ئەندامێكی كۆمیتەی شەهیدانی پەكەكە لە سلێمانی "تیرۆركرا"
  2021-09-17       1521       

میدیاكانی نزیك لە پەكەكە، بڵاویان كردەوە، سەعات 9ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ هەینی، لە گەڕەكی چوارچرای شاری سلێمانی، شوكری سەرحەد، ئەندامی كۆمیتەی ماڵباتی شەهیدانی پەكەكە، لەلایەن کەسانی نەناسراوەوە درایە بەر دەستڕێژی گولـلەو "تیرۆر كرا."

ئاوێنە: بەپێی ماڵپەڕی رۆژ نیوز، "یاسین بولوت" ناسراو بە "شوکری سەرحەد" ماوەیەکە، بەهۆی کێشەی تەندروستییەوە، هاتبوە شاری سلێمانی.

دوای تیرۆركردنی، هێزەکانی پۆلیس گەیشتنە شوێنی روداوەکە و تەرمی شەهید "شوکری سەرحەد"یان گواستەوە بۆ پزیشکی دادی سلێمانی.

میدیاكانی پەكەكە دەڵێن "هێرشەکە لەلایەن دەزگای سیخوڕیی دەوڵەتی داگیرکەری تورک- میت،ـەوە ئەنجامدراوە."

یاسین بولوت كێیە؟

یاسین  بولوت ساڵی ١٩٥٧ لە شاری قەرسی باکوری کوردستان لەدایک بوە.

ساڵی ١٩٧٨ پەکەکەی ناسیوەو لە کاتی کۆدەتاکەی ١٢ی ئەیلولی ١٩٨٠ـدا لە تورکیا دەستگیرکراوەو لە زیندانی ئامەد زیندانی کراوە.

یاسین بولوت لەوێ لەگەڵ کادێران و پێشەنگانی پەکەکە، لەدژی کردەوە فاشیستییەكانی توركیا بەرخۆدانێکی مێژویی نیشاندەدات و سەر  ناچەمێنێت.

ساڵی 1991 ئازاد دەبێت و رو لە چیا ئازادەکانی کوردستان دەکات.

-ماوەی 15 ساڵیشە وەک ئەندامی کۆمیتەی شەهیدانی پەکەکە کاری کردوە.

 

 




زۆرترین بینراو
© 2025 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×