مەکتەبی سیاسی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان ئەمڕۆ بە سەرپەرشتی هاوسەرۆک بافڵ تاڵەبانی لە سلێمانی کۆبوەوە، بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە، گفتوگۆ لەسەر چارەسەری بەپەلە و یەکێتییانەی گرفتە ناوخۆییە حزبییەکان و دیاریکردنی رێوشوێنی دروست بۆیان لەناویشیاندا پاراستنی ئارامی و ھێمنی ھەرێمی کوردستان بە شاری سلێمانیشەوە کرا.
ئاوێنه: بەپێی راگەیەندراوی کۆبونەوەکە، رایگەیاندوە، لە کۆبونەوەی ئەمڕۆی مەکتەبی سیاسیدا چەند تەوەرێکی بواری حزبی و هەڵبژاردنەکان تاوتوێکران، "کۆبونەوە وێڕای گفتوگۆ لەسەر چارەسەری بەپەلە و یەکێتییانەی گرفتە ناوخۆییە حزبییەکان و دیاریکردنی رێوشوێنی دروست بۆیان کرا لەناویشیاندا پاراستنی ئارامی و ھێمنی ھەرێمی کوردستان بە شاری سلێمانیشەوە".
ئاماژە بەوەشکراوە، "تەئکید لەسەر بەگەڕخستنی توانای ماددی و مەعنەوی مەکتەب و دەزگاکانی یەکێتیی کرایەوە بەرەو هەڵمەتێکی پڕ جۆش و خرۆشی پێکەوەیی و دیموکراتییانە بۆ سەرخستنی لیستی هاوپەیمانی کوردستان کە لیستی هاوبەشی بزوتنەوەی گۆڕان و یەکێتییە لە هەڵبژاردنی داهاتوی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا".
لەراگەیەندراوەکەدا ئەوەش هاتوە، "مەکتەبی سیاسی گشت مەکتەب و مەڵبەندەکان و ئۆرگانەکانی یەکێتیی راسپارد کە هاوشانی ئۆرگانەکانی بزوتنەوەی گۆڕانی هاوپەیمان پەیوەستی میحوەر و بازنەکانی هەڵبژاردن بن، کە ئەرکی هەرە لە پێشینەیانە بۆ سەرخستنی کاندیدەکانی هاوپەیمانی کوردستان لە هەمو بازنەکانی هەڵبژاردندا، چونکە سەرکەوتنی هاوپەیمانی کوردستان ئاسۆیەکی رون و نوێ لەبەردەم گەلی کوردستان دەکاتەوە بۆ پەرەپێدانی خەباتی پەرلەمانی و دیموکراتی و لەپێناو چارەسەرکردنی کێشەکانی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدڕاڵ بە کێشەی ناوچە جێناکۆکەکانەوە کە هەر بە بژاردەی گفتوگۆ و رێوشوێنی سیاسی دەگەیەندرێتە ئەنجام".