رۆڵی بازرگانە مسوڵمانەکان لە بازرگانیکردن بە کۆیلەوە
  2021-08-26       547       

نووسینی : مارکۆ مارتین
لە ئەڵمانییەوە: ئەردەڵان عەبدوڵڵا

 

بازرگانە عەرەبەکان، پاشا عوسمانییەکان، کۆمپانیا پورتوگالیی و ئینگلیزەکان، بە بازرگانیکردنی کۆیلە بۆ زەریای هیندی، خەڵکانێکی زۆریان بۆ ئەم مەبەستە بەکاردەهێنا. ئەمەش مێژوونووس «Michael Mann میشائیل مان»   لە کتێبێکدا ئەم راستیانە دەردەخات.
لە بارەی قۆناغی «کۆیلەداری»ەوە، ئێمە تەنها کۆمەڵێک وێنەمان لەبەرچاوە، کە زیاتر ئەوەش لە رێگەی چەند فیلمێکەوە ئەم وێنانەمان لا دروستبووە، بۆ نموونە فیلمی «Spartacus سپارتاکۆس» هەروەها فیلمەکەی «Steven Spielbergs ستیڤین شپیگلبێرگ   -Amistad ئامیشتاد» هەروەها لە رووی جوگرافیشەوە، ئێمە تەنها خاوەنی دیدگایەکی ئێجگار سنووردارین، کە ئەویش خۆی لە چەند وێنەیەک دەبینێتەوە: وێنەی کۆیلەیەکی نیمچە رووت لە ئەنتیک،  لەشێکی عارەقاویی هیلاک، لە یەکێک لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی بەرزایل یان ئەمریکا.

کتێبێک لەبارەی کۆیلەکانەوە
هەموو ئەم وێنە کورتبینانەی ئێمە (کە زۆرجاریش   مەرج نییە بە تەواوەتی هەڵەش بین) وای لە مێژوونووسێکی کەلتوریی بەرلینی « Michael Mann  میشائیل مان « کرد، کە بەدواچوونێکی ورد و دروست بۆ کێشەیەکی لەبیرکراو کۆنی « بازرگانیکردن بە کۆیلەوە» بکات و کتێبێک لەمبارەیەوە بنووسێت. کتێبەکەی ناوی « Sahibs Sklaven und Soldaten - سایب کۆیلە، سەرباز».  ئەم کتێبەش کارێکی نایاب و سەرنجڕاکێشە، کە  لەبارەی مێژووی بازرگانیکردن بە مرۆڤەوە لە ناوچەی زەریای هیندی دەدوێت.
« کاتێک بە وردی لەم دیاردەیە بکۆڵینەوە، دەگەینە ئەو دەرئەنجامەی کە،  کۆیلەکردنی خەڵکیی و بازرگانیکردن بە کۆیلەوە، لە ناوچە عەرەبییەکانی کیشوەری ئەفریقا و ئاسیا، ئەم بازرگانییە بۆ ناوچەکانی زەریای هیندی زۆر برەویی هەبوو، دیارە چەند فاکتەرێکی  ئابووریی، کۆمەڵایەتییش لە پشت ئەم بازرگانییەوە بوون، چونکە بەبێ بوونی کۆیلە، سیستمی کۆمەڵایەتیی و سیاسی و سەربازیی ئەم ناوچەیە نەیدەتوانی بەردەوامی بە ژیانی خۆی بدات، یان ئەوەتا زۆر بە زەحمەت دەیانتوانی بە بێ بازرگانی کۆیلە، بەردەوامی بە ژیانی خۆیان بدەن.»
دیارە ئەم بابەتە تەنها بۆ مێژوونووسەکان جێگەی گرنگی و بایەخپێدان نییە، بەڵکو  ئەم بابەتە بەرەو پرسیارێکی گرنگترمان دەبات: بۆچی تەنها خەڵكی ئەو وێنەیەیان لایە کە لە قوتابخانەکان و زانکۆکاندا دەیخوێنین، ئەویش تەنها باس لەو ملیۆنان کۆیلە ئەفریقاییانە دەکات، کە خراونەتە ناو پاپۆڕەکانی دەوڵەتە خۆرئاوایییەکانی ئەوروپا و بۆ ناوچە کۆڵۆنیاکانی، هۆڵەندی، فەرەنسی، بەریتانی، پورتوگالی، لە ناوچەی کاریبیک و کیشوەری ئەمریکا  براون، هەتاوەکو مردنیش دەبوایە ئەم کۆیلانە لەناو پاپۆڕەکاندا سەوڵ لێبدەن. 

