سەركردەو نوێنەری هێزە سیاسییەكانی عێراق، ئەمڕۆ چوارشەممە، لە
كۆبونەوەیەكدا بە ئامادەبونی سەرۆك كۆمار، سەرۆك وەزیران، سەرۆك و ئەندامانی
كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان و نوێنەری تایبەتی سكرتێری گشتی نەتەوە
یەكگرتوەكان لەعێراق، "پەیماننامەی رەفتاری ھەڵبژاردن"یان ئیمزاكرد
ئەوەش "لەپێناو پاراستنی پاکوبێگەردی دەنگدان و مسۆگەرکردنی ھەلی یەکسان بۆ
کاندیدەکان."
ئاوێنە: بەپێی
راگەیەندراوێكی سەرۆكایەتی كۆمار، بەرهه‌م ساڵح، سه‌رۆك كۆماری عێراق، ئه‌مڕۆ
چوارشه‌ممه، له كۆشكی به‌غدا میوانداری كۆبونه‌وه‌یه‌كی به‌رفراوانی كرد كه هه‌ریه‌ك
له مسته‌فا كازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق و سەرکردە و نوێنەری ھێز و لایەنە سیاسییەکان
و سەرۆک و ئەندامانی کۆمیسۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان و جینین پلاسخارت، نوێنه‌ری
تایبه‌تی سکرتێری گشتی نه‌ته‌وه یه‌كگرتوه‌كان له عێراق ئامادەی بون.
بەگوێرەی
راگەیەندراوەكە، "له كۆبونه‌وه‌كه‌دا ئیمزای پەیماننامەی ره‌فتاری
هه‌ڵبژاردن كرا کە لەلایەن سەرۆکایەتی کۆمارەوە پێشکەش کراوە، سه‌بارەت به‌و بنەمایانەی
پێویسته پارته سیاسییه‌كانی عێراق له پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردندا پێی پابه‌ندبن، تاوه‌كو
پاكوبێگه‌ری و سه‌لامه‌تی هه‌ڵبژاردنه‌كان پارێزراوبن و به‌شێوه‌یه‌كی راست و ره‌وان
به‌ڕێوه‌بچێت."
لە پەیماننامەکەدا جه‌ختکراوەتەوە له خۆلادان له ململانێكان و ده‌سته‌به‌ركردنی
به‌شداری بەرفراوانی خەڵک له هه‌ڵبژارنه‌كاندا، ھەروەھا پاراستن و مسۆگەرکردنی هه‌لی
یەکسان بۆ کاندیدەکان، بۆ ئەوەی پەیماننامەکە گفتوگۆی گشتگیری لەبارەوە بکرێت لەنێو
ناوەندە کۆمەڵایەتییەکان لە گشت پارێزگاکان بۆ بەهێزکردنی پرۆسەی هەڵبژاردنەکان.
لە کۆبونەوەکەدا به‌رهه‌م ساڵح رایگەیاند، هه‌ڵبژاردنی ئه‌مجاره‌ی عێراق
چاره‌نوسساز و مێژوییه، ھەروەھا بڕیارێكی نیشتمانی عێراقی له پشته كه به‌شێوه‌یه‌كی
پێشوه‌خته ئه‌نجام بدرێت، تاوه‌كو ته‌نگژه سیاسییه‌كانی ئێستای وڵات تێپه‌رێنێت.
به‌رهه‌م ساڵح هێمای بۆ ئەوەش كرد"پەیماننامەکە دوپاتدەکاتەوە لەگرنگی
پاراستنی یاسا و رێسا ده‌ستورییه‌كان و ھێنانەئاراوەی ژینگه‌یه‌كی ئارام بۆ هه‌ڵبژاردنه‌كان
و هه‌لی یەکسان بۆ کاندیدەکان له هه‌ڵبژارده‌كاندا و زامنکردنی جێبەجێکردنی رێنماییه‌كانی
كۆمیسیۆنی هه‌ڵبژاردنەکان و رێگریكردن له دیارده نەرێنییەکان کە كاریگه‌ری بۆ سه‌ر
بڕیاری ده‌نگده‌ر ھەیە، وه‌ك به‌كارهێنانی پارەی سیاسی و ترساندنی هاوڵاتییان و یاریكردن
به ده‌نگدان و ساختەکاری."
