ئاسرەوان قادرۆك: سەرمایەدارو بەرپرسی گەورەی سیاسی‌و كەسایەتی دیاری عەشائیریش هەن بون بەزەردەشتی
  2021-07-26       1795       
ئاسرەوان قادرۆک‌و ئاوات حسامەدین

ئا: ئاوێنە


ئاسرەوان قادرۆك، پیاوی ئایینی زەردەشتییەكان ئاماژە بەوە دەكات كە سەرمایەداری گەورەو بەرپرسی گەورەی سیاسی‌و كەسایەتی دیاری عەشائیری‌و رۆشنبیری ناوداریش هەن بون بەزەردەشتی، بەڵام زۆربەیان حەز ناكەن ناویان ئاشكرا بكرێت، ئەو دەڵێت "ئایینی زەردەشتی لەپاشەكشەدا نییە، لەم هەفتەیەدا چوار كەسم مارە كردوە، دو ژن‌و دو پیاو، پشتێنم بۆ سێ‌ كەسیش بەستوە".


پاش ئەوەی لەگەڵ دامەزراندنی حكومەتی هەرێمی كوردستاندا، وەزارەتێك بەناوی وەزارەتی ئەوقاف‌و كاروباری ئیسلامی دامەزرا، لەساڵی 2007دا بەپێی یاسا ناوی وەزارەتەکە گۆڕا بۆ وەزارەتی ئەوقاف‌و كاروباری ئایینی‌و پاشان بەیاسای ژمارە 5ی ساڵی 2015 بڕیار درا هەموو پێكهاتە ئایینیەكانی دیكە لەكوردستاندا لەپاڵ ئێزیدی‌و مەسیحی‌و جوو ئیسلامدا، نوێنەرانی خۆیان لەوەزارەتی ئەوقاف هەبێت‌و پەرستشی ئایینی خۆیان بەئاشكرا بكەن‌و رێكخراوو پەرستگایان هەبێت، ئێستا 8 ئایین لەوەزارەتی ئەوقاف نوێنەریان هەیە، زەردەشتیی یەكێكە لەو ئایینانە.


ئاسرەوان قادرۆك، پیاوی ئایینی زەردەشتییەكان، كە بەفەرمی لەوەزارەتی ئەوقاف هەموو كاروباری ئاینی‌و پەرستشی زەردەشتییەكان لەپەرستگاكەیاندا لەسلێمانی بەڕێوە دەبات، بەئاوێنەی راگەیاند "یەكەمین پەرستگای باوەڕپێكراو لەوەزارەتی ئەوقاف، پەرستگای زەردەشتیانی كوردستانە كە بەفەرمی لەبەرچاوی میدیا‌و رای گشتی لە21ی 9ی 2016 لەسلێمانی كرایەوەو من ئاسرەوان قادرۆك بوم بەئاسرەوانی ئەم پەرستگایە".

وتیشی "لەساڵی 2020یش پەرستگایەكی تر بەناوی ئاگركردەی زەردەشتیانی هەولێر كرایەوەو ئاسرەوانێكی بۆ دەستنیشان كرا بەناوی ئاسرەوان ئاهورا".


ئاسرەوان قادرۆك ئاماژە بەوە دەكات كە دانانی ئەوان بە"ئاسرەوان"، پاش هەڵسەنگاندن‌و تاقیكردنەوە دێ بەو پێیەی شارەزای بیر‌و فەلسەفەی زەردەشتین، ئەو وتی "بەدرێژایی مێژو زەردەشتی لەكوردستاندا هەبوە، تەنانەت لەسەدە جیاوازەكاندا لەدوای دەوڵەتەكانی عەباسییەوە تا ئەمدواییە كە قەدەغە كرابو، خەڵكی زەردەشتی لەماڵەوە زەردەشتی بون‌و لەدەرەوەش خۆیان بەموسڵمان پیشان داوەو لەسەرژمێری ساڵی 1957ی عێراقیشدا بەمەجوس نوسراون، ئێمە هەمو ئەو كەسانەی ئێستا خۆمان بەزەردەشتی دەزانین پێشتر خۆمان بەموسڵمان ناوبردوە، من خۆم موسڵمان بوم‌و حاجیش بوم‌و عەمرەم كردوە، بەڵام كە ئەم یاسایە هاتە گۆڕێ‌ خۆمان ئاشكرا كرد".