راوچییە ئەفریقییەکان راوی ئەفریقییەکان دەکەن
دیارە یەکەم وەڵاممان بۆ ئەو پرسیارەی سەرەوە، دەتوانین بڵێین هۆکارێکی سیاسیی رووتە: چونکە لە ناوچەی زەریای هیندیدا بۆ نموونە لە ناوچەی « زنجبار» دا، لێرە ئەم ناوچانە دەکەوتنە ژێر فەرمانڕەوایی  سوڵتانی عومانەوە، ئەمانیش عەرەبی مسوڵمان بوون، هەروەها راوکردنی خەڵکی ئەفریقیی و کردنیان بەکۆیلە، لەلایەن سپی پێستەکانەوە نەبووە، بەڵكو لەلایەن هەندێک خێڵ و ئێتنیکی ئەفریقییەوە ئەم کارە کراوە. 
دوایین دەرئەنجام و وەڵامی کۆتایی ئەم پرسیارەش ئەوەیە:  بە حوکمی ئەوەی دەوڵەتە خۆرئاواییەکان دانیان بە تاوانەکانی خۆیاندا ناوە، کە لەو ماوەیەدا کردوویانە، بەشێوەیەکی زۆر توندڕەوانەش «رادیکاڵانە»، رەخنەیان لە خۆیان گرتووە، بە جۆرێک لە زانکۆکانیاندا هیچ وەختێک لە کاتی لێکۆڵینەوە و توێژینەوە سەبارەت بە بابەتی «بازرگانیکردنی بە کۆیلەوە»  تەنها و تەنها خۆیان بە تاوانبار زانیوە، هەتا لەم دواییانەدا لێکۆڵینەوەی نوێ سەبارەت بەم بابەتە کراوە.

کۆیلەی ماڵداری
پێدەچێت ئەمە کارێکی جوامێرانە بێت، کە ئێمە دەرئەنجامێکی نوێمان دەستکەوتووە، ئەویش لە رێگەی ئەو لێکۆڵینەوەیەی کە یەکێک لە مامۆستاکانی زانکۆی Humboldt Universitat ئەویش « Michael Mann میشائیل مانن». ئەو توانی نیوەی راستییەکانمان بە جوانی بۆ دەربخات. بە پێچەوانەی ئەو جۆرە کۆیلایەتییەی کە لە ئەمریکا هەبوو، کە زیاتر « کۆیلەداری کێڵگەیی» بوو، بەڵام لە زۆربەی ناوچەکانی زەریای هیندیدا « کۆیلەی ماڵداری» هەبوو.
بە جۆرێک کاتێک لە ناوەڕاستی سەدەی نۆزدەهەمدا، بەریتانییەکان و فەرەنسییەکان لە رووی یاساییەوە کۆیلەدارییان قەدەغەکرد، بەڵام  هێشتا لەناو کۆڵۆنیاکانیاندا، نەریتی کۆیلەداری هەر ماوە.

