شنگال به‌وه‌كاله‌ت ناكات.

هه‌روه‌ها وتیشی "له‌ ئیداره‌ی نوێی شنگال من كاندیدێكی به‌هێزم بۆ وه‌رگرتنی پۆستی قایمقام."

پێكهێنانی ئیداره‌ی نوێی شنگال، میحوه‌رێكی سه‌ره‌كییه‌ له‌ رێككه‌وتننامه‌ی نێوان هه‌ردو حكومه‌تی فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان، كه‌ له‌ تشرینی یه‌كه‌می 2020 بۆ رێكخستنه‌وه‌ی ئیداری، ئه‌منی و ئاوه‌دانی قه‌زاكه‌ واژۆیانكرد، به‌ڵام هێشتا هیچ خاڵێكی وه‌ك خۆی جێبه‌جێنه‌كراوه‌.

خودێدا حه‌سه‌ن، به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ی گرعوزێر به‌وه‌كاله‌ت به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "بۆ دانانی به‌ڕێوه‌به‌ری نوێی ناحیه‌كان و رێكخستنه‌وه‌ی ئیداره‌ی شنگال هیچ فه‌رمانێك له‌ ئیداره‌ی نه‌ینه‌واوه‌ ده‌رنه‌چوه‌، من له‌ پۆستی به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌ ده‌مێنم تا جێگیر ده‌كرێم یان كه‌سێكی تر داده‌نێن، ئه‌وه‌ش ده‌كه‌وێته‌ سه‌ر جێبه‌جێكردنی رێككه‌وتنی شنگال كه‌ له‌وچوارچێوه‌یه‌دا به‌ڕێوه‌به‌ری ناحیه‌كانیش ده‌گۆڕدرێن."

جگه‌ له‌ دو قایمقامیه‌ت، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی (خۆسه‌ری دیموكراتی) خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری شنگال، كه‌ لایه‌نه‌كانی نزیك له‌ پارتی كرێكارانی كوردستان (په‌كه‌كه‌) خاوه‌ندارێتی ده‌كه‌ن وه‌ك پرۆژه‌یه‌ك بۆ به‌ڕێوه‌بردنی شنگال، له‌ قه‌زاكه‌دا ده‌سه‌ڵاتی هه‌یه‌.

فارس حه‌ربۆ، ئه‌ندامی ئه‌نجومه‌نی خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ئێمه‌ ده‌ستتێوه‌ردان له‌ كاروباری كارگێڕی قایمقامیه‌تی شنگال ناكه‌ین، بۆ دیاریكردنی هه‌ر كه‌سێك بۆ پۆستی جێگری قایمقام یان هه‌ر پۆستێكی تر له‌گه‌ڵ رای شه‌قامدا ده‌بین، هه‌ر كه‌سێكیش پۆست وه‌ربگرێت پێویستی به‌ قایلبونی خه‌ڵك هه‌یه‌."

قه‌زای شنگال، به‌دوری 120كم ده‌كه‌وێته‌ خۆرئاوای موسڵ و له‌ روی ئیدارییه‌وه‌ سه‌ر پارێزگای نه‌ینه‌وایه‌، به‌ڵام ناوچه‌یه‌كی جێناكۆكه‌ له‌ نێوان هه‌ردو حكومه‌تی  فیدراڵی عیراق و هه‌رێمی كوردستان.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×