بیرکردنەوە لەمێژوو: ئەمین زەکی بەنموونە
  2021-07-23       396       

ەم دواییە، چاپێکی نوێی 'خولاسەیەکی تەریخی کوردو کوردستان' محەمەد ئەمین زەکی بڵاوبووە. جیاوازی ئەم چاپە لەوانەی پێشوو ئەوەیە کە لەلایەن چەند توێژەرێکەوە پێداچوونەوەو پەڕاوێزی بۆ نووسراوە. دانانی پەڕاوێزو هەندێک راستکردنەوەو کاری ئیدیتکردنە. لێرەدا تەنها ڕانانێکی کتێبەکە ناکەم، بەڵکو لەم سووکە توێژینەوەدا شرۆڤەیەکی ناوەڕۆکی کتێبەکەش دەکەم.
یەکەم: سەرنج لە کتێبەکە
لەگەڵ ئەوەی ئەم چاپە نوێیە بەرهەمی کاری پێکەوەیی و بەراوردکاروی و هتد.. رەنجێکی فەرهادی لەگەڵدا کێشراوەو جێگەی دەستخۆشییە. بەڵام، بەداخەوە کتێبەکە هەر بەو زمانەی کە نزیکەی سەدەیە لەمەوبەر پێینووسراوە، بەهەمان ڕێنووسی کە پیتی عەرەبی و ناوەکان عەرەبین چاپکراوەتەوە. بۆنموونە، ناو نووسەرچ بە'محەمەد ئەمین زەکی'(کوردی)دانراوە، لەکاتێکدا ناونیشانی کتێبەکە بە فۆنتی عەرەبییە!
هێشتا بەشێکی ناوی شوێن و ناوەکانیر پێناسەنەکراون. لەم ڕووەوە، ئەم چاپەش دەستگیرۆیی خوێنەری ئاسایی (نەک توێژەر) ئەم سەردەمەی نەکردووە. چونکە، وەرنەگێڕدراوەتە یان باشتر بڵێین نەخراوەتەسەر زمانی ئەمڕۆ. ڕستەو ووتەی فارسی یان تورکی وەک خۆیەتی. ئەگەر ئامانج لەچاپدانەوەی کتێبەکی کلاسیک، ئاشناکردنی خوێنەری سەردەمەکەیە –لاوان- بەمێژووی کوردو ناسینی دەقەکانی ئەمین زەکیە، دەبایە بەشێوازی ئەمڕۆ بڵاوبکرێتەوە. بۆنموونە 'شەکسپیر' کام ئاخێوەری ئینگلیز-جگەلە پسپۆڕە کەمینەکان لێی تێدەگات؟ دەقەکانی ئەفلاتون و ئەرستۆ و بە دەقە کلاسیکیە کوردییەکانیشەوە، لەمڕۆدا بەبێ ڕاڤەو وەرگێڕان تێگەیشتن ئاسان نییە. بەپێچەوانەوە رەنگی کەسێک بۆ جوانی دەقێکی کلاسیک لەماڵەکەیدا هەڵبگرێت، بەڵام بۆ خوێندنەوە مەیلی نەبێت.
باشتربوو ئیدیتکەرانی کتێبەکە لەو ڕووەوە، ناونیشان و خاڵبەندی و دانانی ناونیشانی لاوەکی لە لاپەرەی جیاواز و هتد... کارئاسانیان بۆ خوێنەران بکردایە. بەتایبەت کە نووسینی سەدەیەک لەمەوبەر لەڕووی میتۆدییەوە سەرەتایی بووە.

دووەم: ئەمین زەکی سەر بەکام مۆدیلی نوووسینەوەی مێژووە؟
دەکرێت دووشێوازی لەنووسینەوەدا جیابکەینەوە:
نووسینی مێژوو لەڕوانگەو گۆشەنیگای دەربار، بنەماڵەو میرانەوە(ئەشراف) کە مۆدیلی نووسینی شەرەفخانە. شۆڕبوونەوە لەدەرەختی بنەماڵەکانەوە بۆ هەناوی مێژوو راستی کورد، دیدێکی جیاوازە. بەڵام، هەموو راستییەکان دەرناخات. چونکە یەکڕە هەندانەیە. لەم سۆنگەوە، 'شەرەفنامە' مێژوو نییە بەو واتا زانستییەی کە هەیە، بەڵام زانیاری مێژوویی گرنگی لەخۆگرتووە.
یان لەسۆنگەی ڕووداو و بەسەرهات و دەستنیشانکردنی هۆکارو پاڵنەروە بکەرەکانی پەرەسنەندکانەوە کە ئەمین زەکی ڕەچاویکردووە. بەڵام لە هەندێ جێگەدا بۆ ڕوۆچوونە نێو میژوو رەگوڕیشەی کوردوە باس لە کەسایەتی و میرنشینەکان دەکات.
بۆیە، لەسەرەتای 'بەرگی دووەمدا' نووسەر راشکاوانە ڕازی خۆی دەردەبڕێت: "کورد بەپێی شوێنەوارناسەکان لەگەڵ گەلی تورک و عەرەب جیاوازیان نییە. هەروەها، ئامانج لەنووسینی ئەم بابەتە بەزۆر رێکخستنی(هەڵبەستن) رابووردیەکی کۆن بۆ میژووی گەلی کورد نییە. بەڵکو دەمانەوێ بیرو دیدگەی هەندێک زانای شوێنەوارو مێژوو بخەینە سەرکاخەز (ج٢- ٥٦١). کەواتە، بەجۆرێک گواستنەوەی دیدی ئەو شارەزایانەو هەندێکجاریش رەخنەو شەنوکەوکردنیانە.
