یونادم کەنا: پـێویستە لەدەستوری هەرێم "ئەی ڕەقیب" سروودی نیشتمانی نەبێت‌و ئاڵای ئێستای کوردستانیش بگۆڕدرێت
  2021-06-03       2040       

ئا: ئاوێنە

 

یونادم یوسف کەنا، سکرتێری گشتی بزوتنەوەی دیموکراتی ئاشوری‌و سەرۆکی لیستی ڕافیدەین لەپەرلەمانی عێراق دەڵێت "پـێویستە لەدەستوری هەرێم "ئەی ڕەقیب" سروودی نیشتمانی نەبێت‌و ئاڵای ئێستای کوردستانیش بگۆڕدرێت".

 

یونادم یوسف کەنا رایگەیاند سروودی ئەی ڕەقیب نیمچە توندڕەویـیەکی نەتەوەیی تێدایەو ئیسلامیـیەکانیش دەڵێن "ئیلحادی" تێدایە، بۆیە دەبێت هەرێمی کوردستان سروودێکی دیکەی نیشتمانی هەبێت کە ڕەنگدانەوەی هەموو پـێکهاتەکانی هەرێم بێت، ئەو دەڵێت "لەگەڵ ڕێزم بۆ سروودی هەرێمی کوردستان لەوانەبێت برادەرانی ئیسلامیەکانیش پێی ڕازی نەبن چونکە بەڕای ئەوان کوفر دەکات بڕگەی "دینمان ئاینمان هەر کوردستان" واتە سرودی نیشتیمانی دەمارگیرییەکی نەتەوەیی تێدایە و ئیلحاد- بێباوەڕی تێدایە ئیسلامیەکان وادەزانن، من دەڵێم هەندێک دەقی تێدایە کە من پێم قبوڵ نییە دەڵێت "ئێمە ڕۆڵەی کەیخوسرەوین" کەیخوسرەوی فارس بوو، کورد نەبووە لەبەرئەوە دەبێت سروودێک بێت کە بگونجێت لەگەڵ هەموومان ڕەنگدانەوەی هەموو ئەو پێکهاتانەی هەرێمی کوردستان بێت هەروەها ئاڵای کوردستان دەبێت ئاڵایەک بێت بۆ هەموومان پێکەوە بێت."

دەشڵێت "دەبێت ئاراستەی دەستوری هەرێمی کوردستان ئاراستەی دەمارگیری نەتەوەیی نەبێت، بەڵکو دەبێت ئاراستەیەکی نیشتیمانپەروەری بێت ئاراستەیەکی مەدەنی بێت من بەگشتی قسەدەکەم دواتر دادپەروەری بچەسپێت لەناو ئەو دەستورە، نامانەوێت دەستورەکە توندڕەوی نەتەوەیی و دینی تێدابێت بەڵکو دەبێت مەدەنی بێت، چونکە کێشەکە ئەوەیە ئەگەر بوترێت کوردستان واتە دەوڵەتێکی نەتەوەیی کوردی چۆن ئەمڕۆ ئیسرائیل کێشەیە و تاوانبارە سبەینێ و دوو سبەیش ئێمە تاوانبار دەبین ئەگەر دەوڵەتێکی نەتەوەیی دروست بکرێت واتە مانای ئەوەیە ئەوە خاکی کوردە و بێجگە لە کورد هیچ نییە ئەمەش کێشەیەکە دەبێت باسبکرێت."

کەنا ئاماژە بەوە دەکات کە مەسیحییەکان خۆیان بەنەتەوەی کورد نازانن، ئەو دەڵێت "بێگومان نەتەوەی کورد نیین و زمان و مێژوو و دینی خۆمانمان هەیە کە ئەمانە هەموو مقەوماتی نەتەوەیەکە بەڵام ئێمە خەڵکی یەک نیشتیمانین، خەڵکی نیشتیمانی کوردستانین بەڵام کورد نیین، ئەم نیشتمانە کوردی تێدایە، تورکمان و عەرەبیشی تێدایە بێگومان زۆرینە کوردن لەوانەیە زیاتر 90% ی بێت لە هەرێمی کوردستان بەڵام ئەو نەتەوانەی تریش هەیە، هەر بۆ نمونە ئەمڕۆ ڕۆمانیا نزیکەی 20 نەتەوەی بچوکی تێدایە خۆ ناڵێن ئەوانە نەتەوەی ڕۆمانیاین بەڵکو دەوترێت خەڵکی ڕۆمانیان."

دەشڵێت "خەڵکی ئێمە نوێنەری خۆیان هەڵنابژێرن ئەمڕۆ نەتەوەی گەورە کە حیزبێکی گەورەیە لە شوێنێکدا پارتی بێت یان یەکێتی بێت دەتوانێت کورسیەکە بۆخۆی بباتەوە یەکێک لە دڵسۆزانی حیزبی خۆی فەرز دەکات لەناو میللەتی ئێمە ئەوکاتە نابێتە نوێنەری میللەت لەناو حکومەت دەبێتە نوێنەری پارتی لەناو میللەتی ئێمە واتە ئێستا واکراوە چوار ئەندام بەپشتیوانی برادەرانی پارتی هاتونەتە پەرلەمان یەک کەس هاتووە بەدەنگی خۆمان."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×