قاوەی قەزوان، قاوه‌يه‌كى كوردييه‌ نه‌ك توركى
  2021-07-23       4037       

نوسین‌و لێکۆلێنەوەی: جوان عومەر ئەحمەد




 

کۆفی یان قاوە (Coffea) لە لە جیهاندا شه‌ست جۆر داری کۆفی يان قاوە هەیە.  زیاتر بە مەداگەسکار(Madagaskar) ناسراوە، شوێنى جوگرافيايى ئه‌م دارانه‌، له‌ چوار لە دورگەکانی زەریای هندی و ٤٧ جۆری لە ئەفه‌ريقا به‌تايبه‌تى لە وڵاتی ئەسيوپيا و ١٣ جۆریشی لە باشووری ڕۆژئاوای ئاسیا‌. بەگشتی، بەپێی شوێنى ئه‌م دارانه‌ جۆر و فۆرم و تامیشیان دەگۆڕێت.
بە لق و پۆپی داری کۆفیيەوە، ٢ گوڵ تا ٢٠ گوڵ پێکەوە چەکەرە دەکەن و خۆیان لە شێوەی هێلکەشیتانۆکەدا دەگۆڕن. دەرەوەى ده‌نكه‌ كۆفييه‌كه‌ بە توێژاڵێک دەوره‌دراوه‌ و ناوەوەشى کەمێک لیقن و لینجە. لەپاش گەرمکردن و سووتاندن بۆ خواردنه‌وه‌ ئامادە دەکرێت.


لە سەدەی يازده‌دا یەکەمجار کۆفی لە ئەسيوپیا دۆزرایەوە و هەر لەوێشەوە مرۆڤ فێری کۆفی خواردنەوە بوو. ئەم زێرە ڕەشە لە سەده‌ی پازده‌دا گه‌يشتە یەمەن و لەوێشه‌وه‌ كەوتنە چاندنی و نزیکە سەدەیەک دواتر گەیشته‌ وڵاتانی پێرسیا و مۆزۆپۆتامیا و لەدوایی داگیرکارێکانی ئیمپراتۆری عوسمانی لە ڕێگەی ئۆزدەمیر پاشاوە قاوە بە تورکیا گەیشت.
لەسەدەی حه‌ڤده‌دا ئەوروپا کەوتە هاوردەکردنی قاوە کە بە mocca ناویان دەبرد. لە ساڵی ١٦١٥دا یەکەم قاوەخانە لە شاری Venice لە وڵاتی ئیتالیا کراوەتەوە، پاشان شارە گەورەکانی وڵاتانی: بەریتانیا و فەرەنسا و ئەڵمانیا و هۆڵندا و سویسرا گه‌يشت. لە ساڵی ١٦٦٣ یەکەم قاوەخانە لە ئەمستردام کراوەتەوە. لە وڵاتی هۆڵندا ساڵانە ٦.٥ ملیۆن لیتر قاوە دەخۆنەوە، هەر تاکێکی هۆڵندی لە ساڵێکدا نزیکە ١٥٠ لیتر قاوە دەخواتەوە! لە سەدەی حه‌ڤده‌دا لە له‌ندەن ٣٠٠ قاوەخانە هەبووە و قاوەیان پێشکەشی گەشتیار و هاوشارێکانی خۆیان کردووە. بەکورتی و کوردی قاوە خواردنەوەیەکی زۆر گرنگ و خۆشەویستی ئەوروپاييه‌كانە و دەیان و سەدان پەند و ئیدیۆمان لەم بارەیەوە هەیە. لێ ئەگەرچی باسەکەی ئێمە لەسەر قاوەی قەزوانە بەڵام بە پێویستم زانی کەمێکیش لەسەر میژوو قاوە لەئەوروپا و بەگشتی لە جیهاندا بە کورتی بنووسم. 

داری قەزوان یاخود قاوەی قەزوان
ناوی زانستی ئەم دار قه‌زوان بريتييه‌ له Terebinth. به‌گشتى داری قەزاوان بەسەر چه‌ند وڵاتێکدا پۆلێن ده‌كرێت، چونکە لە جیهاندا بەس لەو ناوچانە دەڕوێت کە لێره‌ به‌دواوه‌ ئاماژه‌يان بۆ ده‌كه‌ين و جگە لەم وڵاتانە لە هیچ شوێنێکی تر نابينرێته‌وه‌ و ناڕوێت. مەرۆکۆ باکوور(مغریب)، پورتوگال، گریک (یۆنان) هەروەها ئەو وڵاتانەی دەکەوێتە سەر زەریای ناوه‌ڕاست، وەک: ئیسرائیل، لوبنان، سوریا و فەلەستین. جۆرەکەی فەلەستین جیاوازە و بە Pistacia palaestina ناسراوە کە لە ئێستادا بە Pistacia terebinthus ناوده‌برێت.