لەباسی 'سەلاحەدین' و 'دەوڵەتی ئەیبوی'دا درێژەی دەداتێ و هەندیکجاریش  لەژیر کاریگەری گوتاری ئیسلامی باودا، قسە لەسەر پێگەو رۆڵی ئەو وەک قارەمانی ئیسلام و باس لەخەسڵەتە باڵاو ئاکارەکانی دەکات(ج٢- ٨١٥). هەر لەو وەسفانەی کە لە کتێبە مێژووییەکاندا 'رابەرو سەرکردەیەکی بەبەزەیی و سەرڕاست و راستگۆو لێبوردەو دادوەر و خاکەڕاو خاکی و پابەند بەئایین و خواپەرستیەوە' باسدەکاتەوە (ج٢- ٨١٦/٩). بۆیە، لەمەدا لایەنگیری پێوە دیارە.
بەڵام لەژێر لاباسێکی وەک 'موتالەعەیەکی عموومی'دا، هەڵسەنگاندن بۆ دەورانی ئەیوبی و هۆکاری سەرکەوتن و شکستەکانیشی دەکات. پێکهاتەی ئۆردوی – قەڵەمرەوی- ئەیووبی لەسەر دووکۆڵەکە دامەزراوە: لەشکری تایبەت(مەملوک) و لەشکری ئومەرای تابیعە-واتە ئەوانەی لەژێر دەسەڵات و قەڵەمڕەوی دەوڵەتدا چەکدارن. بەرای ئەو، ئەگەرچی ئەم پێکهاتەیە بۆ ئەو سەردەمە باش بووە، بەڵام لەشکری مەملوک کە کرێگرتەو بە پارەکڕدراو پەروەردەکراوە وبەبیرێکی سەربازییەوە دروستکرابوون سەرەتا وەک هەر لەشکرو سوپایەکیتر باشبوون. بەڵام دواتر بوونە سەرەخۆرەی دەوڵەتەکە (ج٢- ٨٥٥). چونکە، لەکاتی لاوازی حکومەت و ئیفلاسی داراییدا، بوونە مخۆرکەی پووکانەوەی دەوڵەتەکە(ج٢- ٨٥٦).
 ئیتر پتر لەسەری نەڕۆیشتووە کۆتایی بەبابەتەکە لەڕێی بیرخستنەوە لایەنە پرشنگدارەکانی دەوڵەتەکەوە هێناوە. بەتایبەت کە کاریگەری لەسەر ئەورپا هەبووە. بۆنموونە بنەمای –ئوسوڵی- فەرمانڕەوایەتی کە دەرەبەگایەتی لەو دەسەڵاتەدا پەرەیسەند و هەر ئەو بنەمایەش لەریی هەڵگرانی/ئەهلی خاچە"وە چووە نێو ئەروپیەکانەوە. بەداخەوە لەسەر ئەم بڕگەیە نەوەستاوە چۆن پەرەسەندنی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە دەورانی ئەیوبیدا چۆتە قۆناخی پاش دەرەبەگێتیەوەو لەدامەزراوەی دەوڵەتدا جێکەوتووە؟ چۆن دەرەبەگەکان و بنەماڵەکان دەبنە بەشێک لە دامەزراوەی دەو:ەت و ئەندامێتی لەئەنجوومەنی باڵای دەوڵەتدا (ج٢- ٨٥٦). جگەلەوەی، باسی خزمەتکردنی بێکۆتای ئیسلام، لەسەر ئەوە نەوەستاوە ئاخۆ چ کەڵک و سوودی بۆ کۆمەڵی کوردەواری هەبووە؟

سێیەم: نەبوونی مێژووی ڕەخنەیی
مێژوو هەر گێڕانەوەی زنجیرەی ڕووداو دیاریکردنی ساڵ و شوێن و کەسەکان نییە. چونکە، بەوە دەبێتە سەربووردەیەک. مێژوو شەنوکەو و لەبێژنگدان و هەڵسەنگاندنی ڕەخنەییە. بۆیە، لەو کتێبەدا نووسەر لەزۆر شوێن و بۆنەدا، ووتەیەک یان خوڵاسەو دەستنیشانکردنێک دەکات. لێرەوە، هەڵسەنگاندنی ڕووداوەکان و دەستنیشانکردنی هۆکارەکان، خەسڵەتێکی ئەو دەقە. بۆنموونە لەباسی ئەو رووداوانەی کە جوڵانەوەو میرنشین و دەسەڵاتە کوردیەکان چۆن لەناوچوون و هۆکارەکانیان چیین، لێکدەداتەوە. پێیوایە هەموو میرنشین و دەسەڵاتدارە ناوچەییەکانی کورد، ئەگەرچی لەململانێ و دژیەکبوون. بەڵام لەرووی ئامانجەوە یەکبوون. بۆیە، هۆکاری شکستەکانیان یەکسەر ناخاتە ملی بکەری دەرەکی. بەڵکو لەپاڵ هۆکارە دەرەکییەکاندا، هۆکاری خۆیی و ناوخۆیی زەقدەکاتەوەو دەیکاتە پرسیارو جیگەی پەندو وانەفێربوون. بۆیە، دەگاتە ئەنجامێک: هیشتا ئەوان-کوردان- بۆ ئەو تەرحە-پرۆژەی دەسەڵاتداری و فەرمانڕەوایەتی کورد- پێنەگەیشتوون و هێندەش لەبارودۆخ و هەلومەرجی سایسی دەوروپشتیان ئاگادارنەبوون (ج١-٣٥٧-٩).
