"زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی مەسیحییەكانی عەنكاوە دراوەتە كۆمپانیایەك"
  2021-06-29       934       
کەنیسەیەکی کلدان لەهەولێر

ئا: ئاوێنە

عەبدولستار مەجید، سەرۆكی لیژنەی كشتوكاڵ و ئاودێری لە پەرلەمانی كوردستان دەڵێت "لەنێوان هەردو شەقامی 100 مەتری و 150 مەتری هەولێر، زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی كشتوكاڵی مەسیحییەكانی عەنكاوە دراوەتە كۆمپانیایەك و دەشڵێت: مەسیحییەکان هاواریان لێهەڵساوەو هانایان بۆ ئێمە هێنا تا ڕێگریی لەو داگیرکارییە بکرێت".

عەبدولستار مەجید، لەراگەیەندراوێكدا ئاماژە بەوە دەکات کە "تاڵان و گەندەڵییەکی زۆر خەتەرناک دەستیپێکردوە، ئەویش داگیرکردنی زەوییە کشتوکاڵییەکانە. لەگوندەکانی ئاشۆڕکان و دارەبەن چوار هەزار دۆنم زەوی لە باشترین و بەپیتترین زەوی کشتوکاڵیی دراوەتە کۆمپانیایەک بۆ دروستکردنی پرۆژەی گەشتیاریی."

ئەوەشی خستۆتەڕو"لەنێوان هەردو شەقامی 100 مەتری و 150 مەتری زیاتر لە هەزار دۆنم زەوی کشتوکاڵیی مەسیحییەکانی عەنکاوە هەیە کە حاڵی حازر بە گەنم چێندراوە، دراوەتە کۆمپانیایەک بەناوی لاڤا."

بەپێی قسەی عەبدولستار مەجید، كۆمپانیاكە "شۆفڵ و حەفارەی تێکردوەو تەنانەت چاوەڕێیان نەکردوە تا دروێنە دەکرێت، بەم هۆیەشەوە مەسیحییەکان هاواریان لێهەڵساوەو هانایان بۆ ئێمە هێنا تا ڕێگریی لەو داگیرکارییە بکرێت."

وتوشیەتی"کار گەیشتۆتە ئەوەی مەسیحییەکان بڵێن فیزامان بدەنێ با بەیەکجاری بڕۆین و ئەم وڵاتەتان بۆ جێبهێڵین".

 

ئەمە لەکاتێکدایە کە بەپێی ئەو ئامارانەی كریستیانەكان كە لەچوارچێوەی راپۆرتێكدا لە ساڵی 2018دا رادەستی حكومەتی هەرێمی كوردستانیان كردوە، لە تەواوی پارێزگای دهۆك زیادەڕۆیی كراوەتەسەر 54 گوندییان و نزیكەی نیوەی كێشەی ئەو گوندانەش هێشتا چارەسەرنەكراون.

لە ناحیەی عەینكاوەش لە پارێزگای هەولێر، 223 خێزان سكاڵایان بردۆتە ئەنجومەنی وەزیران و پەرلەمان لە دژی دەستبەسەراگرتن و بەكارهێنانی زەوییەكانیان، بەڵام تەنیا 40 خێزانیان قەرەبوكراونەتەوە.

لە ساڵی 2018دا، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم بڕیاریدا لەڕێی لیژنەیەكەوە كێشەی دەستدرێژی بۆ سەر زەویی و موڵكی كریستیانەكان چارەسەر بكات، بەڵام بێئەنجام بو.

له‌ دو ملیۆن كریستیانی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كانی رابردودا، لەمكاتەدا كه‌متر له‌ 400 هه‌زار كه‌سیان له‌ عیراق و هه‌رێم ماونه‌ته‌وه.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×