پێکهاتەی داری قەزوان:
بەرزایی تا ده‌ مەتر درێژه‌. گەڵاکانی لە نێوان ده‌ بۆ بيست cm (3,9-7,9 inch)درێژه‌. بەرەکەی 5–7 mm ملم ده‌بێت و سەر بە بنەماڵە داری (cashewfamilie , Anacardiaceae) يه‌، چونکە لەدوای ئەوەی بەردەگرێت و گەڵاکانی هەڵدەوەرێت.
بەری داری قەزوان لە شێوەی مووروو خڕ و پێکەوە نووساوە، دەرەوەی بە توێژاڵێکی ڕەق داپۆشراوە و ناوەی هاوشێوەی بستە سەوزه‌ و نەرمە دەکرمێنرێت.

قاوەی قەزوان (قاوەی کوردی)
قاوەی کوردی کە زیاتر بە قاوەی قەزوان ناسراوە لە هەندێک لە زارەوەکانی تری زمانی کوردیدا بە کەزوان یان کێزوان یان شینگێل (Kezwan yan kizwan yan şengêl) ناوده‌برێت. پرسيار لێره‌دا ئه‌وه‌يه‌ كه‌ ئایا قاوەی کوردی چیيە و چۆن و کەی بەرهەم هاتووە و جگە لە کورد بەکێ گەیشتووە!؟
زۆرێک لە مێژوو ئیدیۆم گۆرانی خۆشی شادی و قسەی نەستەق و وێنە تەنانەت ناوی کوردیشمان نەنووسیوەتەوە! بەداخەوە مێژووى كورد هێشتا نه‌نووسراوه‌ته‌وه‌ و ناتوانين بۆ زانيارييه‌كان بگەڕێينەوە بۆ لاپه‌ڕه‌كانى مێژووى كورد.
بەهیوام لەم نووسینەدا کە زیاتر مەبەستم بوو، لەسەر ئەوە بنووسم چۆن و کەی قاوەی کوردی گیشتە وڵاتەکانی ئەوروپا چۆن و کەی لەلایەن کەمالیستە تورکە فاشیستەکانەوە ناوەکەی لە قاوەی قەزوانەوە گۆڕدرا بە قاوەی مەننجیچ menengiç kahvesiلە ئەوروپاش لە کوردیش کۆفیەوە Kurdish coffee گۆڕرا بە تورکیش کۆفی Turkish coffee کە لە ڕووی تاوم چێژە و پێکهاتەشەوە زۆر جیاوازن، چونکە کوردیش کۆفی کە دەکاتە قاوەی کورد دیارە کە تایبەتە بە کورد و لەبەری ئەو دارە بەرهەم دەنهێنرێت کە لە سروشتی کوردستاندا دەڕوێت و ناوی قەزوانە. جگە لەوە هەموو سروشتی تورکیا بگەڕێت دارێکی قەزان نابینیت لە سروشتی وڵاتەکەی خۆیاندا داری قەزوان ناڕوێت، ئەوەی هەیە کە پێی دەڵین ڕۆژهەڵاتی باشووری تورکیا کە دەکاتە کوردستانی باکووری خۆمان و هەر لەوێ دەڕوێت، پاشان نە تورکیا خاوەنی داری قەزوانە نە خاوەنی داری قاوەیە، چونکە هیچ کام لەو دارانە لە سروشتی وڵاتەکەیاندا نەڕواوە و ناڕوێت، جگە لەوانەش لە هیچ کام لەو وڵاتانەی داری قەزوانیان هەیە قاوەی قەزوانیان نيیە و نەبووە و نەیانزانیووە دروستی بکەن.
بە دروستی نزیکە دوو سەدە لەمەوبەر قاوەی کوردی بەتەواوی ئەوروپادا بڵاوبووه‌تەوە، واته‌ لە سەدەی ١نۆزده‌دا بۆ ماوەی سه‌د ساڵ فەرەنسييه‌كان بازرگانیيان پێوەکردووە و تا کۆتایی ساڵی ١٩٣٠ قاوەی کوردی بەناوی Kurdish coffee هه‌ناردەی وڵاتانی ئەوروپا کراوە. لەدوای ئەم سه‌رده‌مه‌وه‌ و لەگەڵ دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیای داگیرکەر لە ساڵی ١٩٢٣، قاوەی کوردی کە بەقاوەی قەزوان ناسراوە، بەهایەکی که‌لتووری نەتەوەيی کوردى هه‌بووە، وەک هەموو بەها که‌لتووريی و نەتەوەییەکانی تری کورد و مۆرکی کوردبوونی لەلایەن دەوڵەتی داگیرکەری تورکیاوە لێ سەندراوه‌ته‌وه‌ و هەر زوو ناوەکەیان لە قاوەی قەزوانەوه‌ بۆ menengiç kahvesiگۆڕيوه‌.