هەر بۆنموونە، تێکشکانی 'جان پۆڵاد میرعەلی' کە دژ بە 'مورادپاشای سەدری ئەعزەم' بوو، یەکەمجار بەرەوڕووی چل هەزار چەکداری کوردبووەوە تێکشکا! هەروەها، هۆکاری شکانی 'ئەورەحمان پاشای بەبە' خالید برای هۆکار بووە. چونکە لەگەل والی بەغدا رێکەوتبوو! بۆیە، زەکی بەووشەی فەجیعە-کارەسات- باس لەم دۆخە دەکات کە سێجار لە (١٨٠٥، ١٨٠٨ و ١٨١٢) دا ئەم یەکتر شکاندنە دووبارەبوونەوە! (ج١-٣٥٨).
لەباسی راگەیاندنی سەربەخۆیی 'محەمەدپاشای' ڕەواندز، هۆکاری سەرنەکەوتنی بۆ : ١- زیادەڕەوی دەرماگیری(لوتبەرزی میر) وکەسانی ناشارەزا لەسیاسەت. ٢- رکەبەر و ئیرەیی نیوان میرانی بەبەو بادینان و جزیرە و دووروویی و پەرتەوازەیی. ٣- رێکەوتن لەگەڵ دەوڵەتانی دراوسی دژبەیەک! (ج١-٣٥٨).
ئەوەی بەدەردی 'ئیسماعیل پاشای بادینان' چوو کە تاسەر دژایەت و دوژمنایەتی میری سۆرانی دەکرد، کاتێک لەشکری حکومەت شەڕیان دژ بە 'میر محەمەد' دەکرد، ئەو بەتیاچوونی میری سۆران شاگەشکەبوو! بەڵام، دواتر هەمان لەشکری حکومەت لە ئامیدی هاتنەسەری و بەقۆڵبەستراو بەرەو بەغدا راپێچیانکرد. لەئاکامدا هەردوو میرنیشنیەکە لە ناوچوون! (ج١-٣٥٩).
ئیدی، ئەوە مێژووە ڕاستیەکمان پێدەڵێت: 'داگیرکەران بەپشتیوانی چەکداری کورد خۆی فەرمانڕەوا کوردەکانیان لەرەگەوە هەڵکێشاو دواتر سەری گورگەبەخێورکراوەکە-بەدەستی دەوڵەتان-شیان پاندەکردەوە! وانەکە فێرماندەکات؛ نەهامەتی و بەڵای کێشەی کورد سەرکردەکانیەتی. ئەوەندەی بەدرێژای مێژوو سەرکردەی کورد زەبری کەمەرشکێنی لە پرسی رزگاری کورد داوە، هێندە دوژمن نەیتوانیوە گیانی بەرگری و متمانەبەخۆکردن و ڕەوایەتی پرسەکە لە ناخیدا لەکەداربکات!
خۆخۆری، دووبەرەکی رەگێکی خێڵایەتی و تیرەگەری و هۆزگەرییە کە رژاوەتەوە نێو بزاڤ و خەباتی رزگاری پرسی کوردەوە. بنەماڵەو خێڵ لە فۆرمی حزب و حکومەت و دەسەڵاتی خۆجێیدا بە ناونیشانی جیاواز خۆی بەرهەمدەهێنێتەوە. ئەگەر راست بێت بڵێین "بزاڤی نەتەوەیی کورد"، ئەوا بزاڤێکە هێشتا لەبەرگی خێڵایەتیدا گینگڵ دەدات.
زەکی رای 'میجەرسۆن' وەک بشارەزایەکی بێلایەن و خاوەن روانگەیەکی بابەتیانە دەهێنێتەوە: "هەمیشە کورد سەرکێش و نەبەزو لوتبەرزو ملنەدەرو یاخی بوون لە دەسەڵات. تەنها بەهۆی شەڕو ناکۆکی ناوخۆوە شکاوەو بەهۆی ئەمەشەوە دەسەڵات و هەژموونی دەوڵەتە سەردەستەکان پەرەیسەندووە"(ج١-٣٦٠). هەر لەو سۆنگەشەوە زەکی بەئەنجامێک دەگات؛ "هۆکاری بنەڕەتی سەرنەگرتنی بزاڤی کورد پێنەگەیشتنیەتی. دوێنێش وابوو، ئەمڕۆش وایە"(ج١-٣٦٠). لێرەدا وەستان لەسەر دەستەواژەکانی "پێنەگەیشتن"و "دوێنێش وابوو، ئەمڕۆش وایە" پێویستە. چونکە، ناڕاستەوخۆ نووسەر مەبەستی لە پێنەگەیستنی هزری و روناکبیری و زانستییە.
ڕەنگە ئەویش وەک شارازەیانی بواری مێژووی سیاسەت پێیوابێت، پێش شۆڕش و جوڵانەوەی چەکداری، روناکبیری و پێگەیشتن و پەروەردەی بیرو ئاگایی پێشمەرجێکە. تۆ نەزانیت ئامانجەکەت چییەو بۆچی دەجەنگیت، ئیتر چۆن پێی دەگەیت؟ ئەم جۆرە لەبیرکردنەوەی 'زەکی'دا تەواو پێچەوانەی ئەو گوتارە بەڕواڵەت نەتەوەیی نیشتمانییە سۆزخوازییە کە ئۆباڵی شکست و تێکشکانەکان دەخاتە ملی داگیرکەران و ئەوانیتر(نەتەوەسەردەستەکانی دەوروپشت).