وتیشی "تا ئێستا بۆ ئێمەی زەردەشتییەكان تەنها پلەو پایەی ئاسرەوان دانراوە كە بتوانێ‌ كاروباری ئایینی ئەنجام بدات، هەرچەندە كاك لوقمانیش هەیە لەئەوروپا ئەڵێ‌ پلەو پایەی پیرم هەیەو چەند كەسێكی تریشی كردوە بەپیر، بەڵام وەزارەتی ئەوقاف‌و ئێمەی زەردەشتیەكانیش پێمانوایە پیر پلەو پایەیەكی زۆر باڵایەو لەتوانای ئێستای ئێمەدا نییە‌و قیوڵی ناكەین، بەشبەحاڵی خۆم ئەگەر هەمو ژیانم بەردەوام بم لەسەر ئاسرەوانی ناتوانم بگەمە ئەو پایەی پیرییە، لەبەرئەوەی دەبێت پیر‌و پیر شالیار زەردەشتی زادە بن، لەوانەیە مناڵەكانم ببن بەپیر بۆ داهاتو".


ئاسرەوان قادرۆك ئەوە رەتدەكاتەوە كە رێژەی پرۆسەی بون بەزەردەشتی بەراورد بەساڵانی رابردو لەپاشەكشەدا بێت، ئەو وتی "نەخێر پرۆسەی بون بەزەردەشتی لەپێشكەوتندایە، تەنانەت زەردەشتی زادەش هەن لەكوردستان، بەتایبەتی لەناوچەی بادینان، ئەو بنەچەیەی كە ماونەتەوە وەك زەردەشتی مەزەندە دەكرێت بە 200 هەزار كەس، ئەم پرۆسەیەی گەڕانەوە بۆ ئایینی زەردەشتیش كە لە 2014ەوە سەریهەڵداوە مەزەندە دەكرێ‌ بە 100 هەزار كەس، بەڵام هەموی فۆرمی پڕ نەكردوەتەوە ببێت بەئەندامی رێكخراوی یەسنا یان پشتێنی نەبەستوە، ئەمانە هەموی شوێنكەوتەی ئایینەكەن، هەندێك لەبەر خەسوو خەزوری ناوێرێ‌ خۆی دەرخاو هەندێك لەبەر كەسوكاری‌و هەندێك لەبەرئەوەی بەرپرسیارێتییەكی حزبی هەیە، بەڵام ئێمە خۆشبەختانە هیچ كێشەیەكمان نییەو بەئاشكرا لەبەردەم هەمو ناحەزاندا دەڵێین زەردەشتین".

وتیشی "من رۆژانە بەرەو پێشچونی پرۆسەی بون بەزەردەشتی دەبینم، لەم هەفتەیەدا چوار كەسم مارە كردوە، دو ژن‌و دو پیاو، سێ‌ كەسیش پشتێنی بەستوە، بەڵام بۆ ئێمە خۆش نیە هەمو رۆژێك وێنەكانی لەفەیسبوكدا بڵاوبكەینەوە، میدیایەكی گەورەشمان نییە‌و ناتوانین ئەو هەمو هەواڵ‌و زانیاریانە بەخەڵك بگەیەنین. بەڵام ئەوەی كە گرنگە لەفیستیڤالی شەوی یەلدای رابردودا، كردنەوەو دەستپێكی رێورەسمی فیستیڤالەكە لەلایەن رۆشنبیران‌و هونەرمەندانەوە درا بەئێمە، كە بەجەژنێكی كۆنی خۆمانی دەزانین، لەسەردەمی كۆرۆنادا 1600 كەس هاتبون بۆ تەلاری هونەر بۆ فیستیڤالی شەوی یەلدا".