ئەگەرچی قاوەی کوردی زۆر لە پێش دامەزراندنی دەوڵەتی تورکیاوە بوونی هەبووە و ناسنامەی کوردی هەبووە هەر لە کوردستان تا فەرەنسا و وڵاتانی ئەوروپا.
بە کورتی لە نێوانی ساڵی ١٨٣٠ تا ساڵی ١٩٣٠ قاوەی کوردی لە فەرەنسا بە ناوی Chicorée au Kurde بازرگانی پێوە کراوە، دوای دامەزراندنی دەوڵەتی تورک هەم بەرهەمی Chicorée au Kurde (چیکورێ ئۆ کوردا) هەم ناسنامەکەی دەگۆڕن بۆ قاوەی تورکی.
 ئەم خواردنەوەیە دروستکراوی خودی کورد بووە و خواردنەوەیەکی چارەسەری بووە واتا خواردنەوەیەک بووە بۆ زۆرێک لە گرفت و نەخۆشييه‌کان بەکارهێنراوە تا ئەو کاتەی ئیتر لە لای کورد بووە بە خواردنەوەیەکی خۆشەویست و لەهەموو بۆنە و میواندارييه‌کدا پێشکەش کراوە تا ئەوکاتەش هیچ شتێک نەبووە بە ناوی قاوەی تورکی یان عەرەبی، ئەوەی هەبووە قاوەی یەمەنی بووە، ئەویش لە ڕێگای ئوزدەمیر پاشا کە لە ساڵی ١٥١٧ حاکم دەبێت لە یەمەن لەوێ فێری قاوە خواردنەوە دەبێت، لە کاتی گەڕانەوەیدا بۆ تورکیا بڕیار ده‌دات هەندێك قاوە بۆ سوڵتان سلێمان بەدیاری لەگەڵ خۆی بهێنێت، کاتێک سوڵتان سلێمان بەخواردنەوەی نوێ و قاوە ئاشنا دەبێت، ڕێگەی بە ئوزەدمیر دەدات قاوە هاوردەی تورکیا بکات. ئیتر ئەم ناوە گاڵتەئامێزەی ئێستا لە ئەوروپا پێى دەڵێن تورکیش کۆفی نە لە ڕووی پێکهاتەوە نە تامی یەکناگرێتەوە لەگەڵ قاوەی قەزوانی کوردی تا چلەکانی ساڵی ١٨٠٠ خواردنەوەیەکی بەناوبانگی ئەورپاييه‌کان بووە و بۆ چارەسەر بەکاریان هێناوە، بەتایبەت ئەوانەی بەهۆی جگەرەکێشانەوە تەندورستیان تێک چووە قاوەی کوردییان وەک چارەسەر بەکار هێناوە، تەنیا خانەدانەکانی ئەوروپا بەشە ئەرستۆکراتييه‌ەکان توانیویانە بیخۆنەوە و بیکڕن، چونکە بەهاکەی گران بووە و هەموو کەس نەیتوانیوە بیکڕێت. هەرچەندە ئێمە باسی ساڵەکانی ١٨٣٠ بۆ ١٩٣٠ دەکەین، بەڵام بەدیدی من پێش ئەو كاته‌ قاوەی کوردی گیشتووه‌تە فەرەنسا و هەندێك لە سەرچاوەکان باسی سەردانەکەی سوڵتان محەممەدی چوارەم دەکەن لە ساڵی ١٦٥٧ بۆ لای لویسی پاشای فەرەنسا Louis le Grand یان لویسی چوارده‌ Louis XIV لەو سەردانەدا قاوەی بەدیاری بۆ بردووە وەک باس دەکەن بە شێوازی تایبەت پێشکەشی لویسی کردووە، بەهەموو پێوەرێک نابێت و ناکرێت قاوەی ئەفه‌ريقی یان عەرەبی بردبێت بۆ لویس، چونکە فەرەنسييه‌کان بەر لە تورکەکان بە قاوەی ئەفه‌ریقی ئاشنا بوون ئەوەش بەهۆی داگیراکاری ئەفه‌ریقاوە بووە، بۆیە گوومانم لەوە نیە قاوەی قەزوانی پێشکەش بە لویسی چوارده‌ کردووە.
ئەم قاوەیە کە ئەورپاييه‌کان هاوردەی ئەوروپایان كردووه‌ وەک (قاوەی کوردی) هاوردەیان کردووە نەک تورکی لەسەر زۆرێک لە پاکەت و قووتووى تایبەت بە قاوەکە كات و ناوی کوردی پێوەیە هەر بۆیە لە لایەن چاپخانەی (شۆکۆلاپیوپیێوە،  HOCOLAT PUPIER له‌ فەرەنسا چاپ کراوە هەمان چاپخانە چەند وێنەیەکی تری کوردی چاپ کردووە هەندێك زانیاری لەسەر نووسیوە بەهەمان شێوەش بەریتانیا چەند پۆستکارتێکی کوردیان چاپ کردووە لە خوارەوە بە کورتی باسیان دەکەین. هەروەها جیمس برانت James Brant کە ئەو دەم کونسوڵی بەریتانی بووە لە ئەرزەرووم دەڵێت مۆککا MOKKA له‌ناو خەڵکیدا خواردنەوەیەکی خۆشەویستی بووە تام چێژێکی تایبەتی هەبووە هەر خودی خۆشی ئالوودە و سەرسام بووە بە قاوەی قەزوان .