دیاریکردنی هۆکاری خۆیی، هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی لە تێکشکانەکان، ئەو 'کراسەی عوسمانە' کە زۆربەی سەرکردەکانی کورد دەیپۆشن. بەمەش خۆیان لەبەرپرسیارێتی مێژوویی و هەڵەو بڕیارە خراپەکانیان دزیوەتەوە. ناکرێت ڕابەرو پێشەوای پرسێکی نیشتمانی نەتەوەیی هاوکات خاوەندارێتی و بەرپرسیارێتی شکست و کەموکورتیەکان هەڵنەگرێ. بۆچی پرسی کورد بکاتە مەدالیا سەرشانی، بەڵام کە هەلومەرجەکە گۆڕا، ئیتر شانی خۆی لەموو بەرپرسیارەیتەک بتەکینێت.
هەڵبەت، دژی ئەو دیدە ڕەشبین و قەدەرییەشم کە پێیوایە کورد بە سروشتی خۆی خۆخۆرو دژیەک و ناکۆک و خائین و بەدەستکەلای ئەوتیر دەزانێت. چونکە، وەک هەموو گەل و مرۆڤێک، خەڵکانی بەرژەوەندیخوازو هەلپەرست، پرسێکی رەوا بۆ بەرژەوەندی و قازانجخوازی دەقۆزنەوە هەیە. بەڵام، هیچ گەل و نەتەوەیەک بەکوردیشەو بەسروشتی خۆی و لەناخەوە خۆخۆرو یەکترشکێن نییە. بەڵکو، ئەوە ئەنجامی ناهۆشیاریی و پێنەگەیشتن ژیرییە. سەربەخۆبوون و ڕزگاریی وەک پرۆژەیەکی هەمەکی و ئامانجێک لەسەرووی ئینتمای خێڵ و بنەماڵەو ناوچەگەرییەوە وەک وێنە گەوەرەکە ببینێت.  
 لەو سۆنگەوە، پێنەگەیستنی کورد لەڕووی ئەقڵییەوە، هەمیشە هۆکارێکە بۆئەوەی کورد سوودی لێبکرێت و سوودی بۆخۆی نەبێت! وەک ئامرازێکی سوودبەخش بۆ دەوروپشتی. بەڵام وەک چرایەک ڕووناکی بۆژیر خۆی نەبێت! بۆیە، زەکی دەڵێت، 'لەکۆنەوە تا ئەمڕۆ کورد لەخزمەتی و یارمەتیدانی فەرمانڕەوای سەرڕاستی خۆی(مەبەست لەدەوڵەتانی فەرمانرەوایە) کەمایەسی نەکردووە'(ج١-٣٦٠). ئەم خەسڵەتەش بۆتە خێروبیر بۆ دەوڵەتدارانی دەورپشت. بەڵام، بەپێچەوانەشەوە ئەگەر ستەمی لەگەلی کورد کردبێت، کوردە بۆتە بەڵای سەریان. ئەوە، ڕاستە ئێستە کێشەی کورد لەتورکیاو ئێران و ئیراق سەرەخۆرەیە. بەڵام، کورد هێشتا درکی بەم خاڵە بەهێزە نەکردووە!

(٢)
لەبەشی پێشوودا باس لە چەمکێکی گرنگی ئەمین زەکی کرا کە ئەویش 'پێنەگەیشتن'ە. لەسۆنگەی ئەوەوە هەڵسەنگاندنی ڕووداو و شکستەکانی کورد دەبێت لەوێوە بخوێنرێتەوە. لەو ڕووەوە سەبارەت بە دەسەڵاتی خۆجێی شێخ مەحمود، لەژێر لاباسێکدا 'زەرەری تەخریبات(گەندەڵی و خراپبەکارهنانی دەستەڵات)' زەکی پێیوایە ئەو فەرمانڕەوایەتییە "باش ئیدارەنەکرا" (ج١-٣٧٣). ئیتر، نەچۆتە ووردەکاری و رەخنەکردنەوە. لەودیو ئەو دەربڕینەوە، ووردەکارییەکان خۆیان بەدەستەوە دەدەن؛ خراپی بەڕێوەبردن، گەندەڵی و قۆرخکاری دەسەڵات و هێزو هتد... کۆتایی بەتەمەنی ئەو شانشینە هێنا! بەڵام، دیووەکەیتری پێنەگەیشتنی کورد لەوەدایە کە دەبێتە ئامرازی شەڕو کوردبوون وەک دەزگای جەنگ بۆ دەوڵەتانی دەوروپشت و زلهێزەکان لێدێت. لێرەوە، هەندێک لەو سەرەداوانە شرۆڤەدەکەین.

کورد وەک ئامرازو دەزگای شەڕ
ئازایەتی و جەنگاوەری وینەیەکی ئەفسانەی بە کورد داوە. پێدەچێت پۆلێنکردنە ئەفلاتونییەکەی کۆمەڵ دروستبێت کە کۆمەڵ لەچینی فەیلەسوف، پیشەکارو جەنگاوەران پێکدێت. بەو پێیە، هەر جەنگاوەرێتیمان پێبڕاوەو بەسەرماندا دابڕاوەو بۆتە سروشتی دووەممان.