ئاسرەوان قادرۆك ئەوەش روندەكاتەوە كە هەر كەسێك تەمەنی 18 ساڵی تەواو نەكردبێت ئامادە نین پشتێنی بۆ ببەستن‌و بیكەن بەزەردەشتیی، ئەو وتی "ئێمە بەكەس ناڵێین بێت ببێت بەزەردەشتیی، ئەوانەشی دەبن دەبێت بەقۆناغێكی چاودێریدا تێپەڕن‌و بیری زەردەشتی بخوێننەوەو بەڕاستی ببن بەزەردەشتی‌و بەناشارەزایی نەبن. سەرمایەداری گەورەو بەرپرسی گەورەی سیاسی‌و كەسایەتی دیاری عەشائیری‌و رۆشنبیری ناوداریش هەن بون بەزەردەشتی، بەڵام زۆربەیان حەز ناكەن ناویان ئاشكرا بكرێت".

وتیشی "ئێمەی زەردەشتییەكان هاوسەرگیریی لەگەڵ هەمو ئایینێكی تردا دەكەین‌، بۆ نمونە كچێكی موسڵمان هاوسەرگیری لەگەڵ زەردەشتییەك بكات یان بەپێچەوانەوە، گرێبەستیان بۆ دەنوسین‌و فۆرمی بۆ دەكەین‌و لەوازەرەتی ئەوقاف‌و دادگاش دان پێدانراوە‌و پارێزەریشمان هەیە لەدادگا".

بەشێك لەسەرچاوە مێژوییەكان ئاماژە بەوە دەكەن زەردەشت پێغەمبەری زەردەشتییەكان، كورد بوەو ئایینی زەردەشتی لەسەدەی شەشەمی پێش زاینییەوە یەكێك بوە لەئایینە سەرەكییەكان لەكوردستان‌و عێراق‌و ئێراندا تا هاتنی ئیسلام‌و بڵاوبونەوەی. زەردەشتییەكان باوەڕیان بەدو هێزی چاكەو خراپە، ئاهورامەزداو ئەهریمەنە، ئاهورامەزدا خودایەو ئەوەی دژی دەوەستێت ئەهریمەنە. ئاڤێستا یان گاتاكان كتێبی پیرۆزی زەردەشتیەكانەو قیبلەکەشیان روناكی‌‌و ئاگرەو گرنگترین جەژنیشیان جەژنی نەورۆزو شەوی یەلدایە.


زەردەشتییەكانی كوردستان، لەئێستادا بەسەر دو گروپدا دابەش بون، كە ئاڕاستەی كاركردنیان جیاوازە، گروپێكیان ئاسرەوان قادرۆك‌و ئاوات حسامەدین سەرپەرشتی دەكەن‌و گروپێكی دیكەشیان پیر لوقمان‌و ئاشنا عەبدوڵا، هەرچەندە لەسەرەتادا زەردەشتییەكان گروپێك بون بەناوی "زەند"، بەڵام دواتر پیر لوقمان‌و ئاوات حسامەدین لەسەر رەوتی كاركردنیان رێكنەكەوتن‌و لێكترازان.


ئاسرەوان قادرۆك سەبارەت بەهۆكاری لێكترازانیان، وتی "ناتوانم هۆكارەكەیتان پێبڵێم زۆر قورسە، لەبەرئەوەی كاك لوقمان لەدەرەوەی وڵات دەژی‌و پەیوەندی تری هەیە، ئێمەش خۆمان بەكورد دەزانین‌و ناچینە ژێر ركێفی هیچ شوێن‌و لایەنێكەوە، ئایینەكەشمان فەرمانمان پێدەكات نەبینە ژێردەستەو كۆیلەی كەس، ئاهورامەزدا ئێمەی وەك كۆیلە قبوڵ نییە، لەبەرئەوە رێكخراوی یەسنا دروست بو، كاك لوقمانیش ناوەندی كردەوە، رەوتی كاركردنی ئەوان جیاواز بو، ئەو سەرەتا خۆی ناونا پیر‌و چەند كەسێكی تریشی كرد بەپیر‌و دواتریش خۆشی كرد بەپیر شالیار، كە ئەم پلەو پایەیە زەحمەتە پێی بگەیت‌و ئێمە باوەڕمان پێی نییە كە كاك لوقمان وا بەخێرایی بڕیویەتی".