لە سەرەتای ساڵەکانی ١٩٢٠ و دواى جاڕدانی دەوڵەتی تورک و لەناوچوونی عوسمانی سیاسەتی سیستماتیکی و ئینکاری لە ناوبردنی گەلی کورد و قڕکردنی بەدوای خۆيدا هێنا بەچڕی دەستیان کرد بە تاڵانکردن و وێرانکردنی هەموو بەهایەکی کلتوريی و داب و نەریتی نەتەوەی کورد، پاشان دوای کۆمەڵکوژی نکۆڵيکردن لە بوونی نەتەوەیەک بەناوی کورد لەسەر خاکە داگیرکراوەكه‌ی زۆرێک لە بەهاکانی نەتەوەکەمان لەناوچوون هەندێکی دیکەش تەنیا وەک شوێنه‌وار جێ ماوە، یەک لەو نموونانەش قووتووی ئەو قاوە کوردییەيه‌ کە لە فەرەنسا بەرهەم هێنراوە و ماوەتەوە، ئەو ناونیشانەی تا ئێستا لەسەر هێڵەکانی (نێت ۆرک) و تۆڕی کۆمەڵايه‌تى ماوەتەوە، سەره‌ڕای ئەوەی قاوەی کوردی ناسنامەی خۆی لەدەست داوە بەڵام هێشتا بەناوی جیاواز جیاوازەوە بارزگانی پێ دەکرێت و خۆشبەختانە تا ئەمساتەوەختە لە شارە کوردييه‌کان و لە ماڵان و کافتریاکاندا دروست دەکرێت.
ئەوەی جێگەی داخە ئەگەرچی سەد لەسەد ئەو قاوەیە قاوەیەکی کوردييه‌، به‌ڵام بەداخێکی زۆرەوە لە ساڵی ٢٠١٣ بە فەرمی لەلایەن تورکە فاشیستەکانەوە لە کەلەپووری نێودەوڵەتی (یونسکۆ) بەناوی (قاوەی تورکی) تۆمارکرا، ئەگەرچی ئێستاش درەنگ نیيە ڕێکخراوە کوردستانييه‌کانی دەرەوە و ناوەوەی کوردستان دەتوانن ڕێکخراوی (یونسکۆ)ى لێ ئاگادار بکەنەوە و پێشنیازی ڕاستکردنەوەی ئەو هەڵە گەورەیە بکەن کە بەرانبەر بەنەتەوەی کورد کردویانە، ئه‌مه‌ش کارێکی مەحاڵ نيیە وەک چۆن (نان برنجی) کرماشان لە ڕێکخراوی (یونسکۆ) بەناوی کرماشانەوە تۆمار کراوە، ئاواش قاوەی کوردی بەناوی کوردەوە تۆمار بكرێت.

