ڕابوونێکی تر: بەدرخانییەکان‌و میللییەکان‌و ڕەگی خێڵەکیی ناسیۆنالیزمی کوردی لە سووریادا
  2021-09-22       712       
ماڵباتی بەدرخان

ستێفان وینتەر - زانکۆی کوێبیک – مۆنتریاڵ / کەنەدا
لە ئینگلیزییەوە: محەمەد حەمەساڵح تۆفیق


پێشەکی

لێکۆڵینەوە لە ناسیۆنالیزمی کوردی و مێژووی لە سووریادا زۆر کاریگەر بووە بە دۆخی ئێستا لەم سالانەی رابوردوودا، لە دەرکەوتنی کوردەکانی عێراق وەک کیانێکی نیمچە سەربەخۆ لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا و بۆ سووککردنێکی زۆری ئەو کۆت و پێوەندانەی سەپابوون بە سەر زمان و چاپەمەنیی کوردیدا لە تورکیا و تا گەڕێکی نوێی هەوڵ و تێکۆشان لەپێناوی رزگاریی سیاسی لە سووریا خۆیدا. لە هەریەک لە ناوچەکەدا و لە ناو کۆمەڵگە گرنگەکانی کۆچبەراندا لە سوێد و ئەڵمانیا بەرهەمێکی بێپێشینە هەیە لە گۆڤارە میللییەکان و یاداشت و بەڵگەنامەی تایبەت سەبارەت بە کولتوور و مێژووی کورد، لەکاتێکدا کەوا کۆمەڵێکی گەشەکردووی کاری توێژینەوەی پسپۆڕ ئەمڕۆ لە ناوەندە ئەکادیمییەکانی رۆژئاوادا جێگەی خۆیان کردووەتەوە. زۆرێک لەم بەرهەمە ئەدەبییانە بەشێوەیەکی بەرچاو بایەخیان بە ئیکۆنەکانی بنیاتنانی ناسنامەی نیشتمانیی / نەتەوەیی کورد داوە لە چەرخی نوێدا و چاویان خستووەتە سەر نووسەران و چالاکوانان و ئەو سەرکردە سیاسییانەی کە هەوڵدانی داستان ئامێزیان بەرجەستە کردووە لەپێناوی مافەکانی تەواوی گەلێکدا و دانپیانانی. لەم رووەوە شوێنێکی دیاری داگیرکردووە بەشێوەیەکی نەگونجاو لەگەڵ مێژووی ناسیۆنالیزمی کوردیدا، کە تێیدا و لە سایەی حوکمی ماندێتی فەرەنسیدا رۆڵی خانەخوێی بینیوە بۆ ئەو جووڵانەوە ئەدەبی و رۆشنبیرییەی هەوڵی یەکخستنی زمانی کوردیی کرمانجی دەدا و خەبات و تێکۆشانی خۆی جۆشدەدا لەپێناوی سەپاندنی چارەنووسی کورددا بەو پێیەی کەوا کێشەیەکی سیاسیی سەرەکییە لە ناوچەکەدا. بە شێوەیەکی تایبەتیش، ئەو چالاکییە رۆژنامەگەرییە پێشەنگانەی هەردوو بەدرخانی برا لە دیمەشق و بەیروت، لەگەڵ بەرنامەی خوێندن و رۆشنبیری کە لەگەڵ سەرکردەکانی تری کورددا دەستیان پێکردبوو لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتیی کۆمیتەی خۆیبووندا، بوون بە مۆرکێک بۆ سووریا و لوبنان نەک هەر وەک نیشتمانی دایک بۆ بووژانەوەی ئەدەبی عەرەبی لە سەدەی نۆزدەدا، بەڵکو بە ئەندازەی گرنگیش کە بەڕاستی ناوی لێبنێین رابوونی کوردی لە سەدەی بیستەمدا.
 بەهەرحاڵ، چڕکردنەوەی بایەخپێدانی مێژوونووسان بە کەسایەتییە رووناکبیرە دەرکەوتووەکان لە ڕابوون یان ڕێنیسانسی کورددا ڕەنگە بە شێوەیەکی تاکلایەنە چاوی خستبێتە سەر کاراکتەری ترانسناسیۆناڵی خەباتی کورد لە سووریادا، کە تێیدا بەدرخانییەکان وەک کۆچبەری سیاسی دەرکەوتن و لە پاریس و لۆزان جێگیر بوون و کۆمیتەی خۆیبوون وەک حکوومەتێکی دوورخراوەیی ئامانج و بەرژەوەندیی سەرەکیی دەکەوتە ئەمدیو و ئەودیوی سنوورەکانی    عێراق و تورکیاوە. ئەمانج لەم هەوڵ و بەشداریکردنە بەراوردکردنی دەستپێشخەرییەکانی برایانی بەدرخانە بەو ڕۆڵەی کە چالاکوانە کوردە لۆکاڵە کەمتر ناسراوەکان بەڵام رەگداکوتاوتر لە سووریای ماندێتدا گێڕاویانە و ئاماژەیە بۆ ئەوەش کەوا بەزەروورەت هەموو کوردە سوورییەکان باوەشیان بۆ ئامانج و تێڕوانینی خۆیبوونی ئینتەرناسیۆنالیست نەکردووەتەوە کە دەوڵەتێکی کوردیی سەربەخۆ بووە. بەشی یەکەمی ئەم باسە لە ڕەگوڕیشەی بەدرخانییەکان دەدوێت و هاوکاری و رۆڵبینیان لە رەخساندنی چاپ و بڵاوبوونەوە بە زمانی کرمانجی لە سووریادا، بەڵام بە شێوەیەکی تایبەتی ئەو کەسانە بەسەردەکاتەوە کە کەمتر ناسرابوون لەناو ئەو خێزانەدا، لەگەڵ ئەندامانی تری خۆیبووندا کە وا خۆیان ناساندبوو کە فەرمانبەری دەوڵەتن لە سووریادا. بەشی دووەمیش باس لە مێژووی فیدراسیۆنی عەشیرەتی میللی دەکات، کە گرووپێکی خێڵەکیی کورد بوون و رەگی سیاسیی قووڵیان لە جوگرافیای سووریادا هەبووە و پەیوەندییەکی دژوار و دوولایەنەشیان لەگەڵ جوولانەوەی کورددا هەبووە لە دوای جەنگی جیهانیی یەکەمەوە. ئێمە لە میانەی ئاڕاستەکردنی سەرنجمان بۆ ڕەگە لۆکاڵی و خێڵەکییەکانی زیاتر شاراوە و تەمۆمژاوی سەبارەت بە چالاکیی کورد لە سووریادا، دەکرێت وایتێبڕوانین کە بزووتنەوەکە بە خاسییەتێکی یەکگرتوو تەماشا نەکراوە لە لایەن دەسەڵاتی ماندێتی فەرەنسییەوە، بەڵکو بەپێچەوانەوە، لە گەلێ حاڵەتدا هێزی لەگەڵ نەتەوەییەکانی تری سووریادا یەکخستووە لە خەبات و تێکۆشانی دژ بە کۆڵۆنیاڵیدا. 


١ - میرنشینی بۆتان ، 1514 - 1847 

  برایان بەدرخان کە ئەم رۆڵە تەوەرییەیان گێڕاوە لە داڕشتن و گەڵاڵەکردنی شوناسی نەتەوەیی کورددا لە دیمەشق و بەیرووت، نەوەی ئەو میرنشینە نیمچە سەربەخۆیە بوون کە حوکمی جەزیرەی ئیبن عومەریان دەکرد لە بۆتان، ڕاستەوخۆ لە بەری رۆژئاوای دیجلەوە کە ئەمڕۆ بە سووریا دەناسرێت، لە زۆربەی ماوەی حوکمی عوسمانیدا. وەک زۆرێک لە میرنشینەکانی تری کوردستانی عوسمانی، میرنشینی جەزیرەش دامەزرا پاش ئەوەی بنەماڵە فیوداڵە دەسڕۆکانی ناوچەکە سوێندی دڵسۆزییان خوارد بۆ سەڵتەنەت، بەدوای شکستی سەفەوییە شیعەکاندا لە چاڵدیران ساڵی ١٥١٤، لەبەرانبەر دانپێدانانیان وەک حوکمڕانی ناوچەکانیان و مانەوەی حوکمڕانی وەک میرات بۆ نەوەکانیان. بەدرخانییەکان ئیددیعای ئەوە دەکەن کە دەچنەوە سەر میرە بەراییەکانی بۆتان، لە هۆزی ئازیزان و بە ڕەچەڵەک و خزمایەتی دەچنەوە سەر بنەماڵەی شەرەفخانی بەدلیسی کە ئەندازیاری نزیکبوونەوەی عوسمانی و کورد بووە١. سەرەڕای ئەوەی کە تاقە مێژوونووسی هاوچەرخی ئەم نزیکبوونەوەیەش بووە و یەکێکیش بووە لەو مێژوونووسە هاوچەرخە دەگمەنانەی کە لێکۆڵینەوەی کردووە لەبارەی میرنشینەکانەوە (بەگلغ یان حوکوومەت) و بە وردی بارودۆخی باسکردوون و سنووری قەڵەمڕەوی دەسەڵاتی کێشاون، وەک هاکان ئوێزئۆغڵوو بەم دواییە دەریخستووە و ئەم سنوورانە بە تێپەڕینی سەردەم و رۆژگار کەم و زیادیان کردووە، بە گوێرەی ململانێ و ناکۆکی و شەڕی ناوخۆ لە سەر دەسەڵات و هەروەها  هەوڵی ناوبەناوی عوسمانیش بۆ سەپاندنی کۆنترۆڵی ڕاستەوخۆی زیاتر٢. بەڵگەنامە پارێزراوەکانی سەدەی شانزەهەم بە هەندێ وردەکارییەوە ژیاننامەی "بەدربەگی" تۆمار کردووە، کە پێدەچێت باوباپیری راستەوخۆی میر بەدرخان بەگی ناوداری سەدەی نۆزدەهەم بێت، کە ئیتر بنەماڵەکە بە حوکمڕانی جەزیرە دەناسرێت. بە درێژایی ساڵانی ١٥٧٠کان پەنا براوەتە بەر ئەم بەدربەگە بۆ سەرکوتکردنی خێڵە یاخی و بەرهەڵستکارەکان لە ناوچەکەدا و هەروەها داویەتیە پاڵ لەشکرکێشییەکانی ئیمپراتۆرییەتیش دژ بە ئێران. بەهەرحاڵ، لە ساڵی ١٥٧٨دا، سەید محەمەد بەگی کوڕی کە دەبوو لە دوای خۆی شوێنی بگرێتەوە، لە لایەن دەوڵەتەوە سەرکۆنە دەکرێت بە هۆی سەرکوتکردنیەوە بۆ ئەو گوندانەی کە دەکەوتنە قەڵەمڕەوی باج وەرگرتنیەوە٣. لە دەیەکانی دواتردا شتێکی کەم ئەم میرنشینەی جیادەکردەوە کاتێ کە لە هەموو حاڵەتێکدا بەشێکی پێکدەهێنا لە ئەیالەتی دیاربەکر. ئەگەر بەڕاستی خێڵێک بووبێت کە بە ئازیزان ناسرابێت ئەوە زۆر بەدەگمەن هاتووەتە باسکردن لە تۆمارە کارگێڕییەکانی عوسمانیدا، تەنانەت لەو کاتەشدا کە سەرتاسەری کەوتبووە نێو چوارچێوەی بەرنامەیەکی ئیمپراتۆریی هێجگار گەورەوە بۆ نیشتەجێکردنی خێڵەکان و سەرلەنوێ جێگیرکردنەوە لە دوادواییەکانی سەدەی حەڤدە و تەواوی سەدەی هەژدەدا٤. ئەگەریش هەیە کە حوکمی میرەکانی ئازیزان زۆر لە جەزیرە دوورنەکەوتووەتە لە ناوچە خێڵەکییەکانی کورددا.
میرنشینی بۆتان کاتێ کەوتە بەر رووناکیی تەواوی مێژوو کە سیاسەتی سەنتراڵیزەکردنی دەوڵەتی عوسمانی تەواو بەرجەستە بوو لە سەدەی نۆزدەدا. لە ساڵی ١٨٣٤دا عوسمانییەکان بە سەرکردایەتیی محەمەد رەشید پاشا لەشکرکێشییەکیان دەستپێکرد بۆ ئەوەی جارێکیتر کوردستان بگێڕنەوە ژێر رکێف و دەسەڵاتی خۆیان وەک زەمینە خۆشکردنێک بۆ دووبارە سەندنەوەی سووریا لە محەمەد عەلیی میسر. ئەوان یەکەمجار میرنشینەکانی بادینان و سۆرانیان لەناوبرد. هەروەها لە ساڵی ١٨٣٨دا جەزیرەشیان گرتەوە (پایتەختی میرنشینی بۆتان - و)، بەڵام بۆ ساڵی دواتر شکۆی عوسمانی لە ناوچەکەدا تووشی شکستێکی گەورە هات لە بەرانبەر میسرییەکاندا لە نیزیب (لە نزیک بیرەجیکەوە). لێرە بەدواوە، بەدرخان بەگ توانی مەملەکەت یان پاشایەتییەکی خێڵەکیی کوردیی راستەقینە دامەزرێنێت لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵدا. ڕاپۆرتی مسیۆنێر یان مژدەدەرە بیانییەکان بەتایبەتی باس لەوە دەکەن کە نەستۆرییەکانی ناچار کردووە لە ناوچەکەدا نیشتەجێ ببن، کە وەک کریستیانەکانی شوێنەکانی تری ئیمپراتۆرییەت بوون بە هۆی ناوبانگ دەرکردن لە ئەوروپا. هەرچەندە میرنشینی بۆتان دواتر وا وێنا دەکرا کە ببێتە ماکی قەوارەیەکی نەتەوەیی کورد، بەڵام تاکڕەویی لەڕادەبەدەری بەدرخان لەبەرانبەر کارگێڕیی ناوەنددا و لە ئەنجامی فشاری سیاسیی رۆژئاواوە پاڵی بە عوسمانییەکانەوە نا کە ساڵێ ١٨٤٧ دووبارە بیڕووخێننەوە. پاشان بەدرخان بەگ بە شێوەیەکی شەرەفمەندانە دوورخرایەوە بۆ دوورگەی کرێت و دواجار لە ساڵی ١٨٥٨دا ڕێگەی پێدرا بگەڕێتەوە بۆ ئەستەمبووڵ و پلەی فەرمیی میری میرانی پێبەخشرا. لە ساڵی ١٨٦٥دا خۆی و خێزانە گەورەکەی گواستیانەوە بۆ دیمەشق و لە سەر مووچەی خانەنشینیی عوسمانی دەژیان و لە پاش چەند ساڵێکی کەم لەوێ کۆچی دوایی کرد٥. 