وتیشی "ئێستا ئەوەی مایەی دڵخۆشییە هەردو رێكخراوی ناوەندو مەرێ نەماون‌و هاتونەتە ناو فیدراسیۆنی سەرەی زەردەشتیانی كوردستانەوە كە هەمو زەردەشتیانی كوردستان لەخۆدەگرێ‌، ئەم دو رێكخراوە لەگەڵ رێكخراوی یەسنا، فیدراسیۆنی سەرەی زەردەشتیانی كوردستان دروستكردوەو لای ئێمە هەر كەسێك زەردەشتییەكی باش بێ‌‌و خاوەنی بیر‌و كرداری چاك بێت، ئازیزو بەڕێزە".


ئاسرەوان قادرۆك ئەوەش بەدور دەزانێ‌ كە گرژی‌و ئاڵۆزی لەنێوان ئەم دو گروپەدا بەزویی‌و ئاسانی ب\ەڕەوێتەوە لەبەرئەوەی كورد هەر فێری ئەو رق‌و قینەیە، ئەو وتی "ئاڕاستەی كاركردنی دو گروپەكە جیاوازە، لەبەرئەوەی لای ئێمە پیر دانی پێدانانرێ‌، ئەو كەسانەی كە ناوی خۆیان ناوە پیر، ئێمە دەنگمان پێنەداوە، چونكە خوێندەواری‌و ئیمانەكەیان ئەوەندە بەهێز نییەو شارەزایی تەواویان نییە، كەسمان بەپیری خۆمانیانی نازانین، لەبەرئەوەی لەزەردەشتیشدا مەرجەع بونی نییە، لەئایینی زەردەشتیدا كەس لەكەس گەورەتر نییە".


لەوەڵامی ئەوەشدا كە ئایا كەسانێك هەن بازرگانی بەئایینی زەردەشتییەوە بكەن؟ ئاسرەوان قادرۆك وتی " بەشبەحاڵی خۆم ئەوەتەی لەپرۆسەی زەردەشتیدام زیاد لەدو دەفتەر دۆلارم سەرف كردوە بۆ پرۆسەكەو یەك دیناریشم لەهیچ شوێنێكەوە وەرنەگرتوە، من بەفەرمی لەوەزارەتی ئەوقافم‌و حەقی مامۆستایەكی ئایینیم هەیە، پەرستگاكەمان حەقی نەسریەو بودجەی ساڵانەی هەیە، مافی هەیە كارمەند دابمەزرێنێ‌، بەڵام حكومەتی هەرێم‌و وەزارەتی ئەوقاف یەك دیناریان نەداوینەتێ‌".

سەبارەت بەسەرچاوەی داهاتیشیان، ئەو وتی "ئەو پارەیەی كە دێت‌و ئەم پرۆسەیەی پێبەڕێوە دەچێت وەك رێكخراوی یەسنا كەسێكی دەوڵەمەند لەئەستۆی گرتوە، پارەی كرێی شوێنەكەمان دەدات‌و مانگی ملیۆنێكیش نەسریە دەدات".