مێژووی دروستبوونی قاوەی قەزاون:
رەنگە بەدروستی مێژووی دروستبوونی قاوەی کوردی نەتوانین دەستنیشان بکەین، بەڵام زۆرێک لە سەرچاوەکان ئەوەمان لەلا گەڵالە دەکەن کە تەمەنی لە هەزار ساڵ زیاتره‌.
ئەگەر داستانی مەم و زین (Mem û Zin) بەنموونە بهێنەوە، لەساڵی ١٣٠٠ و پاشان نووسینەکەی ئەحمەدی خانی لە ساڵی ١٦٩٢ دا (مەمی ئالان) کە لە ساڵی ١٩١٩ لە ئەستنەبوڵ چاپ کراوە دواجاریش لەلایەن هەژار موکریانیەوە وەرگێردراوەتە سەر شێوەزاری سۆرانی زۆر لەمێژتر لەو كاته‌ قسەی لەسەر کراوە و ئاماژەی بە خووی خواردنەوەی قاوەی کوردی کردووە، ئەگەر ئەو كاته‌ش بە نموونە بهێنەوە ئەوە زیاتر لە ٧٠٠ ساڵ بەر لە ئێستا کورد قاوەی قەزوانی هەبووە و خواردویەتييەوە. هەر بۆیە ئەگەر چاوێک بەکه‌لتووری کوردیدا بخشێنین ئەو نەریتە باوەی کە لەنێو نەتەوەی کوردا هەبووە و ئێستا وڵاتانی عەرەب کردویانە بەناسنامەی خۆیان بۆ ژن و ژنخوازی و لە دراما تورکييه‌كاندا لە کوردستان بەخشی دەکەن بە خودی کورد نامۆبووە، کورد خۆشی وادەزانیت ئەوە نەریتی بێگانانە نەک کورد.
لە ڕابردوودا خەڵکی کوردستان وەک نەریتێک لە کاتی هاوسەرگیریدا، خێزانی زاوا لەگەڵ کوڕەکەیاندا سەردانی ماڵی بووکەخانیان دەکرد لەوێدا کوڕە و کچە یەکیان دەبینی قاوە لە لایەن کچەکەوە ئامادە دەکرا، ئەگەر کچەکە زاوای بە دڵ بوایە، ئەوا قاوەی لەگەڵ شەکر دروست دەکرد و پیشکەشی دەکرد خۆ ئەگەر زاوای بە دڵ نەبوایە ئەوا خوێی دەکردە قاوەکەوە لە هەندێک ناوچەشدا ترش بەزانینی ئەم نەریتە زاوا خێزانەکەی ئاگادار دەکردەوە ماڵی بووکەخانیان جێ دەهێشت.