 


بەدرخانییەکان لە سووریا

لە مەودای دەیەکانی دواتردا، سووریا بە هەندێک شێوە خزمەتی بەدرخانییەکانی کرد وەک بنکەیەک بۆ ڕاییکردنی کار و چالاکییەکانیان و گواستنەوەیان بۆ شوێنانی تر و لە گەلێ رووەوە قۆناخە جیاجیاکانی سەرەتای ناسیۆنالیزمی کوردییان پێکهینا. ئەمین عالی بەدرخان، کە دەرکەوتووترین کوڕی بوو، بۆ ماوەیەکی کورت هاوکار بوو لە پێکهێنانی هێزێکی کورد دژ بە رووسەکان لە جەنگی ١٨٧٧ – ١٨٧٨ی رووسی – عوسمانیدا، پێش ئەوەی بگەڕێتەوە بۆ دیمەشق، بەڵام دوای ئەوە چووە پاڵ میقداد مەدحەتی برای لە شۆڕشێکدا دژ بە هێزەکانی عوسمانی لە دەوروبەری ساڵی ١٨٨٩دا و بە بەرتیل کڕییان و دواتریش دوورخرایەوە بۆ شاری عەکا لە سووریا بە هۆی تۆمەتبارکردنیەوە بە بەشداربوون لە پیلانێکی کۆشکدا دژ بە عەبدولحەمید لە ساڵی ١٩٠٦دا. دوای ئەوە بە دوو ساڵ گەڕایەوە بۆ ئەستەمبووڵ و لەوێ خێزانەکەیان کۆشکێکی هاوینەیان هەبوو لە بیوکادا و بوو بە ئەندامی دامەزرێنەری "کوردستان تەعاون و تەرەقی جەمعییەتی"، واتە کۆمەڵەی هاوکاری و پێشکەوتنی کوردستان، بە ئیلهام و کاریگەریی تورکە لاوەکان، کە بانگەشەی رابوونێکی کولتووریی کوردی دەکرد لە ژێر دەسەڵاتی عوسمانیدا٦. رادیکاڵییەتی بیری نەتەوەیی کورد دەگوێزرێتەوە بۆ نەوەیەکی گەنجتری رۆشنبیران و لە سەرووی هەموویانەوە سێ کوڕەکەی بەدرخان، سورەییا و جەلادەت و کامەران. ئەوان و دانیشتووانی تری ئەستەمبووڵ لە چالاکوانەکان و نووسەرانی رۆژنامە کاریان بۆ سەلماندن و دانپیانانی مافەکانی کورد دەکرد لە چوارچێوەی دەوڵەتێکی تورکیی پێشکەوتوودا تا ساڵی ١٩١٩، کاتێ جەنگی رزگاریخوازی مستەفا کەمال دەستیپێکرد دژ بە هێزەکانی داگیرکردنی بێگانە و ئەمەش پەیامی هەڵکشانی ناسیۆنالیزمێکی ئیتنیکیی تورکیی سەربازیی توندڕەوی لەگەڵ خۆی هێنا. لەم کاتەدا دەبوو دەسبەجێ سورەییا بچێتە لای میقدادی مامی بۆ دەرکردنی یەکەم رۆژنامەی کوردی بە ناوی "کوردستان" لە قاهیرە. لەولاشەوە جەلادەت و کامەران بەرەو حەڵەب بۆیدەرچوون لەگەڵ مێجەر ئی. ئێم. نۆئێلی ئەفسەری سوپای بەریتانی "کۆڵۆنێڵ لۆرەنسی کورد"، (وەک بەراوردێکی مەجازی بە کۆڵۆنێڵ لۆرەنسی بەریتانی کە لۆرەنسی عەرەبیان پێدەوت لەپای ئەو خزمەتە زۆرەی بە عەرەبی گەیاند – و)، بە مەبەستی چۆنێتیی دامەزراندنی دەوڵەتێکی کوردیی سەر بە بەریتانیا لە باشووری ناوەڕاست و رۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵدا٧. بەهەرحاڵ، پاش پەردە لەڕووهەڵماڵین و دەرکردنی نێردەکەی نۆئێڵ لە ئەیلوولی ١٩١٩دا، هەردوو برا هیچ بژارەیەکیان لە بەردەمدا نەما لەوە بەولاوە کە بگەڕێنەوە بۆ سووریا بۆ ماوەیەکی نادیار و بۆ بەردەوامبوون لە    هەوڵ و تەقەلایان لەپێناوی نیشتمانێکی سەربەخۆدا بۆ کورد.
هاوار (لێرەدا بە ئینگلیزییەکە هەر بە هاوار راڤەی کردووە بۆ یارمەتیدان - و)، یەکەم رۆژنامە بوو بە زمانی کوردی کە ئەلفبێی لاتینی بەکاربێنێت و گرنگترین هاوکاریی بەدرخانییەکان بوو بۆ رابوونی کورد. ئەم رۆژنامەیە ساڵی ١٩٣٢ لە دیمەشق دەرچوو و لە ساڵانی دواتردا بە شێوەیەکی بچڕبچڕ دەوەستا و دەردەچوو، بەڵام لە ماوەی جەنگی جیهانیی دووەمدا بە یارمەتی و پشتیوانیی دەسەڵاتی فەرەنسی سەرلەنوێ دەرچووەوە و ئەمجارەیان لە نێوان ساڵانی ١٩٤١ و ١٩٤٢دا بە رێکوپێکی دەردەچوو لە پاڵ پاشکۆ درەوشاوەکەیدا "رووناهی Ronahi"، بێجگە لە هەردوو دەستەخوشکەکەی "رۆژا نوو  Roja Nu" (رۆژی نوێ) و "ستێر Ster" (ئەستێرە)، کە لە ساڵی ١٩٤٣ تا ١٩٤٦ لە بەیرووت لە لایەن کامەران بەدرخانەوە دەردەکران. پێکەوە لەگەڵ قامووسی کوردی – فەرەنسی کە بەدرخانییەکان کۆیانکردبووەوە و ئامادەیان کردبوو بە یارمەتیی رۆژهەڵاتناسە فەرەنسییەکان و ئەفسەرانی دەسەڵاتی ماندێت رۆجەر لێسکۆ و پێیەر رۆندۆ. ئەم بڵاوکراوانە خزمەتی بەستانداردکردنی رێزمان و نووسینی کوردیی کرمانجیی نوێیان کرد و بوون بە سەرچاوەیەکی هاوبەشی گرنگ بۆ کوردە خوێندەوارەکانی تەواوی ناوچەکە٨. بەڵام مامەڵە و بایەخپێدانیان بە هیچ شێوەیەک لەگەڵ کورد و کۆمەڵی کوردی سووریادا نەبوو، بەڵکو "هاوار" لە یەکەم دەچوونیەوە هەماهەنگ بوو لەگەڵ رادیکالییەتی ناسیۆنالیزمی ئیتنیکیدا لە تورکیا و بەتایبەتیش دەرچوونی یاسای تێزی مێژووی تورکیا Turkish History Thesis لە ساڵی ١٩٣٢دا، هەروەها بە ڕۆڵی خۆی خزمەتی بەدرخانییەکانی کرد لە ڕوونکردنەوەی شوناسی ئاریایی کورد و جیاوازییان لە ڕەگەزی تورکی. بە پێی فەرمانی دەسەڵاتی فەرەنسی، رۆژنامەکان ناوەرۆکیان سیاسی نەبوو و بە هیچ شێوەیەک مایەی تێگەیشتن و ئاشنایی نەبوون بۆ زۆرێک لە کوردەکانی باکووری رۆژئاوای سووریا، چونکە ئەوان شێوەزاری بۆتانیی، زێدی بەدرخانییەکانیان کردبوو بە دیالێکتی ستانداردی زمانی کوردیی کرمانجی. دەمڕاستی و سەرپەرشتییەکەی جەلادەت و کامەران بۆ رابوونی کورد لە سووریادا لەکۆتاییدا بە ئامانجی بنیاتنانی سەرمایە کۆمەڵایەتییەکەیان و وەبەرهێنانی بوو لە ناو پان کوردیزمی تازە چەکەرەکردووی نێودەڵەتیدا وەک یەکەم هەنگاوی گرنگ بۆ گێڕانەوەی ئەو ڕۆلە سیاسییەی کە بنەماڵەکە هەیبوو وەک سەرکردەی میرنشینێکی کوردیی نیمچە سەربەخۆ لە ڕابردوودا٩. 
جەلادەت و کامەران هەردوکیان لە ئەڵمانیا خوێندبوویان و کامەران زۆربەی کاتی لە پاریس بەسەربردبوو و لەڕاستیشدا (بۆ وانە وتنەوە لە INALCO) چوو بۆ ئەوێ پاش ئەوەی لە ساڵی ١٩٤٦دا سووریا سەربەخۆیی وەرگرت. ئەوان بەشی سەرەکیی مڵک و زەویوزاریان لە سووریادا لە ناوچەی جەزیرەدا بوو کەوا کاتی خۆی سەر بە میرنشینی بۆتان بووە و بەتەمابوون بە هاوکاری و یارمەتیی وەبەرهێنە فەرەنسییەکان سەرلەنوێ پەرەی پێبدەن و ئاوەدانی بکەنەوە١٠. بەهەرحاڵ، گەلێ لە ئەندامانی تری بنەماڵەی بەدرخان، ڕەگی قووڵتریان هەیە لە وڵاتەکەدا. هەرچەندە ئەم ڕاستییە لەمڕۆدا کەمتر ڕوونە و کەمیشی لەسەر نووسراوە، بەڵام بەشداری و تێکەڵبوونیان لەگەڵ کۆمەڵگەی ناوخۆییدا ڕۆڵێکی گرنگی گێڕاوە و مشتومڕی زۆر هەڵدەگرێت کەوا یەکسان بووە لەگەڵ هەمان ئەو ڕۆڵەدا کە گێڕاویانە بۆ پەرەپێدان و گەڵاڵەکردنی شوناسێک بۆ کوردەکانی سووریا. بۆ نموونە، بەدری پاشا یەکێک بووە لە کوڕە گەورەکانی بەدرخان بەگ و میراتگری دیاری میرنشینەکە بووە و دایکی لە عەشیرەتی ئەنکۆسیی ئێزیدییە. بەدری پاشا هێزێکی سێ هەزار کەسیی لە سووریا کۆکردووەتەوە بۆ هاوکاریی جەنگی عوسمانیی ساڵانی ١٨٧٧ – ١٨٧٨ (واتە جەنگی عوسمانی و رووسیا – و). هەروەها ئەم خۆی دووریشخراوەتەوە بۆ سووریا لەبەر ڕۆڵێکی دواتری یاخیبوونێک لە ئەنەدۆڵدا، بەڵام لەوێ کراوە بە حوکمڕانی ناوچەی حۆرانی پڕ لە ئاژاوە بە هۆی ئەزموونیەوە لە کاروباری تیرە و هۆزەکاندا. لە کاتێکی دواریشدا چەندین پۆست و پلەی وەرگرتووە لە تەرابلوس و حەما، کە هەردوکیان لەودەمەدا هێشتا ژمارەیەکی بەرچاوی دانیشتووانی کوردیان تێدابووە١١. خزمانی تریشیان لە قونەیتیرە، دەرعا، قودس، حەسبایا و حیسنولئەکراد (حصن اڵاکراد) بە پلەی جۆراوجۆر دامەزراون لە ساڵانی ١٨٨٠کاندا. یاداشتەکانی محەمەد ساڵح بەدرخانی برازاکەی بەدری و (زاوایشی)، کە باوکی لە فەرمانگەی تووتن (رێژی) خزمەتی کردووە لە لازیقییە، سوەیدا‌و و دواتر نەبەک وێنەیەکی وردی دەوڵەمەند بەدەستەوە دەدات بۆ سەردەمێکی منداڵیی خۆی کە لە گەڕەکەکانی سووق سارووغا و قەیمەرییەی دیمەشق بەسەریبردووە و دۆست و ئاشنایانی ئەم خێزانە کوردە لەوێ. دواجار، لە گەشتێکیدا بۆ بەئەنجامگەیاندنی کاروباری مامی لە ناو دورزییەکانی حۆران یان شیعەکانی بەعلبەکدا، بە شێوازە کلاسیکییەکەی عوسمانی هێزێکی کۆکراوەی دەستوپێوەندی کورد یاوەریی ساڵحی کردووە١٢. دواجار ڕەوشەنی کچی محەمەد بوو بە ناسراوترین داکۆکیکاری کولتووری کورد لە ولاتدا و بوو بە ئەندامی یەکێتیی ئافرەتانی سووریا و ساڵی ١٩٤٤ بوو بە نوێنەر لە کۆنگرەی جیهانیی ئافرەتان لە قاهیرە. پاشان ڕەوشەن شوویکرد بە جەلادەت بەدرخان و چالاکانە بەشداریی کارەکانی ژیانی کرد و لەدوای کۆچی دوایی جەلادەتیش بەردەوام بوو لە سەر نووسین لەبارەی کاروباری کوردەوە و لە کۆنفرانسە نێودەوڵەتییەکاندا بەشدار دەبوو سەرەڕای کارەکەشی وەک مامۆستایەکی قوتابخانە. لە ساڵی ١٩٥٦دا یارمەتیی دامەزراندنی کۆمەڵەی فێربوون و ئاڵوگۆڕی هاوکاریی کرد "کۆمەڵا زانستی و ئالیکارییا"لە حەڵەب و وەک بەشدارێکی چالاک مایەوە لە رێکخراوەکانی ئافرەتانی کورددا لە سووریا و عێراق تا ئەو کاتەی لە ساڵی ١٩٩٢دا کۆچی دوایی کرد١٣.