کۆیلەداری لە کۆڵۆنیاکانی بەریتانیا
چ لە بەنگال، یان لە ئاسام، نیپاڵ، یان لە مەدەغەشقەر، کۆیلەکان یان ئەو کۆیلانەی کە لە ماڵەکاندا هەبوون، هەموویان «رەش پێست»  بوون، کە هەتا ئەم ساڵانەش، ئەمە کارێکی ئاسایی و ئابووریی ئەم ناوچانە بووە. ئەمەش بەردەوام بووە تا ساڵی 1925، لەو کاتەدا دەسەڵاتدارانی کۆڵۆنیالیستی بەریتانی لەم ناوچەدا بوون، لەهەمان کاتیشدا بە حوکمی ئەوەی ئەندامی « کۆمەڵەی گەلان . عصبة الامم» بوون، ناچاربوون کە  کۆیلایەتی نەهێڵن و تەنانەت بۆئەوەی لە باکووری «بۆرما» کۆتایی بە کۆیلایەتی بهێنن، ناچاربوون رێگەی سەربازیی بەکاربهێنن، لەوێندەر گەلێکی شاخاویی، بۆ ماوەی سەدان ساڵ، کۆیلەکردنی ئێتنییە بچووکەکانی دەوروپشتیان، ببووە نەریتێکی ئاسایی ئەو گەلە.
لەپەنا بوونی ئەم «کۆیلەداریی ناو ماڵان»  راوکردنی کۆیلەش لە هەندێک شوێنی تردا بەردەوام بوو، کە ئەمەش وایکرد هەزاران کۆیلە لە رێگەی دەریاوە بە تۆپزی بهێنرێتە ئەم ناوچانە، بەڵام لێرەدا کۆمەڵێک پرسیاری گرنگ قووت دەبێتەوە:
ئاخۆ بە تەواوەتی ئەم کۆیلانە لە کوێوە دەهێنران؟ کێ ئەم کۆیلانەی دەگرت؟ کێ دەیفرۆشت و کێش دەیکڕین؟ ئاخۆ ئەو کۆیلانە چ چارەنووسێک  چاوەڕێی دەکردن  لەم ناوچانەدا، لە کاتێکدا کە بە کاروان و پاپۆڕ بۆ ئەم ناوچانە دەگوێزرانەوە؟


سەرچاوەی کۆیلەکان کوێ بوون؟

بەپێی ئەو نەخشە رێگە ئاوییانە و رێگەی بازرگانییە بێت کە وەک « Michael Mann میشائیل مان» دەریخستووە، ئەم بازرگانییە بەتایبەتی لەسەرەتای سەدەی 15ـەمەوە زۆر بە بەهێزی دەستیپكردووە و بازاڕی هەبووە. بە پێی ئەو نەخشانە بێت، ئەو خەڵکانە لە کەنارەکانی خۆرهەڵاتی ئەفریقاوە رفێنراون و کراون بە کۆیلە، پاشان بە گروپ هێناویانن بۆ ناوچەکانی «کەنداو، دەوڵەتی عوسمانی، ئێران، بەتایبەتی شاری «بەندەر عەباس» کە رۆڵێکی ئێجگار سەرەکی  بینیووە لەم بازرگانییەدا، رێک وەک چۆن جاران شاری «بەسرە»ی باشووری عیراق  ئەم رۆڵەی گێڕاوە.

 