وتیشی "بەشێكی گرنگی خەرجیمان لەگیرفانی خۆمان بوە، بڕۆ سەیری پەرستگاكە بكە كەلوپەكانی ژووری میوان هەمووی لەماڵەكەی خۆمەوە هێناومە، هەمو هاوڕێیانی تریشم خۆبەخشانە كاریان كردوەو هەر كەسەو شتێكی هێناوە، نوێنەرەكەمان لەوەزارەتی ئەوقاف، ئاوات خان یەك دیناری لەوەزارەتی ئەوقاف وەرنەگرتوە، لەهیچ لایەك نە لەسویدو نە لەئەمەریكاو كەنەدا، بەهیچ شێوەیەك لەهیچ ئەنجومەنێكی زەردەشتی جیهانی پارەمان وەرنەگرتەوە، تەحەدای ئەوە دەكەم رۆژێك لەرۆژان دینارو دۆلارێكی دابێت بەئێمە. خزم‌و كەسوكاری خۆم پێیانوتوم تۆ شێت بویت لەبری ئەوەی پارە وەربگری پارە لەگیرفانی خۆت سەرف دەكەیت، خۆم‌و برادەرەكانی ئێمە لەرێكخراوی یەسنا یەك دینارمان لەهیچ شوێنێك وەرنەگرتوە".

بەڵام ئاسرەوان قادرۆك ئەوە پشتڕاست دەكاتەوە كە گروپەكەی تر پارەیان وەرگرتوەو نازانێت چییان لێكردوە، ئەو وتی "ئەڵێن كاك لوقمان‌و ئەوان پارەیان وەرگرتوە، بەڵام من ئاگاداری وردەكارییەكەی نیم‌و ئاوات خان زیاتر دەیزانێ‌، من تەنها بیستومە لەئەوروپاوە پارە هاتوەتەوەو لای ناوەندەكە بوەو ئەوەش بوەتە هۆكاری هەڵوەشاندنەوەی ناوەندی زەردەشتیانی كوردستان. گروپە زەردەشتییەكانی ئەمەریكاو كەنەدا پەیوەندییان بەئاوات خانەوە كردوەو ئاوات خانیش ساغی كردوەتەوە كە بەڵێ‌ لەناوەندا پارە وەرگیراوەو كۆمەڵە كەسێك بۆ خۆیان خواردویانە".
 
زۆرترین بینراو
سیستمی بەرگری مووشەکی لە هەرێمی کوردستان جێگیردەکرێت
زانا مه‌لا خالد: هه‌ڵبژاردن كۆنفرانسی ناوخۆیی مه‌ڵبه‌ندو كۆمیته‌كان نیه‌ تا به‌ تاكلایه‌نه‌ به‌ڕێوه‌ی ببه‌ن
لێدوانی‌ سەرۆكی دادگای فیدڕاڵی‌ لەبارەی موچەی موچەخۆران‌و یاسای هەڵبژاردنی هەرێمی كوردستان
هه‌نگاوه‌كانی‌ پرۆسه‌ی‌ به‌بانكیكردنی‌ موچه‌ی‌ موچه‌خۆران لەبانکه‌كانی ڕەشیدو ڕافیدەین بڵاوكرایه‌وه‌
راگەیەندراوی‌ ئەنجومەنی سەرکردایەتی یەکێتی لەبارەی هەڵبژاردنه‌وه‌
وەزارەتی دارایی ھەرێم: جێبه‌جێكردنی‌ پرۆژه‌ی‌ ھەژماری من پێویستی‌ به‌بڕیاری‌ دادگای‌ فیدراڵییه‌
ئامادەکردنی لیستی موچەی مانگی پێنج بەپلەبەرزکردنەوەوە بەردەوامە
ئۆتۆمبێلی ئەندامێكی پێشوی سەركردایەتی یەكێتی لە سەرچنار تەقییەوە
کۆمسیۆن وادەى دەستپێکردنى بانگەشەى هەڵبژاردنى پەرلەمانی هەرێمی دیاری کرد
به‌رپرسێكى ئه‌مریكی نوێترین زانیاریى له‌باره‌ى هێرشى ئیسرائیل بۆسه‌ر ئێران ئاشكراده‌كات
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×