وتەبێژی حكومەت لەبارەی دابەشكردنی مووچەی مانگی داهاتوو، ڕوونكردنەوە دەدات
  2021-06-20       821       
وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان ڕایدەگەیەنێت: چاوەڕێی گەیشتنی ئەو بڕە پارەیە دەكەن كە بڕیارە لە بەغداوە وەك شایستەی دارایی رەوانەی هەرێمی كوردستان بكرێت، هەوڵی جدی دەدەن كە مووچە 100٪ بدرێت.

ئاوێنه‌: جوتیار عادل، وتەبێژی حكومەتی هەرێمی كوردستان بە میدیای نزیك لە پارتی راگەیاند: "چاوەڕێین حكومەتی عێراق 200 ملیار دینار رەوانە بكات و بۆ ئەو وردەكاریانەی هەیە بەرچاومان روونبێت، ئەوكات لە ئەنجومەنی وەزیران بڕیار پێویست لەوبارەوە دەدەین، ئێمە وەك حكومەت لەگەڵ ئەوەداین مووچە بە تەواوی بدرێت، هەوڵی جدیمان داوە كە مووچە 100٪ دابەش بدرێت".

راشیگەیاند: "حكومەتی عێراق بڕیارداوە مانگانە 200 ملیار دینار رەوانەی هەرێمی كوردستان بكات، ئێمەش چاوەڕێین بڕیارەكە جێبەجێ بكەن".

وتەبێژی حكومەت، جەختیكردەوە: "ناتوانین لە ئێستاوە بڕیار بدەین ئەم مانگە چۆن مووچە دابەش دەكرێت، تا وردەكاریی و پێشهاتە داراییەكان تاوتوێ دەكرێن، دوای كۆبوونەوەی لەبارەوە دەكرێت بڕیاری پێویستی لەسەر دەدرێت".

ئاماژەی بەوەدا: "دوای ناردنی بڕە پارەكە لە بەغداوە، بە هەماهەنگی لەگەڵ وەزارەتی دارایی بەپێی داهاتی بەردەست پارە بۆ مووچە دابین دەكرێت، حكومەت كۆمەڵێك ئیلتیزاماتی لەسەر شانە و تەنها مووچە نییە، بەڵام ئومێد دەكەین بە لە ماوەیەكی نزیكدا گرفتی مووچە چارەسەر بكرێت".
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×