سەرۆکی شارەوانی کابول هێشتا سەرۆکی شارەوانییەو ڕەخنە لە تاڵیبان و سەرۆکە هەڵاتوەکەش دەگرێت
  2021-08-26       1964       

ئا: ئاوێنە، دەنگی ئەمریكا:

محەممەد داود سوڵتانزۆی سەرۆکی شارەوانی کابولی پایتەختی ئەفغانستانە و هەرچەندە تاڵیبان ئەوی لەسەر کارەکەی هێشتوەتەوە، لێدوانێکی ئاگادارکەرەوەی بۆ ئەم گروپە چەکدارە دەرکردوە.

سوڵتانزۆی ڕۆژی دوشەممە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ بەشی ئەفغانی دەنگی ئەمەریکادا گوتی" ئەگەر تاڵیبان گوێ بە داواکارییەکانی خەڵک نەدات ئەوا ئەوانیش وەک یەکێک لەو گروپانە دەبینرێن کە بانگەشە بۆ بەرژەوەندی ئاینی و نەژادی و ناوچەیی دەکەن و "زیان بە ناوبانگیان دەگات."

سوڵتانزۆی سیاسەتمەدارێکی دیارە و هیچ پەیوەندییەک نایبەستێتەوە بە تاڵیبانەوە، دوابەدوای ئەوەی لە 15ی مانگی هەشتدا تاڵیبان بە خێرایی لە کابول دەسەڵاتی گرتەدەست لەنێو ئەو چەند بەرپرسە باڵایانەدا بو کە ڕێگەیان پێدرا لەسەر کارەکانیان بمێننەوە، بەڵام زۆربەی سەرکردەکانی تر دەستیان لە کارکێشایەوە یان لە وڵات هەڵهاتن.

سوڵتانزوێ گوتیشی تاڵیبان ڕۆژێک دوای ئەوەی چونەتە ناو پایتەختەوە پەیوەندیـیان پێوە کردوە و داوایان لێکردوە درێژە بە کارەکەی بداتن بۆیە ئەویش چوەتەوە سەر کارەکەی. شایەنی باسە کابولی پایتەخت نزیکەی 5 ملیۆن کەس دانیشتوانەکەیەتی.

وتیشی لە کارەکەی بەردەوام دەبێت هەتا ئەو کاتەی ڕێگەی پێ دەدەن. جەختی کردەوە کە ئەو تەنها خزمەتکاری خەڵکەکەیەتی و وتی" ئەمە وڵاتی منە. من لەگەڵ هیچ کەس و گروپێک کارناکەم. من خزمەتی خەڵکی شارەکەم دەکەم، من خەڵکی کابولم و لە کابول دەژیم."

لە ڕێگەی ڕاهێنانەوە سوڵتانزوی بوە بە فڕۆکەوانی فرۆکەی مەدەنی، لە ساڵی 2005 تا 2010 وەک ئەندامی پەرلەمانی ئەفغانستان خزمەتی کردوە وە لە ساڵی 2014 دا خۆی پاڵاوت بۆ سەرۆک کۆمار بەڵام سەرکەوتو نەبو، ئەشرەف غەنی لە ساڵی 2014 هەڵبژاردنەکەی بردەوە. دواتر سوڵتانزۆی وەک ڕاوێژکاری یەکەم دیاریکرد بەر لەوەی لە مانگی سێی 2020 دا بۆ سەرۆکی شارەوانی پایتەخت دەستنیشانبکرێت.

وەک زۆرێک لە هاوپەیمانە کۆنەکانی غەنی، سوڵتانزۆی ڕەخنەی لە سەرۆک کۆمارە هەڵهاتوەکە گرت بەوەی کە بەبێ ئاگادارکردنەوەی ئەندامانی حکومەتەکەی هەڵاتوە.

سوڵتانزوێ وتیشی"ئێمە وەک ئەندامانی کابینەکە دەبو ئاگادار بکراینایەتەوە. بەلایەنی کەمەوە دەبوایە کۆبونەوەیەکمان بکردایە."

لە پەیامێکی ڤیدیۆییدا لە 18ی ئەم مانگەدا لە ئیماراتەوە، لەو وڵاتەی کە ئێستا لێی دەژی، غەنی بەرگری لە بڕیارەکەی کرد و وتی"ناچار بوە ئەفغانستان بەجێبهێڵێت" بۆ ئەوەی خوێن نەڕژێت.

سوڵتانزۆی گوتی لە کاتێکدا زۆربەی جیهان جەخت لە چۆڵکردنی هەزاران ئەمەریکی و ئەفغانی لە کابۆل دەکەنەوە و لە کاتێکدا ئەفغانستان هێشتا حکومەتێکی نوێی نیشتمانی پێکنەهێناوە، بەڵام بەرپرسانی شار بەردەوامن لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان.

وتیشی"ئەمڕۆ و دوێنێ تەنها دەستمانکرد بە لابردنی بەربەستەکانی (شەقام و شۆستەکان)" هەر بە گەڕانەوەی ئاسایش، پێویستە هەمو ئەم بەربەستانە لاببرێن."

وتەبێژی تاڵیبان زەبیحوڵا موجاهید ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا لە کابول ڕایگەیاند؛ شارەوانیش دەستیکردوە بە کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک.

سوڵتانزۆی وتیشی هەرچۆنێک بێت، کێشە هەیە، چەند هاوڵاتییەکی شارەکە سودیان لەو بۆشایـیە ئاسایشیـیە وەرگرتوە و بەم دواییانە لە شەودا دەستیانکردوە بە دروستکردنی خانوی نایاسایی.

وتیشی، لە کاتێکدا تا ئێستا تاڵیبان حکومەتی نوێیان پێکنەهێناوە، پاش ئەوەی چەکدارەکان دەستیان بەسەر شارەکەدا گرت؛ دەستیانکردوە بە دامەزراندنی ئەفسەری نوێی پۆلیس بۆ جێگرتنەوەی هەزاران کەس کە کارەکانیان بەجێهێشتوە؛ موجاهید وتیشی فەرماندەی پێشوی پۆلیسی هاتوچۆی کابول گەڕێنراوەتەوە بۆ سەر پـۆستەکەی.

سوڵتانزەوی دەڵێت؛ " کابول حکومەتی شاری هەیە پێویستە ڕێگە بەم حکومەتە بدرێت کاربکات." بۆیە وازم لە کارەکەم نەهێنا، چونکە ئەگەر کارەکەم بەجێبهێڵم ئەوە زۆر نابەرپرسانە دەبو، وەک کردەوەیەکی خیانەتکارانە سەیردەکرا."

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×