هەڵبەت، پرسی "جەنگاوەرێتی" بابەتێکی تەماوی و جێی شرۆڤەکردنە. بەش بەحاڵی خۆم بەپێچەوانەی ئەوانەی شانازی بەم وێنە ئەفسانەییەوە دەکەن- کورد دەکەن بەکەرەسەو ئامرازی جەنگ- هەر لەسەردەمانی ئیسلامەوە تا ئەمریکا لەناوچەکەدا، بۆخۆی چەند پێدانی مەدالیای قارەمانێتییە، ئەوەندەش لێسەندنەوەی 'ئیرۆس'-خۆشەویستی ژیان- و دابڕینی تاناتۆس–(Thanatos)-مەرگچێژییە بەسەر مرۆڤی کوردا.
دیارە، پرۆسەی وێناکردنی کورد دەستکردێکە کە کورد زۆر حەزدەکات لەو ئاوێنەدا ڕووخسارە جەنگاوەرەییەکەی سەدەکانی رابوورد ببینێتەوە. قارەمان و پاڵەوان و سوارچاک و پێشمەرگەو گەریلای تێدا ببینێتەوە. بۆیە، ویناکردنی پێشمەرگە و جەنگاوەرەانی رۆژئاوا بە داعش شکێن، خۆدووپاتکردنەوەیە لەو وێنە دابڕێنراو  و کێشراوەی کولتوری رۆژهەڵاتناسی و خۆرئاوایی / ئەمریکی بەسەر کوردا. ئەوان کورددۆستن تا ئەم بازوی شەڕی بەتین بێت. وەکیتر، کورد کێویلە، دوور لە زانست و ئاگایی و توانای خۆبەڕێوەبردنی نییە.
هەر لەوسۆنگەوە، زەکی باسی دڵسۆزی جەنگاوەرانی کورد بۆ دەوڵەتانی ئیسلامی لەدیرزەمانەوە دەکات و دەیان نموونە وەک 'باز ئەبوشوجاعی کورد' لەسەردەمی 'ئال بوویەهی' یەوە تا بەربەستکردنی پەلامارەکانی تورک و میرانی مەروانی و لەوێوە بۆ خێڵی 'حەمیدی' کەپشتیوانی خەلیفە موستەڕشید لەدژی پەلامارەکانی عیمادەدین زەنگی و واوەتر دەوڵەتی تورک و شا ئیسماعلی سەفەوی و هتد،،، لەهەموو نموونەکاندا: دڵسۆزی و ئازایەتی کورد کۆلەکەی ڕاگرتنی ئەو دەوڵەتانە بوون!
ئەگەرچی لەو نموونانەدا، زەکی بەجەرگی و بوێری وەک خەسڵەتی کورد نیشاندەدات، بەڵام بەدیوەکەیتریشدا دەرخەری راستیەکە: کورد هەمیشە خەبات و شەڕی بۆ پرسێک کردووە کە بەرهەمی ڕەنجەکەی بۆ خۆی نەبووە. جەنگاوەری بێگارانە بووە. بەردەوام دەرباری دەوڵەتانی دراوسێ بە جەنگاوەری کورد پارێزراوبوون!
هەر بۆیە، زەکی وەک "رێسایەکی" مێژووکرد سروشت و خەسڵەتی کورد لە بڕگەیەکدا چڕدەکاتەوە: "مێژووی ئێران و عوسمان، پڕە لەفیداکاری کورد. هەر میلەتێک ئەم چەکە تیژو بەهێزەی بەکارهێنابێت، خێری لێدیوون. ئەوانەش نەیانزانیووە، دووچاری شەڕو زیان بوون لێی"! (ج١-٣٦٢). تەنانەت رووس کە کوردی نە ناسیبوو، دواتر پەیوەندی لەگەل ئەو خەسڵەتە رامنەبوویەی کوردا کرد و بۆخۆی بەکاریهێنا (ج١-٣٦٢).
پرسیارەکە ئەوەیە: ئایامە ئەمە دەستکەوتە تاوەک شانازی بۆ کورد هەژمارکرێت یان کەڵکوسوودی بۆ بیانیەکانە؟ ئەم وێناکردنە لەئەدەبیاتی رۆژهەڵاتناس و دیپلۆماتەکاندا باوەو وەک خەسڵەتیکی سەرەکی مرۆڤی کورد پێناسەکراوە. کوردیش هەمیشە جەخت لەوێناکردنە دەکاتەوەو بەرگری لەو پێناساندنەی ئەوانیتر دەکات. شاگەشکە دەبێت کە دەووترێ ئازا، شەڕکەرو قارەمان و پاڵەوان و گیانبازو هتد... درکی بەوەنەکردووە کە کراوە بەسووتەمەنی جەنگی ئەوانیتر و فریودراوە.
ئەو پێناسەو وێناکردن و ناساندنەی کورد، تاڕادەیەک ڕاستە. بەڵام، گەلێک ئەگەر هێندە بەجەرگ بێت و لەسەدەی بیستویەکدا چل ملیۆنێ بەشەربێ، خێرە هێشتا رزگاری و سەربەخۆی نییە؟ ئایا؛ ئەگەر ئازا و بەجەرگە، کەمورتیەکەی لەوەدایە کە خەسڵەتێکی تری جەوهەری نییە؛ ئەویش دانایی و زانیین و زانستە کە زەکی بە پێنەگەیشتن ناوی دەبات؟
وێنەی کورد وەک لەشکری دەرباری دەوڵەتان، بووەتە نەریتی سیاسەت و فریودانی کوردان و سەرقاڵکردنیان بەشەڕکردن. ئاخر، ئەگەر مرۆڤیک هەردەم لەشەڕدابێت، بەکەڵکی شارستانێت و سەقامگیری نایەت. چونکە، ئەوەندەی لەهەوڵی روخاندندایە، هێندە بوێری و ویستی بونیاتنانی نییە. بەدیوکیدا دەوڵەتێکی وەک ئالعوسمان هەمیشە لەڕێی چەکدارکردنی کوردەوە، سیاسەتی پابەندکردن و ڕامکردنی خێڵەکانی کوردی کردووە. جگەلەوە، کوردی بەگژ ئەوانیتردا کردووە. بەمەش ئەندێشەی خۆڕزگارکردنی تێدادامرکاندووە. چونکە بەکۆکردنەوەی تاڵانی و هەڵکوتانەسەر ئەوانیتر خەریکیکردووە.
