بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە
میانی پێشوازیدا لە رێواز فایەق، سەرۆكی پەرلەمانی كوردستاندا رایگەیاند، پشتیوان
و ھەماھەنگ دەبین تاوەکو پەرلەمان "سەربەخۆیانە" کارەکانی بکات و "ئەو
بەربەستانەشی بۆ مەرامی تایبەت لەبەردەم کارەکانتان دروستکرابون نەھێڵران."
ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، ئەمڕۆ، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی
یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان لە بارەگای مەکتەبی سیاسی حزبەكە، پێشوازیکرد لە رێواز
فایەق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان.
لەدیدارێکدا گفتوگۆکرا لەبارەی "پشتگیری یەکێتی لە تیمی پەرلەمان و
حکومەت و ھەماھەنگی و ھاوکاری زیاتر لەنێوانیان لەپێناو خزمەتکردنی زیاتری کۆمەڵانی
خەڵک و کارکردن لەسەر ئەو پرسانەی پەیوەندی راستەوخۆیان بەژیانی ھاوڵاتییانەوە ھەیە."
بافڵ تاڵەبانی رونیکردەوە، "ئێمە لە یەکێتی نوێ بەگرنگییەوە لە کاری پەرلەمان
دەڕوانین و وەک باڵاترین دەسەڵاتی تەشریعی چاودێری، پشتیوان و ھەماھەنگ دەبین تاوەکو
سەربەخۆیانە کارەکانی بکات و ئەو بەربەستانەشی بۆ مەرامی تایبەت لەبەردەم کارەکانتان
دروستکرابون نەھێڵران. دڵنیام لەداهاتودا بە توانا و لێھاتویی تیمی یەکێتی لە پەرلەمان
و حکومەت خزمەتی زیاتر دەکەن و بەکارکردن لەسەر ئەو یاسا و پرۆژانەی کاریگەری لەسەر
باشترکردنی ئەزمونی ھەرێم ھەیە دەتوانن نمونەیەکی باشتری حکومڕانی پێشکەش بکەن."
ھاوسەرۆکی یەكێتی "ھەمو پشتیوانی و ھاوکارییەکیشی بۆ سەرۆکی پەرلەمانی
کوردستان دوپاتکردەوەو رایگەیاند، "ئیتر رێگرییەکان نەمان و ھەمو کاروبارێکی
حیزبی و نوێنەرەکانمان لە دەسەڵاتەکاندا دەبێت بەڕێگای راستەقینەی یەکێتی نوێدا بڕوات،
کە ئەویش رێگای خزمەتکردن و سیاسەتکردنی تەندروستە بۆ بەرژەوەندی کۆمەڵگا."