2021-07-26   354     
وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردنی حکومەتی هەرێم رایگەیاند، پڕۆژەی رێگای دوسایدی دوکان - چوارقوڕنە 45% کارەکانی تەواو بوە و تێچوی پڕۆژەکەش بە کۆی گشتی 53 ملیار دینارە، چاوەڕێش دەکرێت ئەگەر پڕۆژەکە توشی ھیچ کەموکوڕییەک لە بودجە نەبێت تا ساڵی داھاتو پڕۆژەکە تەواو دەکرێت و دەخرێتە خزمەتی ھاوڵاتیانەوە.
ئاوێنه: لە سەردانێکی مەیدانیدا، ئەمڕۆ دوشەممە دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن بەیاوەری بریکاری وەزارەت بۆ رێگاوبان و ژمارەیەک لە بەڕێوەبەری گشتی و راوێژکارانی وەزارەت، پڕۆژەی رێگای دوسایدی دوکان چوارقوڕنەی بەسەرکردەوە و رایگەیاند، رێگای دوسایدی دوکان-چوارقوڕنە پڕۆژەیەکی ستراتیژییەو لەئێستادا لەسەرجەم قۆناغەکاندا کارکردن تیایدا بەردەوامە،و رێژەی ئەنجامدراو گەیشتوەتە 45% و تێچوی پڕۆژەکەش بە کۆی گشتی 53 ملیار دینارە.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھیوادارین لەگەڵ باشبونی بارودۆخی دارایی، پڕۆژەکە توشی ھیچ کەموکوڕییەک لە بودجە نەبێتەوەو تا ساڵی داھاتو پڕۆژەکە تەواو بکرێت و بخرێتە خزمەتی ھاوڵاتیانەوە. ھاوکات دەستخۆشی لە ستافی ئەندازیاران و کارمەندانی بەڕێوەبەرایەتی گشتی و بەڕێوەبەرایەتی رێگاوبان و سەرپەرشتیارانی پرۆژەکەو بەڵێندەریش دەکەن.
وەزیری ئاوەدانکردنەوەو نیشتەجێکردن ئەوەشی خستوەتەڕو، لە ئایندەیەکی نزیکداو پێش کۆتایی وەرزی ھاوین قۆناغی سێیەمی رێگای دوسایدی دوکان-چوارقوڕنە دەکەوێتە بواری جێبەجێ کردنەوە.
پڕۆژەی دروستکردنی رێگای دوسایدی دوکان-چوارقوڕنە/ قۆناغی دوەم، پێکھاتوە لە رێگایەکی دوساید بە درێژی 25کم، کە بڕی 53 ملیار دیناری بۆ تەرخانکراوەو رێژەی کاری ئەنجامدراو لە ئێستادا گەیشتوەتە لە 45%.