وەک زەکی دەڵێت؛ لەسایەی چەکدارکردنی خێڵەکانی کوردەوە، ئیتر وەلائیان بۆ دەوڵەت دروستبوو. چونکە، بوونە بەهۆی ئەو چەکهەڵگرتنەوە، ئیتر بوونە لایەنگیر و موچەخۆری دەوڵەت. کەواتە، چەکدارکردنە چەکێکی دوولایەنەیە؛ دەکرێت کورد بەڕووی دەوڵەتیشدا هەڵگەڕیتەوە. بۆیە، فێڵی عوسمانیەکان ئەوەبوو لەپێکهاتەی هێزەکوردییەکاندا بەپیچەوانەی کازاخەکانەوە، رۆحی سەربازی-دیسپلین- و سیستم و پەوەردەو فیربوون نەبێت(ج١-٣٦٥).
کەواتە، پوختەی مەسەلەی کورد لەو هەڵسانگاندنە رەخنەییەی زەکی دا:
پرسەکە بووە، بابەتی حەواڵەو گەواڵە. دەستی دەستی پێکردن تا پلانی دەوڵەتەکان جێدەکەون (ج١-٣٧٥). چونکە، لەکۆنفراسی "ئاشتەوایی و رێکەوتن" لەساڵی (١٩٢٠) بەپەیمانی سیڤەر ناسراوە،بەدروشمی 'ماف و دادوەری و زرگارکردنی گەلانی بەشخوراو'دا بوو. پێیوایە ئە و پەیمانە هەر تەفرەدان و فریودانێک بوو لەژیر دروشمی جواندا. چونکە، لۆجیکی سیاسەت ئەوەندەی لەخەمی چەسپاندی خواستی بەهێزەکاندایە، هێندە گوێ لە هاوارو داوای ستەملێکراوان ناگری (ج١-٣٧٥). لەکاتیدا، مافی سەربەخۆیی و چارەی خۆنووسین بە یەکدوو ملیۆن ئەرمەن رەوابینرا، چەندان ملیۆنی کورد لەبەرچاونەگیرا! (ج١-٣٧٥).
هۆکاری خۆیی؛ زەکی رەخنەی توند لە کۆمەڵەی کوردی ئەستانە دەگرێت. چونکە، پرسیارەکە ئەوەیە: چۆن ئەرکی ئەو کۆمەڵە لەپڕێکدا بۆ کاری سیاسی گۆڕا، لەکاتیدا ئامانجیان کاری سیاسی نەبوو؟ سەرەڕای هۆکارو پاڵنەری ئەو گۆڕانکارییە، هێشتا دەبوایە هەڵسوڕاوانی کۆمەڵەکە بیانزانیایە دۆست و دوژمنەکانیان کێن و کێ ئاوڕیان لێدەداتەو بەکام ئامانج و مەبەستیش؟ دەبوو لە 'لۆجیکی-مەنتیقی- رووداوەکان و پێشهاتەکانی مێژوووە بیزانن' (ج١-٣٧٦).

یارمەتیدانی تورک لەبزاوتە نیشتمانییەکاندا
زەکی بەڕاشکاوی هەوڵەکانی کورد بەپێچەوانەی ئەرمەنەوە لەو بزاڤەدا باسدەکات  و دەریدەخات کە چۆن لەدانانی بەردی بناغەی دەوڵەتی نوێی تورکیا بەشداربوون(ج١-٣٧٩). لە جەنگی ئەرمەندا کورد کرابووە مقاشی جەنگ و یەکلاکردنەوەی پارسەنگی هێز بەلای تورکدا (ج١-٣٧٩). ئیدی، کۆمارێکی کۆرپەو سەرپێنەکەوتوو ئەگەر بەهاوکاری جەنگاوەرانی کورد نەبایە، لەبەرامبەر پشتیوانی ئەوروپای ئەرمەندا دادەڕما. بەڵام پاداشتەکە وێرانکردن و هەڵمەتی سڕینەوە کورد دوای ئەرمەنی بەدواهات تا ئەمڕۆش بەردەوامە!
بەرای زەکی هاوکاریکردنی تورک لەلایەن کوردەوە، تەنها لەبەرەکانی جەنگی رۆژهەڵات نەبوو، بەڵکو لە شەش بەرەدا، کوردە شانبەشانی تورک جەنگیوە (ج١-٣٨٠). بۆیە، لای زەکی ئەگەر مێژوو دادپەروەربێت؛ دەبێت ئەو جوامێریی و نەبەردی و دڵسۆزییەی کورد بە ویژدانەوە باسبکات (ج١-٣٨٠). رەنگە، هزری سیاسی دەوڵەتی تورک هەمیشە ئەو رەنجە فەرهادیەی کوردی لەبەرچاوبێت، بۆیە هەوڵی سڕینەوەی دەدات!