 


خۆیبوون و پەستی و ناڕەزاییەکانی

 دووبەرەکیی مامەڵەکارانی جیهانی و ناوخۆیی سەبارەت بە رزگاربوونی کورد لە سووریا لە ناو کۆمیتەی (کۆمەڵەی – و) خۆیبووندا رەنگیدابووەوە. خۆیبوون (کە بە واتای خۆبەخۆبە یان شوناس دێت)، کەوا بەدرخانییەکان و کوردە نەتەوەییە پێشەنگەکانی تری لەخۆگرتبوو پاش هەرەسهێنانی یاخیبوونەکەی شێخ سەعید، لە ساڵی ١٩٢٧دا لە بەیرووت دامەزرا لەپێناوی خۆئامادەکردندا بۆ ڕاپەڕین و شۆڕشێکی گەورەتر و سیستەماتیکتر دژ بە حوکمی تورک، کە ساڵی ١٩٣٠ لە ئاگریداغ (ئارارات) بەرپابوو. خۆیبوون لەنزیکەوە و بەشێوەیەکی پتەو لەگەڵ رێکخراوی داشناکی جوداخوازی ئەرمەنیدا کاری دەکرد بەڵام هەر زوو تووشی کێشە بووەوە لەگەڵ دەسەڵاتی ماندێتی فەرەنسیدا و ڕێگەی بە خەبات و تێکۆشانی سەربەخۆیی نەدا لە ئەنەدۆڵدا کە ببەسترێت بە مەسەلە ناوخۆییەکانی کوردەوە لە سووریادا. بەم پێیە، برایانی بەدرخان لە سەرکردایەتیی سیاسیی خۆیبوون کشانەوە و وایان بە باشتر زانی هەوڵی دەستەبەرکردنی پشتیوانیی فەرەنسییەکان بدەن بۆ بڵاوکراوەکانیان، کەوا مایەی سەرسوڕمان نەبوو، هەرگیز ناوی خاکی سووریایان نەدەهێنا وەک ئەوەی کوردستان بەشێکی پێکبێنێت. ئەوان هەر بە شیوەیەکی شەخسی لە لایەن فەرەنسییەکانەوە قەدەغەیان خرابووەسەر کەوا گەشتی رۆژهەڵاتی رووباری فورات بکەن بۆ ناوچەی جەزیرە١٤. بەڵام هەرچۆنێک بێت، ئەندامانی تری رێکخراوی خۆیبوون چالاکانە تێکەڵی ژیانی سیاسی بوون لە سووریادا. قەدری جان، کە ڕەنگە ناسراوترین شاعیری کورد بووبێت لە نەوەی خۆیدا، ساڵی ١٩٢٨ لە تورکیاوە هەڵات بۆ   سووریا و پاش ئەوەی فێری زمانی عەرەبی بوو چووە کۆڵێجی سەلامییە و ئەوجا لە ئەنتاکییە بە مامۆستا دامەزرا و لەوێ پەیوەندیی هەبوو لەگەڵ جووڵانەوەی نەتەوەیی عەرەبیدا و پاشان گواستیەوە بۆ قامیشلی و دواجاریش بۆ گەڕەکی کوردان (کە ئێستا بووە بە روکنەدین) لە دیمەشق. قەدری جان هاوکارێکی بەردەوامی "هاوار" بوو، هەروەها پەیوەندیشی هەبوو بە ناسیۆنالیستە کوردەکانەوە لە عێراق، بەڵام لە ڕووی سیاسیەوە لە ساڵی ١٩٤٤وە بە لای پارتی کۆمۆنیستی سووریدا دایدەشکاند و چەندین ساڵی لە زیندانی مەززە بەسەربردبوو، بەتایبەتی لە ساڵانی ١٩٥٩ تا ١٩٦١، لە سەردەمی کۆماری عەرەبیی یەکگرتوودا (الجمهوریە العربیە المتحدە)١٥. هەروەها عەلی ئاغا زڵفۆ، کە کوڕی یەکێک لە هەناردەکارانی مەڕوماڵات بوو لە ئامەد / دیاربەکر، ساڵی ١٩٢٥ تێکەڵی چالاکیی یاخیگەری بوو دژ بە فەرەنسییەکان لە دیمەشقدا پێش ئەوەی   بگیرێت و لە تورکیا بەند بکرێت لە سۆنگەی بەشداریکردنی لە ڕاپەڕینێکی کورددا لەوێ. پاشانیش چووەتە ڕیزی خۆیبوونەوە و بووە بە "ڕابەر" (زەعیم) لە گەڕەکی کوردان لە دیمەشق و شکۆی خێڵەکیی خۆی بەکارهێناوە بۆ پەرەپێدان و پێشخستنی هەردوو کۆمەڵەی فێربوون و ئاڵوگۆڕی یارمەتی و بەردەوامبوون لە بەرپاکردنی شۆڕش دژ بە فەرەنسییەکان١٦.
  لەکۆتاییدا، زۆربەی کوردەکانی سووریا بەرگری کردنی دژ بە کەمالییەکان و دژ بە ئیمپریالیزمی فەرەنسییان لە هەمان هەلومەرجدا وەکیەک دەبینی. ڕاستە کەوا ئیبراهیم هەنانۆی خاوەن مڵک و دەمڕاستی ناوداری کورد و سەرکردەی بەرگریی دژ بە فەرەنسییەکان تەنها چوونەپاڵ مەسەلەی نیشتمانیی سووریای هەڵبژارد، پاش ئەوەی هەوڵەکانی شکستیانهێنا بۆ گێڕانەوەی دەسەڵاتی عوسمانی لە حەڵەبدا بە هاوکاریی کۆمیتەکانی بەرگریی تورکی لە ساڵی ١٩٢١دا١٧. بەڵام زۆربەی دانیشتووانی ناوچەی دێهاتیی جەزیرە و گەڕەکی کوردانی دیمەشق، هەرچۆنێک بووە نەچوونە پاڵ ئیبراهیم هەنانۆ و بەدرخانییەکان کە پاشخان و ئایدیاڵی نوێگەرایی تورکە لاوەکانیان هەبوو. ڕەنگە ئەمە ئەوەمان پێبڵێت کە لە نێوان گرووپێكی سیانزە شۆڕشگێڕدا لە گەڕەکی کوردان       (لە دیمەشق – و) کەوا فەرەنسییەکان لە ساڵی  ١٩٢٦دا لەسێدارەیان دان لەبەر رۆڵیان لە "شۆڕشی گەورەی سووریادا" نیوەیان سەر بە عەشیرەتەکانی میللی و رەشوان و بەرازی و ئەو عەشیرەتە (کوردانەی – و) تر بوون کە زۆر لەمێژبوو لە باکووری سووریادا جێگیر بووبوون١٨. بەتایبەتی میللی، ئەو فیدراسیۆنە خێڵەکییە کوردەی بە هەژموون و دەسەڵاتەوە لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەم لە سەر خاکی سووریا مابوونەوە و مەودا و کاریگەرییان لە دامەزراندنی کۆمەڵەی جیاکاری میللیدا دەرکەوتووە بە ناوی "کۆمەڵەی خێرخوازیی عەشیرەتی میللی            Societe de Bienfaisance de la Tribu Milliye"  لە گەڕەکی کوردانی دیمەشقدا         (حی اڵا‌کراد) لە ماوەی ماندێتی فەرەنسیدا١٩. هەڵبەت ئەوە لەبەر خۆسەلماندن و ئامادەگیی مێژوویی ئەوان و هاوکاری و بەشدارییانە لە پەرەسەندن و گەڵاڵەکردنی شوناسێکی کوردە لە سووریادا کە ئێمە دێینە سەر ئەو باسوخواسە.

