دەزگای هەواڵگری عێراق بە شۆفڵ گۆڕێكی بە كۆمەڵ لە ناوەندی شنگال تەختدەكات
  2021-07-03       2085       
وێنەی سەرەكی شوێنی گۆڕە بە كۆمەڵەكەی شنگالە دوای تەختكردنی لە 29ی حوزەیران، وێنە لاوەكییەكان لەكاتی دۆزینەوەی گۆڕە بە كۆمەڵەكەیە و لەلایەن رێکخراوى ئێزیدى بۆ دۆکیۆمێنتکردنى بەڵگەنامەکانەوە گیراوە لە ئابی 2019ە و دراوە بە (كەركوك ناو)

ئا: ئاوێنە، كەركوك ناو

دەزگای هەواڵگری عێراق پارچەیەك زەوی لە ناوەندی شنگال تەختدەكات كە بەپێی دو سەرچاوە شەش تا 10 روفاتی تێدایەو مێژوی كوشتنیان بۆ سەردەمی دەسەڵاتدارێتی داعش دەگەڕێتەوە لە ساڵی 2014ەو 2015.

ئەو شوێنە كە دەكەوێتە نێوان هەردو بارەگای بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شنگال و دەزگای هەواڵگری عێراق، لە شەوی 29ی حوزەیران بە شۆفڵ تەختكراوەو بڕیارە بكرێتە گەراج بۆ راگرتنی ئۆتۆمبێلەكانی دەزگای هەواڵگری.

سەرچاوەیەک كە لێپرسراوێتی باڵای هەیە لە ئیدارەدانی قەزای شنگال، بە (كەركوك ناو)ی وت "هێزێكی دەزگای هەواڵگری عێراق كە لە ساڵی رابردوەوە بارەگایان لە ناوەندی شنگالدا هەیە هەستاون بە تەختكردنی زەوییەكی تەنیشت بارەگاكەیان لەكاتێكدایە ئەو زەوییە روفاتی ژمارەیەك هاوڵاتی ئێزیدی تیایە."

ئەو سەرچاوەیە كە نەیویست لەو پرسەدا ناوی خۆی ئاشكرابكات، ئەوەش لەبەر هەستیاری بابەتەكە، وتی "دوای تەختكردنی زەوییەكە ئێسك و پروسك و جلوبەرگی هاوڵاتیان دەركەوتون... ئەم كارە ئێمەو ئێزیدییەكانی تەواو توڕە كردوە."

لە 30ی حوزەیران شاندێكی باڵای ئێزیدییەكان لە پیاوانی ئایینیی و كەسایەتییەكانی ناوچەكە بۆ ئەو مەبەستە سەردانی بارەگای دەزگای هەواڵگری عێراقیان كرد، وەك سەرچاوەكە جەختیكردەوە "ناڕەزایی ئێزیدییەكانیان پێگەیاندون و ئەوان تەنیا وتویانە نەیانزانیوە."

"دەزگای هەواڵگری عێراق لە چوارچێوەی رێككەوتنی نێوان بەغدا و هەولێر بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی شنگال لەم قەزایە جێگیربون، بارەگاكەیان تەنیا 50 مەتر دورە لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی شنگال"، سەرچاوەكە زیاتر وتی "کارەکەیان زۆر خراپەو دەبوایە پێشتر لێکوڵینەوەیان لەسەر شوێنەکە بکردایە، یان پرسیان بە ئیدارەی شنگال بكردایە."

ئەو شوێنەی تەختكراوە، لە 29 ئابى 2019 لەلایەن رێکخراوى ئێزیدى بۆ دۆکیۆمێنتکردنى بەڵگەنامەکان لە شنگال وەكو گۆڕی بە كۆمەڵ تۆماركراوە.

ئەوكات ئەو رێكخراوە كە لەلایەن هەردو حكومەتی عێراق و هەرێمەوە گوێی بۆ دەگیرێت و بارەگایان لە هەولێر و شنگال هەیە، بڵاویكردەوە "گۆڕێكی بە كۆمەڵمان بە هاوکارى بەڕێوەبەرایەتى پۆلیسى شنگال دۆزییەوە كە شەش تا 10 روفاتی ئێزیدی تێدایەو بە دەستی چەكدارانی داعش كوژراون."

دەروێش چوکى جردۆ، بەڕێوەبەرى رێکخراوى تولاى تایبەت بە رزگاربوانى دەستى داعش بە (کەرکوک ناو)ى وت "ئەو شوێنەى تەختکراوە گوڕێکى بە کۆمەڵى لێیە... ئەوەى کراوە ئیهانەیەکى گەورەیە بە هەمو ئێزیدییەکان بەتایبەت کەسوکارى قوربانیان."

