ئەرمەن، جینۆسایدو خۆڕاگریی
  2021-07-27       1487       
ئا: ئاوێنە


هەمو ساڵێک لە24ی نیساندا، ئەرمەنەکان لەسەرتاسەری جیهاندا یادی ئەو کوشتارە بەکۆمەڵە دەکەنەوە کە تورکە عوسمانییەکان لەجەنگی یەکەمی جیهانیدا بەسەریان هێنان، کوشتارێک کە بەیەكەم كۆمەڵكوژی‌و جینۆسایدی سەدەی بیستەم دادەنرێت.


كوشتار‌و كۆمەڵكوژیی ئەرمەنەكان بەدەستی توركە عوسمانیەكان لەساڵانی 1915 تا 1923 بەیەكەم جینۆسایدی سەدەی بیستەم دادەنرێت، لەو ساڵانەدا كە جیهان لەگڕ‌و بڵێسەی جەنگی یەكەمدا دەسوتا، هەزاران هەزار ئەرمەنی‌و مەسیحی كە زۆربەیان ژن‌و مناڵ‌و خەڵكی سڤیل‌و بێتاوان بون، لەلایەن توركە عوسمانیەكانەوە قەتل‌وعام كران.

لەو رۆژگارەدا توركە لاوەكانی "ئیتیحادو تەرەقی" بەسەركردایەتی ئەنوەرپاشا‌و تەڵعەت پاشا‌و جەمال پاشا دەیانویست رێگە لەهەرەسهێنانی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی بگرن، لەو پێناوەدا سیاسەتی نەژادپەرستانەی پان توركیزم‌و تورانیەتیان پەیڕەو كرد، كە یەكخستنی توركزمانەكان لەئاسیای ناوەڕاستەوە تا بالكان ئامانجیان بو، لەدیدی ئەوانەوە ئەرمەن‌و ئەرمینیا لەڕوی دیمۆگرافیا‌و نەخشەی جوگرافیاوە ئاستەنگی بەردەم ئەو یەكگرتنە بون، كوشتاری ئەوان لەساڵانی 1911و 1912ەوە دەستیپێكردو لە1915دا هەڵگیرسانی جەنگی یەكەم دەرفەتێكی گونجاوتری بۆ كوشتاری ئەوان رەخساند، لەكۆی 2 ملیۆن ئەرمەنی نیشتەجێی توركیا، ملیۆن‌و نیوێكیان كوژران یان لەبرسا گیانیان سپارد، ئەودواییان یان روەو ئەرمەنستان‌و ئێران‌و سوریا‌و باشوری كوردستان هەڵاتن یان راگوێزران.

میكانیزمی جینۆسایدكردنی ئەرمەنەكان بەرنامە بۆداڕێژراو بو، یەكەمین قۆناغی لە24ی نیسانی 1915دا بەكوشتنی 700 كەسایەتی رۆشنبیری ئەرمەنی نیشتەجێی ئەستەنبول دەستیپێكرد.

دواتر بەكوشتاری 60 هەزار سەربازی ئەرمەنی نێو سوپای عوسمانی لەلایەن هاوپیشەكانیانەوە درێژەی پێدرا. پاشان دورخستنەوەو راگواستنی ژن‌و منداڵ‌و بەساڵاچوانی ئەوان روەو سوریا دەستیپێكردو هەزارانیان لەبرسا‌و نەخۆشیدا گیانیان سپارد.

ئەرمەنەكان هەرگیز ئەوە لەبیر ناكەن كە ئەوان پاشماوەی كۆمەڵكوژین، هەمیشە ئەوەیان لەبیرە كە توركەكان لەناوبردنی رەچەڵەكی ئەوانیان كردبوە ئامانج، ئەو كۆمەڵكوژییەی كە لە24ی نیسانی 1915دا دەستیپێكردو چەند ساڵێكی خایاند، هەمیشە لەیادەوەری مێژویی ئەواندا زیندوە.

ئەرمەنەكان كە لەبازرگانی‌و بواری ئابوریدا كاراو ناودارن، بەرەچەڵەك دەچنەوە سەر نەتەوە هندۆئەوروپیەكان، خاوەنی ئەلفبا‌و كەنیسەیەكی ئەرسۆزكسی تایبەت بەخۆیانن، دەوڵەتی ئەرمینیا تاكە دەوڵەتی ئەوانە (جگە لەكۆماری ناگۆرنۆ قەرەباخ، كە كۆمارێكی بچكۆلانەی ناو سنوری ئازەربایجانە‌و هیچ وڵاتێك دانی پێدانەناوە)، دەوڵەتی ئەرمینیا كە دەكەوێتە چیاكانی قەفقاسیا، لەگەڵ وڵاتانی توركیا‌و گورجستان‌و ئازەربایجان‌و ئێران هاوسنورە، تا ڕوخانی یەكێتی سۆڤیەت یەكێك بو لەكۆمارەكانی، ژمارەی دانیشتوانی ئەرمینیا نزیكەی 4 ملیۆن كەسن.

ئەو ئەرمەنیانەش كە لەتاو شاڵاوی یەكەم كۆمەڵكوژی‌و جینۆسایدی سەدەی بیستەم لەساڵانی جەنگی یەكەمی جیهانیدا لەتوركیاوە بەرەو وڵاتانی دیكەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست هەڵاتن‌و پاشان بەزۆربەی وڵاتانی جیهاندا پەرتەوازە بون، ژمارەیان بە 8 ملیۆن كەس مەزەندە دەكرێت، كە زۆربەیان لەوڵاتانی روسیا‌و فەرەنسا‌و ئەمەریكان‌و خاوەنی لۆبییەكی كاراو كاریگەرن.

ئەرمەنییەكان بچوكترین نەتەوەی هەرێمی كوردستانن، ئەوان كە خاوەنی حیزب‌و رێكخستنێكی سیاسی تایبەت بەخۆیان نین، كورسییەكیان لەپەرلەماندا بۆ دابین كراوە، ژمارەیان لەعێراقدا نزیكەی 15 هەزار كەس دەبێت، زۆربەیان لەبەغدای پایتەختدا نیشتەجێن، نزیكەی 4 هەزار كەسیشیان لەپارێزگای دهۆك دەژین. زۆربەی هەرە زۆری ئەرمەنەكانی ئێستای كوردستان، نەوەو كوڕو كچی ئەو ئەرمەنییانەن كە لەساڵانی جەنگی یەكەمی جیهانیدا لەئورفە‌و وانەوە هەڵاتن.

ئەرمەنییەكان وێڕای كەمی ژمارەشیان، هیچ شتێكیان هێندەی پاراستنی زمان‌و شوناسی نەتەوەییان بەلاوە گرنگ نییە، ئەوان لەدوای ئاوارەیی‌و پەرتەوازە بونیانەوە، ڕویان لەهەر كوێیەكی دونیا كردبێت هەرزو لەپێناو پاراستنی شوناسی نەتەوەییاندا كەوتونەتە رێكخستنی ژیانی تایبەتی‌و گشتییان‌و قوتابخانەو یانەی وەرزشی‌و رۆشنبیریی تایبەت بەخۆیان دامەزراندوە.
زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×