پەیەدە: دەستگیركردنی هەڤاڵانمان لە هەولێر خزمەتكردنە بە دوژمن
  2021-06-10       392       

پارتی یەكێتیی دیموكرات(پەیەدە)، بەتوندی ئیدانەی دەستگیركردنی نوێنەرانی پارتەكەیان و نوێنەری خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا دەكات كە بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لەلایەن هێزە ئەمنییەكانەوە لە هەولێر دەستگیركران. دەشڵێت: ئەو كردەوانە دەچنە خزمەتی دوژمن.

ئاوێنە: پەیەدە لە بەیاننامەیەكدا رایگەیاند، لە پێشهاتێكی مەترسیداردا، نوێنەری پەیوەندییەكانی ئێمە لە هەولێر، مستەفا عوسمان خەلیل و ئەندامێكی لیژنەی پەیوەندییەكانمان لەو شارە، مستەفا عەزیز و هەروەها نوێنەری خۆبەڕێوەبەریی رۆژئاوا، جیهان حەسەن لە سەعات 3ی بەرەبەیانی ئەمڕۆ لەكاتێكدا بەرەو فڕۆكەخانەی هەولێر رۆیشتون بەمەبەستی پێشوازێكردن لە چەند میوانێك، لەلایەن هێزەكانی سەربە پارتی دیموكراتی كوردستانەوە دەستگیركراون.

جەختیشی كردۆتەوە كە لێكەوتەوكانی ئەم جۆرە كردەوانە لە ئەستۆی دەسەڵاتدارانی هەرێمی كوردستانەو ئەو جۆرە كردەوانەش دەچنە خزمەت ئەو دوژمنانەی كە هەوڵی چاندنی تۆوی دوبەرەكی و لێكنزیكبونەوەی لایەنە كوردییەكان دەدەن.

هەروەها لە بەشێكی دیكەی بەیاننامەكەیدا، پەیەدە ئیدانەی توندی ئەو كردەوانەی كردوەو داوای كردوە بەپەلە رابگیرێن.

وتوشیەتی، ئیدانەی هەر جوڵەیەك دەكەین لە هەر لایەنێكەوە بێت بۆ پێشێلكردنی مافی بەرەنگاربونەوەو تێكۆشان دژبە تاوانەكانی سوپای توركیا كە بەشێوەیەكی سیستماتیك بەردەوامن.


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×