 


٢ –- سیاسەتی خێڵەکیی عوسمانی لە باکووری سووریادا

زۆرێک لە عەشیرەت و خێڵەکانی ئەنەدۆڵ Anatolia کە لە پاش ساڵی ١٩٢٥ لە سووریادا جێگیر بوون پشتیوانییان لە "ناسیۆنالیزمێکی خێڵەکیی" کورد دەکرد و لە هەمان کاتیشدا چالاکانە هاوکارییان لەگەڵ ڕژێمی فەرەنسیدا دەکرد (ئەودەمە سووریا لە ژێر ماندێت یان ئینتیدابی فەرەنسادا بوو – و). حاجۆ ئاغای هەڤەرکان، ئەگەر وەک باشترین نموونە باسی بکەین، پاش ئەوەی ساڵی ١٩٢٦ لە توورعابدین هەڵات چووە ناو ریزەکانی خۆیبوونەوە، بەڵام ئەمیش وەک بەدرخانییەکان هەر زوو خۆی بە لای کاروباری کولتووریدا ساغکردەوە و بەتایبەتیش بۆ پەرەپێدانی مڵک و زەویوزارە بەرفراوانە نوێکەی لە ناوچەی جەزیرەدا و چاندنی لە ژێر سەرپەرشتی و چاودێریی فەرەنسییەکاندا٢٠. بەپێچەوانەوە، کوردەکانی میللی رەگێکی قووڵتریان هەبوو لە ناوچەکەدا و بەو پێیە، پەیوەندیی دژواریان لەگەڵ هەردوک ماندێتی فەرەنسی و مەسەلەی ئینتەرناسیۆنالیستیی کورددا هەبوو (واتە بەنێودەوڵەتی کردنی مەسەلەی کورد – و) و ئەمەش مشتومڕی زۆر هەڵدەگرێت. میللییەکان یان (میللۆ، میلان) لە سەدەی شانزەهەم بەملاوە لە سەرچاوە عوسمانییەکاندا باسکراون، کاتێ لای باشووری دەشتی کەرەجەداغیان داگیرکردووە و بەزۆریش وەک حوکمڕانی دەڤەری ڤۆیڤۆداکی نزیک ماردین و دۆڵی خابوور دەسنیشان کراون، کە بەشیک بووە لە ویلایەتی دیاربەکر٢١. سەرەتا لە دوادوایی سەدەی حەڤدەدا کەوتنە بەر پرۆژەی نیشتەجێکردنی خێڵەکانی ئیمپراتۆرییەتەوە و بەزۆر ناچار کران بە جێگیربوون، یەکەمجار لە دەوروبەری ئامەد و دواتر لە ئەیالەتی ڕەققە. ئەوان گەلێ جار ئەو زەوییانەیان بەجێدەهێشت کە بۆیان تەرخانکرابوو و بەرەوژوور دەبوونەوە بۆ لەوەڕگە و پاوانی باشتر. بەهەرحاڵ، ئەوان بەخێرایی ناوبانگیان بڵاوبووەوە کە لە هەموو خێڵەکان زیاتر یاخیبوون بەرپادەکەن لە بەرنامەی جێگیربوون لە ڕەققەدا (ڕەققە ئیسکانی). بۆ نموونە، لە ساڵی 1723دا، کۆمەڵێک لە کوردە میللییەکان تۆمەتبار کران بە تێکدانی مەزرا و باخ و دزینی مەڕوماڵات لە مەرەش پاش ئەوەی لە ڕەققە هەڵاتوون بۆ دەستپێکردنەوەی ژیانی کۆچەری. لە ساڵی ١٧٤٦دا تاقمێکی تر لە ئورفە ئیمامی ئێرگەنییان تاڵان کردووە و ٣٠٠ مەڕیان بردووە و ئەم کارەش ناڕەزاییەکی زۆری بەرپاکرد لە ئەستەمبووڵ. لە کاتەکانی تردا میللییەکان باجیان دەسەپاند و زوڵم و ستەمیان لەو خێڵانە دەکرد کە بەرەوخوار دەبوونەوە بۆ ڕەققە بە مەبەستی لەوەڕخۆریی زستانە بۆ ئاژەڵەکانیان٢٢.
 لە دەوروبەری ناوەڕاستی سەدەدا (واتە سەدەی هەژدە – و) دەوڵەتی عوسمانی هەوڵیدا سەرۆکەکانی خێڵی میللی لە ڕەققە بەلای خۆیدا رابکێشێت بەوەی کە بە "ئیسکان باشی" واتە بە سەرۆکی نیشتەجێبوون دایانمەزرێنێت. ئەم ئیسکان باشییانە دەسەڵاتی باج وەرگرتنیان درابوویە لە کەسانی سەر بە تیرە و هۆزەکانی خۆیان و هەروەها کۆنترۆڵکردنی هۆزەکانی تریش لە ناوچەکەدا، بەڵام تەنانەت ئەمەش بەردەوام نەبوو لە ڕێگە پێگرتنیان لەوەی کە ناوچەکانی نیشتەجێبوونی خۆیان جێنەهێڵن و هەڵنەکوتنە سەر ئەو شارۆچکە و گوندانەی بە گونجاویان دەزانی بۆ ڕاوڕووتکردن. لەگەڵ داڕووخانی ڕوولەزیادی دەسەڵاتی ناوەندی لە ویلایەتەکاندا خێڵی میللیش کەوتنە سەرنجڕاکێشانی دەوڵەت بە ڕێگە و شێوەی جۆراوجۆر. لە ساڵی ١٧٥٨دا، ئیسکان باشی مەحموودی کوڕی کەلەش عەڤدۆ بەوە تۆمەتبار کراوە کە بە شێوەیەکی نایاسایی چووەتە دۆڵی خابوور و دەستی بە سەر عەمبارەکانی دانەوێڵەدا گرتووە لە مەجداڵ (کە دەکەوێتە رۆئاوای حەسەکەی ئەمڕۆوە) و خێڵەکانی ناوچەکەی چەککردووە و سووکایەتیی پێکردوون. ئەو بێجگە لە  دووبارە درووستکردنەوەی قەڵایەکی کۆن لە سەر خابوور، دەنگ وابووە کە نیازی هەبووە بە بەنداوێکێش بەر لە ئاوی رووبارەکە بگرێت و زنجیرەیەک باخ و مەزرا و گوند دروست بکات و دەست بە سەر تەواوی ناوچەکەدا بگرێت لە بەرژەوەندیی کۆنفێدراسیۆنی میللی٢٣. ئەم هەوڵدانە بۆ دامەزراندنی میرنشینێکی سەربەخۆ لە لایەن عوسمانییەکانەوە بەری پێگیرا و سەرکوتکرا، بەڵام سەرەتایەکی پێکهێنا بۆ هەڵکشانی پێگەی سیاسیی میللییەکان لەو ناوچانەی کە ئێستا باکووری رۆژهەڵاتی سووریایە. تەیمووری کوڕی مەحموود، کە عوسمانییەکان وەک ئیسکان باشی دانیان پێدانابوو، سەرباری زیادەڕۆییە بەردەوامەکانی لە ناوچەی ئورفەدا، بە کردەوە دەسەڵاتی گرتبووەدەست لە ویلایەتەکەدا، لەکاتێکدا کە دەسەڵاتی یاسایی بە لەشکرکێشییەک دوورکەوتبووەوە لە ساڵی ١٧٧٤دا. دوو ساڵ دواتر، بابی عالی داوای لێکرد هاوکاریی کۆششی جەنگ بکات دژ بە کەریم خانی زەند لە ئێران٢٤. لە ماوەی دوو دەیەی دواتردا بەردەوام فەرمانی گرتنی و لەسێدارەدانی دەردەچوو، بەڵام تەیموور پشتئەستوور بوو بە پشتگیریی هاوپەیمانێکی نوێی بەهێز کە ئەویش والییە مەملووکەکەی بەغدابوو. لە ساڵی ١٨٠٠دا، بەو بۆنەیەوە کە عوسمانییەکان دەسەڵاتیان بەدەستهێنایەوە لە ویلایەتەکانی چواردەوری ئیمپراتۆرێتەکەدا، بە فەرمی سەرۆک خێڵی میللییان وەک وەزیر و والیی ویلایەتی ڕەققە دامەزراند٢٥.   

 