ئەم نەریتە نەریتێکی زۆر کوردەواريیانە بووە ئەویش بەو هۆکارەی کورد بە سەدان ساڵ بەر لە عەرەب و تورک و گەلانی ناوچەکە قاوەی قەزوانی تایبەت بە خۆی هەبووە لەناو نەتەوەی کوردا باو بووە پاشان عەرەب و تورک و فارس لە کوردیان وەرگرتووە، لەلای ئێمە ئەم نەریتەوە نەماوەتەوە لەلای ئەوانیش وەک ناسنامەی که‌لتووری نەتەوەی خۆیان شانازی پێوە دەکەن.
هەر زۆر دوور نەڕۆین لە شاریکی وەک شاری سلێمانی تا ساڵی ١٨٨٥ نەیانزانیوە (چا) چیيە و چۆنە و نەیانخواردووه‌تەوە تا ناوه‌ڕاستی سەدەی نۆزدەش شتێک نەبووە بەناوی چایخانە ئەوەی هەبووە هەر قاوەخانە بووە.بۆنموونە قاوەخانەی مارف قاوەچی هه‌بووه‌ کە لە بەر بەله‌دێيه‌کە بووه‌ به‌رانبه‌ر قەیسەری نەقیب بووە.قاوەخانەی مام ئەحمەدی چایچی هه‌بووه‌ لە گەڕەکی دەرگەزێن لای شیوی قازی لەبەر ئەوەی گەرمیانیيەکان بۆ ساخکردنەوە گەنمی قەندەهاری دەهاتنە شاری سلێمانی و لەو قاوەخانەیە گەنمەکەیان دەفرۆشت و هەر لەو قاوەخانەیە دادەنیشتن، هەربۆیە ناویان نابوو قاوەخانەی چەمچەماڵ. قاوەخانەی کەلـلە هه‌بووه‌ كه‌ ئەم قاوەخانەیە لەناو بازاڕ خوار کەبابخانەی وەستا گورونی کەبابچی بوو، خاوەنەکەی ناوی کەلـلەی قاوەچی بوو. هه‌روه‌ها قاوەخانەی سەر چيمەن هه‌بوو له‌ گەڕەکی گۆێژە لقی سەرچیمەن بەرانبەر دوکانی (عەلی فەوتاو) ئەم قاوەخانەیە چەند دەستێکی کردووە کۆتاجار عەبدوڵڵا ئەفەنی بەناوبانگ بووە بە (عەبە بەراز) گرتوویەتی کاری تێدا کردووە ئەم قاوەخانەیە زۆرێک لە بازرگان و پیاو ماقولی گەڕەک هاتوچۆیان کردووە.
ئەکرەمی مەحمودی ساڵحی ڕەشە لە کتێبی شاری سلێمانی بەرگی یەکەم لاپەرە ١٩٦ ده‌نووسێت (لەزەمانی عوسمانلی لە نێوان ساڵی ١٨٨٥-١٨٩٠ مەلا محەمەدی مەلا غەفوور کە ناسراوە بە مەلا ئەحمەدی چایی بۆ بازرگانیکردن هاتوچۆی وڵاتی ئێرانی کردووە.. جارێکیان لە بازار ئەبێنی لە چایخانەکاندا خەڵک دانیشتوون بۆ قاوە و چا خواردنەوە مەلا ئەحمەدیش دادەنیشێت و داوای چا دەکات، بۆى دێنن و دەیخواتەوە.. بە دڵی دەبێت ئیتر دەکەوێتە چا خواردنەوە.


مەلا ئەحمەدی چایی و هەندێک لە ئەندامانی خێزانەکەی
لە گەڕانەوەدا دەچێت هەموو کەلوپەلی و پێداویستی چایچێتی دەکرێ هەر لە قۆری و سەماوەر و پیاڵەو ژێڕپیاڵە، هەروەها شەکر و چا لەگەل خۆێ دەیهێنتەوە بۆ شاری سلێمانی، دوایی خەڵکی پێی دەزانن و دێن بە میوانی بۆ چا خواردنەوە بەتایبەتی زۆر لە گەورەپیاوان و ماقولانی شار ڕوویان تێ کردووە. ماڵەکەیان لە گەڕەکی دەرگەزێن خوار ماڵی عيزەت بەگی وەسمان پاشا بووە، حەوشێکی گەورە و باخ و حەوزێکی فراوانی تێدا بووە. هەر بەو هۆکارە ناوەی دەرکرد بە مەلا محەممەدی چایی لە دوایی خۆشی مەلا ئەحمەدی مەلا چایی کورێ لەبەر هەژاری خانووەکە دەفرۆشیت بە حاجی ئەحمەدی پيرۆز) نووسەر دەڵیت ئەم سەرگوزەشتەیە وەستا ئەوڕەحمانی کوڕی مەلا ئەحمەدی چایی پینەچی لە سابونکەران بۆ گێراومەتەوە، ئەویش گوایە (زێوەر ئەفەندی) بۆی گێڕاوەتەوە پێى وتووە خۆزگەم بەو کاتەی لەناو باخ و سەر حەوزەکەی ماڵی باوکت چامان دەخواردەوه‌. ئەمەش ئەو ڕاستیەمان بۆ دەردەخات بەر لەو بەروارە واتا پیش ساڵی ١٨٨٥ شتێک نەبووە لە کوردستان بە ناوی چا ئەوەی هەبووە قاوە بووە هەر قاوەمان خواردۆتەوە، ئێستاش لە گەرمیان بەتایبەتیش لە خانەقین بەنان و چای بەیانیان دەلێن (قاهـوەتی) زۆریکیش لە قەدیمێکانی شاری سلێمانی هەر دەڵێن بۆ قاوەتی یان قاوەڵتی چووین بۆ ماڵی فڵانە کەس، واتا نەتەوەی کورد زۆر پێش گەلانی ناوچەکەوە خواردنەوەیەکی تایبەت بە خۆی دۆزیوەتەوە بڕواشیان وابووە قاوەی قەزوان کاریگەريی چاکبوونەوەی هەبێت. ئەوەی قاوەی قەزوان لە قاوەجیهانييه‌کان جیا دەکاتەوە ئەوەیە کە قاوەی قەزوان بە سروشتی کافائینی تێدانیيە و سەرەتا وەک چارەسەری نەخۆشی بەکاریان هێناوە. وەک چۆن سەرەتا یۆهان پیمبەرتۆن John Pemberton لە ساڵی ١٨٨٥ (Coca-Cola) کۆکاکۆلاى دۆزیيەوە وەک چارەسەری نەخۆشی لەدوایشدا بۆتە خواردنەوەیکی خۆشەویست و بەناوبانگی جیهانی، قاوەی قەزوانیش هاوشیوەی ئەو بووە بەڵام مێژوویەکی قوڵتر.


