ئەدهەم بارزانی: ئەی بە چ لۆژیكێك ئەو بەرپرسیارێتییەتان وەرگرتوە كە لەسەر بنەمای تەزویرە
  2021-09-27       1662       

ئەمڕۆ دوشەممە، هەریەكە لە سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و جێگرەكەی، حزبەكانی یەكدیان تۆمەتباركرد بە ئەنجامدانی ساختەكاری. ئەدهەم بارزانی، لەپەیامێكدا بۆ هەردو لایان دەڵێت: ئەی بە چ لۆژیكێك ئەو بەرپرسیارێتییەتان وەرگرتوە كە لەسەر بنەمای تەزویرە.

ئاوێنە: ئەدهەم بارزانی، لە نوسینێكدا لەلاپەڕەی خۆی لە فەیسبوك رایگەیاند"ئەمڕۆ لە وەڵام و وەڵامکارییەکی تونددا، سەرۆکی پەرلەمان و جێگرەکەی لەتێوەگڵانێکی ناپێویستی ریکلامی هەڵبژاردن دژی یەکدی، حزبەکانیان بە ساختەکاری تاوانبار کرد.  رێزدار سەرۆکی پەرلەمان دەڵێ: كە تەنیا حساب بۆ پارتی بکرێ، حسابکردن لەسەر چی و لەسەر چ بنەمایەک، لەسەر ئەو زۆرینە موزەیفە و ساختەکاریەیە کە هەیە. لەلایدیکەوە رێزدار جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە وەڵامدا پێی دەڵێ: خەڵکی کوردستان ئەوەندە زاکیرەی زەعیف نیە و ئەزانێ کێ لە کوردستان تەزویری کردوە، خەلکی کوردستان ئەلبیسەکەی باش لە بیرەو حەوێجە وەکو نمونە و ناوەندی تەزویر وەبیر دێنێتەوە."

ئەدهەم بارزانی ئەوەشی وتوە"هەر چۆنێک ئەو پرسە لێکبدرێتەوە، تاوانبارکردنی یەکتر وەکو دو بەرپرسی دەستەی سەروکایەتی پەرلەمان، کە هەستیارترین جومگەی دەسەڵات، کە دەسەڵاتی یاسادانانە لە کوردستان، هیچ پاساوێک قبوڵ ناکات."

ئەوەشی خستۆتەڕو"ئەگەر ئەو دو کەسایەتیە بەڕێزە ئاگاداری لە پێشینەیان لەبارەی تەزویری لایانەکانیان هەیە، ئەی بە چ لۆژیکێک بەرپرسیاریەتی ئەو جومگە هەستیارەی دەسەڵاتی کوردستانیان لەئەستۆ گرتوە کە ھەر وەک خۆیان دەڵێن (نەك من)، لە سەر بنەمای تەزویر و موزەیەفی و ساختکارییە؟ ئایا دەتوانن بڵێن، تا ئێستا لە بەرامبەر جەماوەری کوردستان بە وێژدانەوە بڕیارەکانیان دەرکردوە؟ ئایا ئەوەی لە سەر ساختەکاری ئاوەدان دەکرێت چی پێدەوترێت؟"

زۆرترین بینراو
© 2024 Awene Online, Inc. All Rights Reserved.
×