عەشیرەتی میللی و کۆتایی ئیمپراتۆرییەت

 کار و فەرمانی تەیموور وەک عوسمانییەک کورتخایەن و جیاکار نەبوو. ئەو دەبوو ١٨٠٢ پاڵپشتیی لەشکرکێشییەکی سزائامێز بکات بە سەرکردایەتیی والیی بەغدا دژ بە چەند خێڵێک لە جەزیرە ساڵی، بەڵام ئەو خۆیشی بووبووە ئامانجی سکاڵایەکی زۆری سەرکوتکردن و خراپ حوکمڕانی لە ڕەققە و ئورفە. لە ساڵی ١٨٠٣دا لە کارەکەی لابرا و گەڕایەوە بۆ ناوچەی خابوور و دەسبەجێ دەستیکرد بە دروستکردنی هاوپەیمانییەکی نوێ لە خێڵەکان بۆ یارمەتیدانی لە وەرگرتنەوەی کار و فەرمانەکەی٢٦. بەڵام ماوەیەکی زۆر نەژیا و مرد و ئەم یاخیبوونی دواییەی شتیکی نامۆ بوو، سەرەڕای هەڵکشانی دوورودرێژی بنەماڵەکەی بەرەو دەسەڵات بە پلەی یەکەم بەڵام پێگەی ئەویان بە پیرۆز ڕاگرت وەک ئەفسانەیەکی دامەزرێنەری کۆنفێدراسیۆنی خێڵەکانی میللی. مێژوونووسانی نوێی خێڵەکانی سووریا وا وینای تەیموور دەکەن نەک وەک ئیسکان باشییەکی تازەپیاکەوتوو بەڵکوو بەوپێیەی کە وەجاخزادەیەکی عوسمانی و کاربەدەستێکی باڵا بووە هەڵاتووە بۆ ئەنەدۆڵ و میرنشینێکی گەورە و بەرفراوانی دروستکردووە لە خێڵەکانی    کورد و عەرەب کە دەبوو ناوی بنایە "هەزار میللەت"  یان هەزار نەتەوە، لە پاش ئەو هەڵسانەوەی لەو شکست و کەوتنە٢٧. لەڕاستیدا ئەم ئەفسانەیە، کەوا گێڕانەوەی نەریتی و زارەکی نیە، خزمەتی ج. س. بەکینگهامی گەڕیدەی ئینگلیزی کردووە لە سەردانەکەی ساڵی ١٨١٦یدا بۆ لای ئەیوب بەگی کوڕ و جێنشینی تەیموور، کە دواتر راپۆرتەکەی بووەتە بەڵگە و مایەی پشت پێبەستنی ستێفن لۆنگریگ لە کتێبەکەیدا لەبارەی مێژووی عێراقەوە و دوای ئەویش محەمەد ئەمین زەکی لە هەردوو بەرگی کتێبەکەیدا "مێژووی کورد و کوردستان" لە ساڵی ١٩٣١دا٢٨. بەهەرحاڵ، کۆنفێدراسیۆنی میللی سوودی لە بەریەکهەڵوەشانەوەی بەردەوامی دسەڵاتی ئیمپراتۆریی عوسمانی بینی زیاتر لەوەی خزمەت بێت بۆ دەوڵەت. لە یەکەم ساڵەکانی سەدەی نۆزدەدا وا مەزەندە دەکرێت کە پەنجا هەزار خێوەت و بیست هەزار سوار لە ژێر فەرماندەیی ئەیوبدا دوا سەنگەر و قایمکاری بێت دژ بە وەهابییە بەهێزەکان کە بە هاوپەیمانی لەگەل بەدووەکانی خێڵی عەنەزەدا بەرەو باکوور دەهاتن٢٩، لە ساڵی ١٨١٨دا دەسەڵاتی عوسمانییەکان لە ناوەڕاست و باشووری سووریادا بە رۆڵی خۆی هۆشداری ئەوەی ڕاگەیاند کە میللییەکان و کوردە بەرازییەکانی هاوپەیمانیان ناوچە دەشتاییەکانی دەوروبەری حەمایان داگیرکردووە٣٠.  
   گرتن و داگیرکردنی سووریای عوسمانی لە ساڵی ١٨٣١دا لە لایەن ئیبراهیم پاشای میسرەوە کۆنفێدراسیۆنەکەی بە هەڵپەسێراوییەکی راستەقینە بەجێهێشت لە نێوان ئیمپراتۆریتی ڕوو لە   کزی و لاوازبوون و دەوڵەتێکی بەگوڕوتینی سەنتراڵی نوێدا. یەکەمجار ئەیوب بەگ لایەنی میسرییەکانی گرت و پەیمانی ملکەچی و دڵسۆزیی بە ئیبراهیم و محەمەد عەلی دا لەبەرانبەر دانپیانانی وەک سەرۆک و رابەرێکی خێڵەکی، بەڵام نەیتوانی باوەڕ و متمانەیان بەدەستبێنێت و هەر زوو کەوتە سکاڵاکردن لەوەی کە ئیدارەی نوێ ڕێگە لە خێڵەکانی دەگرێت کاروباری ژیانی خۆیان بەڕێوە ببەن و هاتوچۆی زەوییەکانی نەریتیی لەوەڕخۆریی هاوینەی خۆیان بکەن لە ناوچەی ڕەققەدا٣١. پاشان ناکۆکی کەوتە ناو خێڵی میللی خۆیەوە پاش ئەوەی ئەیوب جارێکیتر ملکەچی و پابەندبوونی خۆی گۆڕی و بەڵێنی پشتیوانیی خۆی دا بە عوسمانییەکان کاتێ کە لە ساڵی ١٨٣٤دا دیسانەوە بەری رۆژهەڵاتی رووباری فوراتیان گرتەوە و ئەوجا ئەمانیش وەک بەدرخانییەکان بوون بە قوربانیی لەشکرکێشیی یەک لە دوای یەکی محەمەد ڕەشید پاشا بۆ بچووککردنەوە و دواتر لەناوبردنی میرنشینە کوردییەکان لە ناوچەکەدا لە ڕێگەی بەکارهێنانی هێزەوە٣٢. لە سەردەمی ریفۆرمی تەنزیماتی tanzimat عوسمانیدا سەرۆکەکانی میللی بەردەوام تووشی سەغلەتی و بێزارکردن دەبوونەوە ولەلایەن دەسەڵاتی دەوڵەتەوە بەند دەکران و بە بەرچاویانەوە زەوییەکانیان لە ناوچەی جەزیرە لەلایەن کۆنە دوژمنەکانیانەوە لە خێڵی تەی و بەتایبەتیش لەلایەن بەدووەکانی خێڵی شەممەرەوە داگیر دەکرا٣٣. وردەکاریی مێژووی میللییەکان لەم سەروەختەدا رووکەشە و فرەجاریش دژبەیەکە. لەگەڵ ئەوەشدا، پاشەکشەی ژمارەیان بۆ تەنها چەند سەد خێوەتێک بەڵگە و دەلالەتی کارایی ڕوولەزیادی دەوڵەتی مۆدێرنە بوو بۆ کۆنترۆڵکردنی چواردەوری دێهاتنشین و خێڵەکیی ئیمپراتۆرییەت. 
 گەڕانەوەی سوڵتان عەبدولحەمیدی دووەم بۆ مەحسووبییەتی خێڵەکی وەک بنەمایەک بۆ بەڕێوەبردنی هەرێم و ویلایەتەکان و دەستەبەرکردنی دڵسۆزی لەو ڕێگەیەوە زەمینەی خۆشکرد بۆ گەڕانەوەی میللییەکان و چەسپاندنی بوونیان لە باکووری سووریادا. ئیبراهیمی کوڕەزای گەورەی ئەیوب بەگ، کە لە ساڵی ١٨٧٧دا سەرۆکایەتیی خێڵەکەی گرتەدەست، لەوانی پێش خۆی (یان لە هاوچەرخەکانی خۆیشی وەک بەدرخانییەکان) باشتر تێگەیشت کە چۆن سەرنج و بایەخی کۆشکی ئیمپراتۆری رابکێشێت و لە هەمان کاتدا سەرسامیی ئەورووپییەکانیش بۆ لای خۆی رابکێشیت بەو مامەڵە نموونەییەی کە لەگەڵ دانیشتووانی کریستیانی ناوچەکەدا دەیکرد. ئەنجامیش واکەوتەوە کە لە ئەسەمبووڵ نەک هەر چاوپۆشی کرا لە سەردەمێکی چەتەیی و جەردەیی میللییەکان، بەڵکو بوو بە دەسکەوتێکیش بۆ ئیبراهیم "پاشا" کەوا بکرێتە فەرماندەی پێنج فەوجی سوارەی حەمیدییە لە باشووری رۆژهەڵاتی ئەنەدۆڵدا. ئیبراهیم لەگەڵ نزیکەی شەش هەزار لە پیاوەکانی کە چەک و جبەخانەی حکوومەتیان خرابووە ژێردەست، لە ڕێگەی تێکەڵەیەک لە بەکارهێنانی هێز و خزم و دۆست لەخۆکۆکردنەوە و مەحسووبییەتەوە، توانی بەتەواوی کوردەکانی کیکی و کەرەکەچی و عەرەبەکانی قەیس و تەی ملکەچ بکات و تەنانەت چەند بەشێکی خێڵی شەممەریش کە بە نەریت دوژمنایەتییان لە نێواندا بوو رابکێشێتە لای خۆی و بیانهێنیتە ناو کۆنفێدراسیۆنی میللییەوە. بەم جۆرە ئاستێک لە ئاسایش و ئارامی وا دەستەبەر بکات لە ناوچەکەدا بۆ کاروانی بازرگانی کە پێشتر لەوێنەی نەبووە و خێڵەکانی سەر بە خۆیشی دوورەپەرێز گرت لە تێوەگلانی کوشتاری ئەرمەن لە کۆتاییەکانی سەدەدا (واتە سەدەی نۆزدە – و). لە ساڵی ١٩٠١دا چاودێرانی رۆژئاوایی بە سەرسامییەوە باسیان لەو "ئیمپراتۆرییەتە بچووکە" دەکرد کە ئیبراهیم پاشا لە قەڵاکەیەوە لە ویرانشەهر Viranshahr بەڕیوەیدەبرد و بە درێژایی رێگا بەرەخوار دەبووەوە بەرەو چیای عەبدولعەزیز٣٤.  بەڵام ئیمپراتۆرییەتەکەی ئیبراهیم پاشا  زۆری نەخایاند و زوو کۆتایی پێهات، چونکە کاتێ شۆڕشی تورکە لاوەکان پەیوەندییە تایبەتەکانی ئەوی لەگەڵ ئەستەمبووڵدا بچڕی و بوو بە ئامانجێکی سەرەکیی کۆمەڵەی یەکێتی و پێشکەوتن (ئیتتیحاد و تەرەقیی جەمعییەسی) دەسەڵاتداری نوێی دەوڵەتی عوسمانی بۆ کۆنترۆڵکردنی راستەوخۆی ویلایەتەکانی رۆژهەڵاتی ئیمپراتۆرییەت. لە کۆتایی ساڵی ١٩٠٨دا، کۆنفێدراڵییەتەکەی میللی بە کردەوە کەرت و پەرت کرا و ئیبراهیم پاشا لەکاتی هەڵاتنیدا لەدەست هێزەکانی حکوومەت لە نزیک حەسەکە کۆچی دوایی کرد. لێرەوە ئیتر میللییەکان زۆر دڵڕەقانە بەر ستەم و سەرکوتکردنی رژێمی ئیتتیحاد و تەرەقی کەوتن و ساڵانی دواتر هیچ رۆڵێکی بەرچاویان نەگێڕا لە جەنگی جیهانیی یەکەمدا، هەرچەندە لە ساڵی ١٩١٩دا بۆ دواجار سوپاس و پێزانینی سەڵتەنەتیان بەدەستهێنا لە سۆنگەی بەرگری کردنی سەرسەختانەیەنەوە لە ناوچەی ویرانشەهر دژ بە هێزە داگیرکەرەکانی هاوپەیمانان٣٥. ئەو سنوورە نێودەوڵەتییە نوێیەی کە لە ئەنقەرە لە ئۆکتۆبەری ١٩٢١دا لە لایەن فەرەنسییەکان و حکوومەتی کەمالییەکانەوە بڕیاری لێدرا دەبوو راستەوخۆ ئەم ناوچەیە ببڕێت و بەشێکی گەورەی زەوییەکانی باوباپیرانی میللییەکانی بۆ خاکی ماندێتکراو بەجێهێشت لە سووریادا. 