"دواى روداوەکە بەرپرسانى دەزگای هەواڵگری بە خەڵكی شنگالیان وتوە کە ئەوان نەیانزانیوە ئەو شوێنە گۆڕی بە کۆمەڵی لێیە"، دەروێش زیاتر وتی "ئەو شوێنە سەد لەسەد گۆڕی بە كۆمەڵی لێیە ئەوە یەكلاییبۆتەوەو پێویست بە هیچ گومانێك ناكات."

دەروێش وتی "ناڕەزایی خۆمان لەسەر ئەو پرسە گەیاندۆتەوە لێپرسراوانی شنگال و دەزگای هەواڵگری، پێویستە دەزگاى شەهیدان و تیمەكانی تایبەت بە پشكنینی گوڕە بە کۆمەڵەکان و تەواوى دەزگا پەیوەندیدارەکان بەدواداچون بۆ ئەم بابەتە بکەن، ئێمە لە هەوڵەکانى خۆمان بەردەوام دەبین تاوەکو چارەسەرى ئەم کێشەیە بکەین."

فەلاح حەسەن، ئەندامى دەستەى لێکۆڵینەوەو کۆکردنەوەى زانیارى لە تیمى نیشتیمانى هەڵدانەوەى گۆڕە بە کۆمەڵەکان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستان، بە (کەرکوک  ناو)ى وت "ئاگادارى ئەو بابەتەین، بەڵام هێشتا دڵنیانین لەوەی ئایا ئەو ئیسک و پرۆسکانە هى مرۆڤن؟ کێ دەڵێت ئەو ئێسک و پرۆسکانە هى مرۆڤن؟، پەیوەندیمان بە بەغداوە کردوە، هەرکاتێک ئەوان وتیان بەدواداچون بۆ بابەتەکە بکەن ئێمەش بەشێوەیەکى مەیدانى دەچینە شوێنەکەو دەست بە لێکۆڵینەوە دەکەین."

ئەو دەستەیە كارەكانیان بە هەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی عێراق دەكەن و بەبێ رەزامەندی ئەوان ناتوانن پشكنین بۆ گۆڕە بە كۆمەڵەكان بكەن.

فەلاح حەسەن وتیشی "هێشتا بەغدا وەڵامیان نەداوەتینەوەو چاوەڕێی وەڵامی ئەوان دەكەین"، بەبێ ئەوەی هیچ زانیارییەكی تر بدركێنێت لەسەر بەدواداچونەكانیان بۆ ئەو پرسە.

(كەركوك ناو)، نەیتوانی بۆ ئەو پرسە لەگەڵ دەزگای هەواڵگری عێراق قسە بكات و هەوڵەكانی سەركەوتو نەبو.

له‌ 15ی ئازاری 2019دا هەڵدانەوەی یه‌که‌م گۆڕی به‌ کۆمه‌ڵی ئێزیدییه‌کان به‌ بڕیاری حکومه‌تی عێراق له‌ گوندی کۆجۆی قه‌زای شنگال دەستیپێكردو تیایدا 364 ته‌رم له‌ 17 گۆڕدا دەرهێنران، ئه‌وه‌ش به‌پێی ئاماری فه‌رمی تیمی نیشتمانی هه‌ڵدانه‌وه‌ی گۆڕه‌ به‌ کۆمه‌ڵه‌کان سه‌ر به‌ حکومه‌تی عێراقی و لە ئەمساڵدا دوای پشكنینی DNA روفاتەكان گەڕێنرانەوە كۆجۆ و بەخاكسپێردران.

به‌پێی ئاماری به‌ڕێوه‌بەرایه‌تی کاروباری ئێزیدییان سەر بە وه‌زاره‌تی ئه‌وقافی حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ سنوری قه‌زای شنگال، 80 گۆڕی بە کۆمەڵ دۆزراونەتەوە، جگە لە دەیان گۆڕی یەک کەسی، که‌ مێژوه‌کانیان بۆ سه‌رده‌می ده‌سه‌ڵاتدارێتی داعش ده‌گه‌ڕێتەوە.

داعش لە ئابی 2014 هێرشیكردە سەر قەزای شنگال زێدی مێژویی ئێزیدییەكان و لە شەوو رۆژێكدا بەبێ بەرگری هێزە ئەمنییەكانی سەر بە حكومەتی هەرێم و عێراق كۆنترۆڵیكرد.

بەپێی راپۆرتی ساڵانەی مافەكانی مرۆڤی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا تایبەت بە عێراق بۆ ساڵی 2020، دو هەزارو 880 ئێزیدی (هەزارو 304 رەگەزی مێ، هەزارو 576 رەگەزی نێر) لەكۆی شەش هەزارو 417 كەسی رفێنراو هێشتا بێسەروشوێنن.

لەگەڵ ئەوەشدا 310 هەزار ئێزیدی بەهۆی هێرشی داعش بۆ عێراق ئاوارەبون و لەو ژمارەیە 100 هەزار ئێزیدی ناچار بە بەجێهێشتنی عێراق كراون. هەر بەو هۆیەوە دو هەزارو 745 منداڵ بێسەرپەرشت ماونەتەوە.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×