كەمال كەركوكی: پارتی چوار مەرجی هەیە بۆ گەڕانەوەی بۆ كەركوك
  2021-06-09       1169       

كەمال كەركوكی، بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک/گەرمیانی پارتی، ئاماژە بەوەدەکات حزبەكەی چوار مەرجی داناوە بۆ گەڕانەوەی بۆ کەرکوک، هەر چوار مەرجەکە پەیوەندیان بە ئاساییکردنەوەی دۆخی شارەکەوە هەیە، دەشڵێت: لە ئێستادا وەفدێکیان بۆ ئەو مەبەستە لەبەغدایە.

ئاوێنە: کەمال کەرکوکی، ئەمڕۆ چوارشەممە، لەمیانی گفتوگۆیەكدا لەگەڵ بەشی كوردی دەنگی ئەمریكا، وتی"پارتی بۆچونی خۆی هەیە بۆ گەڕانەوە بۆ کەرکوک، چوار خاڵمان داناوە بۆ ئەو مەبەستە، خاڵی یەکەم پەیوەندی بە دۆسیەی سەربازییەوە هەیە کە پێشمەرگەو سوپا بەهەماهەنگی وەزارەتی پێشمەرگەو بەرگری، ئەو هێزانە لەدەرەوەی شارەکان جێگیربکرێن و ناوەندێکی هەماهەنگیان لە کەیوەن هەبێت."

ئاشكراشیكرد، سەبارەت بە دۆسیەی ئەمنی گفتوگۆ بەردەوامەو وەفدێکیان ئەمڕۆ بۆ ئەو مەبەستە لەبەغدایە، وتی"دەبێت ناو کەرکوک ڕادەستی پۆلیسی محەلی بکرێت کە پێکهاتەکەی خەڵکی شارەکەیە، هەروەها خاڵە پشکنینەکانیش بسپێردرێنە کاروباری خاڵە پشکنینەکان، دۆسیەی سیاسیش، دەبێت بارەگاکانی پارتی و پارتی گەلی تورکمانیش چۆڵ بکرێن، بەربەست لەبەردەم ئاڵای کوردستانیشدا دانەنرێت، ناکرێت جۆرەها ئاڵا لەناو کەرکوک هەبێت و ئاڵای کوردستان قەدەغە بێت، دەبێت حەشدی شەعبی و حەشدی عەشایەری و سوپاو پۆلیسی فیدراڵیش ببرێنە دەرەوەی شار، پاشان دەبێت پارێزگاری سەپێنراویش لاببرێت و پارێزگارێکی کورد دابنرێت کە سەیری هەمو لایەنەکان وەکو یەک بکات."

دەربارەی ئەوەی ئایا مەرجەکانی پارتی قورس نین یاخود بە حکومەتی عێراق جێبەجێ دەکرێن، کەمال کەرکوکی وتی"گەر حکومەت حکومەت بێت، دەبێت پابەند بێت بەدەستورەوە، بەپێی دەستور نابێت سوپا ناو شارەکان بێت و دەستوەردان لەکێشەی نێوان لایەنەکان بکات، ئێستا کەرکوک بوەتە سەربازگەیەکی گەورە، جۆرەها هێزی تێدایە، خەڵک دەکوژرێت و دەڕفێنرێت، شارەکە تەعریب دەکرێت."

سەبارەت بەهۆکاری پاڵپشتیکردنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پارتی گەلی تورکمانی، کە هەمیشە گەڕانەوەی ئەو حیزبەی بۆ کەرکوک کردوەتە مەرجی دانوستانەکانی، بەرپرسەکەی پارتی وتی"پارتی گەلی تورکمان وەکو هەر پارتێکی تر، مۆڵەتی کارکردنی هەیە، لە 16ی ئۆکتۆبەر بارەگاو ماڵیان داگیرکراوە، ئێمە مەبەستمان تەنها ئەو پارتە نییە، مەبەستمان هەمو حیزبێکی سیاسییە، کە دەبێت ئازادانە کاری خۆی بکات."

بەرپرسی ئەنجومەنی سەرکردایەتی کەرکوک-گەرمیانی پارتی، دەربارەی کاری ژورە هاوبەشەکانی پێشمەرگە و سوپای عێراق، وتی"ئێمە حکومەتی عێراق و هاوپەیمانانمان ئاگادارکردوەتەوە، عێراق لە دوڕیانێکی مەترسیداردایە، یان پابەندبون بە دەستور، یان عێراق بەرەو هەڵدێرێکی زۆر مەترسیدار دەڕوات."

کەمال کەرکوکی ئاشکرایکرد، لیژنەی لێکۆڵینەوە بۆ ئاشکراکردنی دەستی پشت ئەو موشەکانە پێکهێنراوە کە لەچەند هەفتەی ڕابردو بە ئاراستەی هەولێر دانرابون و هێزە ئەمنیەکان دەستیان بەسەردا گرتن، وتیشیی"داعش هێزێکی تیرۆرستیە، جۆرەها کاری تیرۆریستی دەکات، بەڵام بۆ ساروخەکان کە دانرابون بە ئاراستەی هەولێر، گومانمان لەوان نییە، ئەوانەی دایانناون، حکومەتی عێراق و هاوپەیمانانیش دەزانن پاڵپشتیەکەیان لەکوێیە."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×