شۆڕشەکانی جەزیرە،  1937 - 1938 

 بە هۆکاری سروشتی ئەو سەرچاوانەی بەردەستن کارێکی مەترسیدارە ئەگەر وا باس لە کوردە میللییەکان یان هەر تاقم و دەستەیەکی خێڵەکی هەڵوێستێکی سیاسیی روون و ئاشکرایان هەبێت لەو بێسەروبەرییەی کە دوابەدوای جەنگ هاتەکایەوە. دیپلۆماتە بەریتانییەکان لە ساڵی ١٩١٩دا ئیددیعای ئەوەیان دەکرد کەوا میللییەکان پشتگیریی دامەزراندنی میرنشینێکی کوردی – ئەرمەنییان کردووە لە ژێر ماندێتی بەریتانیادا. کاربەدەستە فەرەنسییەکانیش، وەک چاوەڕوان دەکرا، وایان وێنادەکردن کە لە یەکەم پشتیوانانی دڵگەرم بن بۆ حوکمڕانیی فەرەنسا لە سووریادا٣٦. وادیارە کوڕانی ئیبراهیم پاشا لەڕاستیدا داواکارینامەیەکیان ئیمزا کردبێت و داوای سەربەخۆیی تەواویان کردبێت بۆ گەل (یان نەتەوەی) عەرەب، کەوا سەرۆک خێڵەکانی جەزیرە لە مارتی ١٩١٩دا ناردوویانە بۆ کۆمیسیۆنی کینگ – کرەین لە دیمەشق و لە ساڵانی دواتردا میللییەکان، کە لە ئەنجامی جەنگدا زۆر لاواز بووبوون، بەگشتی کەوتبوونە دوای حاچم بن موهێدی سەرکردەی بەناوبانگی بەرگریی دژە فەرەنسا٣٧. زۆریک لە سەرۆکە خێڵەکییەکانی    (میللی – و) ساڵانی ١٩٢٢ تا ١٩٢٥یان لە تورکیادا بەسەربرد و زیاتر بە دوای وەرگرتنەوەی      زەویوزار و مڵکەکانیانەوە بوون وەک لە شەڕکردنی کەمالییەکان. دواجار، مەحموود ئاغای میللی لەڕاستیدا بوو بە یەکێک لەو کەسە زۆرانەی کە ئیمزایان کۆکردبووەوە بە دامەزراندین ئیمارەتە کوردی –  ئەرمەنییەکەی کەوا بەریتانییەکان پێشنیازیان کردبوو، کە لەوانەیە بەشێکی بە هۆی ئەو ناکۆکی و ململانێوە بووبێت کە لەگەڵ بنەماڵەی بەدرخانییەکاندا سەریهەڵدابوو سەبارەت بە سەرکردایەتیی بزووتنەوەی نەتەوەیی (کوردی – و) تازە دەرکەوتووەوە٣٨. هەروەها میللییەکان خۆیان دوورەپەرێز دەگرت لە پەیوەندیکردن بە لیژنەی خۆیبوون و بە هەمان شێوەش لەگەڵ داشناکدا، سەرەڕای پەیوەندیشیان لەگەڵ کۆمەڵگەی ئەرمەنیدا و تەنها هەر بە ناویش پشتگیریی شۆڕشی ئاگریداغیان دەکرد. بە پێی یەکێک لە ئەندازیارە سەرەکییەکانی ئەو شۆڕشە، مەحموود ئاغا بە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی ناوچەی چوار دانراوە (واتە دەوروبەری وێرانشەهر)، بەڵام سەرەڕای بەڵێن و دڵنیاکردنەوەی بەردەوامی، نەیتوانی بەرەو قۆڵی رۆژهەڵات هێز بجووڵێنێت بۆ یارمەتیدانی هێزە سەرەکییەکانی یاخیبووان هاوینە بارودۆخ ناسکەکەی ١٩٣٠دا٣٩. لە هەمان کاتدا، وەک پێشتر ئاماژەمان پێکرد، پیاوانی سەر بە خێڵی میللی لە گەڕەکی کوردان (حی اڵاکراد) لە دیمەشق بە هێز و توانای خۆیانەوە بەشداریی چالاکییەکانی بەرەنگاربوونەوەی فەرەنسییەکانیان دەکرد. بە هۆی ئەوەوە کە بژاردەی سەربازی بۆ وەرگرتنەوەی خاکی ناوچە کوردییەکان لە ناو تورکیادا بەتەواوی شکستیهێنا تا ساڵی ١٩٣٠، بە شێوەیەکی گشتی میللییەکان خۆیان لادەدا لە تێوەگلانی ئەو دەسپێشخەرییە کولتووری و سیاسییانەی بەدرخانییەکان رابەرییان دەکرد بە ئاڕاستەی نێودەوڵەتی کردنیان و لەجیاتیی ئەوە قورسایی خۆیانیان خستە سەر گێڕانەوەی پێگەی نەریتییان لە ناو سووریادا.
 لە کاتێکدا کەوا گەورەترین بەشی خێڵی میللی لەکۆتاییدا لە بەری سووریای سنوور لە رەئسولعەین (ر‌أس العین، سەرێ کانی – و) نیشتەجێ بوون، بەڵام سەیر لەوەدایە کە جارێکیتر دروستکردنەوە و ئاوەدانکردنەوەی  شاری ڕەققە لە لایەن دەسەڵاتی فەرەنسییەوە لەواقیعدا رۆڵی میللییەکانی چەسپاند و بەهێزکرد لە ناو کۆمەڵی سووریای کۆماریدا. هەڵبەت میللییەکان، بە هۆی ئەوەوە کە ماوەیەکی دوور و درێژ لە ناوچەکەدا بوون و بەتایبەتیش پەیوەندیی توندوتۆڵیان بە چەندین گرووپ و کۆمەڵی زۆر بەناوبانگ و دەرکەوتووی بەدووەکانەوە، وەک یەکێک لە بنەماڵە ناو و شۆرەتدارەکانی شارەکە دەرکەوتوون. ڕاستییەکەی تا ئەمڕۆش بەردەوامن لە کاریگەری دانانیان لە سەر کاروباری سیاسیی شارەکەدا، لەبەرئەوەی بە شێوەیکی وا تێکەڵ بوون و تواونەتەوە کە لە ڕووی ئیتنیکییەوە بە کۆمەڵێکی جیاواز لەقەڵەم نادرێن لەودوای دانیشتووانی شارەکە، کە هێشتا هەر مۆرکێکی گەورەی خێڵەکیی پێوە دیارە٤٠. بە هەمان شێوە لە شارۆچکەی قامیشلیشدا، کە ساڵی ١٩٢٦ فەرەنسییەکان دروستیانکرد بۆ داڵدەدانی ئەو پەنابەرانەی لە تورکیاوە هەڵدەهاتن، بەڵام زۆرێک لەو زەوییە کشتوکاڵێیانە لەخۆدەگرێت کە مڵکی میللییەکانن و تا رۆژگاری ئەمڕۆش ناوبانگێکی تایبەتییان تێدا هەیە٤١.     
  ئەم دژواری و دوودڵییە لە شوناسدا، یان ڕەنگە تەنانەت ساختە و درۆینەش بووبێت، دەربڕینی بەرایی خۆی لەو راپەڕینە جوداخوازییەدا دۆزییەوە کە لە ساڵانی ١٩٣٧ – ١٩٣٨دا ناوچەی جەزیرەی هەژاند. راپەڕینەکە بە هۆی ئەو پرۆژە فەرەنسییەوە پەلەی لێکرا کە واچاوەڕوان دەکرا دان بە حکوومەتێکی سووریی نیشتمانی و سەربەخۆدا بنێت و هەردوو کۆمەڵگەی کریستیان و سەرۆکە کوردەکانی وەک حاجۆ ئاغای کۆکردبووەوە، کە بەشێکی زۆریان تازە لە تورکیاوە هاتبوون، لە داواکردنی ئۆتۆنۆمییەکی ناوچەییدا لە ژێر چاودێری و پاراستنی بەردەوامی فەرەنسی (یان بگرە تورکیشدا!) بێت٤٢. لە سەرەتاوە مەحموود ئاغاش پشتگیریی راپەڕینەکەی کرد٤٣، بەڵام پاڵپشتیی میللی خێرا بابردی پاش ئەوەی سەرکردە مەسیحییەکان دژایەتیی خۆیان لە بەرانبەر حکوومەتی دیمەشقدا توندکردەوە و هێزە فەرەنسییەکانیش گوندە کوردییەکانیان بۆردمان کرد وەک رەتدانەوەیەکی کاری ئاژاوەگێڕی لە قامیشلیدا. جارێکیتر ئەمڕۆ زەحمەتە لەوە دڵنیاببینەوە کەوا چۆن تاکەکانی ئەندامانی خێڵی میللی چوونە ئەو ناکۆکی و ململانێوە و لەکاتێکدا و بەڵام لە دوادوایی ساڵی ١٩٣٨دا راپەڕینەکە بوو بە مەسەلەیەکی تەواو تایبەت بە دانیشتووانە مەسیحییەکان، کە داوای بەدەستهێنانی زەمانەتی فەرەنسییەکانیان دەکرد دژ بە حوکمڕانیی زۆرینەی موسڵمان. لێرەدا میللییەکان وەک گرووپێک خێرا چوونە پاڵ حکوومەتی بلۆکی   نیشتمانی و نوێنەرە ناوخۆییەکانیان لە ڕەققە و شوێنەکانی تری جەزیرە٤٤. بەپێجەوانەی   هەڤرەکان و بەدرخانییەکانەوە، میللییەکان و بەرازییەکان و ئەو کۆمەڵگانەی تری کورد کە لە خاکی سووریادا گیرسابوونەوە دواتر گەلێ کەسایەتیی سەرەکی و ناوداریان لە حکوومەتی نیشتمانی و سوپادا دەرکەوتن لە سووریای سەربەخۆدا، لە ساڵانی ١٩٤٠کان و ١٩٥٠کاندا.

 


  ئەنجام
 
خەبات و تێکۆشان لەپێناوی مافی چارەی خۆنووسین و شوناسی کورد لە سووریادا لە پاش جەنگی جیهانیی یەکەمەوە جۆراوجۆرە. لە لایەکەوە، سووریا لە ژێر چاودێری و سەرپەرشتیی فەرەنسادا، وەک ناوەندێک بۆ جووڵانەوەیەکی فکری و رووناکبیری خزمەتی کردووە و بە شێوەیەکی یەکلاکەرەوە کاری کردووەتە سەر کولتووری کوردی لە دەرەوەی سنوورەکانی   خۆی و نووسەر و دانەرەکانی وەک ڕابەر و سەرکردە لە دوورخراوەییدا هەوڵێکی نێودەوڵەتییان سەلماندووە بۆ چێکردنی دەوڵەتێکی سەربەخۆ. لە لایەکی تریشەوە، ڕزگارکردن یان بنیاتنانی شوناسێکی مەدەنیی کوردی لە سەر کەلاوەی ئیمپراتۆرێتی عوسمانی لە سووریا هاوشان و یەکسان بوو بە کاری دانشتووانێکی دێهاتنشین کە لەمێژە گرێدراوی رەگەز و توخمەکانی    عەرەب و (کریستیانەکان) بوون لە ناوچەکەدا و پێکەوە بەرەنگاری نەخشە و پلانەکانی داگیرکاریی فەرەنسی بوونەتەوە بە ناوی بەرژەوەندیی تایبەت و بیرتەسکانە و لۆکاڵییەوە، کە بەتەواوی تێکەڵ و ئاوێتەی دەوڵەتی مۆدێرنی سووریا بووە، ئەگەرچی بەتەواوەتیش نەتواوەتەوە. ئەم جیاوازییەی مامەڵەکردنە تەنها ئەنجامی پەیوەندیی خزمایەتی و تێکەڵبوون نەبووە. کۆنفێدراسیۆنی میللیی بە نەریت یاخی و سەرسەخت چالاکانە پشتیوانییان لە سیاسەتەکانی فەرەنسا کردووە کاتێ کە مەبەست و ئامانجیانی جێبەجێ کردووە و بە هەمان ڕێچکەش، وەک بینیمان، ئەندامانێکی کەمتر ناسراوی بنەماڵەی بەدرخان نوێنەرایەتیی کۆمیتەی یەکگرتن و پێشکەوتن (ئیتتیحاد و تەرەقی) یان رژێمەکانی بلۆکی نییشتمانییان کردووە لە سووریادا کاتێ کە تایبەتمەندیی کوردییان پاراستووە.
  ئەمە ئەگەر شتێکی نەبێت، ئەم جۆراوجۆرییە لە ئەزموون و تاقیکردنەوەدا پێویستیی دەگەیەنێت بە تێگەیشتنێکی باشتر بۆ پاشخانی مێژوویی کۆمەڵگە کوردەکانی سووریا. بەڵگەنامە کارگێڕییەکانی عوسمانی بەتایبەتی دەکرێت ڕاستکردنەوەیەکی بایەخدار دابین بکات بۆ مێژووە زارەکییە ناوخۆیی و خێڵەکییەکان و بەزۆری دەکرێ ئەوانەی لێدەربێنیت کە بە لێکدانەوەی ڕەسەنی رابردووی بنەماڵەکەدا تێپەڕیون و بەراورد بکرێن بە ڕاپۆرت و گێڕانەوەی گەشتە کۆنەکانی ئەوروپییەکاندا و گەلێ لەو دەستەبژێرە خێڵەکیانەی بە وەهم و مەزەندە سەربەخۆبوون لەڕاستیدا دروستکراوی حکوومەتی عوسمانی بوون. قورسیی گواستنەوە لە سەرۆکایەتیی خێڵەکییەوە بۆ سەرۆکایەتیی بیانیی بۆ ڕزگاربوونی سیاسی بەتەنها خاسییەتی کوردەکان نەبوو بەڵکو بەگشتی بۆ پێکهێنانی دەوڵەتی مۆدێرن بوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا. بە ڕەچاوکردنی بەردەوامیی نکووڵی کردن لە مافە بنەڕەتییەکانی هاووڵاتیبوون بۆ بەشێکی گەورە و بەرچاوی دانیشتووانە کوردەکەی جەزیرە لە سووریا لە ساڵی ١٩٦٢وە شیاوی پێداچوونەوەیە نەک تەنها بۆ بوونی کورد، بەڵکو لەڕاستیشدا بۆ بنیات و پێکهاتەی ناسیۆنالیزمی کوردیش لە فۆرمە جۆراوجۆرەکانیدا وەک بەشێکی دانەبڕاو لە مێژووی سووریا. 

 

  سەرۆکەکانی کۆنفیدراسیۆنی خێڵی کوردی میللی لە سووریادا: 

 

 

سەرچاوە:
ڕابوونێکی تر: بەدرخانییەکان و میللییەکان و رەگی خێڵەکیی ناسیۆنالیزمی کوردی لە سووریادا
نووسەر: ستێفان وینتەر
لە گۆڤاری ئۆریانت مۆدێرنۆ (رۆژهەڵاتناسیی مۆدێرن)، ٢٠٠٦، زنجیرەی نۆڤا، ئاننۆ ٢٥ (٨٦)، ژمارە ٣، (٢٠٠٦)، لاپەڕە ٤٦١ – ٤٧٤. لە لایەن ئینستیتیوتی رۆژهەڵاتناسییIstituto per l'Oriente C. A. Nallino بڵاوکراوەتەوە.
 
THE OTHER "NAHḌAH": THE BEDIRXANS, THE MILLÎS AND THE TRIBAL ROOTS OF KURDISH NATIONALISM IN SYRIA Author(s): STEFAN WINTER Source: Oriente Moderno , 2006, Nuova serie, Anno 25 (86), Nr. 3 (2006), pp. 461-474 Published by: Istituto per l'Oriente C. A. Nallino 
ستێفان وینتەر مێژوونووسێکی کەنەدییە و پسپۆڕە لە لێکۆڵینەوەی سووریای عوسمانیدا. توێژینەوەکانی لەسەر سیاسەتەکانی دەوڵەتی عوسمانین سەبارەت بە کۆمەڵانی شیعە و عەلەوییەکان و هەروەها بەدووەکان و میرنشینەکانی کورد لە باکووری سووریا و باشووری ئەنەدۆڵدا و بەگشتی تێڕوانینێکی مارکسیانەی هەیە بۆ چۆنێتیی مامەڵەکردنی دەسەڵاتی عوسمانییەکان لەگەڵ دەستەبژێرە خێڵەکییەکاندا و پەلهاوێشتنی ئابوورییان لەژێر هەردوو کاریگەریی کۆڵۆنیاڵیزمی ئەوروپی و ریفۆرمی ئیداریی عوسمانیدا، بێجگە لە شوناسی تائیفی و ئیتنیکییان. لە نێو توێژینەوەکانیدا تا ئێستا، بێجگە لە توێژینەوەی تر، دوو کتێبی بەرچاوی هەن کە یەکەمیان: شیعەکانی لوبنان لە سایەی حوکمی عوسمانیدا، ١٥١٦ – ١٧٦٨ کە ساڵی ٢٠١٠ لەلایەن زانکۆی کامبریجەوە بڵاوکراوەتەوە، دووەمیشیان مێژووی عەلەوییەکان لە سووریای سەدەکانی ناوەڕاستەوە تا کۆماری تورکیا،  ٩٧٤ – ١٩٣٨، کە ساڵی ٢٠١٦ لە لایەن زانکۆی پرینستۆنەوە بڵاوکراوەتەوە.
ستێفان لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٠ی هەرێمی کوێبیکی کەنەدایە، بەکالۆریۆسی لە تویژینەوەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست و ئیسلامیدا لە زانکۆی تۆرەنتۆ – کەنەدا بەدەستهێناوە و ماجستێری لە زانکۆی ئێرالانگن و ساڵی ٢٠٠٢ دوکتۆرای مێژووی لە زانکۆی شیکاگۆ – ئەمریکا بەدەستهێناوە. لە ساڵی ٢٠٠٤وە لە زانکۆی کوێبیکی مۆنتریاڵ مامۆستایە و لە بەشی مێژووی زانکۆی بیڵکێنتیش لە ئەنقەرە موحازەرە دەڵێتەوە و توێژینەوە دەکات وەک پرۆفیسۆری مێژوو.   