یۆهان پیمبەرتۆم (John Pemberton)

جگە لەو قووتوو و پاکەته‌ى قاوەی قەزوان کە وێنەی جەنگاوەرێکی کوردی سەدەی پازده‌ى له‌سه‌ره‌و لە سەدەی ١٧دا چاپ کراوە، دەیان وێنەو پۆستکارتی تریشمان لە مێژووی وڵاتانی ئەورووپادا هەیە، هەر بۆ نموونە کۆمپانیای Major Drapkin تەباک و تووتنی بەریتانی تا کۆتایی ساڵەکانی ١٩٣٠ی سەدەی ڕابردووی لەسەدا ٩٠ی توتنی کارگەکەی لە کوردستانی باکوور لە شاری بەتلیسی هاوردە کرووە کە بەیەک لە باشترین تەباکی جیهان ناودەبرێت هەر هەمان کارگە ئاگرۆکێکی (شخاته‌) ئاگرۆک زۆری خستە بازاڕەکانەوە کە وێنەی کچە کوردێکی لەسەرە و زانیاری لەسەر کچی کورد نووسیوە.

پاشان لەساڵی ١٩٤٠ لە بەتلیس کارگەیەکی گەورەی سیگار دامەزار کە سەرجەم کارمەند و توتنەکەشی کوردی بووە تا ساڵی ١٩٨٣ بەردەوام بووە.


کارگەی سیگاری بەتیلیس ساڵی ١٩٧٠

چەند جۆرێک لە بەرهەمەکانی کارگەی سیگاری بەتلیس هەر بەناوی شارەکەوە


هەندێک لە ئەندامانی خێزانی (مەلا ئەحمەدی مەلا محەمەدی چایی)
مێژووی وێنەکە ئەگەڕێتەوە بۆ (٨-١١-١٩٤٠) لە گەڕەکی شێخان چرکێنراوە..
لەلای راستەوە: (ئەورەحمانی مەلا ئەحمەد) ناسراو بەوەستا ئەوڕەحمانی پینەچی، دوکانەکەی لە سابوونکەران بوو، (خاتوو گوڵاو) خێزانی ئەوڕەحمان، (مەلا ئەحمەد)، (فاتمەی مەلا ئەحمەد)، (منداڵەکە رەزای مەلا ئەحمەد)
مەلا محەمەدی چایی یەکەم کەس بووە، کە چای هێناوەتە سلێمانی.  سەرچاوەی وێنەکە تۆڕی کۆمەلایەتی (وێنە کۆنەکانی سلێمانی)


سەرچاوەکان:
https://www.moccador.nl
http://www.saradistribution.com
کتێبی شاری سلێمانی بەرگی یەکەم (ئەکرەمی مەحمودی ساڵحی رەشە)
https://en.wikipedia.org/wiki/Coffea
http://www.bitlisname.com /
https://caffedimauricio.nl/geschiedenis/
https://www.ncausa.org/about-coffee/history-of-coffee


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×