خویندنەوەی پێکهاتەی کورد
زەکی خوێندنەوەی ڕەخنەیی بۆ توێژینەوە ئەنترۆپۆلۆجی و رۆژهەڵاتناسیەکان هەیە. ئەگەرچی، سەرەتا دانی بەوەشدا ناوە کە زاناکانی خۆرئاوا لەمێژەوە خەریکی پرسیارو پشکنینن لە رەچەلەکی کوردو گەیشتونەتە ئەو ئەنجامەی کورد خەسلەتیکی گشتگیرو یەکانگیر نایانگرێتەوە، بەڵکو بۆ تێگەیشتن لێی، دەبیت چوار مۆدیل بەکاربێت. هەروەها، پێیوایە بۆ تێگەیشتن لەبناوان و رەچەڵەکی کورد، پێویستە لەخێڵە سەرەتاییەکان تێبگەین. چونکە، بنەڕەتەکەوە لەوێوەوە بەتێکەڵبوونی چوار خێڵی سەرەکی کۆچکەر، کورد پەرەیسەندووە. ئەم پەرەسەندە مێژووییەش، ئەوە دەگەیەنێت 'کوردبوون' پرۆسەیەیکی مێژووکردە، نەک سروشتکرد. ئەم خاڵە گرنگە خوێنەرو توێژەرەکان پتر لەسەری هەڵوەستەبکەن.
بەڵام، لەڕووی مێژووییەوە پێکهاتەی کورد هەمووی بریتی نییە لەخێل. ئەگەرچی لەخێلەوە کورد وەک گەلێ پەرەیسەندبێت. بەڵام بەگشتی بەسەر گۆران-نیشتەجێ- و کۆچەرو رەوەندا دابەشبووە. نیشتەجێکان بەپێی بۆچوونی زەکی خەڵکانێکن مەیلیان بەلای سەقامگیری و باخداری و کشتوکاڵ و هتد...دا هەیە. بەوپێیەی لە کوردستان کشتوکاڵ لەپاڵ مەڕداری و گاوداریدا هەر هەبووە. ئەمەش، بەڵگەیە لەسەر ئەوەی هەموو کورد تەنها کۆچەرو رەوەندو پێکهاتەیەکی خێڵەکی لەسەر بنەمای خوین/خزمایەتی نەبووە. بەڵکو، ناوچەی کشتوکاڵ و خاکیش دەبیتە رەگەزێکی پێکهێنەر. لەکاتێدا، خێڵی کۆچەر لەوەڕگەرو چەکداری و جوڵەو نەسرەوتن پێکهاتەکەی دەستنیشانکردووە. بەگشتی ئەو ڕای وایە، کورد کۆچەرو رەوەند نییەو حەز بەسەقامگیری و نیشتەجێبوون و ژیانی دامەزراو "حەیاتی ساکینی" دەکات(ج١-٣٨٢).
جگەلەوەش، ئەو پێیوایە، لە دەورانی ئیسلامدا نیشتمانی کورد لەژێر ناونیشانێکی تایبەتدا نەبووە. چونکە، پارچەپارچە لەنێو پۆلینکارییە کارگێڕیەکانی خەلافەتدا بووە (ج١-٤٥٩). هەروەها، ئەنترۆپۆلۆجەکانیش رەخنە دەکات، کە نەیانتوانیووە لەسەر بنەمایەکی زانستی تۆکمە، لە هەموو پێکهاتەو خێڵەکانی کورد بتوێژینەوە. تەنها راوسەرنجی تاکەکسی و ئەوانەی بەڕێکەوت لەگەشتنامەو نێردە دیپلۆماسیەکانەوە بەرکەوتیان لەگەڵ هەندێ سەرەک خێڵ یان شاروگوندو شارۆچکەدا هەبووە، کۆمەڵێ پێناسەی کوردیان کردووە. بەڵام، کەمووکورتی ئەو پێناسانە لەوەدایە کە بەرمەبنەمای سەرنجدانی نموونەیەک یان زیاتر بەس نییە تاوەکو گشتاندن و ئەنجامگیری لێوەبکرێت (ج١-٣٨١).
کەواتە، زەکی ئاگاداری بنەمای زانستی توێژینەوەی ئەنترۆپۆلۆجیش بووە. توێژەرێک تەنها لەئەنجامی ئەزموونکردنی خۆیەوە، کۆمەڵێ پێناسەی کوردی کردووە، پاساودانی بابەتی پێوستە. چونکە، بەدەستنیشانکردنی هەندێ خەسڵەت و ئەدگاری خێڵەکان و شێوازی ژیان و جیاکردنەوەی رەوەند لە جێگیر، ڕاستیەکان دەرناکەون. لەبەرئەوەی ئەوە تەنها دیووێک دەردەخات.
کە دێتەسەر باسی بیروباوەڕو ئایین و ئەفسانەو خورافە، ئاماژە بەتێکەڵبوون خورافە بە ئایین دەکات. بەتایبەت، پاش هاتنی ئایینە ئیبراهیمەکان، هیێشتا باوەڕو خورافەی پاگانیزم-سروشتپەرستی/مانگ و ئەستیرەو هتد.... هەردەمێنێتەوە (ج١-٤٠١). بۆنموونە پاش مسوڵمان بوونی کورد تا ماوەیەکیش کە لەگەل ئەو ئایینە رانەهاتووەو هەڵینەکردووە، هەندێ بیروباوەڕی پێش ئیسلامی تێدا ژیاوەتەوەو یاخیبووە. بەڕای ئەو، لەوەدا کەوتۆتە داوی بانگەشەی تایفییەوە. بەڵام، پاش تێگەیشتنی(ڕوون نییە چۆن لەئایینێک کە زمان و کولتوری تەواو جیایە بە جوگرافیاو هەستونەستی خۆ تێگەیشبێت؟) بەباشی و دەرکەوت ئاینەکە زۆر موبارەک و تەبیعییە بەهەوو مەعنەویاتیەوە گرتی و لە گەلانیتر پتریش پابەندبوو(ج١-٤٠٢).