 ٪6 ی هەموو دانیشتوانی وڵات
بەپێی توێژینەوەکانی پسپۆر و لێکۆڵینەوەکان بێت، وا مەزندە دەکرێت کە لە ساڵی 1722، نزیکەی ٪6 ی دانیشتوان کۆیلە بوون کە لە کەنارەکانی خۆرهەڵاتی ئەفریقاوە بۆ ئەم ناوچانە گوێزراونەتەوە. لەوێندەر وەکو کرێکاری «گەڕان بە دوای مرواری، ماسیگر، کارکردن لە کێڵگە کشتوکاڵییەکان، خزمەتکاری ناو ماڵان» کاریان بەو کۆیلانە کردووە.
هەرچەندە بە تێپەڕبوونی کات، هەندێک رەوشی ژیانی کۆیلەکان گۆڕا، بەڵام هێشتا بە روونی سنووریان بۆ دیاریی نەکرا، ئاخۆ ئەمانە وەکو « کۆیلە» یان نیمچە « کۆیلەی ئازاد» مامەڵەیان لەگەڵدا دەکەن. زۆرجار دەبوونە ئەندامی ئەو خێزانەی کە کۆیلەکەی کڕیووە و دەبوونە موڵکی ئەو خانەوادەیە، زۆرجاریش وەکو سامان و موڵکی خێزانەکە سەیری کۆیلەکان دەکرا.
دیارە کاتێک باسی ئەم بابەتە دەکەین، مرۆڤ هیچ خۆشحاڵ نابێت  یان کاتێک  ئەو دیمەنانە دەبینێت، ئەم نەریتی کۆیلەدارییە و چەوساندنەوەی مرۆڤە، کە بۆتە کۆڵەکەی سەرەکی نەریتەکانی ناوچەکە، کە زۆرجار  کۆیلەکان وەکو ئەو کۆیلانە ژیاون کە لە کانەکانی خەڵوز و ئاڵتونی باشووری ئەفریقا یان کۆیلەکانی کێڵگە کشتوکاڵییەکانی  ویلایەتەکانی باشووری ئەمریکا بە زۆرەملێ کاریان پێدەکردن.
جێگەی ئاماژەیە ئەم  نەریتی کۆیلەداریی و بازرگانیکردن بە کۆیلەوە، هەتا ئێستاش لەم ناوچانەدا ماوە، بەتایبەتی لە وڵاتانی «سودان، و مۆریتانیا».
لە سەرەتاکانی سەدەی نۆزدەهەمدا، ئەم بازرگانییە ئێجگار گەشەی سەند و گەیشتبووە ترۆپکی: ساڵی 1820 کاتێک دەوڵەتی عوسمانی واز لە ویلایەتی میسر دەهێنێت و «محەمەد عەلی» دەبێتە فەرمانڕەوای  قاهیرە،  لە کێڵگەکانی قامیشی شەکر و لۆکەدا، بە هەزاران کۆیلەی ئەفریقی کاریان  پێدەکرا.
لەم کاتەدا ساڵانە 10 هەزار کۆیلە دەهێنران بۆ میسر و لە بازارەکاندا دەفرۆشران. لەلایەکی ترەوە لە دوورگەی «زنجبار» لە عومان، کۆیلەیان لە کێڵگەکاندا بەکاردەهێنا و بە زۆرەملێ کاریان پێدەکردن.
وا مەزندە دەکرێت  ساڵی 1860  نزیکەی  200 هەزار کۆیلە لە کێڵگە کشتوکاڵییەکانی عوماندا، کاریان پێکراوە.

 

مێژووییەکی ئینجیلی لەبارەی« هام»ەوە
لە دوورگەی « زنجبار» مەیدانێکی تایبەتی تێدابووە بۆ فرۆشتنی کۆیلە، کە بۆتە بازاڕێکی نێودەوڵەتی بۆ بازرگانییکردن بە کۆیلەوە. ئەم مەیدانەش لە ساڵی 1905 دا، گەیشتبووە ترۆپکی گەشەسەندنی. یەکێک لە بازرگانە گەورەکانی ئەم ناوچەیە ناوی « حەمەد بن موحەمەد ئەلموجەربی،» بووە  کە خاوەنی کێڵگەیەکی گەورەی کشتوکاڵی بوو لە ناوچەی « alias Tippu Tip عەلیاس تیپ و تیپ «. لەوێندەر کۆیلەی بەکارهێناوە.
پێش چەند ساڵێک، سەربووردەی ئەم پیاوە کرایە بابەتی رۆمانێکی رۆمانسی، نووسەری بەرلینی « Hans Christoph  هانس کریستۆڤەر» لە رۆمانە ناودارەکەیدا «  «Sansibar Blues»، زۆر بە جوانی باسیکردووە. ئەم دیاردەیە بۆ ماوەی سەدان ساڵ بەشێوەیەکی یاسایی بەردەوام بووە.
جێگەی ئاماژەیە رفاندن و راوکردنی خەڵکیش لەناو « ئینجیل» دا هەیە، هەروەها لە لای ئیماندارە مسوڵمانەکانیش هەمان شت بووە. « هام « کە کوڕی سێهەمی  پێغەمبەر « نوح « بووە، بە حوکمی ئەوەی نەخۆش و رەش پێست بوو، زۆر  ئاسایی پاشتر کرا بە کۆیلە. بەم شێوەیەش رێگە خۆشکرا، لە رووی ئایینیشەوە کۆیلەداری بەردەوام بێت. بۆ بازرگانە عەرەبەکان و خاوەن کۆیلەکان، زۆر ئاسایی  خۆشبەختانە ئەم کارەیان دەکرد و پشتیان بە دەقە ئاینییەکان دەبەست.
ئێتنییە ئەفریقییەکانی ناوخۆی کیشوەری ئەفریقا، بەتایبەتی  ئەوانەی کە خاوەنی ئایینێکی « پتپەرستی « بوون، پێویستییان بە دەقێکی ئایینی نەبووە، بەتایبەتی لە ناوچەکانی  ( ناوەڕاست و خۆرهەڵاتی ئەفریقا، بەتایبەتی ئەوانەی کە دەکەونە نێوان ناوچەکانی « Sambesi und Ruvuma سامەسی و روڤوما )  خێڵەکانی» یاو، ماکوا، ماراڤا، Yao, Makua،»  Marava « شەڕیان لەنێوخۆیاندا دەکرد، بۆئەوەی کۆیلەیان دەستبکەوێت.

