لاهور شێخ جەنگی: هاندەر دەبین بۆ لایەنەكانی تر بێنە ژێر چەتری هاوپەیمانیەوە
  2021-06-22       276       

هاوسەرۆكی یەكێتی رایگەیاند هاندەر دەبین بۆ لایەنەكانی تر كە دوای هەڵبژاردن بێنە ژێر چەتری ئەو هاوپەیمانیەتییە، چونكە ئێمە وایدەبینین بەیەكەوە بەهێزترین و دەتوانین تەواوی مافەكانی كورد لە بەغدا بەدەستبهێنین.

ئاوێنه‌: ئەمڕۆ سێشه‌ممه‌ 22ی حوزه‌یرانی 2021  لاهور شێخ جەنگی هاوسەرۆكی یەكێتی لە شاری سلێمانی پێشوازیكرد لە ماتیۆ تولەر باڵیۆزی ئەمەریكا لە عیراق و رۆب واڵەر كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان و وەفدێكی هاوڕێیان.

هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی ئاماژەیكرد بە پێكهێنانی لیستی هاوپەیمانی كوردستان كە لە نێوان یەكێتی و بزوتنەوەی گۆڕان بۆ هەڵبژاردنەكانی داهاتوو لە پێناو یەكڕیزی و بەهێزیی پێگەی كورد لە بەغدا.

دووپاتیشی كردەوە: وەك‌‌ یەكێتی ئامادەیی خۆمان دەربڕیوە بۆ چاكسازیی و یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان، جەختیشیكردەوە، كە ڕاگرتنی بنەمای هاوسەنگی و باڵانسی هێز و یەكسانی لە فەرماندەیی و مەشق و چەكدا دەبێتە مایەی زەمینەیەكی گونجاو بۆ یەكخستنی هێزی پێشمەرگە و هەرێمی كوردستانیش دەببێتە خاوەنی هێزێكی نیزامی مەشقپێكراوی تۆكمەی نیشتمانی.

هاوسەرۆك بەردەوامی مانەوەی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق بە پێویست زانی بۆ هاوكاریكردنی سوپای عیراق و هێزی پێشمەرگە بە تایبەت لە شەڕی روبەڕوبوونەوەی تیرۆر، ئاماژەی بە دۆخی شنگال كرد و جەختیكردەوە لەسەر پەراوێزنەخستن و بەشداریپێكردنی ئێزدییەكان لە چوارچێوەی ڕێككەوتنامەی شنگال كە فاكتەرێكی گرنگە بۆ دابینكردنی ئارامی قەزاكە.

لە بەشێكی تری دیدارەكەدا هاوسەرۆك لاهور شێخ جەنگی پێزانینی خۆی پێشكەش بە رۆب واڵەر كونسوڵی گشتیی ئەمەریكا لە هەرێمی كوردستان كرد بە بۆنەی كۆتاییهاتنی ئەركەكەی و لە هەرێم، هیوای سەركەوتنمان بۆ خواست لە ئەركەكانی داهاتووی.

وتیشی: وەك سەرۆكایەتی یەكێتی پشتیوانی بۆ هەوڵ و چالاكی رێكخراوەكانی مافی مرۆڤ لە هەرێمی كوردستان دەردەبڕین.

لە دیدارێكدا بیروڕا ئاڵوگۆڕكرا دەربارەی دوا پێشهات و گۆڕانكارییەكانی عیراق و هەرێمی كوردستان لە هەموو ئاستەكان، لەگەڵ دۆزینەوەی ڕێگەچارەی گونجاو بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكاندا.

هەردوولا هاوڕا بوون لەسەر یەكڕیزیی نێوان لایەنەكان لە پێناو ئارامی و سەقامگیریی سیاسیی هەرێم.وتیشی: هاندەر دەبین بۆ لایەنەكانی تر كە دوای هەڵبژاردن بێنە ژێر چەتری ئەو هاوپەیمانیەتییە، چونكە ئێمە وایدەبینین بەیەكەوە بەهێزترین و دەتوانین تەواوی مافەكانی كورد لە بەغدا بەدەستبهێنین.

راشیگەیاند: ئێمە بەشداریی شەڕی دۆڕاوی براكوژی ناكەین و داوا دەكەین بە ئاشتی كۆتایی بەو گرژیانە بهێنرێت كە لە ئارادان.

لای خۆیەوە باڵیۆزی ئەمریكا هاوڕایی خۆی دوپاتكردەوە بۆ سەرنج و روانینەكانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان و سوپاسی پشتیوانیەكانی بەرێزیانكرد لە چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزی پێشمەرگە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×