 


پەراوێز

1 - On the Botan emirate's origins see especially Martin van Bruinessen, Agha, Shaikh and State : The Social and Political Structures of Kurdistan, London and New Jersey, Zed Books, 1992, p. 177-178; Martin Strohmeier and Lale-Yalcin Heckmann, Die Kurden: Geschichte, Politik, Kultur, Munich, Beck, 2000, p. 61- 69.
لەبارەی بنەچەی میرنشینی بۆتانەوە بەتایبەتی بڕوانە مارتن ڤان بروونەسن، "ئاغا و شێخ و دەوڵەت: پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و سیاسی لە کوردستاندا" .... ؛ مارتن شترۆهمایەر و لالە یاڵچیین، "کوردەکان: مێژوو، سیاسەت، کولتوور".....
2 - Hakan Ozoglu, Kurdish Notables and the Ottoman State: Evolving Identities, Competing Loyalties, and Shifting Boundaries, Albany, SUNY, 2004, p. 47-59.
هاکان ئوێزئۆغلوو، "کوردە ناودارەکان و دەوڵەتی عوسمانی: پەرەسەندنی شوناس و کێبەرکێیدڵسۆزی و گۆڕانکاریی سنوورەکان" ....
3 - Basbakanlik Archives, Istanbul: Muhimme Defteri 3:129; 5:389-390, 697; 12:298; 14:919, 920; 16:264; 24:233; 26:226, 228, 289; 34:115. Kurdish names are transliterated according to standard modern Kurmanci orthography.
ئەرشیفی سەرۆکایەتیی وەزیران، ئیستانبوڵ: تۆمارە گرنگەکان ..... ناوە کوردییەکان هەروەکو خۆی گوێزراونەتەوە بەپێی ستانداردی رێنووسی نوێی کرمانجی.
 ٤ - تاقە گرووپی گەورە بەم ناوەوە لە سەرچاوە عوسمانییەکاندا "ئازیزلیی ناوەراستی ئەنەدۆڵ" بە ڕوونی دەگەڕێتەوە بۆ کۆفیدراسیۆنی خێڵی رەشوانییەکان. بڕوانە جەودەت تورکای، Basbakanhk Arsivi   Belgelerine Gore Osmanli Imparatorlugunda Oymak, Asiret ve Cemaatlar,  ئەرشیفی بەڵگەنامەکانی عوسمانی، خێڵ و عەشیرەت و کۆمەڵگەکان"، ئەستەمبووڵ، چاپ و بڵاوکەرەوەی ئیشارەت، ساڵی ٢٠٠١، ل ١٨٧.
٥ –  مارتن ڤان بروونەسن، "ئاغا و شێخ و دەوڵەت"، ل ١٧٨ – ١٨٠ ؛ مالمیسانژ، "جەزیرە و بۆتانی بەدرخانییەکان Malmisanij, Cizira Botanli Bedirhaniler"، ئەستەمبووڵ، ئاڤێستا، ١٩٩٤، ل ٤٥ – ٩٦ ؛ صلاح سلیم هروری، "إمارة بوتان فی عهد الأمیر بدرخان ١٨٢١ – ١٨٤٧: دراسة تاریخیة سیاسیة"، دار موکریانی، ٢٠٠٠ ؛ کامران عبدالصمد أحمد الدوسکی، "کوردستان العثمانیة فی النصف الأول من القرن التاسع عشر"، دهوک، سپیریز، ٢٠٠٢، ل ١٠٨ – ١٥٣ ؛ ئوێزئۆغڵوو، "ناودارانی کورد"، ل ٧٠ – ٧٢.
6 - Malmisanij, Bedirhaniler بەدرخانییەکان , p. 129-146; Ozoglu, Kurdish Notables ناودارانی کورد, 95-100. On the KTTC and its members' activities, see Rohat Alakom, Eski Istanbul Kurtleriکوردانی ئەستەمبووڵی کۆن  (1453-1925), Istanbul, Avesta, 1998, p. 95-111, 227, 231; Martin Strohmeier, "Crucial Images in the Presentation of a Kurdish National Identity: Heroes and Patriotsوێنە چارەنووسسازەکان لە خستنەڕووی شوناسێکی نەتەوەیی کورددا: "قارەمان و نیشتمانپەروەرەکان , Traitors and Foes, Leiden-Boston, Brill, 2003, p. 36-55.
 ٧ – دێڤێد ماکدوواڵ، "مێژووی هاوچەرخی کورد  A Modern History of the Kurds"، لەندەن، نیویۆرک، ل. ب. تۆریس، ١٩٩٦، لاپەڕە ١٢٨ – ١٢٩.
٨ – بێجگە لەو سەرچاوانەش کە پێشتر سوودیان لێوەرگیراوە بڕوانە، حوسێن حەبەش، "ڕاپەڕینا شاندا کوردی دی کۆرا هاوارێ دێRaperina canda Kurdi di koura haware de  ، بۆن، بڵاڤگەها هۆگر، ١٩٩٦ ؛ صلاح سلیم هروری، "الأسرة البدرخانیة: نشاطها السیاسی والثقافی خلال المدة ١٩٠٠ – ١٩٥٠"، دهوک، سپیریز، ٢٠٠٣ ؛ جۆردی تیجێڵ، Le mouvement kurde de Turquie en exil: continuity et discontinuity du nationalisme kurde sous le mandat franc^is en Syrie et au Liban  جووڵانەوەی کوردی تورکیا لە دوورخراوەییدا: بەردەوامی و بچڕبچڕی ناسیۆنالیزمی کوردی لە سایەی ماندێتی فەرەنسی لە سووریا و لوبناندا"(تێزی دوکتۆرای بڵاونەکراوە / زانکۆی فرایبوورگ، ٢٠٠٤).
٩ – جۆردی تێجێل دەگاتە ئەو ئەنجامەی کەوا "وەبەرهێنانی بەدرخانییەکان لە رابوونی کولتووریی کوردیدا دەکرێ وەک تێکۆشانێکی سیمبۆڵی تەماشا بکرێت بۆ گۆڕینی تێگەیشتنی کاتیگۆرییە جیهانییەکان وەک ستراتیجییەتێک بۆ چەسپاندنی باوەڕێکی هاوبەش بە شکۆی بەدرخانییەکان ... بەم جۆرە ئەوەی کە بەدەستهاتووە لە بواری کولتووردا دەکرێ وەبەربهێنری لە بواری سیاسەتدا بۆ بەدواچوونی ئامانجە سیاسییەکانی بەدرخانییەکان و ... کوردستانێکی سەربەخۆ بەگوێرەی بیر و یاڕاستەی ئەوان و یەکێتیی کورد بۆ بەرژەوەندیی ئەوان و پاڵپشتیی هێزێکی بیانی"،  "جووڵانەوەی کورد Le mouvement kurde"، ل ٢٦١ – ٢٦٢.
١٠ –  "نامە و نامەکاریی نێوان برایان بەدرخان و پێیەر رۆندۆ"، گۆڤاری توێژینەوەی کورد ....
“correspondance des freres Bedir-Khan et Pierre Rondot", Etudes Kurdes 3 (2001), p. 83.
١١ –  مالمیسانج، "بەدرخانییەکان"، ل ١٢٧ – ١٢٩.
12. Mehmet Salih Bedir-Han, Defter-i A'malim: Mehmet Salih Bedir-Han'in Anilari. Ed. Mehmed Uzun & Rewsen Bedir - Han, Istanbul, Belge, 1998, p. 47- 63, 79-82.
- محەمەد ساڵح بەدرخان، "دەفتەری ئەعمالم: یاداشتەکانی ...."، بڵاوکردنەوەی محەمەد ئۆزون و رەوشەن بەدرخان ....
١٣ – مالمیسانج، "بەدرخانییەکان"، ل ٢١١ – ٢٢١.
١٤ - "نامە و نامەکاریی نێوان برایان بەدرخان و پێیەر رۆندۆ". گۆڤاری توێژینەوەی کوردEtudes Kurdes، ژمارە (٥) ٢٠٠٣، ل ٧١ – ٧٤.
١٥ –  قدری جان،"الکاتب الکوردی قدری جان (١٩١١ – ١٩٧٢): قصص ومقالات، شعر، ترجمة"، تحریر دلاور زنگی، ترجمة هورامی یزدی و د. زنگی، أربیل، دار اراس، ٢٠٠١، ص ١٥ – ١٩.
١٦ – عزالدین الملا، "حی الأکراد فی مدینة دمشق بین عامی  ١٢٥٠- ١٩٧٩م: دراسة تاریخیة إقتصادیة"، دمشق وبیروت، دار اسو، ١٩٩٨، ص ١٣٢ – ١٣٣.
١٧ - جین – داڤید میزراهی، "جەنگی پێشوەخت لە سەر جەنگی سەربەخۆیی:ئەزموون و شارەزایی لە شەڕی پارتیزانیدا لە کۆتاییهێنان بە ئیمپراتۆرێتی عوسمانی (1908- 1923) 
De la petite guerre a la guerre d'independance: pratique et expertise de la guerilla dans l'Empire ottoman finissant (1908-1923)", "، گۆڤاریRevue Historique des Armies ، ژمارە   ٦٦/٢ (٢٠٠٣)، ل ٧٤ – ٧٥ ؛ کەیت واتەنپاف، "بەمۆدێرنبوون لە رۆژهەهەڵاتی ناوەڕاستدا: شۆڕش، ناسیۆنالیزم، کۆڵۆنیالیزم و چینی ناوەندی عەرەب; Keith Watenpaugh, Being Modern in the Middle East: Revolution, National ism, Colonialism and the Arab Middle Class, Princeto  ، چاپی زانکۆی پرینستۆن، ٢٠٠٦، ل ١٧٤ – ١٨٢.
١٨ – عزالدین الملا، "حی الأکراد"، ل ١٤١.
١٩ - تێجێل، "جوولانەوەی کورد Le mouvement kurde"، ل ٢٦٣.
20 - Nelida Fuccaro, "Die Kurden Syriens: Anfange der nationalen Moblisierung unter franzbsi scher Herrschaft", in Carsten Borck et al., eds., Ethnizitat, Nationalismus, Religion und Politik in Kurdistan, Munister, Lit, 1997, p. 316, 321 - 323.
 -  نيليدا فوكارۆ، "کوردەکانی سووريا: سەرەتای جۆشدانی نەتەوەیی لە سایەی حوکمی فەرەنسیدا"، لە كارستن بورك وئەوانیتر، لە کتێبی "ئیتنیک، ناسیۆنالیزم، ئاین و سیاسەت لە كوردستان"، ….
21 - On the Millis' origins see now especially Ercan Gumus, "XVI. Yuzyildan XIX. Yuzyila ka dar Mardin Idaresinde Milli Asireti ve Asiretin Nufuz Mucadeleleri", in Ibrahim Ozcosar & Huseyin Gunes, eds., / Uluslararasi Mardin Tarihi Sempozyumu Bildirileri, Istanbul, s. n., 2006, p. 815-829.
لەبارەی رەگ و بنەچەی میللییەوە بڕوانە ئێرجان گویمیش، "ماردین لە ژێر کاریگەریی ئیدارەدانی عەشیرەتی میللیدا لە سەدەی شانزەوە بۆ نۆزدە" ، لە سیمپۆزیۆمی نێودەوڵەتیدا لەبارەی ماردینەوە .....
٢٢ - ئەرشیفی سەرۆکایەتیی وەزیران (تورکیا): دەفتەری سکاڵا ٩٩: ١٢٧ ؛ ئەحکامی جەزیرە و ڕەققە ٢٤ : ٣٦، ٤٠ ب ٦٨.
23- Stefan Winter, "Die Kurden Syriens im Spiegel osmanischer Archivquellen (18. Jhr.)' \ in Siamend Hajo et al., eds., Syrien und die Kurden: Vom osmanischen Reich bis in die Gegenwart, Munister, Unrast, 2007.
ستێفان وینتەر، "کوردەکانی سووریا وەک چۆن لە سەرچاوەکانی ئەرشیفی عوسمانیدا هاتووە (لە سەدەی هەژدەدا)"، لە کتێبەکەی سیامەند حاجۆ و ئەوانیتردا هاتووە، "سووریا و کوردەکان: لە دەوڵەتی عوسمانییەوە تا حاڵی حازر" ....