 


پێداویستییەکانی کێڵگە کشتوکاڵییە فەرەنسییەکان

ئەو کۆیلانەی کە لە ناوچەی « ساحل عاج» گرتبوویان، دەستکرا بە فرۆشتنیان بە بازرگانە پورتوگالییەکان، ئەوانیش  یەکسەر سواری پاپۆڕیان کردوون گواستوویاننەتەوە بۆ بەرزایل و لەوێندەر فرۆشتوویانن. ناوچە فراوانەکانی  ئەفریقا، کە ئەمڕۆ بە وڵاتانی « مۆزەمبیق، کۆنگۆ ، تەنزانیا و کینیا «  ناودەبرێن.
 ئەم ناوچانە بوونە مەیدانێکی گەورە، بۆ راوکردنی مرۆڤ و  لەم کارەش خەڵکانێکی زۆر سوودمەندبوون، بەتایبەتی خێڵە ناوخۆییە ئەفریقییەکان و بازرگانە ئەوروپی و عەرەبەکان.
ئەو خەڵکانەی کە بەم جۆرە راوکرابوون، لە ساڵی 1730 وە بازرگانە عەرەبەکان  دەیانخستنە ناو پاپۆڕەوە و  بەناو زەریای هیندیدا دەیانگواستنەوە بۆ مۆریتانیا کە پاشتر بەو کۆچەرە فەرەنسیانە دەفرۆشانەوە، کە هاتبوونە ئەم وڵاتەوە، ئەم کۆیلانەیان لە کێڵگە کشتوکاڵییەکاندا بە تۆپزی کاریان پێدەکردن.
جێگەی ئاماژەیە بەهەمانشێوەش لە دوورگەی « La Reunion  لە رونیۆن» فەرەنسیش  ئەم شتەی تێدا روودەدا.  دیارە لە کاتی خوێندنەوەی ئەم کتێبە مێژووییەدا، خوێنەر زیاتر تووشی سەرسامی دەبێت، بەتایبەتی کاتێک  ئەو دیمەنە قێزەونانە دەبینێت، بەڵام خوێندنەوەی ئەم کتێبە، نابێتە هۆی دروستبوونی حاڵەتێکی ناخۆش و بێزراکەر لای خوێنەر.
 لێرەدا نووسەر باس لە شیرازەی کۆمەڵایەتیی ئەو ناوچانە دەکات و قسە لەمەڕ کۆڵەکە سەرەکییەکانی ئەم کۆمەڵگەیانە دەکات کە خۆی لە سنووری: باشووری هیندستانەوە دەستپێدەکات، هەتاوەکو سنووری مۆریتانیا، کۆیلەکان بە تۆپزی سواری کەشتی کراون و گوێزراونەتەوە. ئەمانیش هەمان چارەنووسی ناخۆشی کۆیلەی کەنارەکانی خۆرئاوای ئەفریقایان هەبوو.
تاکە جیاوازی لە نێوان ئەم دوو جۆرە سیستمی کۆیلەدارییەدا ئەوەبوو:  ئەو کۆیلانەی کە لەلایەن »سپی پێستەکانەوە» دەکڕران، بۆیان هەبوو لەناو خۆیاندا خێزان دروستبکەن و پاش چەند ساڵێکیش  دەکرا ئازادانە بژین، لێ کۆیلەکانی زەریای هیندی، لە ئورودگایەک یان بەندیخانەیەک قایم دەکران، ژنەکانیش دەفرۆشران بەو پیاوە پیرانەی کە خەڵکی وڵاتەکە بوون، ئەم پرۆسەیەش تا کۆتایی سەدەی نۆزدەهەم  بەردەوام بووە.

