دوای پەیامەکەی سەدر، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کشایەوە
  2021-07-15       298       

دوای ئەوەی ئەمڕۆ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر بێبەریبونی خۆی لەحکومەتی ئێستا و داهاتوی عێراق راگەیاند و بایکۆتی هەڵبژاردنەکانی کرد، حەسەن کەعبی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق و کاندیدی رەوتەکەی سەدر لەبەشداریکردنی هەڵبژاردنەکان کشایەوە.

ئاوێنه‌: حەسەن کەعبی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لەپەڕەی فەرمی خۆی لەفەیسبوک باسی لەوەکردوە، دوای وتارەکەی موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتەکەیان بڕیاریداوە لەخۆکاندیدکردن و بەشداریکردن لەهەڵبژاردنی پێشوەخت بکشێتەوە.

ئەمڕۆ موقتەدا سەدر لەپەیامێکی ڤیدیۆییدا بێبەریبونی خۆی لە حکومەتی ئێستا و پێشوی عێراق دەربڕی و رایگەیاند، بۆ قۆناغی داهاتو "من بەشداری هەڵبژاردن ناکەم، بەڵام هیوادارین خەڵکی باش و چاکسازییخواز لەهەڵبژاردنەکەدا سەرکەوتن بەدەستبهێنن".

ئاماژەی بەوەشکرد، رەوتەکەیان هیچ کاتێک بەشێک نیە لەوانەی دەستیانگرتوە بەسەر سەروەت و سامانی وڵاتدا و عێراقیان بۆ دەسەڵات و بەرژەوەندییەکانیان دەوێت، بەڵکو لای رەوتی سەدر خۆشەویستی و خزمەتکردنی نیشتیمانی لەهەمو کورسی و هەڵبژاردنێک گرنگترە.

رێبەری رەوتی سەدر ئەوەشی خستەڕو، هەموان لەخزمەتکردنی نیشتیماندا بەڕێژە و بەرپرسیاریەتی جیاواز بەرپرسیاربون، هەروەها هەندێک لایەنیش ترسی ئەوەیان هەیە پرۆسەی چاکسازی بەرژەوەندییەکانیان بخاتە مەترسییەوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×