به‌رهه‌م ساڵح جەختی كردەوە كه "پابه‌ندبونی هێز و لایەنە سیاسییه‌كان
به‌و پەیماننامەیە پشكداری ده‌كات له باش به‌ڕێوه‌چونی پڕۆسه‌ی هه‌ڵبژاردنه‌كان."
ھاوکات ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا كه "گه‌لی عێراق و كۆمه‌ڵگەی نێوده‌وڵه‌تی
به وردی چاودێری هه‌ڵبژارنه‌كان ده‌كه‌ن و ئێمەش هیواخوازین ئه‌و ئه‌ركه‌ی سه‌رشانمان
به باشی جێبه‌جێ بكه‌ین و هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ش ببێته نمونه‌یه‌كی جوانی دیموكراسی
بۆ ده‌ستاوده‌ستكردنی ئاشتییانه‌ی ده‌سه‌ڵات."
لەلای خۆیەوە مستەفا کازمی، سه‌رۆك وه‌زیرانی عێراق رایگەیاند، پەیماننامەی
رەفتاری ھەڵبژاردن، بە‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی گرنگەو شایسته‌ی پشتیوانی و پاڵپشتیکردنە،
ھەروەھا به‌ڵگه‌نامه‌یه‌كی ویژدانییه و ده‌بێت ھەموان پێیه‌وه پابه‌ندبین، ھەروەک
ئه‌وه‌شی راگەیاند، كه ھیچ بژاردەیەکی دیکە لە بەردەم عێراقییەکان نییە جگە لە هه‌ڵبژاردن،
بۆیە ده‌بێت هه‌موان به نیازپاكییەوە هه‌وڵی سه‌رخستنی ئەنجامەکانی بدەین، ھەر بۆیە
حکومەت لایەنگری ھیچ کەس و لایەنێک ناکات جگە لە خواستی دەنگدەران.
سەرۆک وەزیران ئەوەشی خستەڕو، حکومەت هەمو ئەرکەکانی بەرامبەر بە کۆمسیۆن جێبەجێکردوە
و پێویستە مامەڵەیەکی تەندروست لەگەڵ ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان بکرێت، ھەروەھا دوپاتیکردەوە
کە پێویستە لەسەر ھەموان بە بەرپرسیارییەتییەوە مامەڵە بکەن بۆ خزمەتکردنی گشتی و
دوبارە نەبونەوەی ھەڵەکانی رابردو.
هەر بەپێی
راگەیەندراوەكە، لای خۆیانه‌وه هه‌ریه‌ك له سه‌ركرده و نوێنه‌ری هێز و
لایەنە سیاسییه‌كان پابه‌ندی خۆیان به بنه‌ماكانی پەیماننامەکە دوپاتكرده‌وه‌و جه‌ختیان
له‌وه‌ش كرده‌وه كه ده‌بێت هه‌مو لایه‌ك کەشێکی گونجاو و له‌بار بۆ سه‌رخستنی پڕۆسه‌ی
ده‌نگدان بڕه‌خسێنن، پشتیوانی خۆشیان بۆ كۆمیسیۆنی باڵای هه‌ڵبژاردنه‌كان ده‌ربڕی
له سه‌رخستنی پڕۆسه‌كه و ئه‌نجامدانی ئه‌ركه‌كانی سه‌رشانیان و پاراستنی مافی دەنگدەران
له‌وه‌ی ئازادانه نوێنه‌ره‌كانی خۆیان هه‌ڵبژێرن.