کەشتیی هەڵمین بۆ راوکردنی کەشتیی کۆیلەکان
هەرچەندە لەوکاتەدا ئیمپراتۆریی ئەڵمانی، بەشێوەیەکی زۆر کەم قسەی لە بارەی « زنجبار»ەوە کرد، بەڵام بەشێوەیەکی جددی، هیچ هەنگاوێک لە دژی نەمانی « کۆیلەداری» نەنا. هۆکاری ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆئەوەی کە :
« بەرپرسانی کۆڵۆنیالی ئەڵمانی، بەشێوەیەکی جددیانە نەیاندەویست، دەست بۆ کۆیلەداریی و بازرگانییکردن بە مرۆڤەکانەوە بەرن، چونکە دەترسان لەناو چینی ئەرستۆکراتی ئەڵمانیدا کێشە دروستبێت، چونکە بەشێکی زۆریان خەریکی بازرگانییکردنی کۆیلە بوون.»
کاتێک کۆڵۆنیالیزمی ئەوروپی کۆتایی بە سیستمی کۆیلەداری هێنا، بازرگانە عەرەبەکان بەتەواوەتی کۆنترۆڵی ئەم کارەیان کرد بوو، ببووە پیشەی سەرەکیان. لە بارەی ئەم دەبڵ مۆڕاڵییە» یان دووڕووییە»  دەتوانین نموونەیەک بهێنینەوە: لە کەنارەکانی دوورگەکانی مالیزیا، کەشتییە هەڵمینەکانی بەریتانیا، دەستیانکرد بە راوکردنی ئەو کەشتیانەی، کە بازرگانە عەرەبەکان ، پڕیانکردبوو لە کۆیلە، بەتایبەتی لە ناوچەی «Dhaus دهواس» .
لەمبارەیەوە کەپیتانی بەریتانی « Joseph Conrad جۆزێف کۆنراد، جگە لەوەی کەپیتان بوو، نووسەری رۆمانیش بوو، لە کۆتایی سەدەی نۆزدەهەمدا، ئەم کارەی کردۆتە بابەتی سەرەکی رۆمانەکەی.
جێگەی ئاماژەیە کۆتایی هێنان بە بازرگانییکردنی کۆیلە، لە سنوورەکانی زەریای هیندی، هیچ پەیوەندی بە پڕەنسیبە مۆڕاڵییەکانەوە نەبوو، بەڵکە هۆکارێکی بنەوانی ئابووریی لەپشت ئەم سیاسەتەوە بوو. دەتوانین روونتر بڵێین:
« راوکردنی مرۆڤ و پاشان گواستنەوەی بۆ شوێنێکی تر و چاودێری کردنیان، زیاتری تێدەچێت، هەتاوەکو بەشێوەیەکی « ئازادانە» لە رێگەی پێدانی کرێیەکی ئێجگار کەمەوە، دەتوانیت باشتر ئەو مرۆڤە بیکەیتە کۆیلە.  ئەم رێگەیەش لەوی تریان زۆر ئابڕوومەندانەتر دێتە بەرچاوی خەڵکی.
لەبەرئەوەی « Michael Mann  میشائیل مان» کتێبەکەی بەشێوەیەک نووسیوە، کە دوورە لە خۆبەستنەوە بە ئایدیۆلۆجیاوە و بابەتەکەی بەشێوەیەکی ئەکادیمیانە باسکردووە، توانیوویەتی بەبێ هیچ پێچ و پەنایەک و بەشێوەیەکی راستەوخۆ، دەرئەنجامی تەواو دروست، لەبارەی  چەوساندنەوەو نەچەوساندنەوەی هێزی کرێکاران دەربخات.
هەرلەبەرئەوە هیچ ئاینێک، هیچ نەتەوەیەک، یان ئێتنێک، ناتوانێت  لەبارەی « کۆیلەکردنی مرۆڤەوە»  خۆی بەبێ گوناح  و بێتاوان لە قەڵەم بدات و خۆی لە بەرپرسیارێتی مۆڕاڵی « ئەخلاقی» ، لەمەڕ ئەم پرسەوە بدزێتەوە و پەنچەی مۆڕاڵیستی بۆ خەڵکی تر درێژ بکات.


سەرچاوە: www.welt.de

زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×