رێكخراوێكی جیهانی: دەستگیركراوێکی بادینان ھەڕەشەی خێزانی لێکراوە
  2021-07-13       1272       

ئا: ئاوێنه‌

 


لەسەر پرۆسەی دانیشتنی دادگایكردنی چوار لەدەستگیركراوانی بادینان تیمی کوردستانی عێراقی CPT ڕاگەیەنراوێكی بڵاوكردەوەو ڕایگەیاند، "سەرباری ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵ ئەو زیندانیانە، یەکێک لەزیندانیەکان ھەڕەشەی خێزانی لێکراوە بۆ داننان بەو تۆمەتانەی کە ڕوبەڕوی کراونەتەوە".

 لەسەرەتای ڕاگەیەنراوەكەی سی پی تی دا هاتوە، "لەدوای نزیکەی یەک ساڵ لەدەستگیرکردنیان ئەمڕۆ لەدادگای باڵای تاوانەکانی ھەولێر، بەتۆمەتی یٔەنجامدانی کاری سیخوڕی‌و پلانڕێژی بۆ کاری تێکدەرانە، پڕۆسەی دادگاییکردنی ھەریەک لەمەسعود عەلی، شێروان تەھا، کارگەر عەباس‌و بەندەوار ئەیوب بەڕێوەچوو".

وەك لەڕاگەیەنراوەكەیاندا ئاماژەیان پێكردوە، ئەمڕۆ ئەندامانی تیمی کوردستانی عێراقی CPT چاودێریی پڕۆسەی دادگاییکردنی ئەو زیندانیانەیان کردو تێبینیان کرد کە زیندانیان تۆمەتبارکراون بەپلانڕێژی بۆ تیرۆرکردنی پارێزگاری پێشووی دھۆک‌و ھەوڵدان بۆ تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلی کوڕی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ئاری بارزانی.

ھەروەھا، وەرگرتنی ھاوکاری لۆجیستی لەکۆنسۆڵخانەکانی ئەمریکا، ئەڵمانیاو فەڕەنسا، ھەوڵدان بۆ دروستکردنی گروپێکی سیاسی‌و چەکداری بە ناوی "حرکه‌ المستقبل"، ئەندامبون لەحزبی سیاسی پێشووی بەرھەم ساڵح، ھاوپەیمانی بۆ دیموکراسی‌و دادپەروەری.

تیمی کوردستانی عێراقی CPT باسى له‌وه‌شكردوه‌، سەرباری ئەو تۆمەتانەی کە خراوەتە پاڵ ئەو زیندانیانە، یەکێک لەزیندانیەکان ھەڕەشەی خێزانی لێکراوە بۆ داننان بەو تۆمەتانەی کە ڕوبەڕوی کراونەتەوە، جگەلەوەش ھیچ بەڵگەیەک پێشکەشنەکرا بۆ پشتڕاستکردنەوەی ئەو تۆمەتانەی ڕوبەڕوی دەستگیركراوان كراونەتەوە.

لەكۆتاییدا، تیمی کوردستانی عێراقی CPT نیگەرانی قوڵی خۆی دەردەبڕێت سەبارەت بەچارەنوسی زیندانیانی بادینان‌و جەختدەكاتەوە، نابێت دیدارو کۆبونەوە لەگەڵ دیپلۆماتکارانی نێودەوڵەتی وەک تاوان ھەژماربکرێت‌و نابێت پیادەکردنی مافی ئازادی ڕادەربڕین بەتاوان دابندرێت.

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×