لە عێراق 30 توشبوی دیكەی كۆرۆنا گیانیان لەدەستدا
  2021-07-15       366       
وەزارەتی تەندروستی عێراق رایگەیاند، لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی توشبوانی نوێی كۆرۆنا زیاتر بوە لەوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوەو هاوكات 30 توشبوی دیكەی كۆرۆناش گیانیان لەدەستداوە كە حەوتیان لە پارێزگاكانی هەرێم بون.

ئاوێنە: وەزارەتی تەندروستی عێراق، ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە بەیاننامەیەكدا ئاشكرایكرد: لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا، 44 هەزارو 112 پشكنینی كۆرۆنا لەسەرتاسەری وڵات ئەنجامدراون و بەپێی ئەنجامەكان نۆ هەزارو 337 كەسی دیكە توشی كۆرۆنا بون.

بەپێی بەیاننامەكە هەر لەماوەی 24 سەعاتی رابردودا ژمارەی ئەو توشبوانەی لە ڤایرۆسەكە چاكبونەتەوە كەمتر بون لەوانەی توشی كۆرۆنا بون بەشێوەیەك كە شەش هەزارو 505 توشبوی كۆرۆنا چاكبونەتەوە.

هەروەها ئاماژەی بەوەشداوە كە هەر لە ماوەی 24 سەعاتی رابردودا 30 توشبوی ڤایرۆسەكە گیانیان لەدەستداوە كە حەوتیان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان بون.

وەزارەتی تەندروستی عێراق لە بەیاننامەكەیدا هێمای بۆ ئەوە كردوە كە بە تۆماركردنی ئەم حاڵەتە نوێیانە، كۆی توشبون بە كۆرۆنا گەیشتۆتە یەك ملیۆن و 466 هەزارو 529 كەس و لەوانە 17 هەزارو 707 كەسیان گیانیان لەدەستداوەو یەك ملیۆن و 332 هەزارو 578 كەسیان چاكبونەتەوەو 116 هەزارو 244 كەسیشیان لەژێر چارەسەردان كە لەوانە 661 توشبویان لەژێر چاودێری چڕدان.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×