 24 - Ahkam-i Cezayir ve Rakka 24:210, 221, 229A-229B, 238; Muhimme Defteri 173:137 138, 283-284; 174:35; 175:138-140.
ئەحکامی جەزیرە و ڕەققە ...... دەفتەرە گرنگەکان ......
25 - Muhimme Defteri   دەفتەرە گرنگەکان178, passim; 213:29-30. See also Necdet Sakaoglu نەجدەت سەقائۆغڵوو , Anadolu Derebeyi Ocaklarindan Kose Pasa Hanedani دەرەبەگەکانی ئەنەدۆڵ لە وجاخ و بنەماڵەی کۆسە پاشای خەندانن, Istanbul, Tarih Vakfi, 1998,            p. 90 -104.
٢٦ – ستێفن لۆنگریگ، "چوار سەدە لە مێژووی عێراقی نوێ"، چاپی زانکۆی ئۆکسفۆرد، ١٩٢٥، ل ٢١١، ٢٢٣ لە سەقائۆغڵوو، "دەرەبەگەکانی ئەنەدۆڵ"، ل ١٥٦ – ١٦٠.
٢٧ – أحمد واصف زکریا، "عشائر الشام"، دمشق دار الفکر، ١٩٩٧ (إصدار جدید)، ل ٦٦٤ ؛ عبدالحمید محمد الحمد، "عشائر الرقة والجزیرة: التاریخ والموروث"، الرقة، ٢٠٠٣، ص ٤١٩ – ٤٢٠، ٤٢٢ – ٤٢٣. هەروەها بڕوانە گێڕانەوەی خەیاڵیی ژیانی تەیموور لە حسین أمین، "درویش عفدی و عدول مللی: روایة من التراث الشعبی الکردی"، بیروت، أربیل، کاوە، ٢٠٠٤.
٢٨ - ج. س. بەکینگهام، "گەشت لە میزۆپۆتامیادا  ls in Mesopotamia, "Trave لەندەن، هێنری کۆڵبێرن، ١٨٢٧، ل ١٦٥ – ١٦٦ ؛ لۆنگریگ، "چوار سەدە"، ل ٢١١ – ٢١٢ ؛ محمد أمین زکی، "تاریخ الکرد وکردستان من أقدم العصور التاریخیة حتی الان"، ترجمة عن الکردیة محمد علی عونی، بیروت، هوشنگ کورداغی، ١٩٨٥، ١: ٢١٩ – ٢٢٠ (الطبعة الثالثة).
 ٢٩ - بەکینگهام، "گەشتەکان"، ٢، ٩٥ – ٩٩، ١١١، ١٥٧ – ١٥٨ ؛ جابی عومەر ئەفەندی، جابی تاریهی (تاریخی سوڵتان سەلیمی سالیس و مەحموودی سانی"، لە محەمەد عەلی بەیهان، ئەنقەرە، پەیمانگەی تاریخی تورک   Turk Tarih Kurumu، ٢٠٠٣، ل ٥٨٩.
30- Basbakanlik Archives: Hatt-i Humayun 24535; Cevdet Dahiliye 13964.
ئەرشیفی سەرۆکایەتیی وەزیران: خەتی هومایۆن ٢٤٥٣٥ ؛ جەودەت داخیلییە ١٣٩٦٤.
 ٣١ – أسعد رستم، "المحفوظات الملکیة المصریة: بیان بوقائع الشام"، ٤ مجلد، بیروت، المکتبة البولیسیة، ١٩٨٦ – ١٩٨٧ (الطبعة الثانیة)، ١٤١٨ – ١٤١٩، ١٧٧١ – ١٧٧٢، ٢٣٠٤، ٢٣٠٥، ٢٩٩٣، ٣١٨٢.
  ٣٢ – رستم، "محفوظات"، ٣٦٤٠، ٣٧٢٩، ٣٩٧٩ ؛ لۆنگریگ، "چوار سەدە"، ل ٢٨٦.
٣٣ -  زكی، طارح، ص. 222 - 223 ؛ راجع كامل الغزی، "نهر الذهب فی تاریخ حلب"، حلب، دار العلم العربی، 1999 (طبعة ثانية)، ص. 373 - 376.
34 - Mark Sykes, "A Report on Ibrahim Pasha, and the present state of Western Mesopotamia", Public Records Office: FO 424/208, p. 65-68 (reproduced in Klein); Sykes, "Kurdish Tribes;" M. Wiedemann, "Ibrahim Pascha’s Gluck und Ende: Eine Episode aus den Kurden kampfen in Klein-Asien", Asien 8-3 (1908), p. 34-37; Bruinessen, Agha Shaikh and State, p. 187-189; Janet Klein, Power in the Periphery: The Hamidiye Light Cavalry and the Struggle over Ottoman Kurdistan, 1890-1914 (unpublished Princeton University doctoral thesis, 2002), p. 195-213.
- مارك سايكس ، "راپۆرتێک لەسەر ئیبراهيم پاشا و بارودۆخی ئێستای رۆژئاوای میسۆپۆتامیا"، ئۆفیسی تۆمارە گشتییەکان (جارێکیتر لە كڵەيندا بڵاوکراوەتەوە).... ؛ سايكس، "خێڵە کوردەکان" ؛  م. ڤیدمان، "بەختەوەری و کۆتایی ئیبراهیم پاشا: زنجیرەیەک لە کوشتاری کوردەکان لە ئاسیای بچووکدا"، گۆڤاری ئاسیان .... ؛ بروونەسن، "ئاغا و شێخ و دەوڵەت"، ... ؛ جانێت كڵەين، "هێز لە چواردەورە: سوارەی چەکی سووکی حەمیدییە و شەڕ و ململانێ لە سەر کوردستان عوسمانی، ١٨٩٠ – ١٩١٤"، (تێزی دوكتۆرای بڵاونەکراوە لە زانکۆی پرينستۆن، 2002)، لاپەڕە 195 – 213.
٣٥ – أحمد عثمان أبوبکر، "کردستان فی عهد السلام (بعد الحرب العالمیة الأولی)"، بون، کاوە، ٢٠٠٢،  لاپەڕە ١٩١، ١٩٤.
36 - Abu Bakr, Kurdistan, p. 242; Pierre Rondot, "Les Kurdes de Syrie", France Mediterraneenne et Africaine, 4-1 (1939), 104; Christian Velud, Une experience d'administration regionale en Syrie durant le mandat francos: conquete, colonisation et mise en valeur de la Gazira, 1920-1936 (unpublished Universite de Lyon II doctoral dissertation, 1991), p. 59-60, 83, 110,219.
أبوبکر، "کردستان"...، پێیەر رۆندۆ، "کوردەکانی سووریا" ..... گۆڤاری فەرەنسا و دەریای ناوەڕاست و ئەفریقا : کریستیان ڤێلود، "ئەزموونی کارگێڕییەکی هەرێمی لە سووریا لە سەردەمی ماندێتی فەرەنسیدا: داگیرکردنی جەزیرە و کۆڵۆنی کردنی و پەرەپێدانی 1920 – 1936"(تێزێکی دوکتۆرای بڵاونەکراوەیە).
 ٣٧ - صالح هواس المسلط، "صفحات منسیة من نضال الجزیرة السوریة "، دار علاءالدین، ٢٠٠١، ل ٤٨، ٨٦، ٨٩.
38 - Abu Bakr, Kurdistan, p. 97, 144. See also Vahe Tachjian, La France en Cilicie et en Haute Mesopotamie: Aux confins de la Turquie, de la Syrie et de I'Irak (1919-1933), Paris, Karthala, 2004, p. 337.
أبوبکر، "کردستان"... . هەروەها بڕوانە ڤاهێ تاشچیان، "فەرنسا لە کیلیکیا و میسۆپۆتامیا: لە سەر سنووری توركيا و سووريا وعێراق (1919 - 1933)".....
٣٩ -  زنار سلۆپی (قدری جمیل پاشا)، "فی سبیل کردستان (مذکرات)"، ترجمة ر. علی، ڤالینگبای، سوێد، کاوە و بیروت، دار الکاتب، ١٩٨٧، ل ١٥٥. تاشچیان،  " La France en Cilicieفەرەنسا لە کیلیکیا"، ل ٣٨٤ – ٣٨٦. شکستی میللییەکان لە پشتیوانی کردنی شۆڕشی ئاراراتدا لە لایەن کاربەدەستە تورکەکانەوە سەلمێنراوە، کە ئیددیعای ئەوە دەکەن گوایە میللی و سەرۆکە کوردەکانی تری ناو تورکیا لەڕاستیدا هاوکاریی حکوومەتیان کردووە. بڕوانە گۆڤاری الأحرار، ٢١ی ئابی ١٩٣٠. کە دووبارە بڵاوکراوەتەوە لە کونێ ڕەش، "جمعیة خویبون ١٩٢٧ ووقائع ثورة ارارات ١٩٣٠"، أربیل، مٶسسة موکریانی، ١٩٩٨، ص ١٧٣.
٤٠ –  سونیا فرا و لوک دیهیویلس، "الرقة وأبعادها الإجتماعیة"، ترجمة عبدالرحمن حمیدة، دمشق، وزارة الثقافة، ١٩٨٢، ص ٣٣ – ٣٥، ٧١ : میریام ئەبابسە"Mise en valeur agricole et controle politique de la Vallee de l'Euphrate (1865-1946): Etude des rela tions Etat, nomades et citadins dans le caza de Raqqa", "پەرەپێدانی کشتوکاڵ و کۆنترۆڵکردنی سیاسیی دۆڵی فورات (1865 - 1946): توێژینەوەی پەیوەندییەکانی نێوان دەوڵەت و بەدوو و شار لە قەزای ڕەققە"، گۆڤاری توێژینەوەی رۆژهەڵات، Bulletin d'Etudes Orient ژمارە ٥٣ – ٥٤ (٢٠٠٢)، ٤٦٥ – ٤٦٦، الحمد "عشائر" .
٤١ –  کونی رەش، "کتاب القامشلی مدینة المحبة والتعاون والإیحاء"، حلب، مرکز الإنماء الحضاری، ٢٠٠٤،          ص ٥٤ – ٥٥.
 ٤٢ - بڕوانە ستێفن لۆنگریگ، "سووریا و لوبنان لە ژێر ماندێتی فەرەنسادا"، لەندەن، چاپی زانکۆی ئۆکسفۆرد، ١٩٥٨، ل ٢٤٧ – ٢٥١ ؛ فیلیپ خووری، "سووریا و ماندێتی فەرەنسی: سیاسەت و ناسیۆنالیزمی عەرەب، ١٩٢٠ – ١٩٤٥"، چاپی زانکۆی پرینستۆن، ١٩٨٧، ل ٥٢٥ – ٥٣٤.
٤٣ –  زکریا، "عشائر الشام"، ص ٦٦٣ – ٦٦٤.
٤٤ –  المسلط، "صفحات منسیة"، ص ١٩٣، ٢٢٩ – ٢٣٣.
٤٥ –  ئەلجەزیرە، چاوپێکەوتن لەگەڵ سەرۆک بەششار ئەلئەسەد، ١ی مایسی ٢٠٠٤.


زۆرترین بینراو
© 2021 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×