عەبدولستار مەجید: ناردنەوەی وەڵامێک لە حکومەتەوە بۆ پەرلەمان هەشت مانگی پێچوە
  2021-06-09       482       

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵی دادگەری لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند، ناردنەوەی وەڵامێک لە حکومەتەوە بۆ پەرلەمان هەشت مانگی پێچوەو دەشڵێت: تا حکومەت وەڵامی خەڵکی داوەتەوە هەمو شتێک کۆتایی هاتوەو بون و نەبونی وەڵامی ئەوان وەک نەبو وایە."

ئاوێنە: عەبدولستار مەجید، ئەمشەو چوارشەممە، لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك نوسیویەتی"لە سەرەتای مانگی تشرینی دوەمی ساڵی ڕابردو، ژمارەیەک وەبەرهێن و خاوەن حەوزو پرۆژەی بەخێوکردنی ماسی هاتنە لیژنەی کشتوکاڵی پەرلەمان و سکاڵای ئەوەیان کرد کە ماسییەکی زۆر بە قاچاخ دەهێنرێتە ناو هەرێم و کار وابڕوات، زەرەرو زیانێکی زۆر دەکەین و پرۆژەکانمان شکست دەهێنێت."

وتوشیەتی"ئەوەبو لە 4ی 11ی 2020 و لە ڕێگەی نوسراوێکەوە کە ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانمان کردو لەوێشەوە بۆ لایەنی پەیوەندیدار لە حکومەت، سکاڵای ئەو بەڕێزانەمان گەیاند."

سەرۆكی فراكسیۆنی كۆمەڵ ئەوەشی خستۆتەڕو"سەیرەکە لەوەدایە نێوانی باڵەخانەی حکومەت و پەرلەمان هەموی چەند سەد مەترێکە، کەچی وەڵامی پرسیاری پەرلەمانتارو لیژنەکان و یاداشت و سکاڵای هاوڵاتیان کە لە ڕێگەی پەرلەمانەوە ئاراستەی حکومەت دەکرێت، هەشت مانگ دەخایەنێت ."

ئاماژەی بەوەشداوە كە "ئێمە لە 4ی 11ی 2020 ئەم بابەتەمان بۆ ناردون، 8ی 6ی 2021 وەڵاممان بەدەست گەیشتوە، هەرچەندە سەرۆکایەتی پەرلەمان ئاماژەیان بەوە کردوە کە 18ی 5ی 2021 وەڵامەکە گەڕاوەتەوە، جا ئەگەر واش بێت ناردنی وەڵامێک لە سەرۆکایەتی پەرلەمانەوە بۆ یەکێک لە لیژنەکان زیاتر لە مانگێکی پێچوە."

بەپێی قسەی عەبدولستار مەجید "لە هەموی سەیرتر ئەوەیە پرسەکە پەیوەندی بە وەزارەتی کشتوکاڵەوە هەیە، بەڵام ئەوەی بێ وەڵامە وەزارەتی ناوبراوە، لەبری ئەو وەزارەتەکانی دارایی و بازرگانیی وەڵامیان داوەتەوە."

لەكۆتاییشدا وتویەتی"بەهەرحاڵ تا حکومەت وەڵامی خەڵکی داوەتەوە هەمو شتێک کۆتایی هاتوە و بون و نەبونی وەڵامی ئەوان وەک نەبو وایە."

 

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×