بافڵ تاڵەبانی: چاودێریكردنی ژیانی خەڵك و كەسایەتییە سیاسی و گشتییەكان جێگای قبوڵ نییە
  2021-09-23       585       

بافڵ تاڵەبانی، هاوسەرۆكی یەكێتی، ئەمڕۆ پێنجشەممە، لە كۆبونەوەیدا لەگەڵ بەرپرسە ئەمنییەكان لە شاری سلێمانی رایگەیاند"چاودێریکردنی ژیانی خەڵک، کەسایەتییە سیاسی و گشتییەکان لەڕێگەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان و هۆكارە تەكنەلۆجییەكانەوە هێڵی سورە و جێگای قبوڵ نییە."

ئاوێنە: بەپێی راگەیەندراوێكی نوسینگەكەی، بافڵ تاڵەبانی، ھاوسەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بە یاوەری چەتۆ ساڵح، بریکاری وەزارەتی ناوخۆ و ئەژی ئەمین، سەرۆکی ئاژانسی پاراستن و زانیاری-زانیاریی ھەرێم سەردانی هەریەک لە دکتۆر خەسرەو گوڵ، سەرۆکی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی کوردستان و هیوا ئەحمەد، بەڕێوەبەری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی پارێزگای سلێمانی کرد.

لە دیدارێکدا کە لیوا حەکیم کەریم، بەڕێوەبەری نوسینگەی دەزگای ئاسایش ئامادەبو، گفتوگۆ لەبارەی بارودۆخی ئەمنی، ھەماھەنگی و ھاوکاری زیاتری نێوان دەزگا ئەمنییەکان کرا بۆ پاراستنی ئارامی و ئاسایش و روبەڕوبونەوەی هەر ئەگەرێکی نەخوازراو کە زیان لە سەقامگیری ناوچەکە بدات.

دکتۆر خەسرەو گوڵ پلان و ستراتیژی دەزگای ئاسایشی ھەرێمی بۆ پاراستنی ئارامیی ھەرێم و روبەڕوبونەوەی مەترسییە ئەمنییەکان خستەڕو و  ئاشکرایکرد"لەماوەی رابردودا دور لەچاوی میدیا دەیان شانەی نوستوی تیرۆریستانی داعش ئاشکرا و دەستگیرکراون و راپێچی دادگا کراون."

وتیشی"لەبەرامبەر جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگاش چاوپۆشی لەکەس ناکرێت و رێگە بەهیچ کەسێکیش نادرێت ناوی ئاسایش بۆ بەرژەوەندی شەخسی و مەرامی تایبەت بەکاربهێنێت."

لای خۆیشییەوە بافڵ تاڵەبانی "لای یەکێتی ئاسایش و ژیان و کاروکاسبی خەڵک هێڵی سورە و نابێت بەهیچ شێوەیەک لەبەرامبەر تاوانکاران و پێشێلکارانی یاسا لێبوردە بن و دەبێت رادەستی یاسا بکرێن، ئێمەش بەهەمو شێوەیەک پشتیوانتان دەبین."

لەدرێژەی دیدارەکەدا هاوسەرۆک جەختی لەگۆڕانکارییەكانی ناوخۆی یەکێتی کردەوە و رایگەیاند"لەمەودوا بەهیچ شێوەیەک رێگە نادەین دەزگا ئەمنییەکان بۆ بەرژەوەندی تایبەت بەکاربهێنرێن و تێکەڵ بە کێشە کەسیی و سیاسییەکان بکرێن."

جەختیشی كردەوە"چاودێریکردنی ژیانی خەڵک، کەسایەتییە سیاسی و گشتییەکان لەڕێگەی پەیوەندییە تەلەفۆنییەكان و هۆكارە تەكنەلۆجییەكانەوە هێڵی سورەو جێگای قبوڵ نییە. دەبێت بەبڕیاڕی دادوەر و لەژێر رێنمایی بنەماكانی مافی مرۆڤ ئەركەكانتان ئەنجام بدەن.ئەرکی ئێوە جێبەجێکردنی بڕیارەکانی دادگا و پاراستنی سەقامگیری ناوچەکەیە." 


زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×