لەوێوە، لایەنگیری و سۆزی ئایین بەسەر نووسەردا زاڵدەبیت. بۆیە، لەباسکردنی ئاین عەلی ئیلاهی- ئەهلی هەق- دا، بەجۆرێک وەسفی نابەجێ وەک جاهیل، بێئەقڵ هتد... دەداتە پاڵیان (ج١-٤٠٤). هەر لەوێشدا کەوتۆتە هەڵەیەکەوە، رێبازی ئەحمەدی و ئەهلی هەق/کاکەیی-یارسان تێکەڵ بەیەکدەکات(ج١-٤٠٤).

نووسینەوەی مێژوو وەک قەرزادنەوە
هەروەک خۆی لەپاشەکی کتێبەکەدا کە باسی سەربوردەی ژیانی دەکات، لەدواساتەکاندا چۆن خۆی بۆ نووسینەوەی مێژوو تەرخاندەکات. ئەوەش لەئەنجامی گۆڕانکارییەک لە جیهانبی ئەوداو لەپاش ئەزموونکردنی چەندان پۆستی سیاسی و سەربازی، ئیتر نۆرەی کارە گرنگ و بایەخدارەکەیە: بێداربوونەوەو بەئاگاهاتنەوەی کورد لەڕیی مێژووەوە (ج٢- ١٠٠٠). دیارە، زانینی (٧)زمانی جیاوازو دواتر تێگەیشتن لەوەی کە لەجیاتی سەرکردنەسەر هۆنینەوەی شیعر، بەڕێنمایی پیرەمێرد لەوە دەتەکێتەوەو ئیتر هەر گرنگی بە مێژوو بدات(ج٢- ١٠٠٢).
زەکی لەماوەی ژیانیدا (١٨٨٠-١٩٤٨) دەجار پۆستی وەزیری هەبووە و لەدەیەها لیژنەو وڵاتاندا بەپیی پۆستەکەی لەسوپای عوسمانیدا گەڕاوە. وەک دەستەبژێرەکانی تری کورد خزمەتی بەسوپا و دەوڵەتی عوسمانی کردووە. بەڵام بەئەزموونکردنی رووداوەکان و ئالۆگۆرەکانی پاش جەنگ و هەڵوەشانەوەی خەلافەت، پتر بەرچاوی رۆشنبۆتەوە. پێدەچێت، بەنووسینەوەی مێژوو قەرەبووی ئەو رەنجە بەخەسارچووەی کردبێتەوە. قەرزێک کە دەبوو بیداتەوە. ئەمەش نیشانەی بێداربوونەوەیەتی و وەک روناکبیرو خوێندەوارێکی دەگمەن لەچاو بەشێکی زۆری خوێندەواریترو پیاوی ئایینی و روناکبیرو تەکنۆکرات-سەربازی- کورد لەنێو قەڵەمڕەوی عوسمانیدا، مێژوو سەرچاوەی ڕۆشنگەرییە.

جیهانبینەیک لەسەروو مێژووەوە
ئەوەی لەنێو دێڕو سەرنجەکانی ئەمین زەکیدا بەدیدەکرێت، دۆزینەوە سەرەداوەکانی شکست و داڕمانە. ئامانجەکەش لەو سەرنجە ڕەخنەییانە پەندوەرگرتنە. مێژوو مامۆستا مەزنەکەیە کە مرۆڤی دانا پەند-عبیرەت-ی لێوەردەگرێت تا جارێکیتر هەڵەکان دووبارەنەکاتەوە. هیگڵ گووتەنی مێژوو جارێکیتر خۆی دووبارەدەکاتەوە. بەڵام مارکس ئەوەی خستۆتەسەر؛ جاریک بەکۆمیدی و جارەکەیتر بەتراجیدی!
 زەکی یەکێکە لەو روناکبیرە دەگمەنانەی کە زوو درکی بەڕاستی و قەبارەی کێشەی کورد کردووە. لای ئەو هۆکارەکان پێنەگەیشتنە. راستە، هەندێ روناکبیریتر باسیان لە "دەردەکورد" بەچوارشت کردووە: خۆخۆری، هەژاری و نەخوێندەرواری و چەوسانەوە. واتە، کێشە بوونەکی کورد لەوێدا چڕکراوەتەوەو پتر هۆکارو بکەری دەرەکی بەسەرچاوەی کێشەکە دانراوە. بەڵام، ئەو چوار گرفتە، گۆڕاوێکن-متغیر(variable)- نەک هۆکاری بنەڕەتی. بەپێی هەلومەرج و سەردەمەکان ئەو گۆڕاوانە لەهەڵکشان و داکشاندان. ئەوەی وادەکات ئەو چوار گرفتە-دەردە- کاریگەربن، پێنەگەیشتنی هزری و ژیرەکی و روناکبیری مرۆڤکانە. دەکرێت لەوڵاتی هەژارنیشندا  هەنگاوی گەورەبنرێت، لەنێو کۆمەڵی نەخوێندەواریشدا، مرۆڤی داناو بیرکەرەوە، ببنە تۆی شارستانیەت.

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×